هونەری چەواشەکاری و ئازایەتیی گوتنی ڕاستییە تاڵەکان
05/02/2026, 18:56 (GMT+1)

(چەواشە) بە واتای پێچەوانە یان هەڵە، ئەویش بە کەسێک، گرووپێک، یان دەزگایەک دەوترێت کە بە ئەنقەست هەوڵ دەدات ڕاستییەکان بشێوێنێت بۆ ئەوەی خەڵک بەلاڕێدا بەرێت.
چەواشەکاری: لە سادەترین و وردترین پێناسەیدا، بریتییە لە پرۆسەی تێکەڵکردنی ڕاستی و درۆ، یان شێواندنی زانیارییەکان بە مەبەستی بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی. بە پێچەوانەی درۆی سادە.
کەسی چەواشەکار هەواڵێک لە خۆیەوە، یان لە هیچەوە دروست ناکات، بەڵکو بە مەبەستێک "ڕاستییەکان دەشێوێنێت" و وەک چەکێک بەکاریان دەهێنێت تا خوێنەر، یان گوێگر تووشی گومان و دڵەراوکێ بکات. هەندێک جاریش چەمکی (چەواشەکاری) پێچەوانە دەبێتەوە، وەک ئەوەی کەسێک ڕاستییەکی تاڵ دەڵێت و بەرامبەرەکەی پێی قبوڵ ناکرێت، ئیتر تۆمەتی "چەواشەکار"ی دەداتە پاڵی، لەکاتێکدا گواستنەوەی ڕاستی هەرچەندە تاڵیش بێت، ئەمە ناچێتە خانەی چەواشەکارییەوە، بەڵکو وەک کارێکی ئازایانە لێکدەدرێتەوە و دوورە لە بەرژەوەندی خود.
نمونەی چەواشەکاری:
1. نموونەی "مانشێتی چەواشەکاریی و یاریکردن بە وشە:
وەزیرێک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت:
"ڕاستە ئێستا قەیرانی دارایی هەیە و مووچە دواکەوتووە، بەڵام هەموو هەوڵێک دەدەین، کە مانگی داهاتوو چارەسەری بکەین."
راگەیانی راستگۆ ئەم هەواڵە وەک خۆی دەگوازێتەوە و دەنووسێت:
وەزیر: ددان بە قەیرانەکەدا دەنێت و بۆ مانگی داهاتوو، بەڵێنی چارەسەرکردنی دەدات
بەڵام میدیای چەواشەکار لێرەدا دەبێتە دوو بەش و بە دوو جۆر هەواڵەکە دەگوازێتەوە (ئەرێنی و نەرێنی)، بەم شێوەیە یاری بە وشەکان دەکات:
1- بەپەلە: وەزیر دانی پێدا نا: قەیرانی دارایی هەیە و مووچە نییە!
2- مژدە: مانگی داهاتوو هەموو کێشەکان چارەسەر دەبن!
نمونەیەکی دیکە: هاوڵاتییەک لە رێگا هەڵدخلیسکێت و دەکەوێت، لەو کاتەدا پۆلیسێک یارمەتی دەدات بۆ ئەوەی هەڵیبستێنێتەوە. رۆژنامەنووسێکی چەواشەکاریش دێت: وێنەکە لەو ساتەدا دەگرێت، کە پۆلیسەکە دەستی هاوڵاتییەکەی گرتووە، بە مانشێتێک دەنووسێت: سەیربکەن چۆن پۆلیس پەلاماری هاوڵاتییەکی بێتاوان دەدات!
بەرکەوتە و بەکارهێنانی (سۆز) لە بەرامبەر (ڕاستی)یدا
لە سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، زۆرجار سۆز بەسەر لۆژیکدا زاڵە. لێرەدا بەکارهێنانی سۆز کێشەیەک دروست دەکات، وەک نمونە هەر کاتێک ئەرشیفی مێژوویی و لێدوانە ڕاستەقینەکان باس دەکرێن، کە پێچەوانەی خەیاڵ و حەزی خەڵکە، ئیتر ڕاستەوخۆ تۆمەتی چەواشەکاری دەخرێتە پاڵ ئەو کەسەی راستییەکەی وتووە.
تۆمەتی تاوانبارکردم بە چەواشەکار:
کەسێک تۆمەتی چەواشەکاری دەداتە پاڵ نووسینەکانم، کە بە زنجیرەوتار لەسەر پەکەکە و ئۆجەلانم نووسیوە، هەرجەندە ئەوەی من خستوومەتە روو بە بەڵگەی مێژوویی قسەم کردووە، چونکە زۆربەیان هەواڵ و رووداوی ئەو کاتە بوون. ئەمە لە کاتێکدایە، کە رووداوی مێژوویی هەرگیز کۆن نابن، قسە و پەیام و نامەکانی ئۆجەلان هەر وەک خۆی خراونەتە روو. هەروەها پەیام و قسەکانی لەلایەن پەکەکەوە نەک تەنیا بەرزیان نرخاندووە، بەڵکو بە کرداریش بەجێیان هێناون و پشتڕاستیان کردۆتەوە، بەڵام بۆ خەڵکی و راگەیاندنەکان قسەی دیکەیان کردووە زۆربەی کاتەکان بە پێچەوانەوە لێدوانیان داوە، وەک نمونە نمایشی چەکدانان دەکەن، لەولاشەوە چاوەڕوانی ئەوەن کە تورکیا ئاماژەیەکیان پێ بدات و لێیان ببورێت، تا بەتەواویی چەک دابنێن، کاتێک تورکیا وەڵامیان ناداتەوە و زیاتر هێرشەکانی توندتر و خەستتر دەکاتەوە، ئیتر دەڵێن خۆ ئێمە چەکمان دانەناوە، چۆن قەندیل چۆڵ دەکەین، یان کاتێک باسی ئازادیی و رزگاری کوردستان دەکەن، لەم لاشەوە سەرکردەیەکیان بەناوی (سەبری ئۆک) دەڵێت:(من دەوڵەتی کوردستانم ناوێت، ئازادی ئۆجەلانم دەویت، کوردستانم بەبێ ئاپۆ ناوێت)، بەم قسانەیان نێتی خۆیان دەردەخەن، کە خەباتی چەکدارانەیان بۆ کورد و رزگاری کوردستان نەبووە، هەرچییەکیان کردووە و وتویانە، هەموو مێژووەکەیان دەخەنە ژێر پرسیارەوە.
ئەوانەی من کە نووسیومن و ئەو راستیانەی خستوومنەتە روو، ئەم بەڕێزانە بە چەواشەکاری پێناسەی دەکەن، ئەمە لە کاتێکدا ئەوانە بۆ بیرخستنەوەی مێژووە، کە لێکدانەوەم بۆ سەرەنجامی ئەو قسانە کردووە، هەرچەندە رەخنە و باسەکانم بوونەتە جێی مشتومڕ، چونکە خۆشیان دەزانن ئەوانە قسەی هەڵبەستراو نین، بەڵکو بەشێکن لە تۆمارە ڤیدیۆییەکان و دادگاییەکان و نووسراوەکانی خودی ئۆجەلان:
1. ساتەوەختی دەستگیرکردن: بەڵگە ڤیدیۆییەکان لە کاتی دەستگیرکردنی ئۆجەلان و گواستنەوەی لەناو فڕۆکەکەدا (1999) ڕوون و ئاشکران، بەتایبەتی کاتێک دەڵێت: (دایکم تورکە، ئەگەر دەرفەتم پێ بدەن دەمەوێت خزمەتی دەوڵەتی تورکیا بکەم) ئەمە ڕستەیەکە بۆ مێژوو تۆمار کراوە. ئایا گێڕانەوەی ئەم ڕستەیە چەواشەکارییە یان هەڵدانەوەی راستییەکی مێژووییە؟
2 چەکدانان و هەڵوەشاندنەوە : لە پرۆسەی ئاشتی و بەرگرینامەکانیدا، چەندین جار ئۆجەلان جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە، کە سەردەمی خەباتی چەکداری بەسەرچووە، پەکەکە دەبێت چەک دابنێت، تەنانەت لە هەندێک قۆناغدا باسی گۆڕینی شێوازی ڕێکخراوەکە کردووە بۆ سیستەمێکی مەدەنی و سیاسی، دوور لە شەڕ.
3. برایەتی کورد و تورک: لە تێزەکانی "کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک" و "پەیمانی میللی"دا، ئۆجەلان باسی دەکات و پێشنیارێکی خستووەتە ڕوو، کە کورد و تورک وەک بەشێکی دانەبڕاون لە یەکتر ، بەرژەوەندیی تورکیا بەرژەوەندیی کوردیشە، ئۆجەلان داوای ئەو پەیوەندییە ڕۆحی و ستراتیژییە لە کورد دەکات و دەڵێت: کورد دەبێت تورکی لە خۆی خۆشتر بوێت، لە هەمانکاتدا راستەوخۆ سەرخۆشی لە کەسوکاری جەندرمە و سەربازە تورکەکان دەکات، ئاماژە بە شەهید و قوربانیانی گەریلا ناکات.
کێ چەواشەکارە؟
ئایا ئەوەی راستییەکان دەگێڕێتەوە یان ئەوەی دەیشارێتەوە؟
لێرەدا هەموومان دەگەینە جەوهەری بابەتەکە، کە چەواشەکاری ئەوە نییە، تۆ ڕاستییەکی تاڵ بەبیر خەڵک بهێنیتەوە. چەواشەکاری ئەوەیە، کە میدیاکانی پەکەکە، یان لایەنگرەکانیان هەوڵ دەدەن ئەم بەڵگە مێژووییانە "بشارنەوە" یان "دەستکاری بکەن"، یان ئەگەر بۆیان نەکرا، بە جۆرێکی دیکە لێکدانەوەی بۆ بکەن، زۆربەیان هەست بە شەرمەزاری دەکەن، تەنیا لەبەر ئەوەی لەگەڵ دروشمەکانی ئەمڕۆیاندا یەک ناگرنەوە.
ئامرازەکانی چەواشەکاری، کە پێویستە لێیان بەئاگا بین:
• لابردنی ناوەرۆک و مەبەستێک: کاتێک ڕستەیەک لە شوێنی خۆی دەردەهێنرێت. بەڵام لەم کەیسەدا، ڕستەکان ڕوون و ئاشکران و لە ناوەرۆکی نووسینەکاندا واتای تەواو دەبەخشن.
• هێرشی شەخسی: کاتێک کەسێک وەڵامی بەڵگەیەکی پێ نادرێتەوە، پەلاماری کەسایەتی نووسەرەکە دەدات، وەک چەواشەکار ناوی دەهێنێ، ئەمیش بەو ئامانجەی تا خەڵکی لە ناوەڕۆکی قسەکان دوور بخاتەوە.
کۆتایی:
لە بەردەم ئەم لێشاوەدا، وەک چۆن پێشتریش باسمان کردووە، ئەگەر بەدوای راستییەکدا بگەڕێین دەبێت ئاگاداری ئەم خاڵانەی خوارەوە بین:
1- بەدواداچوونی تەواو بۆ هەموو هەواڵێک بکەین، وەک نمونە لەسەر ئۆجەلان هەوڵ بدەین بگەڕێینەوە بۆ ئەرشیفی ڤیدیۆیی ساڵی 1999 و دادگاییەکان.
2- بە هەست و سۆزەوە لە هیچ رووداوێک نەڕوانین، چونکە مەرج نییە هەموو هەواڵ و زانیارییەک پێمان دەگات بە دڵی خۆمان بێت.
3- ئەگەر گومانمان لە لا دروست بوو، پرسیار لە خۆمان بکەین، کە لە بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵ و زانیارییانەدا کێ قازانج دەکات، مەبەست چییە لەو کاتەدا ئەو هەوالە بڵاوکراوەتەوە!؟ کێ لە شاردنەوەی ئەم قسانە قازانج دەکات؟
بێگومان ئەوانەی دەیانەوێت لەسەر وەهم و خەیاڵ بژین، یان تەمەنێکیان لە ژیانی سیاسیی خۆیان لە پێناویدا بەسەر بردووە، ئیستا تەماشا دەکەن راستی رووداوەکە ئەوە نییە، کە ئەم چاوەڕوانی دەکرد و بانگەشەی بۆ دەکرد، لە ناخەوە هەست بە تێکشاکاندنی خۆی دەکات، بۆیە هەوڵ دەدات بیشارێتەوە، بەردەوام قسەیەک دەکات و پاساوێک دەهێنیتەوە، تا بەرامبەرەکەی بە لاڕیدا بەرێت، وەک ئەوەی پێت دەڵێت: چاوەڕوان بە راستییەکان بەم زوانە دەردەکەون، لەمەدا یاری بە کات و شوێن دەکات. ئاواتەخواز دەبێت بە رێکەوت رووداوێک بێتە پێشەوە، گومانەکانی بڕەویتەوە. ئیتر بەو هەوڵە دەیەوێت تۆش وەک خۆی لێبکات و بتباتە دنیایەکی مەجازیی و خەیاڵییەوە و لە واقیعە سیاسییەکە دوورت بخاتەوە.
دیسان بۆ کۆتایی ماوە کە بیڵێم، من وەک نووسەرێک ئەرکم گواستنەوەی ڕاستییەکانە وەک خۆی، نەک وەک ئەوەی خەڵک حەزی لێیە. ئەو کەسانە، یان ئەو پارت و رێکخراوانەی، دەیانەوێت مێژوو بە خواستی خۆیان بنووسرێتەوە، ئەوانە چەواشەکارن، نەک ئەوەی پەردە لەسەر ڕووداوەکان هەڵدەداتەوە.
تێبینی: بەڕێزێکی سەر بە پەکەکە لە فەیسبوکدا کۆمێنتێکی بۆ نووسیوبووم، کە تێدا ئەمەی نووسیوە شتێکی بۆ ناردووم کە گوایە، ئەوە لە بەڵگەکانی (Jeffrey Epstein) ناوی ئۆجەلانی تێدا هاتووە، ئەمەش وای کرد کە من بەم نووسینە وەڵامیان بدەمەوە:
ئەو بەڕیزە دەنووسێت:

ئەو بەڕیزە دەنووسێت:
ئەمە وەڵامیک بو چەواشەکاریکانت .

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان


















