<

کەسێک، کە خاوەنی دەسەڵاتی ڕاستەقینەی عەقڵی خۆی بوو، تەمەن جێ دەهێڵێت

15/11/2025, 21:55 (GMT+1)
دوای بڵاوکردنەوەی ئەو نووسینانەم لەسەر پەکەکە، بەڕێزێک، کە هەواداریانە و بە شێوازی نووسینەکەیدا، دیارە خەڵکی رۆژهەڵاتی نیشتیمانە، لە مەسنجەردا نامەیەکی بۆ ناردووم، تێیدا نووسیوێتی و دەڵێت:
(کەپیاوی دوگماتیست پیر بوو، ئەقڵی دەچێتەوە زەمەنی سەر لانک، ئەگەر پروفیسوریش بێت).
ئەم قسەیە وای لێکردم، کە بەم نووسینەی خوارەوە وەڵامی بدەمەوە.
--------------------------
لە کۆمەڵگادا بۆچوونێکی باو هەیە، دەڵێت: "پیاوی دۆگماتیست کە پیر دەبێت، ئەقڵی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی منداڵی، تەنانەت ئەگەر پرۆفیسۆریش بێت". بۆ ئەوانەی، کە نازانن دوگماتیست واتای چییە لێرەدا هەوڵ دەدەم بە شێوەیەکی زانستی و ڕەخنەگرانە شی بکەمەوە.
دۆگماتیزم: پەیوەندیی بە تایبەتمەندی کەسایەتییەوە هەیە، نەک بە تەمەن.
دۆگماتیزم بریتییە لە باوەڕی کوێرانە، کە رێگریی لە هەموو بیرکردنەوەیەکی نوێ دەکات، دەبێتە بەربەست بۆ بیرۆکە و بیروباوەڕە نوێیەکان، بەبێ ئەوەی ئەو کەسە ئامادەیی ئەوەی تێدا بێت، لێکۆڵینەوەی لەسەر بکات یان گوێ لەبەرامبەر بگرێت. هەر بەڵگە و بیر و بۆچوونێکی زانستیانەش بخرێتە بەردەمی، ئەگەر پێچەوانەی بیرکردنەوەکانی خۆی بێت، ئەم رەتی دەکاتەوە. ئەم تایبەتمەندییە پەیوەستە بە:
• شێوازی بیرکردنەوەی کەسەکە و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ زانیاری و بیروباوەڕی نوێدا.
• پەروەردە و ژینگە: پەیوەستە بە شێوازی گەورەبوون و فێربوونی ئەو کەسە.
• تاقیکردنەوەکانی ژیان: واتا ئەزموونەکان و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵیاندا. کەسێک لە هەر تەمەنێکدا بێت دەتوانێت دۆگماتیست بێت، دۆگماتیزم تایبەت نییە بە تەمەنێکی دیاریکراو، بەڵکو تایبەتە بە شێوازی بیرکردنەوە. ئەو کەسە گەنجێکی بیست ساڵان بێت، یان پیرەپیاوێکی هەشتا ساڵە، هیچ لە راستییەکە ناگۆڕێت.
ڕاستییە زانستییەکانی پیربوون
مرۆڤ پێویستە جیاوازی لە نێوان گۆڕانکارییە سروشتییەکانی پیربوون و لاوازی عەقڵدا دابنێت: 
گۆڕانکارییە ئاساییەکانی پیربوون بریتییە لە:
• خێرایی پرۆسەکردنی زانیاریی: واتا گەیاندنی زانیاری و وەرگرتن، کە تەمەن وا دەکات، کەمێک خاوتر دەبێتەوە، بەڵام بۆ هەموو کەسێکی پیر وەک یەک نییە.
• بیرهێنانەوە و بیرکردنەوەی کورتخایەن: کەمێک لاوازتر دەبن.
• توانا و لێهاتوویی و جوڵە: کەمێک هێواشتر دەبنەوە.
ئەو توانایانەی، کە نافەوتێن و بەردەوام دەمێننەوە:
• دانایی و بڕیاردان: زۆرجار باشتر دەبن.
• زانیاری پێشوەخت و پێشووتر: شارەزایی تێدا گەورەتر دەبێت.
• تێگەیشتنی قووڵ: لە بابەتە ئاڵۆزەکان باشتر دەبێت.
• توانای چارەسەرکردنی کێشە: لای کەسی بە ئەزموون بەهێزتر دەبێت.
مێژووی مرۆڤایەتیی پڕە لە نموونەی زانا و بیرمەندەکان، کە لە تەمەنی پیرییاندا باشترین کاریان ئەنجام داوە:
• ئەلبێرت ئاینشتاین: جگە لە باسە گرنگەکانی لە بواری ماتماتیک و فیزیک، بەڵام لە هەمان کاتدا و لە تەمەنی ٧٦ ساڵیدا توانی لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی و ئاشتیش بنووسێت.
• چۆمسکی: لە ٩٦ ساڵیدا، لە نووسین و وانەگوتنەوە بەردەوام بوو.
• زۆر لە کەسایەتییە بەناوبانگەکان پلەی پرۆفیسۆرییان لە تەمەنی پیرییدا هێناوە، لە هەمانکاتدا ساڵانێکی درێژخایەنییان بە لێکۆڵینەوە بەسەر بردووە، نەک بە تەنیا لەبەر زیرەکی سروشتی، کە هەیانبووە، بەڵکو مێشکیشیان بە باشی کاری کردووە، واتا مەرج نییە، تەمەنی مرۆڤ هەر کاتێک چووە سەرەوە ئیتر پەکی دەکەوێت و توانای هیچی نامێنێت. 
کێشەی ڕاستەقینە بۆ کەسێک، ئەگەر کێشەی دۆگماتیزمی هەبێت، ئەوەیە، کە بەرگری لە خۆی دەکات و نایەوێت فێربێت. (گرنگ نییە لە هەر تەمەنێکدا بێت):
1. کەسی دۆگماتیست باوەڕی کوێرانەی بە بیروبۆچوونەکانی خۆی هەیە.
2. هەموو بیرکردنەوە و فێربوونێکی نوێ ڕەت دەکاتەوە، دەرگا لە بەردەم زانیاری نوێدا دادەخات.
3. گوێ بۆ هیچ جۆرە ڕەخنەیەک ناگرێت: هەموو ڕەخنەیەک وەک هێرش دەبینێت، کە دەکرێتە سەری. ئەمە وا دەکات:
• کەسی دۆگماتیست گەشەی عەقڵی بوەستێت: نەک بەهۆی تەمەنەوە، بەڵکو بەهۆی هەڵوێستەوە.
• کەسی دۆگماتیست لە ڕاستیییەکان دوور دەکەوێتەوە، چونکە بیرکردنەوە کۆنەکانی، کە هەیەتی، ناتوانێت و نایەوێت بە ڕاستیی و زانیاریی نوێ بگۆڕێتەوە، هەرچەند دەشزانێت ئەو بیرکردنەوە کۆنەی، کە هەیەتی راست نییە.
• لاوازبوونی توانای لێکۆڵینەوە و شیکاری نامێنێت، پشت بە شیکاری کۆن و بیرکردنەوە کۆنەکانی خۆی دەبەستێت.
سەرەنجام:
قسەی ئەو بەڕێزەی، کە بە من دەڵێت گوایا من کەسێکی دۆگماتیستم و پیربووم، بۆیە عەقڵم گەڕاوەتەوە بۆ عەقڵی منداڵی" دەتوانم پێی بڵێم، کەوا لەو پێناسەیەدا بە هەڵەدا چووە، چونکە:
1. پێناسەی دۆگما لە چەند روویەکەوە تێکەڵی کردووە، وەک وتم دۆگماتیزم بریتییە لە (کێشەی هەڵوێست) نەک پیربوون، چونکە پیربوون پرۆسەیەکی سروشتییە.
2. بە شێوەیەکی زانستی ئەو قسەیە زۆر هەڵەیە، ئەگەر بوترێت پیربوون عەقڵ لاواز دەکات.
3. ئێمە نابێت پێمان وابێت، پیریی نەنگی و ناتەواویییە، یان وا بزانێت کەمئەندامییە، لە کاتێکدا زۆر لە کەس لە تەمەنی پیرییدا دانا و ژیریان لێدەرچووە، هەر ئەمەشە، کە لەبەر توانای داهێنان و بیرکردنەوەیان رێزیان لێگیراوە.
• لەگەڵ ئەمانەشدا دەبێ ئەوە بزانین، کە دۆگماتیزم لە هەر تەمەنێکدا بێت زیانبەخشە، بەڵام پیربوون دەرفەتێکە بۆ دانایی و لێهاتوویی، نەک بۆ لاوازی.
• کێشەکە لەوەدایە کە کەسێکی دۆگماتیست خواستی فێربوونی نییە، گرنگ نییە ئەو کەسە تەمەنی گەنج بێت، یان پیر.
پێشنیارم بۆ ئەو برادەرانەی، کە بە نووسینەکانم قارس دەبن و پێیان خۆش نییە بە شێوەیەکی مێژوویانە و زانستیانە لەسەر پەکەکە راستییەکان بخەمە روو، بۆیە ئەمەی خوارەوە بۆ ئەوانە روون دەکەمەوە و پێیان دەڵێم، کە سەرنج لەم خاڵانە بدەن: 
• ئێوە خۆتان لە هەر تەمەنێکدا بن، هەر پۆست و پلەیەکتان هەبێت، دەبێت سنگتان بۆ وەرگرتن و فێربوون و هەروەها رەخنەگرتن فراوان بێت. 
• ڕێزی خۆتان و بەرامبەرەکەتان بگرن، سوکایەتی مەکەن، بە دوای بەڵگە و دۆکۆمێنتدا بگەڕێن، تا خۆتان باشتر بناسن، بە لۆژیک قسە بکەن، بیربکەنەوە، نەک بە باوەڕی کوێرانە دوای هەموو شتێک بکەون. ئێوە ناتوانن لە ئێمە دلسۆزتر و کوردتربن. پێتان وابێت ئەگەر ئێمەش وەکو خۆتان داگیرکەر و دوژمنەکان بە برای خۆمان نەزانین، یان وەکو ئێوە بیرمان نەکردەوە ئیتر ئێمە دوژمن و خائینین، یان تووشی دۆگماتیزم بووین. ئەو پێناسەیەی کە لەسەر دۆگماتیزم باسم کرد، زۆربەی ئێوە دەگرێتەوە، نەک من.
• کاتێک زانیاری و هەواڵ و رووداوی نوێ دێتە بەردەمتان بیری لێبکەنەوە، مێشکتان چەقبەستوو نەبێت گۆڕانکاری بەسەر خۆتاندا بهێنن.خۆتان لە لابچوک نەبێت، کەس بە پیرۆز مەکەن، چونکە ئەوەی کە ئێوە پیرۆزی دەکەن، رەنگە گۆڕانکاری بەسەردا بێت، ئەو پیرۆزییەی نەمێنێت و لەو ئاستەدا نەمێنێتەوە، کە تۆ بە پیرۆز راتگرتووە.
لە کۆتاییدا کەسێک، خاوەنی دەسەڵاتی ڕاستەقینەی عەقڵی خۆی بوو، تەمەن جێ دەهێڵێت، لە لوتکەی شکۆمەندییداخۆی دەبینێتەوە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست