<

بەرخۆدانی ڕۆژئاڤا؛ لەمپەرێک لەبەردەم نەخشەی نوێی دابەشکاری بێکورد و، وەڵامێک بۆ قەڵەمپیسەکان..

16/02/2026, 17:10 (GMT+1)
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، جەنگێکی جیهانیی و هەرێمیی بەڕێوە دەچێت کە ئامانج لێی داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی و جوگرافیی ناوچەکەیە. لەم چوارچێوەیەدا، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە، جەمیل بایک، شیکارییەکی وردی بۆ دۆخەکە خستەڕوو و ڕایگەیاند کە هێرشەکانی سەر ڕۆژئاڤا - باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەشێکن لەم جەنگە فراوانە. بایک جەختی لەوە کردەوە کە "شۆڕشی ڕۆژئاڤا ڕێگەی لە شەڕی دابەشکردنەوەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرتووە، بۆیە دەکرێتە ئامانج". ئەم ڕاپۆرتە تیشک دەخاتە سەر مانا قوڵەکانی ئەم لێدوانە و ڕۆڵی نەرێنیی "قەڵەمپیسان" لە شێواندنی ڕاستییەکان.
١. پیلانگێڕیی نوێ و ڕۆڵی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا
مەبەستی سەرەکی لە قسەکانی جەمیل بایک ئەوەیە کە هێزە هەژموونگەراکان و دەوڵەتە داگیرکەرەکانی ناوچەکە، خەریکی جێبەجێکردنی سایکس-پیکۆیەکی نوێن. لەم نەخشە نوێیەدا، سەرەڕای ئەوەی کورد بە گشتی و لە ڕۆژئاڤا  بەتایبەتی گەورەترین هێزی تیرۆریستی جیهانی (داعش)ی تێکشکاند و قوربانییەکی بێوێنەی دا، بەڵام جارێکی تر هەوڵ دەدرێت کورد پەراوێز بخرێت و هیچ دەستکەوتێکی بۆ نەمێنێت.
بەرخۆدانی ڕۆژئاڤا و ئەو سیستەمە خۆبەڕێوەبەرییەی کە دامەزراوە، بووە بە بەربەستێکی پۆڵایین لەبەردەم ئەم دابەشکارییەدا. ئەگەر بەرخۆدانی ڕۆژئاڤا نەبوایە، ئێستا ڕێککەوتنە ژێربەژێرەکان جێبەجێ کرابوون و جوگرافیای كوردستان بە تەواوی پارچەپارچە دەكرایەوە.
٢. کۆبوونەوەی پاریس و "گڵۆپی سەوز" بۆ هێرشەکان
ڕووداوەکانی ئەم دواییە، بەتایبەت هێرشە هاوبەشەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی تەحریری شام (HTS)، ڕێکەوت نین. زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دوای کۆبوونەوەی نهێنیی پاریس لە ٥ی جانێوەر، جۆرێک لە ڕێککەوتن لەنێوان هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان کراوە. ئەم کۆبوونەوەیە ڕێگەی خۆشکرد بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیا و جوگرافیای ناوچەکە، بە ئامانجی لێدان لە ڕۆژئاوا و دواتریش گەمارۆدان و مەترسی خستنە سەر باشووری کوردستان و تێکدانی ئەو ستاتیۆیە. ئەم هێرشانە هەوڵێک بوون بۆ لابردنی ئەو "لەمپەرە کوردییە"ی کە ڕێگرە لە بەرژەوەندییە هەرێمییەکان.
٣. ڕۆڵی قەڵەمفرۆش و ڕۆشنبیرە "قەڵەمپیسەکان"
لەم قۆناغە هەستیارەدا، دەستەیەک لە نووسەر و بەناو ڕۆشنبیر دەردەکەون کە دەتوانین پێیان بڵێین "قەڵەمفرۆشان یا قەڵەمپیسان". ئەمانە کەسانێکن کە بە ناوی "کوردایەتی کلاسیک" و دروشمە بریقەدارەکانی وەک "سەربەخۆیی"، خەریکی لێدانن لە تەڤگەری ئازادی و شۆڕشی ڕۆژئاڤا.
- شێواندنی ڕاستییەکان: ئەم قەڵەمپیسانە لێدوانەکانی سەرکردەکانی تەڤگەری ئازادی (وەک جەمیل بایک) بەو شێوەیە وێنا دەکەن کە گوایە "کورد نایەوێت گۆڕانکاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست ڕووبدات و پارێزەری دۆخی کۆنە". ئەمە چەواشەکارییەکی گەورەیە.
 -نموونەی گوتاریان: ئەوان هەمیشە دەڵێن "پەکەکە یان ڕۆژئاڤا بوونەتە ڕێگر لەبەردەم پڕۆژەی ڕۆژئاوا و ئەمریکا"، بەبێ ئەوەی ئاماژە بەوە بکەن کە پڕۆژەی ئێستای هێزە نێودەوڵەتییەکان و داگیرکاران سڕینەوەی کوردە نەک بەدەوڵەتکردنی.
-خزمەت بە داگیرکەر: کاتێک ئەم قەڵەمانە هێرش دەکەنە سەر ئەو هێزەی کە ڕووبەڕووی تورکیا و داعش دەبێتەوە، بە کردەیی دەبنە بەشێک لە پڕۆپاگەندەی دەزگای شەڕی تایبەت- میت و دەزگا هەواڵگرییەکانی داگیرکەران.
٤. ستراتیژیی تەڤگەری ئازادی: گۆڕانکاری بەڵێ، بەڵام بە مەرجی بوونی کورد
پێچەوانەی بۆچوونی قەڵەمفرۆشان، تەڤگەری ئازادی دژی گۆڕانکاری نییە، بەڵکو دژی "گۆڕانکاریی بێ کورد"ـە.
-وانەی مێژوویی: کورد ١٠٠ ساڵ لەمەوبەر لە ڕێککەوتننامەی لۆزاندا پەراوێز خرا، چونکە ئەوێ رۆژێ هێز و ئیرادەی سەربەخۆی نەبوو. ئەمڕۆ تەڤگەری ئازادی دەڵێت: "ناڵێین گۆڕانکاری نەکرێت، بەڵام ناهێڵین سیناریۆی ١٠٠ ساڵ پێش ئێستا دووبارە بێتەوە."
-هاوکێشەکە ڕوونە: ئەگەر نەخشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کوردی تێدا نەبێت و تەنها بۆ بەهێزکردنی تورکیا و هێزە دەسەڵاتخوازەکان بێت، ئەوا کورد بە هەموو هێزییەوە ئەو نەخشەیە تێک دەدات. بەرخۆدانی ڕۆژئاڤا سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە "هیچ گۆڕانکارییەک بەبێ ڕەزامەندی و بەشداربوونی کورد سەرکەوتوو نابێت."
- لێدوانەکەی جەمیل بایک زەنگێکی هوشیارییە بۆ ئەوەی تێبگەین کە هێرشەکانی ئێستا تەنها ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی نین، بەڵکو بەشێکن لە پڕۆسەیەکی نێودەوڵەتی بۆ سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی ناوچەکە لەسەر حسابی خوێنی کورد. ئەو قەڵەمپیسانەی کە ئەمڕۆ هێرش دەکەنە سەر هێڵی بەرخۆدان، لە ڕاستیدا ڕێخۆشکەرن بۆ ئەوەی کورد جارێکی تر ببێتە قوربانی بەرژەوەندیی هێزە جیهانییەکان. تاکە ڕێگە بۆ ڕێگری لەم کارەساتە، پشتیوانیکردنی ئەو هێڵە سیاسی و سەربازییەیە کە لە ڕۆژئاڤا توانیویەتی هاوکێشەکان بگۆڕێت و دابەشکارییەکان ڕابگرێت.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست