<

ئاخۆ کوشتار هەر بەناوی (اللە اکبر)ەوەیە و هێزی ئیسرائیلیش بۆ وەستاندنیەتی؟

28/01/2026, 21:10 (GMT+1)
- تۆبڵێی شەیتان واز لە مردوو بهێنێت، بەڵام (اللە اکبر)ی  توندڕەوەکان وەک سیکۆتین بەشەهیدەکانەوە بنوسێت؟
- ئایا کوردەکان، عەلمانین بۆ جیهادییەکان و دیموکراسین بۆ دیکتاتۆرەکان و ڕاستگۆن بۆ زلهێزەکان؟
- ئاخۆ (اللە اکبر)ی توندڕەوەکان میهرەبانە؟ یان دێتەدەنگ بۆ هەژار و لێقەوماوان؟
- ئاخۆ توندڕەوەکان (اللە اکبر) وەک بەڵگەی بێتاوانی بۆ خۆیان و دەستدرێژی و دڕندەییەکانیان بەکاردەهێنن؟
- ئاخۆ درۆی گەورەی ڕۆژئاوا و هەستی مرۆڤایەتی و پێکەوەکارکردن و بەرژەوەندیەکان، چەند بڕ دەکات؟
- تۆ بڵێی کورد پێویستی بە خودایەک هەبێت کە بێدەنگ بێت؟
--------------------

- تۆبڵێی شەیتان واز لە مردوو بهێنێت، بەڵام (اللە اکبر)ی  توندڕەوەکان وەک سیکۆتین بەشەهیدەکانەوە بنوسێت؟

لە کاتێکدا شار و گوندە کوردنشینەکانی ڕۆژئاڤا سەرلەنوێ دەکەونە بەر هێرشی دڕندانە، ئەوا بیرەوەریە بەئازارەکانی ڕابردووی ئاشنا بە کورد، خۆیان دووبارە دەکەنەوە!
توندڕەوەکان کە لە تۆڕە جیهادییەکانەوە هەڵقوڵاون، هاوار دەکەن (الله اکبر) لەکاتێکدا کە گولەباران دەکەن و ژنان زەلیل دەکەن و تەرمی ژنە شەرەڤانە چەکدارە شەهیدەکان، لە باڵەخانەکانەوە فڕێ دەدەنە خوارەوە. کورد دەڵێت (شەیتان واز لە مردوو دەهێنێت، بەڵام ئەم توندڕەوانە، (اللە اکبر) وەک سیکۆتین بە شەهیدو تاوانەکانیانەوە دەنوسێنن و هەندێک جاریش لەکاتی بەئەتک کردنی ئافرەتان و لاشەی مردوانیشدا!
ئەوەی ئەمڕۆ لە سوریا ڕوودەدات لەلایەن ئیسلامە توندڕەوەکانەوە، ئەوە شەڕ نییە، چونکە شەڕ یاسای خۆی هەیە!
ئەمە تیرۆرە کە لەسوریا و لە ژێر سەرکردایەتی ئەحمەد ئەلشەرعا (ئەلجۆلانی) ڕوودەدات، چونکە خۆی کۆنە جیهادییە و ڕەگ و ڕیشەی لە قاعیدە و داعشدا هەبووە و هەیە، ئێستا لەناکا و وەک (سەرۆک) لەبازاڕی سیاسەتی سعودیەدا فرۆشراوە بە ئەمریکا و ئاڵاکەیان بۆ گۆڕیوە و ڕیش و مێزەرەکەیان بۆ چاک کردووە، بەڵام توندوتیژییەکان هەر وەک بورکان لەناخیدا، شەپۆل دەدات! ئەمجارەشیان هەر بەڕووی کوردا!

- ئایا کوردەکان، عەلمانییە بۆ جیهادییەکان و دیموکراسین بۆ دیکتاتۆرەکان و ڕاستگۆن بۆ زلهێزەکان؟

ساڵانێک کورد بڕبڕەی پشتی شەڕی داعش بوو.
نەک بە قسە، بەڵکو بە جەستە، نەک بە ووتار، بەڵکو بە گۆڕە بەکۆمەڵەکان!
شەڕڤانانی کورد شانبەشانی سەربازانی ئەمریکی شەڕیان کرد بۆ پاراستنی جیهان لە دڕندەیی جیهادی!
ئەگەر کورد نەبوایە، داعش ئەمڕۆش زیندوو دەبوو و دەستەڵاتی خوێناوی خۆی فەرز دەکر بەسەر ناوچەکەدا! ئەوەش تەنها بۆچوونی من  نییە، بەڵکو ئەوە ڕاستییەکە! ئێستاش دەبینین کە هەمان ئایدۆلۆژیای جیهادی لە ژێر ناوێکی جیاوازتردا دەگەڕێتەوە و بەبەرگێکی ترەوە، بەڵام واشنتۆن بێدەنگە و کورسیشی بۆ دادەنێت!
ئەمریکا بۆ بەرژەوەندی ئابوری خۆی لە سوریا و پارەی کەنداوی عەرەبی و جارێکی دیکە دڵسۆزترین هاوپەیمانەکانی کە کوردە، دەکاتە قوربانی، ئەمە تەنها هەڵەیەک نییە، بەڵکو ئەمە خیانەتە!
ئەوەی بەئازارە ئەوەیە، کە کورد زۆر عەلمانییە بۆ جیهادییەکان، وە زۆر دیموکراسیە بۆ دیکتاتۆرەکان، وە زۆر ڕاستگۆیە بۆ زلهێزەکان، زۆر (مەبدەئی)شە هەتا کەڵک و بەهای خۆی بمێنێتەوە لەدەستی نەدات! ئەم سیفەتانەی کوردیش لە قاڵبی یاری نەوت و ئایین و دەسەڵاتدا جێگایان نابێتەوە!
- زۆربەی کات کە خیانەت لە کورد دەکرێت، بەڕێکەوت نییە، بەڵکو ئەمە نەخشەیەکی ئاینی و قەومی ناوچەکەیە، ئاوڕێک بدەرەوە بۆ  هەڵەبجە و عەفرین و کۆبانێ سنە و مەهاباد!
- بەداخەوە کورد هەر جارێک متمانەی بە زلهێزەکان بووبێت، هەمان دەرئەنجامی هەبووە، چونکە پلانێکی ستراتژی نەتەوەیی نەبووە، وە زلهێزەکانیش بێدەنگ دەبن لە کاتی خوێنڕشتنی کورددا و دوای خوێن ڕشتنیشی!

- ئاخۆ (اللە اکبر)ی توندڕەوەکان میهرەبانە؟ یان دێتەدەنگ بۆ هەژار و لێقەوماوان؟

کاتێک دروزەکان لەلایەن توندڕەوەکانەوە لە سوریا هەڕەشەیان لێکرا، شتێکی سەرنجڕاکێش ڕوویدا! ئەویش
ئیسرائیل چاوی دانەخست و بێدەنگ نەبوو وەک( اللە اکبر)، بەڵکو کاردانەوەی هەبوو!
کاردانەوەکەی ئیسرائیل بە دۆعا و بە نوێژ و بە بەڵێنەکانی بۆ حۆریەکانی بەهەشت نەبوو، بەڵکو بە هێز و پاراستن و هێڵی سووری ڕوون بوو کە سنورێکی بۆ توندڕەوەکان دیاری کرد!
بۆ هاووڵاتیانی دورزی و قوربانییەکانیان، ئەو هەڵوێستەی ئیسرائیل، میهرەبانی بوو، وە ئەو هەستەش لە کاتی لێقەوماندا هەستێکی ڕەوایە لە هێزێکی گەورەوە! ئەوەش
نەک لەبەر ئەوەی ئیسرائیل ( پیرۆزە)، بەڵکو لەبەر ئەوەی بەرپرسیارێتی ژیان و هەستی مرۆڤایەتی لەو کاتەدا گرتە ئەستۆ. ئەوەش تەنها جیاوازییە کە بەرپرسیارێتی و شارستانیەت و مرۆڤایەتی جیادەکاتەوە لە ئیسلامی توندڕەو و ئەردۆغان و کلکەکانی و عەمامەبەسەرەکان کە بەناو خۆیان بەوەکیلی اللەاکبر لەسەر زەوی دەزانن! بەڵام کام خودا؟

- ئاخۆ توندڕەوەکان (اللە اکبر) وەک بەڵگەی بێتاوانی بۆ خۆیان و دەستدرێژی و دڕندەییەکانیان بەکاردەهێنن؟

لەمەودوا مەحاڵە ئەمە پشتگوێ بخرێت کە الله اکبر لای توندڕەوەکان، بووەتە هاوارێکی جەنگ، نەک دوعا! وە بۆتە مۆڵەت بۆ دەستدرێژی و بەکەنیزە کردن و لەسێدارەدان و داماڵینی مرۆڤایەتی!
- کەواتە، کوا ئەو خودایەی کاتێک کچانی کورد وەک غەنیمەتی شەڕ مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت؟
-وە کاتێک جەستەی ئافرەتان فڕێ دەدرێت، هەروەک ترس ڕواندن لەناخی مرۆڤەکاندا؟
- وەکاتێک تەواوی گوند و شارەکان ووێران دەکرێن؟
وەڵامەکەش زۆر بە ئازار و سادەیە، ئەویش ئەوەیە کە اللەاکبر بۆ یارمەتی و ڕزگارکردن بەکارناهێنرێت! بەڵکو بۆ پاساوهێنانەوە بۆ توندوتیژیەکان بەکاردەهێنرێت!

- ئاخۆ درۆی گەورەی ڕۆژئاوا و هەستی مرۆڤایەتی و پێکەوەکارکردن و بەرژەوەندیەکان چەند بڕ دەکات؟

ڕۆژئاوا درۆ لەگەڵ خۆی دەکات کە وا خۆی وا پیشان دەدات کە جیهادییەکانی پێشوو دەتوانن ببنە سەرکردەی کاریزمەی ئەمڕۆ! چونکە توندڕەوی لەناو ناچێت بەچاوداخستن و لێبوردن لە خوێنی کورد و باجێکی قبوڵکراو بۆ بەناو ئاشتی و سەقامگیری!
چونکە ئەمەش هەمان درۆیە کە (ئەفغانستان)شی وێران کرد! وە هەمان درۆیە کە وادەکات جارێکی تر داعش بگەڕێتەوە ناو گۆڕەپانی سەربڕین و ووێرانکاری!
- بەبۆچونی من، ئەگەر ئەمڕۆ واشنتۆن بێدەنگ بێت، ئەوا هەموو ئیعتبارێکی ئەخلاقی لەدەست دەدات.
- هەر دەستەڵاتێک ئەمڕۆ ڕێگە بدات کە کورد تێک بشکێنرێت و خوێنی وەک ڕوبار هاژە بکات، ئەوا نابێت باسی مافی مرۆڤ و دژە تیرۆر و ئاسایشی نێودەوڵەتی بکات، چونکە بەبێ خوێنی کورد، داعش هەرگیز نەیدەتوانی شکست بهێنێت!

- تۆ بڵێی کورد پێویستی بە خودایەک هەبێت کە بێدەنگ بێت؟

هاوپەیمانەکان کە مامەڵە بە چارەنوسی کوردەوە دەکەن، وانەیەکی توند و تیژە، بەڵام چاوپۆشی لێ ناکرێت، چونکە بڕوا و ئیمانی بەبێ هێز و دەسەڵات، ناتوانێت کەسێک یان گەلێک بپارێزێت!  وە ئەخلاقی بێ چەکیش، ناتوانێت بکوژ و دڕندەکان ڕابگرێت!
بەبۆچونی من، بێدەنگی لەلایەن هاوپەیمانانەوە وەک هاوبەشی کردنە لە تاوانی ئەردۆغان و دەستەڵاتی سوریا!
- ئەگەر ئیسرائیل بتوانێت دەستوەردان بکات بۆ پاراستنی دروزەکان، بۆچی دەبێت ئیسرائیل یان هەر هێزێکی تر، دەستوەردان نەکات، بۆ پاراستنی کورد؟
- مێژوو بیری ناچێتەوە کێ هاواری (الله اکبر)ی کردووە و کێش ڕۆڵی سەرەکی بۆ ئاسایش گێڕاوە! وە کێش بێدەنگی هەڵبژاردووە لە کاتی لێقەوماندا!
- وە ئەگەر دونیا جارێکی تر بڕیار بدات کە کورد بمرێت، بۆ ئاسانکاری جیۆپۆلەتیک و بەرژەوەندی زلهێزەکان، ئەوا وانەیەکی تازەیە بۆ نەوەی داهاتووی توندڕەوەکان دروست دەبێت، ئەویش فێردەبن و دڵنیا دەبن، کە توندوتیژی بەنرخە سوودی هەیە بۆ توندڕەوەکان! وە دڵسۆزیش بێ نرخ و بێ بەهایە!
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست