پلانەکانی دژی ڕۆژاڤا: چی ڕووی دا و چارەسەرەکانمان چین
01/02/2026, 8:51 (GMT+1)

ساڵی ڕابردوو، لە ٤ی ٢ی ٢٠٢٥، بنیامین نەتەنیاهۆ سەردانی واشنتنی کرد. لە ڕۆژی پێش سەردانییەکە، لە ٣ی٢ی ٢٠٢٥، ڕۆژنامەنووسان پرسیاریان لە تڕەمپ کرد داخۆ کەرتی ڕۆژئاوا (ی فەڵەستین) دەخاتە سەر ئیسرائیل. دۆناڵد تڕەمپ گۆتی، "جوابی ئەوەتان نادەمەوە. بەڵام ئیسرائیل، وەکوو خاك، زۆر گچکەیە. بە بەراورد بە قەڵەمەکەی دەستم و مێزەکەی پێشم: مێزەکە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و "سەر"ی قەڵەمەکەش ئیسرائیلە. واتا زۆر گچکەیە. ئەوەش باش نییە."
ناوەڕۆك
زۆرینەی ئەندامانی ئیدارەی ئێستای تڕەمپ مەسیحییە ناسیۆنالیستەکان و سپیپێستە خۆبەگەورەترزانەکانن (national Christians and white supremacist). ئەوانە هەڵگری ئایدۆلۆژیای ئەمریکایی، مەسیحیی، ناسیۆنالیستین. قەناعەتی تەواویان بە پشتگیریکردنی ئیسرائیل هەیە. تەنها لە ماوەی یەك ساڵی دەسەڵاتی ئەو ئیدارەیە، دەستی ئیسرائیلیان کراوە کرد تا هەموو کارێك بکا بۆ لەناوبردنی ئەو هێزانەی کە مایەی مەترسین بۆ ئیسرائیل و هەڵگری خیتابی دژەجوویی (antisemitism)ین. لەو ماوەیەدا، ئیسرائیل نەك تەنها بزووتنەوە ئیسلامییەکانی وەکوو حەماس و حزبوڵڵای تارومارد کرد، بەڵکوو تەنانەت وڵاتانی وەکوو یەمەن و ئێرانیشی کوتایەوە. واتا، ئیسرائیل، تەنها لە یەك ساڵدا، بەشی هەرە زۆری کارەکانی تەواو کرد لە پرسی ئامانجی "کۆتاییپێهێنانی خیتابی دژەجوویی."
نەك هەر ئەوەندە، بەڵکوو زمانی خیتابی ئیسرائیل زبرترین زمان بووە لە مێژووییدا بەرانبەر بە تورکیا. ئاشکرایە هۆیەکە ئەوەیە کە تورکیاش درووستکەری بزووتنەوە تیرۆرستییەکانی ناوچەکەیە. بەهۆیەوە، ئێستا، دەستی تورکیا لە زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە بڕدراوە.
داخی ڕۆژاڤا لەسەر دڵی تورکیا
لە دوو ڕۆژ پێش کەوتنی ئەسەد، لە لاپەڕەکەی خۆم وتارێکم نووسی کە لەبەرچی و چبۆن ئەسەد دەڕوخێ و کێ دەیڕوخێنێ. وتارەکە لە کۆمێنت دادەنێمەوە. پوختەی وتارەکە ئاوا بوو: ئەردۆگان دژی درووستبوونی هەر کیانێکی ئازادی کوردانە. کە ڕۆژاڤا درووست بوو، هەموو هەوڵێکی دا بۆ لەناوبردنی ڕۆژاڤا. هەوڵی زۆری دا لە ڕێگەی ڕێکەوتن لەگەڵ ئەسەد ڕۆژاڤا لەناو ببا. پێشمەرجی ئەسەد کشانەوەی سپای تورکیا بوو لە خاکی سوریا (ڕۆژاڤا). تورکیا ڕەتیکردەوە بکشێتەوە. بەمە، ئەردۆگان نەیتوانی سوود لە ئەسەد وەربگرێ.
ئاشکرایە کە داعش درووستکراوی تورکیایە. تورکیا، بۆ تۆڵەکردنەوە لە ئەسەد، لە ڕێگەی هەتەشە و داعش، لە کۆتایی ٢٠٢٤، حکومەتی ئەسەدی ڕووخاند. واتا، تورکیا ئەسەدی ڕووخاند. بۆ بەڵگەی ئەوەش، لە ١٦ی ١٢ی ٢٠٢٤، تەنها یەك حەفتە دوای ڕووخانی ئەسەد، دۆناڵد تڕەمپ گۆتی، "ئەردۆگان کەسێکی زیرەکە. ئەوان (تورکەکان) هەزاران ساڵە سوریایان دەویست. ئەردۆگان بۆ خۆی بردی." وابوو. سوریا تورکیای بۆ خۆی برد. پاشان دانانی جۆلانی و تەواوی کابینەکەی، کاری میتی تورکیا بوو. هەموو ئەو بڕیارانەی لە سەرەتای دەستبەکاربوونی جۆلانییەوە تا ئێستا دەردەچن، ڕاستەوخۆ میت "دەیاننووسێ و دایاندەڕێژێ." بۆیێ، هەموو بڕیارەکان سەتی سەت دژی خواستی کوردن.
ساڵێك پێش ئێستا، کە سەرەتا سوریا ڕووخا، یەکسەر بەشێکی زۆری ئیدارەی ئێستای ئەمریکا، لە ڕێگەی هاوسۆزیان بۆ ئیسرائیل و (تەنانەت بۆ کوردیش) هەوڵیان دا سوریا لە تورکیا بڕفێنن. بۆیێ، دەستی ئیسرائیل بەسەر تەواوی سوریادا کراوە بوو. واتا، کارەکە پێچەوانەی بەرنامەکەی ئەردۆگان بوو: لەباتی ئەوەی سوریا ببێتە هی تورکیا و بەهۆیەوە ڕۆژاڤا لەناو ببا، ئیسرائیل سوریای لێ ڕفاند.
تا مانگی ٥ی ٢٠٢٥
تورکیا، پێش ڕووخانی ئەسەد و دوای ڕووخانی ئەسەدیش، هەوڵی زۆری دا بۆ ئامانجەکەی خۆی؛ ئە ئەویش، کۆتاییهێنانی ڕۆژاڤا بوو. بەڵام سوودی نەبوو. هۆکارەکە ئەوە بوو: هەم سەفیری پێشووی ئەمریکا لە تورکیا، جێف فڵەیك (Jeff Flake) و هەمیش نوێنەری ئەمریکا بۆ سوریا، برێت مەکگۆرك (Brett McGurk)، ڕێگر بوون لەوەی تورکیا بەئاسانی پەلاماری ڕۆژاڤا بدا. هەردووکیان پێش دەستبەکاربوونی ئیدارە تازەکەی تڕەمپ لە کارەکانیان نەمان. ئەوە تا مانگی ٥ی ٢٠٢٥ بەردەوام بوو.

تۆم باڕاك
تۆم باڕاك (Thomas Barrack) لە ١٩٤٧ لە ئەمریکا لەدایك بووە. نەوەی سێیەمی خێزانێکی مەسیحیی لوبنانییە. بازرگانی خانوووبەرەیە. بەکابۆریۆسی لە یاسا هەیە. لە ڕێی بازرگانییەوە، لەگەڵ تڕەمپ یەکترییان ناسیوە. لە ٢٠١٧، لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی ئەمریکا، پاڵپشتی تڕەمپی کرد. لە مانگی ٥ی ٢٠٢٥ی پارەوە دوو پۆستی پێدرا: سەفیری ئەمریکا لە تورکیا و مەندوبی تایبەتی بۆ سووریا.
تۆم باڕاك وەك ئەوە وابوو خوا بەتایبەتی لە ئاسمانێ بۆ تورکیای ناردبێ. لە مانگی ٥ی پارەوە، تورکیا تەواوی پلانەکانی خۆی بۆ پرسی کورد، بە تۆم باڕاك گۆت. لە پاش دەستبەکاربوونی، ئەو پیاوە ڕێك، کتومت، بووە هاکان فیدان و ئەردۆگان و باخچەلی. هەموو قسەکانی ڕێك ئەوە بوو کە پێی دەگۆترا. مادەم بازرگانە، واتا ئەخلاق و پڕەنسیب لە کن وی: تەنها پارەیە. هیچ بەڵگەیەکمان نییە کە پارەیەکی خەیاڵی وەرگرتبێ، بەڵام زۆر لەگینە پارەیەکی ئەستووری وەرگرتبێ تاوەکوو ببێتە توتیی وتنەوەی قسەکانی هاکان فیدان و ئەردۆگان و هەموو نەژادپەرستەکانی تورکیا.
تەڵەی تورکیا بە پڕۆسەی ئاشتی
ساڵی ڕابردوو زنجیرە وتارێکم نووسی لەسەر پرسی تەڵەی تورکیا لەژێر ناوی پڕۆسەی ئاشتییەوە. (٢٨١) سەرچاوەم تێیدا بەکار هێنا. سەلماندمان کە پڕۆسەی ئاشتییەکە تەڵەی تورکیا بوو بۆ: کورد لە گۆڕانەکانی ناوچەکە دەستکەوتی نەبێ، ڕۆژاڤا هەڵبوەشێتەوە، و کورد بخافڵێنێ. وابوو. ڕێکەوتنی ١٠ی ٣ی ٢٠٢٥یش هەر میتی تورکیا نووسیبووی. ڕێکەوتنە نوێیەکانی جۆلانیش هەر تورکیا نووسیونی. تەواوی ساڵی ڕابردوو وەکوو ماوە و زەمەن بە ڕۆژاڤا درا تا خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. ڕێکەوتنی ١٠ی ٣ی ٢٠٢٥ لە کۆتایی ساڵی ڕابردوو بەسەرچوو. کە ئەوە بەسەرچوو، ناچار تورکیا کارتی دیکەی بەکار هێنا.

سەودای خاك بە کورد
کە ساڵ ئاوا بوو، لە حەفتەی یەکەمی ئەم ساڵ، پلانی نوێی تورکیا دەست بەکار بوو. پلانەکە ئاوا بوو: تاکە ڕێگر لەبەردەم هەر دەستبردنێك بۆ هەر پارچەیەکی سوریا: ئیسرائیلە. بۆیێ، دەبوایە کار لەسەر کەیسی ئیسرائیل بکەن. لە سەرەتای ئیدارەی ئێستای ئەمریکاوە ئیسرائیل تاکە هێزی دوابڕیاربەدەستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. ئیسرائیل بەشی هەرە زۆری ئامانجەکانی خۆی لە ساڵێکدا تەواو کرد، کە قرچوبڕکردنی نەیارەکانی بوو. کەواتا، ئیسرائیل ئامانجی یەکەمی نەما. ئەدی ئامانجی دووەم: ئیسرائیل گچکەیە؟ تکایە یەکەم یەکەم پەڕەگرافی سەرێ بخوێنەوە. کە ساڵی ڕابردوو، لە ڕۆژەکی وەکوو ئەمڕۆ، ٢٠ی ١، تڕەمپ دەستبەکار بوو، یەکەك لە کارە نهێنییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل "بردنی غە٠زە" بوو. ئەوەیان لەژێر ناوی "غەزە بۆ خۆمان دەبەین و ئاوەدانی دەکەینەوە. پاشان غەزەیییەکانیش دەتوانن لێی بژین." ئەو پلانە دژایەتییەکی زۆری کرا. لادرا. نەچووەسەر. ئەدی حەل؟ کێشەی گچکەیی ئیسرائیل هەر وەکوو خۆی ما.
ناوەندەکانی توێژینەوە
کە دەڵێم دەبێ "ناوەندیی ستراتیژیی نیشتیمانیی کوردستانی"مان هەبێ، ڕێك مەبەستم ئەوەیە. ئاخر مەعقولە ئەو زانیارییانەی کە توێژەرانی وەکوو من کاری لەسەر دەکەن و دەستیان دەکەوێ، پاشان وەکوو توێژینەوە پێشکێشی دەکەین، ناوەندێکی ستراتیژیی نیشتیمانیمان نەبێ سوودیان لێ وەربگرن؟ ئەی هاوار وەختە شێت بم لەدەست ئەو بێ ستراتیژییەی سیاسییەکانمان. دەی، ڕێك لەگەڵ تەمەنی ڕۆژاڤا، ١٥ ساڵی ڕەبەقە توێژینەوە لەسەر پرسی ڕۆژاڤا پێشکێش دەکەم، باوەڕیتان هەبێ، تەنانەت یەك جاریش چییە، نەك سیاسییەکانی باشوور، تەنانەت لە ڕۆژاڤاشەوە پەیوەندییان پێوە نەکردوومە. ساڵی ڕابردوو ٩ توێژینەوەم لەسەر فێڵی تورکیا لەژێر ناوی ئاشتییەوە پێشکێش کرد، کەسیان نەهاتن بەهەندی وەربگرن. تەنانەت داوای سیمینارێکیشم لێ نەکرا! ئەوە هەر هیچ کە میدیای کوردیش بایەخی پێ نەدا. ئاخر میدیای کوردی کەنگینی بایەخ بە شتی وا دەدا! ئەوە مانای خۆستاییشکردن نییە. ئەسڵەن دڵنیام سەتان توێژەری سەت قات لە من باشتریش هەن.
ئەدی تورکیا؟
تورکیا ناوەندی توێژینەوەیان هەیە. توێژینەوەیان لەسەر کەیسی ئسیرائیل هەیە. دوو ئامانجەکەی ئیسرائیلیان زانی. زانییان کە دەتوانن لەگەڵ ئیسرائیل بە پێدانی خاك، مەرامەکانیان بەدەست بهێنن. وەك باسیشمـان کرد، لە دوای ڕووخانی ئەسەد، ئیسرائیل سوریای لە تورکیا ڕفاندبوو. تورکیا هەموو هەوڵێکیان دا بۆ وەرگرتنەوەی "کۆنتڕۆڵ"ی سوریا. وابوو، لە دوا جاردا، تورکیا مامەڵەی: گۆڕینەوەی خاك بە کوردی کردە پاکێجێك و لە بەردەم ئیسرائیلی دانا.
دەستەوارەکەی تورکیا
پاش ئەوەی تورکیا بێ هیوا بوو لەوەی بتوانێ لە ڕێگەی پڕۆسەی ئاشتی و ڕیکەوتنی ١٠ی ٣ی ٢٠٢٥ەوە ڕۆژاڤا لەناو ببا، ناچار بوو دوا کارتی خۆی بەکار بهێنی. لە سەرەتای ئەم مانگە، تورکیا پەیوەندیی بە ئیسرائیلەوە کرد. بیرۆکەی سەودای خاك بە کوردیان دەگەڵ باس کرد. ئیسرائیل بە بیرۆکەکە ڕازی بوو.
پێش ٦ی ١ی ٢٠٢٦
ئەگەرچی لەوەدا هیچ ئاماژەیەکم دەست نەکەوت، بەڵام بەگوێرەی هەموو لێکدانی زانییارییەکان، لە چەند ڕۆژێك پێش ٦ی ١ی ٢٠٢٦، کارەکە وەها بوو: تورکیا لە ڕێگەی تۆم باڕاك و هاکان فیدان و نوێنەری سوریا (لەوانەیە ئەسعەد شەیبانی بووبێ) دەستەوارەکەیان لەگەڵ ئیسرائیل گفتوگۆ کرد و، پاشان واژۆیان کرد.

تەواوی پلانەکە:
گۆڕینەوەی خاك بە کورد. گۆڕینەوەی خاك بەرانبەر بە "بێدەنگبوون لە پەلاماردانی کورد." باشووری سوریا دەدرێتە ئیسرائیل، لە بەرانبەریشدا ئیسرائیل تەداخول ناکا ئەگەر تورکیا و سوریا هێرش بکەنە سەر ڕۆژاڤا. ئەوەش بووە هۆی ئەوەی سوریا لە ئیسرائیل وەربگرنەوە. ئیسرائیل بە پلانەکە ڕازی بوو. زۆرینەی ڕەهای ئەندامانی کۆنگرێس و پەرلەمانی ئەمریکا ئاگاداری پلانەکە نەبوون و نین. ئەو ڕێکەوتنە مەرجێکیشی هەبوو. مەرجەکە: سوریا و گرووپە تیرۆرستییەکانی ناو سوریا هەرگیز نابی ببنە مایەی مەترسی بۆ سەر ئیسرائیل و، ناشبێ خیتابی دژەجوویی هەڵبگرن.
چی بە جیهان بڵێن؟
هەرسێ لا لەسەر ئەوە ڕێکەوتن کە دەڵێن: سوریا و ئیسرائیل ڕێکەوتن لەسەر هاوکاریکردنی یەکتری لە پرسی ئاساییش. هەموویان ڕازی بوون.
نماییش و شانۆگەریی ٦ی ١ی ٢٠٢٦
وابوو، لە ٦ی ١ی ٢٠٢٦، لە پاریس، شۆ (show) و نماییشێکی جیهانییان کرد. تاوەکوو باسەکە دیار بێ کە هیچ پلانەکی ژێر بە ژێر نییە، کۆمەڵێك کەس بانگی کۆبوونەوەکەی پاریس کران، لەوانە:
لایەنی سوریا: ئەسعەد شەیبانی و حوسێن ئەلسەلامە (بەرپرسی سیخوڕیی سوریا)
لایەنی ئیسرائیل: یەهیل لێتەر (سەفیری ئیسرائیل لە ئەمریکا)، ڕۆمان گۆفمان (وەزیری سەربازی)، و گیل ڕیچ (سەرۆکی دەزگای سیخۆڕی ئیسرائیل).
لایەنی ئەمریکی: تۆم باڕاك، ستیڤ ویتکۆف (هاوکاری تۆم باڕاك)، و جێرد کوشنەری زاوای تڕەمپ
لایەنی تورکیا: هاکان فیدان (میدیا بڵاویکردەوە کە هاکان فیدان بۆ پرسی ئۆکڕانیا لە پاریسە. بەڕێکەوت ئەسعەد شەیبانی بینیوە. بزانە، فێڵ ئاوایە)
لایەنی فەڕەنسی: هیچ کەس. بەڵێ، تەنانەت یەك فەڕەنسیش لەناو کۆبوونەوکە نەبووە. گوایە ئەوە کۆبوونەوەی نێوان ئیسرائیل و سوریا، فەڕەنسایان هەڵبژاردییە. وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، تەنها تەئکیدی لە کۆبوونەوەکە کردەوە.

دوای کۆبوونەوەکە
ئیسرائیل دەستی بەسەر باشووری سوریادا گرت, بەتایبەتی هەرسێ پارێزگای سوەیدا و قنەیتەرە و دەرعا. لە ٨ی ١ی ٢٠٢٦، هێرشەکان لە حەلەبەوە دەستیان پێ کرد. وابوو، کە هێرشەکان دەستیان پێکرد، تۆم باڕاك لە نێوان ئەنقەرا و دیمەشق هاتووچووی دەکرد. لە دیمەشق گۆتی: هێرشەکان ناوەستێندرێن. ئا ئا، بەو بێئەدەبییەوە و ئەوها بەڕوونی وایگۆت. پاشان، هێرش کرایە سەر ناوچەکانی دی لە ڕۆژئاوای فوڕات، وەکوو تەل حافر. پاشان شارەکانی ڕەقە و دێرەزوور هێرشیان کرایە سەر. زۆرینە پێیان وایە کە هێرشەکان تەنها بۆ وەرگرتنەوەی شارە عارەبنشینەکانە!
بەڵام وانییە
پلانەکە بۆ داگیرکردنی کۆی ڕۆژاڤایە.
زمانی نووسینی ڕێکەوتنەکان
تەماشای زمانی نووسینی ڕێکەوتنەکانی دیمەشق بکەن، هەموویان بەو نەفەسە نووسراون: هەموو مافەکی خۆڕێبەری لە کورد وەربگیرێتەوە. تەنها "نیوە"ی مافی سەرەتایی بە کورد دەدا. بۆ نیوەماف؟ چونکە تەنانەت مافی خوێندن بە زمانی کوردیش نادا بە کورد، بەڵکوو دەڵێ با زمانی کوردی، وەکوو "یەك وانەی نائیجباری و سەرپشك و خۆویست" لە قوتابخانەکانی ڕۆژاڤا ڕێگەی پێ بدرێ! لەبەر ئەوەیە ئەمن بەو ڕێکەوتنانە دەڵێم: تەسلیمبوون.
بێدەنگیی ئیسرائیل
دیقەت بدەن، لە ٨ی ١ی ٢٠٢٦ەوە، هیچ "بڕیار" و "تەداخولکردن"ێکی ئیسرائیلمان نەدیتییە. ئەوەی هەیە، تەنها هەندێك لێدوان بووە و بەس.
بێدەنگیی تورکیا
بڕۆن ڕۆژنامەکانی تورکیا هەڵدەنەوە. لە ساڵی ڕابردوو هەزاران لێدوان و هەڕەشەی ئەردۆگان و هاکان فیدان و بەرپرسانی دیکەی تورکیای تێدایە دژی ڕۆژاڤا. بەڵام، لە ٨ی ئەم مانگەوە تا ئێستا، نقەیان لە خۆیان بڕیوە. ئەردۆگان هیچ پەنجە هەڵشەقاندنێکی لە ڕۆژاڤا نەکردییە. بۆ؟ چونکە ئەوەی ڕوو دەدا، پلانی خۆیانە. ناشیانەوێ کەشف بن. بەڵام ئەوە ئەمن کەشفم کردن. بەنەفرەت بن.
پەیوەندیی کورد و ئیسرائیل
بەڕێزان، ئێمەی کورد هیچ ڕێکەوتن و بەڵێننامە و پلانی ستراتیژیمان لەگەڵ ئیسرائیل نییە. ئیسرائیل لەسەری واجب نییە بمانپارێزێ. ئیسرائیل دەزانێ کە بەشێکی زۆری کورد لەگەڵ پرسەکەی هاوسۆزە، بەڵام ئیسرائیل ئەوەیش دەزانی کە ئیسلامیی سیاسی لە کوردستان هاوسۆزە لەگەڵ کەیسی فەڵەستین و دژی ئیسرائیلە. هەروەها، ئیسرائیل ئەوەیش دەزانێ کە ئۆ٠جەلان و پە٠کە٠کە٠ دژی ئیسرائیلن. ئێ باشە، کە ئیسرائیل هیچ ڕێکەوتنێکی لەگەڵت نەبێ، دوو بزووتنەوەی سیاسیش لەناو کوردستان دژی ئیسرائیل بن، کە ئیسلامییەکان و ئایدۆلۆژیای پە٠کە٠کەن، چ شتێك وا لە ئیسرائیل بکا کە بڵێ ئەمن هیچ خاکێکی سوریام ناوێ و لەپێناو کورد دەجەنگم؟ پێم وایە ئەوە تێگەیشتنەکی زۆر ناواقیعییە!

ئایا جیهان گەلەکۆمەی دژی کردین و دیسان موئامارەمان بەرانبەر کرا؟
هەم بەڵێ و هەمیش نەخێر! بەڵێ، بەوەی تورکیا توانی سوود لە ئامانجێکی ئسیرائیل وەربگرێ تاوەکوو بتوانێ پەلاماری ڕۆژاڤا بدا بەمەبەستی لەناوبردنی. نەخێریش چونکە ئیسرائیل بەو مەبەستە ئەو ڕێکەوتنەی کرد کە بەشێك لە خاکی سوریای بۆ خۆی وەرگرت، لە بەرانبەردا تەداخولی سوریا ناکا ئەگەر هێرش بکاتە سەر کورد.
کێشە گەورەکەی کورد
ئێمەی توێژەران، دەیان ساڵە هاوار دەکەین کە دەبێ دۆستایەتیی ڕەسمی و ڕاگەیاندراومان لەگەڵ ئیسرائیل هەبێ، کەس گوێمان لێ ناگرێ. ئەگەر ڕۆژاڤا و باشوور و (تەنانەت باکوور و ڕۆژهەڵاتیش) بەفەرمی بەڵێننامە و ڕێکەوتنی ستراتیژیی ئاساییش و یەکترپاراستنیان لەگەڵ ئیسرائیل واژۆ کردبا، ئێستا وەها بەئاسانی ئیسرائیل بۆ بەدەستهێنانی باشووری سوریا، لەبەرانبەر داگیرکردنی ڕۆژاڤا بێدەنگ نەدەبوو. هەڵەیەکی دیکەمان ئەوەیە کە نەمانتوانی سوود لە نەفت و غاز وەربگرین. باشوور گرێبەستی هەڕاجکردنی نەفتی بۆپەنجا ساڵ لەگەڵ تورکیا واژۆ کرد. ئەوە ڕێك خۆفرۆشییە، نەك پلانی ستراتیژیی نیشتیمانی! ئیستایش هەر دەیڵێمەوە: دەبێ ڕێکەوتنی ستراتیژیمان لەگەڵ ئیسرائیل هەبێ. هەڵەیەکی گەورەیە خیتابی دژەجوویی و دژەئیسرائیلی لە کوردستان هەبێ. بڕۆ نەفت و غازەکەتی بدێ. ئێ خۆ ئێستا دینارێکی داهاتی نەفت و غاز ناچێتە بەڕکی هەژارێکی کورد! دەیان ڕێگەی دیکە هەیە بۆ پشتپێبەستنی داهاتی کوردستان، لەوانە گەشتوگوزار.
ئەدی ئێستا؟
ئێستاش هەڵەیەکی زۆر گەورە دەکەین دژایەتی ئیسرائیل و ئەمریکا بکەین. بۆ؟ ئێ لەبەر ئەوەی ئەگەر ئەوانیش لە خۆمان بکەینە دوژمن، بەڕاستی هیچ کەسێك پشتمان ناگرێ. ئەو کاتیش، تورکیا و ئێران و عێراق و سوریا، بەبەرچاوی دنیاوە، ڕەشەکوژیمان بەرانبەر دەکەن. ئەسڵەن پاڵپشتیش دەکرێن. ئێستایش هەر لەسەر ئەوە سووڕم کە دەبێ ڕێکەوتنی ستراتیژیمان لەگەڵ ئیسرائیل هەبێ. تەنانەت ئەم وتارەشم بە نەفەسی دژایەتیکردنی ئیسرائیل نەنووسراوە. خیتابی دژەجوویی و دژەئیسرائیلی بەتەواوی ڕەتدەکەمەوە. هەڵەیە و نابێ بیکەین.
چارەنووسی ڕێکەوتنی سوریا و ئیسرائیل
لە ئێستادا وا دەردەکەوێ سوریا بەتەواوی تەسلیمی ئیسرائیل بووە، بەڵام ئەوە زەمانەتی درێژمەودای ڕێکەوتنەکە ناکا. یەك لە هۆکارەکان هەیکەلی چەتە جیاوازەکانی سوریایە. ئاشکرایە کە لەژێر کاریگەریی ئایدۆلۆژیا، چەتە جیاوازەکانی ناو سوریا لەگینە بەسانایی لە ڕێکەوتنەکە پاشگەز ببنەوە. هەڵوەشانەوەی ڕێکەوتنەکە نابێتە هۆی ئەوەی ئیسرائیل دەست لە باشووری سوریا بەردا. چارەنووسی ڕێکەوتنەکە هەرچییەك بێ، دەبێ ئێمە وەکوو کورد حەل و چارەسەرمان هەبێ.
پلانەکانی دژی ڕۆژاڤا: چی ڕووی دا و چارەسەرەکانمان چین (بەشی دووەم)
پێش ئەوەی باسی چارەسەرەکان بکەم، دەمەوێ بەکورتی باسی گرنگیی مانەوەی ڕۆژاڤا بکەم. ئەگەر ڕۆژاڤا وەکوو هەرێمێکی فیدڕاڵی بە دەستوور بچەسپێ، ئەوا نەك مانەوەی مسۆگەری ڕۆژاڤا و باشوورە، بەڵکوو بەئەگەری زۆر زۆر زۆر زۆرەوە فیدڕاڵیی و ئازادیی باکوور و ڕۆژهەڵاتیشی لەدوو دێ. لۆیێ، لە پازدە ساڵی ڕابردوو هەمیشە دەنووسم: ڕۆژاڤا هیوا و ئامانج و داهاتوو و چارەنووسی کورد. لە بەرانبەردا، کەوتن و لەناوچوونی ڕۆژاڤا ئازادیی و ڕزگاریی باکوور و ڕۆژهەڵات زۆر دوا دەخات و، زەمانەتی مانەوە و بەهێزیی باشووریشمان لەدەست دەچێ.
چارەسەرەکان دابەشی سەر سێ جۆر دەکەین: دانووسان و بەرخودان و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ
ئەلف: دانووسان
١. بێدەنگ-نەبوون. نابێ هیچ کوردێك، لە کوردستان و تاراوگە، بە هیچ شێوەیەك بێ دەنگ بێ. دەبێ ئەو هەڵمەتە نیشتیمانیەی هەیە، بەردەوام بێ.
٢. میدیا، چەکە هەرە بەهێزەکە: تکایە دەبێ هەموو ڕۆژێ پۆست و هەواڵمان هەبێ. دەبێ ئەلگۆریسمی هەموو میدیایەکان پڕ کەین لە هەواڵی دەستدرێژییەکانی سوریا و تورکیا. زۆر گرنگە بە زۆربەی زمانە گەورەکانی دنیا بێ.
٣. فشارکردنە سەر وڵاتانی دنیا: تۆی کورد لە هەر وڵاتێکی، یان پەیوەندیت لەگەڵ هەر وڵاتێك هەیە، نامەیان بۆ بنێرە، دۆکیومێنتیان بۆ بنێرە، و داوای هەڵوێستیان لێ بکە.
٤. فراوانکردنی وەفدی دانووسان: هەڵەیەکی زۆر گەورەیە مەزڵوم عەبدی تەنها لەگەڵ دوو کەس بچێتە دانووسان. داوا دەکەم وەفدێك لە سیاسییەکانی هەرچار پارچەی کوردستان درووست بکرێ. با ژمارەکە چەندی زیادتر بێ، باشترە. ئاسایییە بگاتە سەت کەسیش. ئەوە پرسی نەتەوەیەکە، نەك ڕۆژاڤا و بەس.
٥. دانووسان لە دەرێی سووریا: دەبێ ڕۆژاڤا و وەفدی کوردستان داوا بکەن کۆبوونەوەی دانووسانەکان لە دەرێی سووریا بێ. با وەفدی وڵاتانیش بەشدار بێ. با کورد مەرج دابنێ کە تۆم باراك و تورکیا بەشدار نەبن. ئەمن پێشنیار دەکەم یان لە یۆنان بێ یان لە پەرلەمانی کەتەلۆنیا بێ لە بەرشلۆنە.
٦. دواخستنی دانووسان: داوا دەکەم "دەستپێکردن"ی دانووسانەکان بۆ٤٥ ڕۆژی تر دوا بخرێ. لەو ٤٥ ڕۆژەدا، ئەو وەفدە کوردستانییەی لە خاڵی چارەم باسمان کرد پێك بهێندرێ. ئەمن داوا دەکەم توێژەران و لێکۆڵەران و ئەکادیمستان و مێژوونووسانیش بەشداری بکەن. ئەمن پێشنیاری سۆران حەمەڕەش، دکتۆر شێرکۆ کرمانج، دکتۆر ئارام ڕەفعەت، مەنسووڕ عەزیزی، و خەبات کوردە و زۆری تر دەکەم. ئەگەر داوام لێ بکرێ، زۆر پێم خۆش دەبێ بەخۆشم بەشداری بکەم.
٧. لە دانووسانەکان: ئەرشیفی مێژوویمان پێ بێ سەبارەت بە خاك و سنووری ڕۆژاڤا (ئەمن هەمە). پاشان، دەبێ یاسایە نێودەوڵەتییەکانمان پێ بێ کە پاڵپشتیی سیستەمی فیدڕاڵی دەکەن.
٨. دۆستی بیانی: با هەندێك دۆستی بیانیش ببنە هاوبەش و تەڕەفی وەفدی کوردی، بۆنمونە، لیندسی گراهام، ماڕکۆ ڕۆبیۆ، کریس ڤان هۆڵن، و تێد کڕوز لە ئەمریکا. پێویستە دۆستانی تریش لە ئەوڕوپا بدۆزرێنەوە و هەڵبژێردرێن.
٩. داواکارییەکانمان: دەبێ بەڕەسمی داوای فیدڕاڵی بۆخاك و سنووری ڕۆژاڤا بکەین وەك ئەوەی بەڵگەنامە مێژوویییەکان دەیسەلمێنن.
١٠. نووسەری ڕێکەوتنەکان: لێرەوە، بۆهەموو کۆبوونەوەکان، دەبێ کورد خاڵ و مەرجەکانی ڕێکەوتن بنووسێ و بیباتە کۆبوونەوەی دانووسان، نەك بەپێچەوانەوە. دەبێ ئێمە کاغەزێك بخەینە پێشیان و داوایان لێ بکەین واژۆی بکەن.

ئەگەر دانووسانەکان ئەنجامیان نەبوو، ئەوا بێ، بەرخودان
١. هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی تەڵەی تورکیا بە ناوی پڕۆژەی ئاشتی.
٢. جاڕی بەرخودانی سەرتاسەری لە تەواوی ڕۆژاڤا و "باکوور." مادەم پلانەکە هی تورکیا، دەبێ ئاگرەکە ببردرێتە ناو ماڵی تورکیا. بەڕاستی دەبی بەرخودان و شەڕ لەناو تورکیا دەست پێ بکا.
٣. بەشداریکردنی زۆرینەی کوردان لە بەرخودانی ڕۆژاڤا و باکوور، ئەوانەی دەتوانن بەشداری بکەن.
٤. پە٠کە٠کە٠ و هەر حزبێکی دیکە کە دەیەوێ بەشداری بکا، با بەشداری ڕاستەوخۆی بەرخودانی پاراستنی ڕۆژاڤا بکا.
٥. درووستکردنی قەڵغانی مرۆیی: ئەگەرچی ئەوە لەگەڵ داعش جێگەی مەترسییە، بەڵام دەکرێ وەکوو بیرۆکە گفتوگۆی لەسەر بکرێ.
٦. قڵپکردنەوەی پلانەکە: بانگەوازەکەی مەزڵوم عەبدی و هاتنەدەنگی کۆی کورد و بەرخودان بەئەگەری زۆر زۆرەوە پلانەکیان قڵپ دەکاتەوە. ئەگەر ئەوەش ڕوو بدا، هەم باشووری سوریایان لەدەست دەچێ، هەمیش ڕۆژاڤا.
پێ، سەربەخۆیی
ئەگەر دانووسان ئەنجامی نەبوو، واتا سوریا و تورکیا نکۆڵی لە پێدانی فیدڕاڵی دەکەن. لۆیێ، واباشترە سەربەخۆیی ڕابگەیەندرێ. لۆ؟ ئەوکات تەرکیزی میدیای جیهانی دەکەوێتە سەر. ئەو کات، ئەگەر پەلامارەکانی داعش-تورکیا-سوریا بەردەوام بن، ئەوا ئەگەری زۆرە تەداخولی جیهانی بکرێ و وەکوو کەیسی کۆسۆڤۆ ببێتە ئەمری واقیع. ئەگەرنا، خۆ دەبێ سوریا بە مەمنوی بە فیدڕاڵی ڕازی بێ.

کۆتا سەرنج:
بەڕێزان، ئەوانەی چۆنییەتیی ئیشکردن و توێژینەوەکانی منیان لەمەڕ پرسی کوردی خوێندبێتەوە، دەزانن کە ئەمن بایەخ بە قسەکانی وەکوو "ڕێڕەوی داود، بۆڕی غاز و ئەو شتانە" نادەم.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان












