<

لە کەپکۆی کوردەوارییەوە بۆ سۆمۆی عێراقی !

10/10/2025, 0:20 (GMT+1)
چارەنوسی کورد بە خاک و خەڵکیەوە وەک بڵێی نوشتەی ڕەشیان لێکرابێت بەردەوام بەرەو دواوە ڕۆیشتووە لەسایەی ئەو سیاسیانەی کە خۆیان وەک پێشەنگ و فریادڕەس ئەناسێنن و هەر بیرکردنەوەیەک لەدەرەوی بیرکردنەوەی خۆیان بە دواکەتوویی و نەزانی و جاشایەتی ئەبینن !
دواجار ، لەسایەی ئەزموونی سیاسەتی (خۆیان واتەنی) حەکیمی خۆیانەوە کەلەڕاستیدا بە فشاری ئەمریکابوو ، قفڵی بۆرییە نەوتەکەی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان لە ڕێگەی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق( سۆمۆ )وە لەپاش دوو ساڵ و نیو لە ڕاگرتنی ، لە ڕێوڕەسمێکی فەرمیدا بە ٢ خولەک و نیو کرایەوە.
 ئیتر کۆمپانیای کەپکۆی کوردی و ئابوری سەربەخۆ لە پاش شانزە ساڵ لە هەڵای ڕاگەیاندنی کەناڵە زەبەلاحەکانی حیزب ، وەک هەر باسێکی تر لەبیرخەڵکی برایەوە و ئاسەواری نەما. 
هیچ کەسیش نە سەرکۆنە کرا، وە نەسزا درا لەسەر ئەو هەموو بەهەدەردانەی سامانی گشتی، بەڵکو ئەمرۆ کرانە پاڵەوانێکی فوتێکراو !
لەمەراسیمە پڕ شانازیەکەیاندا، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ماوەبەسەرچوو، ئەو شەرەفەی پێدرا وتارێک پێشکەش بکات و سوپاسی ئەمریکا بکات و لەهەمان کاتدا هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی سۆمۆوە بە دەستکەوتێکی گەورە لەقەڵەم بدات !
ئەم بەندەی خوایە وەک هەر هاوڵاتیەکی تری کوردستان ئومێدی ئەوە ئەکەم پاش ئەو هەموو ساڵە لە نائومێدی و بێموچەیی و بێبازاڕییەی کە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانی هیلاک کردووە، چ لەڕووی ماددی ، وە چ لەڕووی دەرونی و فیزیکیەوە کۆتایی پێبێت و سەرەتای قۆناغێک بێت کە ئیتر نەوت و سەروەتی سروشتی و ناسروشتی نیشتیمانی بۆ خزمەت و خۆشگوزەرانی هەموو هاوڵاتیانی عێراق بێت، نەک بەتەنها بۆ دەوڵەمەندبوون و هەڵتۆقینی بەرپرسان و نەوەی بەرپرسان و حیزبە باڵادەستەکان و زیاتردەستەمۆکردنی خەڵکی عێراق بێت .
لێرەدا دەیان پرسیار سەرهەڵئەدات لەسەر سیاسەت و مامەڵەی بەرپرسان لەهەمبەر پرس و داهات و سیاسەتی نیشتیمانی خەڵکی عێراق بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی .
تکام وایە خەڵک بپرسێ لێیان !
تاکەی خەڵکی ئاسایی ئەکەن بە قوربانی کێبڕکێی سیاسیە بەرژەوەندخوازیەکانی خۆتان !؟
تاکەی دۆستایەتی و دوژمنایەتی میللەت بەگوێرەی مەزاجی شەخسی خۆتان ئەپێون !؟
تاکەی ئەو یاریە قێزەونەی نێوان خۆتان لەسەر پارە و پۆست بەردەوامی پێئەدەن و وەک هەڵوێستی نیشتیمانی بەخەڵکی ئەفرۆشنەوە !؟ 
تا کەی ئەو دوو ڕووییە لەسیاسەتکردن بەردەوامی ئەبێت بەوەی کە دیاریکردن و ناوهێنانی دۆست و دوژمن، بەرژەوەندی و خیانەتی نیشتیمانی بەگوێرەی مەزاجی تایبەت و مامەڵەی بەرژەوەندی سیاسیەکانی خۆتان و بنەماڵەکانتان و حیزبەکانتان پێناسەی بۆ ئەکرێت !؟
 وەک وابێت خەڵک هێشتا لەسەردەمی بەرد بژی، یاری بە سۆز و دڵپاکی ئەو خەڵکە ئەکەن، ئەمڕۆ بۆیە نەوت تەسلیم ئەکەن چونکە دەستکەوتە، بەڵام تا دوێنێ کە نەیانئەدا و ڕێک نەئەکەوتن هەڵوێستەکە نیشتیمانی بوو ، گوایە پەیوەست بوو بە بچوککردنەوەی پێگە و قەوارەی هەرێمی کوردستانەوە !
خەڵکی تر باسی ڕێکەوتن لەگەڵ بەغدا بکات جاشایەتیە، بەڵام ئەگەر ئەمریکا بەزۆر پێتان بکات ئەمە سوپاسکردنیشی ئەوێت!
بۆچی ڕۆڵی میللەت و بەرژەوەندیەکانی ئەخەنە دوای بەرژەوەندیەکانی خۆتان و ئەمریکاوە ؟!
 ئەمە ترسە ، ئەمە ماستاوە بۆ مانەوەی خۆتان ، ئەمە بێ ڕۆڵکردنی فشاری ناوخۆ و گوێنەدانە بە نەهامەتیەکانی خەڵک ! 
بەڕاستی ئەمانە ناوئەنێن چی !؟
ئەمە هەموو ئەو ئەزموون و دڵسۆزی و کاریزماییەی چەند ساڵەی خەباتی شاخ و شارتان بوو!؟
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست