بۆچی خودا بێ دەنگە و ترەمپ بڕیار بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات؟
26/10/2025, 20:27 (GMT+1)

- تۆ بڵێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ماڵی خودا بێت؟
- ئایا کارەساتی غەززە ویستی خودا بوو؟ یان شەرمەزاری و ڕووی ڕاستی پیاوە ئاینیەکانە؟
- بۆچی حەماس سوپاسی ترەمپ کرد بۆ وەستاندنی شەڕ، بەڵام سوپاسی خودای نەکرد؟
- تۆ بڵێی ئاوێنەیەک هەبێت، هەتا بتوانرێت هەڵەی ئایینەکان پیشانی کۆمەڵگە بدەین؟
- ئاخۆ ئەرکی نەوەی نوێی کۆمەڵگەی کوردی، بۆ ژیانێکی واقعی دەبێت چی بێت ؟
---‐----------------------------------------------------------
- تۆ بڵێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ماڵی خودا بێت؟
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لانکەی ئایینەکانە، بەڵام ئەمڕۆ لەوە دەچێت کە ماڵی خودا نەبێت! بەڵکو بۆتە سەنگەر و بەیەکدادانی ئەو کەسانەی کە ناوی خودا بەخراپ بەکاردەهێنن و بەناوی خوداوە شەڕ دەکەن!
لە کاتێکدا ملیۆنان کەس پێیان وایە خودا حوکم دەکات و خاوەنی گەورەترین هێزە! بەڵام لەسەر زەوی و لە ڕاستیدا دەبینین کە مرۆڤەکان هێزی سیاسی و چەک و بەرژەوەندیان هەیە و یاسای ڕاستەقینەی ژیانی ڕۆژانەی سەر زەوی دەنووسن و دیاری دەکەن و واژۆی شەڕ و ئاشتیش دەکەن، نەک خودا!
دوای ڕووداوەکانی گروپە توندڕەوەکانی حەماس کە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ دا بە ناوی خواوە چەکەکانیان بەرز کردەوە و هاواریان دەکرد (اللە اکبر)، جارێکی تر توندڕەوەکان پیشانیاندا کە ئەو ڕوداوانەی غەززە، پیاوانی ئاینین، کە دەتوانن ئایین بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاربهێنن و قوماریش بە چارەنوسی خەڵکی بێتاوانی ووڵاتە ئیسلامیەکانەوە بکەن!
تەنانەت هەندێک لە پیاوانی ئاینی و مەقلوبەخۆرەکانی کوردستانیش داوای چوونە قودسیان دەکرد! نەک بۆ ئاشتی ئاوەدانی! بەڵکو بۆ سەیران و مەقلوبەخواردن و چێژ وەرگرتن لەسەر خوێنی مرۆڤەکانی تر (جولەکە)! کە ئەوانیش هەر خودا دروستی کردوون واتە بۆ تێکدانی کاری خودا!

- ئایا کارەساتی غەززە ویستی خودا بوو؟ یان شەرمەزاری و ڕووی ڕاستی پیاوە ئاینیەکانە؟
لە ٨ ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥ دا ئیسرائیل و حەماس گەشتنە ڕێککەوتن، نەک بە پێی ئیرادەی اللە اکبری پیاوانی ئاینی، بەڵکو بەپێی وویست و زۆری خاڵەکانی (ترەمپ)ی سەرۆکی ئەمریکا! ئەو ترەمپەی کە دەتوانێت بە یەک قەڵەم شەڕ و ئاشتی واژۆ بکات و ووێرانکاریەکان بکاتەوە بە بەهەشت! کەواتە لێرەدا چەند پرسیارێک سەرهەڵدەدا:
- تۆ بڵێی هێزی مرۆڤ گەورەتر بێت، لە وویستی خودا؟
- ئەی تۆ بڵێی خوا لە کوێ بوو بێت، کاتێک کە منداڵەکان لە ژێر بۆردومانەکاندا گیانیان لەدەست دەدا؟
- ئەی تۆ بڵێی موشەکەکان خێراتر بوو بن لە دوعاکانی پیاوە ئاینیەکان؟
- ئەی وەڵامی خودا چی بوو بۆ ووێرانکارییەکان؟
- ئاخۆ ڕۆڵی خودا لەو کارەساتەدا چی بووە بێت؟ تۆ بڵێی هەر سەیرکردن بوو بێت؟ یان ڕووی خودا لەلایەکی تر بووە؟
- تۆبڵێی ڕاستیەکان تاڵ تر بن! کاتێک خودا خۆی قسە ناکات؟ بەڵام خەڵک لەجیاتی خودا قسە دەکەن؟
ئەمەش ئەو خاڵە مەترسیانەیە کە ئایینەکان لێوەی دەست پێدەکەن!
- بۆچی حەماس سوپاسی ترەمپ کرد بۆ وەستاندنی شەڕ، بەڵام سوپاسی خودای نەکرد ؟
ئەوەی لە ٨ی ئۆکتۆبەردا جێگای سەرنج بوو بۆ من، ئەوە بوو کە حەماس سوپاسی وڵاتانی میسر و قەتەر و تورکیا و دۆناڵد ترەمپی کرد، بۆ نێوەندگیری و ڕێککەوتن لەگەڵ ئیسرائیلدا!
بەڵام حەماس سوپاسی خودای نەکرد! وە ناوی خوداشی هەر نەهێنا! هەرچەندە هەمیشە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە ئەوان شەڕی بۆ خودا دەکەن!
- کەواتە چۆن بزووتنەوەیەک کە لە ژێر ئاڵای خوادا دەستی بە شەڕ کردووە! کەچی لە کۆتاییدا سوپاسی ترەمپ دەکات بۆ وەستاندنی شەڕەکە؟
- تۆ بڵێی حەماس بۆچی سوپاسی ئەو خودایەی نەکردووە، کە هەزاران کەس بەناوی ئەوەوە گیانیان لەدەستداوە؟
با ئەو ڕاستیە بە ئازارەش بڵێین کە حەماس خۆی دەرگای دۆزەخی بەسەر خۆی و خەڵکی بێ تاوانی غەززەدا کردەوە! لەژێر ناوی خودا و بە ناوی خوداوە، بەڵام ئێستاش بە یارمەتی و ڕێکەوتنی سیاسی ترەمپ و نیتەنیاهۆ ئەو دەرگای دۆزەخە دادەخرێت!
کەواتە پیاوانی ئاینی، خودا و ناوی خودا بۆ کوشتن و سەربڕین و ووێرانکاری بەکاردەهێنن! بەڵام کاتێک کە باس لە ئاشتی دەکرێت ئەوا ناوی خودایان لەبیر دەچێتەوە و خۆیان دەکەن بە پاڵەوانی ڕوداو و کارەساتەکان!
لێرەشدا چەند پرسیارێک خۆی قوت دەکاتەوە:
- ئایا ئەوە بەڵگە نییە، کە خودا هیچ دەسەڵاتێکی بەسەر کردەوەکانی پیاوە ئاینیەکاندا نییە؟
- ئاخۆ خودا و ناوی خودا، مرۆڤایەتی لە شەڕ و ووێرانکاری دوور خستۆتەوە؟ یان نزیک خستۆتەوە؟
- ئایا ئەگەر بەڕاستی خودا لەگەڵ پیاوانی ئاینیدا بووایە(وەک حەماس) ،بۆچی خودا نەیتوانی ڕێگری لە خوێن ڕشتنەکەیان بکات؟ یان وەک لایەنێکی سەرکەوتوو بن لە شەڕەکەیاندا؟
- بۆچی خودا وای لە توندڕەوەکان کرد کە بە ڕق و کینەیان و هاواری اللە اکبر، بێ هێزی خۆیان نەبینن؟ وە خۆشیان بە سەرکەوتوو ببینن؟
- ئەی بۆچی کاتێک کە لاواز دەبن و بەزۆر دایان دەنیشێنن بۆ دانوسان و ئاشتی ، بێ دەسەڵات و لاواز دەربکەون؟

- تۆ بڵێی ئاوێنەیەک هەبێت، هەتا بتوانرێت هەڵەی ئایینەکان پیشانی کۆمەڵگە بدەین؟
سەردەمانێک دەیانگوت کە ئایین وەک ڕووناکییەکە بۆ دادپەروەری کۆمەڵگە! بەڵام زۆرجاریش ئایین بووەتە دوکەڵێک یان مۆتەکە و ماڵ وێرانی بۆ کۆمەڵگە! بەڵام لەهەمان کاتدا ئایینەکان پەیژەیەکی باشیش بووە بۆ سەرکەوتن بۆ دەسەڵات و پارە و کوشتن و کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگە لەلایەن پیاوانی ئاینییەوە!
- ئایا سەدەها ساڵە پیاوانی ئاینی، ئاینیان بەکارنەهێناوە بۆ دەستەڵات و حوکمڕانی خۆیان؟
- ئایا کێی تر، بێجگە لە توندڕەوەکان ڕق و کینەیان فرۆشتووە بە خەڵکی بەناوی ئاینەوە؟
- بەبۆچونی من، دەبێت گەنجانی کورد فێری ئەوە بکرێت کە جیاوازی ببینن لە نێوان باوەڕبوون بەچاکە بۆ مرۆڤایەتی و باوەڕبوون بە ئایینێک بۆ گەیشتن بە دەسەڵات! ئەوەی یەکەمیان (مرۆڤایەتی) داهاتوو بۆ خۆی و کۆمەڵگە بنیات دەنێت، وە ئەوەی دووەمیشیان (ئایین) خۆی و کۆمەڵگەش لەناوی دەبات و ووێرانی دەکات! هەروەک ئەمڕۆ لە غەززە و ئەفغانستان و سوریا و یەمەن و سۆمالیا و سودان و لیبیاو ئێران و ووڵاتانی تردا دەیبینین!
- ئاخۆ ئەرکی نەوەی نوێی کۆمەڵگەی کوردی، بۆ ژیانێکی واقعی دەبێت چی بێت ؟
گەنجانی کوردستان بژاردەیەکیان هەیە، ئەویش ئەوەیە کە سەیربکەن، کێن ئەو کەسانەی داهاتوو دیاری دەکەن؟ ئایا ئیمام و پیاوانی ئاینین؟ یان سەرکردە و زلهێزە جیهانییە بیانییەکان و زانستە؟
ئەوکاتە گەنجان دەتوانن کە چاویان بکەنەوە و پرسیاریش لە خۆیان بکەن، کە کامیان هەڵبژێرن؟ بەوەش ڕێگایەکی نوێ دروست بکەن بۆ خۆیان کە تێیدا زانین و لۆژیک و مرۆڤایەتی بنچینە بێت بۆ جێگرەوەی ئایینێکی نوێ!
- ئەی گەنجی کورد، پێنوسەکەت و مۆبایلەکەت و هونەرەکەت و زانستەکەت بەکاربهێنە! وە پیشانی بدە کە ڕاستی و ژیان پێویستی بە دوعا نییە! بەڵکو پێویستی بە بوێری و چاوکردنەوە و بەراوردکرن و تاقیکردنەوە هەیە!
هەموو جیهان تێر بوون لە بیستنی تەنها ووشەکانی بانگخوازەکان و پیاوانی ئاینی! بەڵام بەبێ ئەنجامی ڕاستی و خۆشی و ئاسودەیی بوون بۆ ژیانیان!
کەواتە کاتی ئەوە هاتووە کە گەنجانی کوردستان بە ڕاستی و ئاشتی و هێزەوە قسە بکەن و بەراورد بکەن!
چونکە لەم نوسینەدا ئەگەر تێبینی بکەیت، شەڕی ڕاستەقینە لە نێوان خودا و ترەمپدا نییە، وە لە نێوان کۆمەڵگەی ئیسرائیل و فەلەستینیشدا نییە، بەڵکو لە نێوان ڕاستی و درۆ و بەرژەوەندی دەسەڵاتدایە کە پیاوانی ئایینی ڕۆڵێکی گەورەی ووێرانکاریان هەیە!
چەند پیاوە ئاینیەکان بەردەوامن لە شەڕکردن بەناوی خوداوە، نابینین ڕۆژێک خودا دەنگی لێوە بێت!
بەڵام لەو ڕۆژەدا کە پیاوانی ئاینی شەڕ بەناوی خودا و دادپەروەریەوە دەکەن و کۆمەڵگەش ووێران دەکەن! ئەوا ڕەنگە دواجار خودا بێتە دەنگ، ئەویش خودا خۆی نا! ، بەڵکو لە ڕێگەی دەنگی ئەو گەنجانەوە کە نایانەوێت کوشتارو وێرانکاری بکەن و ڕق بچێنن بەناوی ئایینەکانەوە! بەڵکو دەیانەوێت لەڕێگەی زانست و مرۆڤایەتیەوە خۆشی و ئاسودەیی و ڕێزلێنان بۆ هەموان بەدەست بهێنن!
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان












