شرۆڤەی موراد قەرەیڵان دەربارەی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری دیموكراتی
25/11/2025, 22:57 (GMT+1)

شرۆڤەی بەڕێز موراد قەرەیڵان دەربارەی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری دیموكراتی لە وەڵامی ئەم پرسیارەی ستێرك-تیڤیدا:-
ڕەخنەتان لێدەگیرێت کە هەنگاوی تاکلایەنە دەنێن، لەو بارەیەوە چی دەڵێن؟کاتێک ڕەخنە بەمجۆرە بە درووستی و جدی دەگیرێت، بە ڕێزەوە لێی نزیک دەبینەوە. ئەمە تێکۆشانی گەلە؛ هەموو کەسێک دەتوانێت بۆچوونی خۆی دەرببڕێت، ڕەخنە بگرێت. ڕێز لە هەموو ڕەخنەکان دەگرین و زۆریش لەبەرچاویان دەگرین. چونکە تەڤگەرێکی واین، کە کۆمۆناڵ و کۆمۆناڵیزە بە بنەما وەردەگرین. کۆڵەکتیڤیزمی کۆمەڵایەتی دەپارێزین. هەربۆیە بێگومان هەموو نیگەرانییەکان لەبەرچاو دەگرین و سوودی لێ وەردەگرین، بەڵام هەندێک کەس نیازیان خراپە و سەرەڕای ئەوەی هیچ کارێکیان نەکردووە، هەمیشە دوژمنایەتی دەکەن. دۆخەکە چییە با ببێت، چ بە زانابوون بێت یان نائاگایی، هەڵوێستی ئەو جۆرە کەس و بازنەیە دژە هەڵوێستە، هەڵوێستی دژایەتییە. بە دڵنیاییەوە ئەم جۆرە بازنانە لە دەرەوە بەجێدەهێڵین، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەو ڕەخنانەی کە لەلایەن گەلەکەمان، ڕۆشنبیران و سیاسەتمەدارانەوە دەگیرێت، بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لێ دەکەین. ئەمە پرسێکی ئاسایی نییە، پرسێکی سەدە ساڵەی گەلی کوردە. دەمانەوێت لەم پرسەدا هەنگاو بنێین و پێشکەوتن بەدەست بهێنین. ئەمە کارێکی ئاسان نییە. هەروەک ڕێبەر ئاپۆ گوتی، شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی کورد هەمیشە بە سێدارە کۆتاییان دەهات. ئێستا مێزێک دانراوە و دەبێت خەڵک مانای پێ بدەن. ڕێبەر ئاپۆش بەم شێوەیە دەستنیشانی کردووە.
گرنگە لەم چوارچێوەیەدا هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. ڕاستە، تا ئێستا هەنگاوی تاکلایەنەمان ناوە. دەوڵەتی تورک لە هەلومەرجی ئیمراڵیدا هەندێک ئاسایی بوونەوەی ئەنجام داوە، بەڵام دەبوو بەمجۆرە بوایە. هەروەها کۆمیسیۆنێک دامەزراوە و ئاگربەستێکی دوولایەنە جێبەجێکراوە. ئەمانە پێشهاتی ئەرێنین، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی یاسایی نەنراوە. بۆ نموونە ئەم بڕیارەی کۆمیسیۆن ئەرێنییە و دەکرێت ئەنجامی هەبێت، بەڵام ئەو هەنگاوانەی تا ئێستا بە دیدگاکانی ڕێبەر ئاپۆ ناومانە، هەموویان تاکلایەنەن. هەروەها دەتوانم ئەمە بڵێم بۆ ئەوەی گەلەکەمان بزانن: لە ٢٦ـی تشرینی یەکەم هەڤاڵان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان لە قەندیل ئەنجامدا و ڕایانگەیاند، لەو شوێنانەی باکوور کە مەترسی پێکدادان هەیە کشاونەتەوە. بێگومان ئەمە کشانەوە نییە لە هەموو شوێنێک، کشانەوەیە لەو گۆڕەپانانەی کە مەترسی پێکدادانی تێدایە. بە هەمان شێوە ڕاگەیەندرا، لە زاپ و ناوچەکانی وەک گرێ بەهار لە چوارچێوەی پلانێکماندا کشاینەوە. ئەمانە هەنگاوگەلێک نین کە لەسەر بنەمای ئەوەی کە پرۆسەکە زۆر بە باشی بەڕێوە دەچێت گیراونەتەبەر. ئەمانە هەنگاوگەلێکن بۆ ڕێگریکردن لە وەستانی پرۆسەکە، بۆ ئەوەی ڕێگە بۆ پڕۆسەکە بکرێتەوە و بەرەو پێشەوە بچێت، نراون. ئامانج لەم هەنگاوە گرنگانە ڕێبەر ئاپۆ بە پێویستی زانی و ئێمەش بە گونجاومان زانی و جێبەجێمان کرد، پەرەپێدانی چارەسەری سیاسی مانای پرۆسەی سیاسەتی ئاشتی و دیموکراتیکە. هەرچەند دەبێت ئەمەیش بڵێم؛ ئیدی گەیشتوینە کۆتایی. هیچ شتێکی تر نەماوە بیکەین. لەمەودوا دەبێت پرۆسەکە بگوازرێتەوە بۆ قۆناغی دووەم، واتە قۆناغی هەنگاوی یاسایی. ئەگەر ئەم هەنگاوانە نەگیرێتەبەر، پرۆسەکە بەرەو بنبەست هەنگاو دەنێت.
ئەمە تێکۆشانێکە. ڕێبەر ئاپۆ خۆی ئەم پرۆسەیەی بە سەردەمی تێکۆشان هەڵسەنگاند. پرۆسەیەک نییە بە دانوستان شتێک بدەین، شتێک وەربگرین؛ بەڵام هەموو کەسێک دەبێت لەلای خۆیەوە هەنگاو بنێت، بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ بکات. لەلای خۆمانەوە هەنگاومان ناوە، شتە پێویستەکان و بەرپرسیارێتیەکانمان جێبەجێ کردووە. ئەگەر دەوڵەت بەڕاستی چارەسەری دەوێت، دەبێت ئیدی هەنگاو بنێت. ئەم پرسە دەبێت لەم چوارچێوەیەدا هەڵسەنگێندرێت.
بەڵێ، ئێمە لەو گۆڕەپانانە کشاوینەتەوە، بەڵام ساویلکە نین. ئەزموونمان هەیە، هەندێک شت هەیە دەزانین. بێگومان بێباکانە مامەڵە ناکەین، بەڵام تێکۆشانێک بەڕێوەدەچێت و دەمانەوێت بە ڕێگەی ئاشتیانە بگەینە ئەنجامێک.
ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت، 'دەمەوێت شوێنێک بۆ کورد درووست بکەم'. کورد لە تورکیا و جیهان شوێنکی یاسایی نییە. لە هیچ تۆمارێکدا کورد نییە. بەڵێ هەبوونی کورد لە عێراقدا بە شێوەیەکی یاسایی دانپێدانراوە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دامەزرا. لەهەمانکاتدا، ڕێککەوتنی نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵوم عەبدی، کە لە ١٠ـی ئاداردا واژۆ کراوە، دان بە هەبوونی کورددا دەنێت، هەروەها باس لەوەش کراوە کە دەبێت دان بە مافەکانی کورددا بنرێت. بەڵێ ئەمانە هەیە، بەڵام ئێستا لە جیهان چەندین گەل، کەلتووری کۆمەڵایەتی هەیە، نوێنەریان لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەیە. نزیکەی سەد پلاتفۆرمی نەتەوەی خاوەن دەوڵەت و بێ دەوڵەت هەیە. ئایا کورد هەیە؟ نەخێر. یەک نوێنەری کورد لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا نییە. سەرەڕای ئەوەی کە کورد دێرینترین گەلی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، بەڵام گەلی کورد لە سیستەمی نەتەوە یەکگرتووەکان و تورکیادا تۆمار و جێگەیەکی نییە.
ئەوانەی لەوێ بوون دەزانن؛ لە ساڵانی ١٩٧٠-١٩٨٠ کورد بۆ ئەوەی سەربازی نەکەن، هەروەها لەبەر ئەوەی زۆر نە دەڕۆشتنە شارەکان بە شێوەیەکی سرووشتی ناسنامەیان نەبوو، خۆیان لە دەوڵەتدا تۆمار نەدەکرد. پێیان دەگوترا 'دانیشتووانی کەلپە'. واتە ئەو کەسانەی لە هیچ شوێنێک تۆماریان نییە. ئەمڕۆ کورد دانیشتوویەکی کەلپەیە لە جیهاندا، واتە لە دەرەوەی دانیشتووانەکەیە، تۆماری نییە. ئێستا دەمانەوێت کورد لە کۆماری تورکیادا پێگەیەکی یاسایی هەبێت. تەنها بەم شێوەیە کۆمار دەتوانێت ببێتە کۆمارێکی دیموکراتیک؛ ئێمەش دەتوانین ببینە ئەوکەسانەی کە بۆ کۆمارێکی دیموکراتیک تێدەکۆشن. چونکە ئەمە ئامانجی ئێمەیە، پێی دەڵێین 'هاوپەیمانی'. بە واتایەکی تر تەنها لە پێناو چارەسەردا ئەم کارە ناکەین. دەڵێین، 'ئەگەر بڕیارە ڕێکبکەوین، دەبێت هاوپەیمانێتییەک دابمەزرێنین'. هەربۆیە شتێکی وانییە، کە دژایەتی یەکتر بکرێت، بەڵام هێشتا هەندێک بانگەشە دەکەن و دەڵێن، 'پەکەکە ئەمەی کرد، قەسەدە-پەکەکە ئەمەی کرد'. باشە ئەگەر ڕێککەوتن بکەین دەبینە دۆستی یەک، لە چوارچێوەی کۆمارێکی دیموکراتیکدا لە هەمان بەرە دەبین. لە کام لایەنی ئەمە وەستاویت!
وەکتر، بە بەشەکانی دیکەشەوە دەبێت هەمووان بزانن، ئەم کارەی ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامی دەدات تەنها بۆ کوردانی باکور نییە، بەڵکوو بۆ هەموو کوردە. بۆچی؟ چونکە ئەگەر دەوڵەتی کۆماری تورکیا بە شێوەیەکی یاسایی کورد قبوڵ بکات، ئەوا دەتوانێت دۆستایەتی و هاوکاری لەگەڵ کوردەکانی دەرەوەی سنوورەکانی تورکیاش بکات. ئەگەر ئەم دۆستایەتیە بوونی نەبێت، تەنها پەیوەندی تاکتیکی دەبێت.
ئێستا دۆخەکە بەم شێوەیەیە، چونکە ئەوان دەترسن. دەبێت دەوڵەتی تورک لە کورد بترسێت، بەڵام لەبەر ئەوەی هێشتا ترسی هەیە، پەیوەندییەکانی لەگەڵ باشوور و بەشەکانی دیکە لە ئاستێکی تاکتیکیدایە. بێگومان پەیوەندییەکانی سبەی، دوو سبەی دەتوانرێت نەهێڵرێت. دەڵێین، دەوڵەتی تورک ئیدی دەبێت ئەم ڕاستییە ببینێت، کورد لە گۆڕەپانی یاساییدا جێگەی خۆی بگرێت و بەم شێوەیە ڕێککەوتن ئەنجام بدەین. لەسەر ئەم بنەمایە دەتوانێت دۆستایەتی لەگەڵ کورد بکات و پێکەوە ئەم پرۆسەیە نوێیە پەرەپێبدات. دەمانەوێت سەردەمێکی نوێ لە پەیوەندی نێوان گەلانی کورد-تورک-عەرەبدا دەست پێ بکەین. ئەمەش گەلانی فارس-ئاشووری-سووریانیش دەگرێتەوە. ڕوانگەی نەتەوەیی دیموکراتیک دەپارێزین. دەبێت ئەمە بزانرێت.
سەرەڕای ئەمەش، ڕێبەر ئاپۆ تا ئەمڕۆش لەم جۆرە پرۆسە یەکلاکەرەوانەدا هەندێک هەنگاوی بوێرانەی ناوە و هەر زارێک هەڵی داوە دوو شەشی هێناوە. لەو باوەڕداین لەم کاتەدا هەر زارێک کە ڕێبەر ئاپۆ هەڵی بدات دوو شەش بێت، واتە گەلی کورد و تەڤگەرەکەمان سەردەکەوێت.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان


















