شەڕی تایبەت دوایین تیری ژەهراوی داگیركەرانە
05/10/2025, 21:25 (GMT+1)

شەڕی تایبەت بەهێزترین چەكی دەزگا هەواڵگریەكانە كە داگیركەرانی كوردستان لە دژی گەلی كورد و شۆڕشگێڕانی و زۆر بە تایبەتیش لە دژی پێشەنگەكانی گەلی كورد برەوی پێدەدرن.
لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991ی باشووری كوردستانەوە، دەزگای هەواڵگری میتی تورك زۆرترین ڕۆڵی شەڕی تایبەتی لە دژی پەكەكە گێڕا و بەشێكی بەرفراوانی ئەركی ئەو شەڕەشی بە هەردوو دەزگای پاراستن و زانیاری سپارد.
لەگەڵ هەر پێشكەوتنێكی پەكەكەدا، جموجوڵ و تەقەلای میتی توركیش بۆ بەگەڕخستنی داینەمۆی شەڕی تایبەت بەرفراونتر دەبوو.
ئەگەر میتی تورك لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991ی باشووری كوردستانەوە هەتا كۆتایی دووهەزارەكانی سەدەی 21 ئیعتیمادێكی بەرفراوانی لەسەر پارتی و یەكێتی و لایەنە ئیسلامییەكانی باشووری كوردستان بووبێت بۆ بەڕێوەبردنی شەڕی تایبەت، ئەوا لە دوای شۆڕشی ڕۆژئاوای كوردستانەوە هەوڵەكانی لەسەر لایەنە ئۆردوگانشینەكانیش چڕ كردەوە و ئەوانیشی وەگەڕخست بۆ بەڕێوەبردنی شەڕی تایبەت هەم لە دژی پەكەكە و هەم لە دژی شۆڕشی ڕۆژئاوای كوردستان.
میتی تورك لە هەمانكاتدا ئیتڵاعاتی ئێرانیشی خستە خزمەتی شەڕی تایبەتی دژبە تەڤگەری ئاپۆیی تاكو توركیاش لە بەرامبەدا هاوكاری كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ئاستەنگكردنی ئەمریكا لە عێراق و سوریادا بكات.
ئیتڵاعاتی ئێران بە حوكمی ئەوەی پێگەیەكی هێجگار بەرفراوانی لە باشووری كوردستان و نێو لایەنە ئۆردوگانشینەكاندا هەیە، توانی كارئاسانییەكی زۆر بۆ دەوڵەتی تورك بكات و لایەنە ئۆردوگانشینەككراوەكانیش زیاتر بجوڵێنێت.
دوای لە سێدارەدانی كادرە پێشەنگەكانی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (فەرزاد كەمانگەر، شیرین عەلەمهولی، فەرهاد وەكیلی و عەلی حەیدەریان) و هاتنە مەیدانی گەلی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەدژی ئەو تاوانەی كۆماری ئیسلامی، دەزگای ئیتڵاعاتی كۆماری ئیسلامیش هاوشێوەی میتی تورك هەوڵەكانی لە باشووری كوردستان و نێو لایەنە ئۆردوگانشینەكاندا چڕ كردەوە و چەندە پژاك پێشبكەوتایە، بەو ئەندازەیە جموجوڵی ئیتڵاعاتی ئێرانیش لە باشووری كوردستان و نێو ئۆردوگاكاندا زیادی دەكرد.
لە سێ ساڵی ڕابردوودا و بە تایبەتیش لە دوای شۆڕشی ژن ژیان ئازادی و كەرنەڤاڵی كەموێنەی نەورۆزی ئەم ساڵی 2025وە، كۆماری ئیسلامی ئێران قورسایی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان-پژاك و چالاكیەكانی ئەو حیزبەی لە نێو ڕۆژهەڵاتی كوردستان و نێوخۆی ئێراندا بۆ دەركەوت و ئەوەش ترسێكی زۆری لەلای دەسەڵاتدارانی ڕژێمی ئێران دروستكرد.
هەر بۆیەش ئیتڵاعاتی ئێران، دەزگای شەڕی تایبەتی لە دژی پژاك و تەڤگەری ئاپۆیی گەیاندۆتە بەرزترین ئاست و تەنانەت بۆڕی دەزگای شەڕی تایبەتی میتی توركیشی داوەتەوە و ئەركی سەرەكی ئەو شەڕە تایبەتەشی بە لایەنە ئۆردوگانشینەكان و بە تایبەتیش بە حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانی سپاردووە.
ئێستاش كە پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری دیموكراتی لە باكوری كوردستان دەستیپێكردووە، دەیان جار ترسی لەلای ڕژێمی ئێران زیاد كردووە و هەر جۆرە تەقەلایەكیش دەدات بۆ شكستپێهێنانی ئەو پرۆسەیە.
چونكە بە سەركەوتنی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری دیموكراتی، هەم دەستی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان-پژاك زیاتر كراوە دەبێت لەدژی كۆماری ئیسلامی و هەم ڕێگەخۆشكەریش دەبێت بۆ بە فەرمی ناسینی ستاتۆی ڕۆژئاوای كوردستان و باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.
بەو هۆیەوە، شەڕی تایبەتی كۆماری ئیسلامی ئێران لە قۆڵی لایەنە ئۆردوگانشینەكانەوە دەیان جار لە دژی تەڤگەری ئاپۆیی و پرۆسەی ئاشتی و خودی بەڕێز ئۆجالان زیادی كردووە.
بەڵام كاروانی پێشكەوتن كە بە خوێنی دەیان هەزار گەریلا و شەرڤان و ماندوبونێكی زۆری گەلەكەمان گەیشتۆتە ئاستی سەركەوتن، بێگومان بەسەر ئەم شەڕە تایبەتە چەپەڵەی دەوڵەتی تورك و كۆماری ئیسلامی و بەكرێگیراوەكانیاندا سەردەكەوێت و لە پێشكەوتن ناوەستێت.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان











