<

من جوولەکەم و داوام لێدەکرێت ببم بە موسڵمان

17/11/2025, 11:31 (GMT+1)
کچە جوویەکی ڕۆژنامەنووسی یەمەنی بە ناوی "نجاة النهاري"  لە وەڵامی ئەوانەی کە داوایان لێ کردووە ببێت بە موسڵمان وتارێکی نووسیوە کە ئەمە پوختەکەیەتی:
زۆرێک داوام لێ دەکەن واز لە باوەڕەکەم بهێنم و داخلی ناو ئیسلام ببم. زۆرێکیش ڕۆژانە پێم دەڵێن کافر و نەفرەتم لێ دەکەن و دەڵێن هەرچی نەبێت بە موسڵمان عاقیبەتەکەی دۆزەخە.
جا بە سێ خاڵ وەڵامیان دەدەمەوە:
یەکەم: لەم سەردەمەدا موسڵمان مەزهەبی زۆریان هەیە، هەمووشیان یەکتری بە کافر دەزانن و کوشتنی یەکتری حەڵاڵ ئەکەن. جا من وەک کچە جوویەک ئەگەر ببم بە موسڵمان، ئایا ببم بە سوننە یان شیعە یان مەزهەبەکانی دیکە؟ لە کاتێکدا کچە هاوڕێیەکی موسڵمانم بۆی باس کردم کە پێغەمبەر موحەممەد (ص) فەرموویەتی: موسڵمانان دەبن بە زیاتر لە ٧٠ فیرقەوە، هەموویان داخڵی ئاگری دۆزەخ دەبن جگە لە یەک فیرقەیان کە دەچێتە بەهەشتەوە. جا داوام لەم کچە هاوڕێ موسڵمانەم کرد، ئەو فیرقەیە کامەیە؟ وتی نە من دەیزانم و نە هیچ موسڵمانێک دەیزانێت.
بۆیە لە خۆمم پرسی: ئاخۆ ئەگەر جوویەک بیەوێت ببێت بە موسڵمان، پێویستە بچێتە کام فیرقەیەیانەوە؟ ئاخۆ کام زانای ئاینی دەتوانێت زەمانی ئەوەی بداتێ کە چووەتە ناو فیرقە ڕاستەکەوە و خوای عەذابی نادات. بێگومان موسڵمانبوون سەرکێشییەکی گەورەیە
دووەم: لەم سەردەمەدا موسڵمانەکان بەردەوام لە یەکتری دەکوژن، زۆر بەشێوەیەکی ناشیرین یەکتری سەر دەبڕن. ئاخۆ چۆن جوو قەناعەت بەوە بکات بچێتە ناو ئاینێکەوە کە برا موسڵمانەکان تیایدا لەسەر هەمان ئاین یەکتری دەکوژن.
سێیەم: ئەو سەردەمەی پێغەمبەر موحەممەد (ص) خەڵکی بانگهێشت دەکرد بۆ ناو موسڵمانێتی، مژدەی ئازادی و دادپەروەری و ڕزگاربوون لە زوڵم و جەهل‌ی پێ دەدان. دەی باشە ئەمڕۆ موسڵمانان مژدی چی بە جوو دەدەن لە کاتێکدا جووەکان ژیانێکی خۆشیان هەیە و ئازادن و لە ناو دادپەروەریدا دەگوزەرێن؟ 
کەواتە با ڕاشکاو بین لەگەڵ خۆمان:
زۆرینەی وڵاتە عەرەبییەکان (کە بێگومان وڵاتی موسڵمانن)، پڕە لە فەقیری و جەهل و زوڵم و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ. هەمان کات ئەو وڵاتانەی کە مەسیحی و جووەکان (وڵاتی کافرەکان) بەڕێوەی دەبەن، وای لێ هاتووە ئەوان مژدەی خۆشگوزەرانی دەدەن بە موسڵمانان تا کۆچی بۆ بکەن کاری تیادا بکەن. 

لە (کتبت الصحفية اليمنية اليهودية نجاة النهار)ی  وەرگیراوە


ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست