<

ئاخۆ برایەتی ئەردۆغان تەڵە بێت یان دورخستنەوەی کورد لەئیسرائیل؟

19/09/2025, 16:43 (GMT+1)
- ئاخۆ کورد و دینبازەکان هۆشیارن لە ووتەکانی ئەردوغان؟
- ئایا کورد و ئیسرائیل مێژوویەکی خوێناویان هەیە؟
- تۆبڵێی تورکیا بیەوێت سەرکوت کردنی کورد مکیاج بکات؟
- ئایا کورد (تەڵاق)ی دەکەوێت، ئەگەر دژی تورکیا و گروپە ئیسلامیەکان بن؟
- ئایا کورد لە سیاسەتی خەلیفە ئەردۆغان و ئیسرائیل تێدەگات و بەرچاو ڕوونترە؟
- ئاخۆ کورد و دینبازەکان هۆشیارن لە ووتەکانی ئەردوغان؟
لە ١ی ئەیلولی ٢٠٢٥ دا ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند:(کورد برای ئێمەیە، لە هەر کوێیەک بێت، کەس ناتوانێت لێکمان جیا بکاتەوە)
قسەیەکی جوانە! بەڵام کورد و ڕوداوەکانی ڕۆژانە، شتێکی تر دەڵێن و پیشان دەدەن!. چونکە پێش کەمتر لە ساڵێک  هەمان خەلیفە ئەردۆغان بە توڕەبوون و لەو خۆبایی بوونەوە قسەیەکی تری کرد و ووتی: (باشترین کورد ئەو کوردەیە کە مردووە!) لە شوێنێکی تریشدا ووتی (کوردەکان دەبێت چەکەکانیان دابنێن یان بەچەکەکانیانەوە دەیان نێژین)
خەلیفە ئەردوغان کە دەیان ساڵە خەریکی زیندانیکردنی سەرکردەکانی کوردە و قەدەغەکردنی زمانی کوردی و بۆردومانی گوندەکانی کوردستانە، ئاخۆ چۆن لەناکاو دەبێتە (برا !)؟ کەواتە ئەمە ڕاستگۆیی نییە! بەڵکو ئەمە شانۆی سیاسییە یان تەڵەی ئاینییە بۆ کورد یان ترسێکی گەورەیە لە دڵی ئەردوغاندا دروست بووە لە دواڕۆژێکی گەش بۆ کورد!
ئەردۆغان دەیەوێت کورد لە ئیسرائیل دوور بخاتەوە، کە تادێت ئەو پرۆژەیەی کە ئیسرائیل هەیەتی کە بە (ڕێڕەوی داود) ناسراوە  جێبەجێ دەبێت! کە ئەویش پلانێکی ستراتیژییە بۆ بەستنەوەی  ئیسرائیل بە ڕۆژئاڤا و باشوری کوردستان و شکاندنی نفوزی ئێران و تورکیا!

- ئایا کورد و ئیسرائیل مێژوویەکی خوێناویان هەیە؟
کورد هەرگیز شەڕی لەگەڵ ئیسرائیل نەبووە.
لە ڕاستیدا جولەکەکان چەندین سەدەیە لە کوردستاندا ژیاون و دەژین، شانبەشانی کوردەکان.
تا ئەمڕۆش زۆربەی هاووڵاتیانی ئیسرائیل، کورد وەک هاوپەیمانی سروشتی دەبینن، نەک وەک دوژمن و ستەمکار! ئەوان  کورد وەک گەلێک دەبینن کە دەورە دراون بەدەسەڵاتی توندڕەوی ئیسلامی و نەتەوەیی، کە دەیانەوێت نکۆڵی لە بوونی کورد بکەن!
وە ئیسرائیل بەرژەوەندی ستراتیژشی لە کوردستاندا هەیە، بۆ نمونە نەوت و گاز و ئاسایشی ئیسرائیلیش لە دژی مقاش و کلکەکانی  ئێران و تورکیا!
بێگومان بۆ کوردەکانیش ئەو پەیوەندیە دەتوانێت دەرفەتێک بێت بۆ ڕزگاربوون لە چەوساندنەوەی سەدەکان ڕابردوو لەلایەن ئەو دەوڵەتانەی (تورکیا، سوریا، عێراق و ئێران) کە هەمیشە کوردیان لەژێر ناونیشانی جیاوازدا چەوساندۆتەوە!

- تۆبڵێی تورکیا بیەوێت سەرکوتکردنی کورد مکیاج بکات؟
تورکیا سەدان ساڵە هەموو شتێکی لە کورد داگیرکردووە:
- لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا بەناوی برایەتی ئایینەوە ڕێگەیان لە هەموو ئازادیەکان گرت بوو!
- لە ساڵی ١٩٢٣ دا و لە کۆماردا،  تەنانەت ناوی کوردیشیان قەدەغە کرد و ناوی کوردیان گۆڕی بە (تورکی شاخاوی)!
- لە سەردەمی حکومەتە ئیسلامییە جیاوازەکانیشدا بە دروشمی ئایینی (خوای گەورە دەوڵەتی کوردی نایەوێت!) دەم و دەستی کوردیان پێدەبەست!
- ئێستا ئەردۆغانیش دەڵێت: ئێوەی کورد برای ئێمەن!
بەڵام ئەمە مانای چییە؟ لەکاتێکدا کە دەزگایەکی پەرلەمانی کوردی دانپێدانراو لەکوردستانی باکوردا بوونی نییە و ئاڵای کورد قەدەغەیە و هیچ زانکۆیەکی کوردی لە باکور نییە و ئازادی ڕادەربڕین بۆ کورد هەر نییە!
کەواتە ئەم برایەتیە، بەڵێنێکی پوچەڵە و مکیاج کراوە هەتا کورد سەرنج و چاوی نەخاتە سەر ئیسرائیل یان کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی!

- ئایا کورد (تەڵاق)ی دەکەوێت، ئەگەر دژی تورکیا و گروپە ئیسلامیەکان بن؟
- لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا زۆرجار دینبازە کورد و تورکەکان بە کوردیان دەوت، (هەر کەسێک دژی  دەوڵەتی عوسمانی شەڕ بکات یان خەبات بۆ سەربەخۆیی بکات، ئەوا تەڵاقی دەکەوێت! ) هەروەک کلیلی هاوسەرگیری و نیکاح کردن (واتە جووت بوون یان گانکردن)ی خێزانە کوردەکان لەلای ئایین و دینبازەکانی ئەو سەردەمە بوو بێت!
تۆ بڵێی ئەردوغان هەمان فێڵی خەلیفەکانی پێشووی خۆی دووبارە بکاتەوە، لە ڕێگای دینبازەکانی کوردستانەوە؟
- ئێستاش زۆرێک لە دینبازەکانی کوردستان بە کورد دەڵێن: ( پەیوەندی کردن لەگەڵ ئیسرائیل حەرامە! وە پێکەوەکارکردنیش لەگەڵ ئیسرائیل خیانەتە!)
بەڵام هەر هەمان ئەو ئەودینبازانە هیچ ناڵێن دەربارەی پەیوەندی ئیسرائیل لەگەڵ ووڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بۆنمونە سعودیە و تورکیا، وە چاویشیان نابینێت کە تورکیا ١٠٠ ساڵە کەلتووری کوردی تێکدەدات! ڕۆژانە بۆردمانی کوردستان دەکات!  وە بێ دەنگیشن بۆ ئەو دەستدرێژیانەی کە ئێرانی ئیسلامی دەیکاتە سەر کورد!  وە دینبازەکان نقەشیان لێوە نایەت بۆ ئەو هەموو  گەنجە کوردانەی کە هەڵدەواسرێن! ئەو گەنجانەش هەر تەنها لەبەر ئەوەی کە کوردن و هەست نەتەوایەتیان هەیە!
ئەم دینباز و توندڕەوانە، ئایین وەک زنجیرێک بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی بیکەنە ملی کورد و بە دیلیش کورد بهێڵنەوە بۆ ناسیۆنالیزمی عەرەبی یان عوسمانیزمی تازەی تورک!
بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە:
- کوردیش ئەمڕۆ مێشک کراوەیەو ڕۆشنبیرە و دەتوانێت کە ووشەکانی ئەردوغان شی بکارەوە و بڕوای بەو برایەتیە نەبێت کە ئەردۆغان هاواری بۆ دەکات !
با دینبازەکان باش ئەوە بزانن کە گوناه نییە بەدوای ئازادیدا بگەڕێیت! بەڵکو گوناه ئەوەیە کە ڕێگە بدەیت گەلەکەت بۆ هەمیشەیی بە دیلی بمێنێتەوە و بچەوسێنرێتەوە بە ناوی دینەوە!

- ئایا کورد لە سیاسەتی خەلیفە ئەردۆغان و ئیسرائیل تێدەگات و بەرچاو ڕوونترە؟
کورد دەبێ لەوە تێبگات کە برایەتی ئەردۆغان ئازادی نییە! بەڵکو تەڵەی دینی و دینبازیە!
وە پێویستە کوردیش ئیسرائیل وەک هاوپەیمانیەکی ستراتیژی ببینێت نەک وەک دوژمنێک!
ئێستا کە دینبازەکانی کوردستان دەڵێن هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل خیانەتە! ئەوان  ئەوان بۆ خودا و بەناوی خوداوە قسە ناکەن! بەڵکو ئەوان بۆ ئەو دەسەڵاتانانە قسە دەکەن کە لە کوردستانێکی ئازاد و گەلێکی کراوە و دیموکراتی دەترسن! چونکە دینبازەکان ئەڵقە لەگوێی و بەکرێگیراوی ئەوانن و بەرژەوەندیان لەگەڵ دوژمناندایە!
کەواتە با کۆمەڵگە بە قسەی دینبازە درۆزنەکان بەلاڕێدا نەچن!. مرۆڤی کورد دەبێت خۆی لە خۆی بپرسێت:
- کێ بەڕاستی زوڵمی لێکردین، لە مێژوو، وە لە ئێستاشدا؟
- کێ منداڵەکانی ئێمەی بۆردومان کردووە و بەردەوامیشە لە بۆردومان؟
- کێ زمانی ئێمەی قەدەغە کردووە؟ هەتا ناوی کوردیشیان گۆڕیوە؟
ئەوانە ئیسرائیل نەیکردووە و نایکات! بەڵکو ڕێک ئەو ووڵاتە ئیسلامیانە و ئەردوغان بووە کە ئێستا خۆیان بە برای کورد ناودەبەن!
کەواتە ، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە بە چاوێکی کراوەتر سەیری هاوپەیمانییەکانی ووڵاتە ئیسلامیەکان کە بەناوی دینەوە قسەدەکەن و ووڵاتی ئیسرائیل بکەین، ئەویش بۆ ئازادی و سەربەخۆیی و داهاتووی کوردستان و دواڕۆژێکی گەش و ڕاست و دادپەروەر ئازاد و دیموکراتی بۆ کورد!
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست