من کافرم بە بیروباوەڕ و چەمکە سیاسییەکانتان
26/12/2025, 0:14 (GMT+1)

١٧ی ١٢ی ٢٠٢٥ لە ڕۆژی ئاڵادا نێچیرڤان بەرزانی ووتی: ئەمانەوێت ئاڵای کوردستان هەمیشە پەیامی ئاشتی بگەیەنێت.
بەڵام من پێموایە پەیامی ئاشتی بە (سەروەری دادگا و هەبوونی ئازادی ڕادەربڕین و پێدانی مافە سەرەتاییەکان بە هاوڵاتی هەرێمەکە) دێتە کایە،وە کاتێک مووچەخوراوان دێنە سەر شەقام بۆ داواکردنی مافەکانیان،ئەوا وەک هاووڵاتی تەماشا بکرێن نەک وەك دوژمنانی ئاشتی و پێکەوەژیانی هەرێمەکە.
دوابەدوای ئەوە....
هەر ئەمڕۆ مەسروور بارزانی ووتی: "ئاڵای کوردستان هێمای ئاشتی و ئاوەدانی و پێکەوە ژیانە."
لەژێر ئەو ئاڵایەدا،کوردستان دابەش کراوە بۆ هەردوو زۆنی سەوز و زەرد،وە چەندین ساڵە بە مێدیا و ڕاگەیاندن و ڕۆژنامە و چەک ئەم دوو حزبە ئاشتی و پێکەوەژیانیان لەکوردستان تێکداوە،بە درووستکردنی چەندین هێزی میلشیا وایانکردووە خەڵك لەناو ماڵ و خانەوادەکەشی هەست بە ئاشتی و سەلامەتی نەکات،کوا ئاشتی؟.
کەواتە لە بیرو باوەڕی یەکێتی و پارتیدا چەمکی ئاشتی و پێکەوەژیان چییە؟
لای ئەوان چەمکی ئاشتی و پێکەوەژیان ئەوەیە کە: یەکێتی و پارتی دەست لەناو دەست سامانی میللەتەکەیان بدزن و حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانیش بە شتێك-پارە بکڕن و دەمکوتیان بکەن و تێکڕا پێکەوە بەرەی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن بە ئاشتی بژین بە سپۆنسەری سامانی میللەتەکەیان،کەواتە هەرکەسێک ڕێگربێت لە دزینی سامانی میللەت ئەوە ڕوون و ئاشکرا دیارە کە لە بیرو باوەڕی یەکێتی و پارتیدا ئەم کەسە بەرەنگاری ئاشتی و پێکەوەژیان بووەتەوە و دووچاری گرتن و کوشتن دەبێتەوە,شێروان شێروانی بۆ لە زیندانە؟!،چوونکە بەرەنگاری ئەو ئاشتییە بووەتەوە کە ئەمڕۆ نێچیر و مەسرور لە ووتارەکانیان ئاماژەیان پێکرد.
ئەی بۆ حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان فشاریان نەکردووە بۆ ئازادکردنی شێروان؟،چوونکە بەشێکن لە بەدی هێنانی ئەو ئاشتییەی بارزانی و تاڵەبانی لەژێر ئاڵای کوردستاندا بەرقەراریان داوە.
کەواتە من کافرم بەو بیروباوەڕەی کە چەمکی ئاشتی و پێکەوە ژیان بە دزینی سامانی میللەت بناسێنێت،وە هەرکەسێکیش ڕێگری لە دزی و گەندەڵی بکات بە تێکدەری ئاشتی و پێکەوەژیان بناسێنێت.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان











