<

ئاخۆ کوردستانێکی سەربەخۆ خەونە یان واقیعێکی ئەمڕۆی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستە؟

03/04/2026, 19:04 (GMT+1)
- ئاخۆ مێژووی چل ساڵی ڕابردوو, چیمان پێ دەڵێت لەسەر دروست بوونی ووڵاتانی سەربەخۆ؟
- ئاخۆ هۆکارەکانی داڕمانی یەکێتی سۆڤیەت چی بوون؟
-  تۆ بڵێی بە ڕێکەوتنی سیاسی بتوانرێت سنورەکان بگۆڕێت؟
- ئایا هەلی سەربەخۆیی بۆ کوردستان ئاڵۆزە؟
- ئایا کوردستانێکی سەربەخۆ مەترسی هەیە؟
----‐----------------

- ئاخۆ مێژووی چل ساڵی ڕابردوو, چیمان پێ دەڵێت لەسەر دروست بوونی ووڵاتانی سەربەخۆ؟

وانەکانی مێژووی ئەم چل ساڵەی ڕابردوو پێمان دەڵێت کە
دەوڵەتانێک لە سەردەمانێکدا کە زۆر بەهێز بوون و لە بیروباوەڕی کەسدا نەبوو کە پارچە پارچە بێت، بەڵام لە ماوەی چەند ساڵێکدا نەمان وەک یەکێتی سۆڤیەت و یوگۆسلاڤیا و چیکۆسلۆڤاکیا و سودان و ئەسیوپیا!
لە ساڵی ١٩٩١ دا یەکێتی سۆڤیەت لە ١٥ ووڵات پێکهاتبوو کە ئێستا ئەوانە کۆماری سەربەخۆن وەک ( ڕوسیا و ئۆکرانیا و بێلاڕوس و کازاخستان و ئۆزبەکستان و تورکمانستان و قرغیزستان و تاجیکستان و ئەرمینیا و ئازەربایجان و جۆرجیا و لیتوانیا و لاتڤیا و ئیستۆنیا و مۆڵدۆڤا)
وە یوگۆسلاڤیاش ١٩٩٠ دا دابەشبوون بەسەر وڵاتانی سربیا و کرواتیا و سلۆڤینیا و بۆسنە و کۆسۆڤۆ
وە چیکۆسلۆڤاکیاش لە ١٩٩٣ دا بە شێوەیەکی ئاشتیانە دابەش بوون بەسەر کۆماری چیک و سلۆڤاکیا.
وە سودانیش لە ساڵی ٢٠١١دا دوای شەڕی ناوخۆ باشووری سودان، سەربەخۆ بوو!
وە لە ساڵی ١٩٩٣دا  ئەسیوپیا و ئێریتریا لێ جیابووەوە!

- ئاخۆ هۆکارەکانی داڕمانی یەکێتی سۆڤیەت چی بوون؟ هۆکارەکان ئاڵۆز بوون بەڵام گرنگترینیان:

١ - قەیرانی ئابووری
٢ - بزووتنەوە ناسیۆنالیستەکان کە داوای سەربەخۆییان دەکرد.
٣ - شکستی چاکسازییەکانی گۆرباچۆڤ سەرۆکی یەکێتی سۆڤیەت.
٤ - داڕمانی متمانەی کۆمەڵ انی خەڵک بە حزبی شیوعی.
٥ -  فشارەکانی ڕۆژئاوا لە سەردەمی جەنگی سارددا.
لە کۆتاییدا یەکێتی سۆڤیەت هەڵوەشایەوە و وڵاتانی ئەندامی یەکێتی سۆڤیەت هەریەکەیان ڕێگای سیاسی و ئابووری جیاوازیان بۆ خۆیان هەڵبژارد.
کەواتە کێ لەو بڕوایەدا بوو یان دەیتوانی پێشبینی ئەو دابەش بوونە بکات کە زلهێزێکی جیهان بەو هەموو قەبارە گەورەیەوە لە ناوەوە بڕووخێت؟

-  تۆ بڵێی بە ڕێکەوتنی سیاسی بتوانرێت سنورەکان بگۆڕێت؟

ئەمڕۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جارێکی دیکە بەرەو خاڵێکی وەرچەرخانی مێژوویی لەو شێوەیە دەگۆڕێت. هاوسەنگی هێز لە هەندێک ووڵاتاندا(سوریا و ئێران و عێراق و تورکیا) لەرزۆک بووە و لە ژێر فشارێکی زۆردایە، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە. بەهۆی ساڵانێک شەڕەوە ماندوو بوون. لەبارێکی زۆر ناسک و دابەش بووندان. هەرچەندە ئێران و تورکیا لە ڕووی سەربازییشەوە بەهێزن بەڵام لە ڕووی ئابوورییەوە لاوازن وە کاریگەری بەرژەوەندی نێوان زلهێزەکان و گرژییە ناوخۆییەکان لەئارادایە.
کەواتە سنوورەکان یاسای سروشت نین. ئەو سنورانە ڕێککەوتنی سیاسین!  هەر بۆیە دەتوانرێت بگۆڕدرێن!
وە لەم واقیعە گۆڕاوەشدا و لەم ناوچەیەدا تەنها یەک نەگۆڕ بوونی هەیە، ئەویش کە کوردە! کە دەیان ملیۆن کەسن و گەورەترین مرۆڤی جیهانی بێ دەوڵەتێکی تایبەت بە خۆیانن!
لەگەڵ ئەوەشدا خاوەنی شتێکن کە زۆرێک لە دەوڵەتە تازەکان لە سەرەتای دامەزراندنیاندا کەمیان هەبووە! ئەویش حکومەتێکی کارا لە هەرێمی کوردستان هەیە و هێزێکی چەکداری پێشمەرگەی بە ئەزموون هەیە و متمانەی نێودەوڵەتی کە بنیات نراوە لە شەڕی دژی توندڕەوی وەک داعشدا.

- ئایا هەلی سەربەخۆیی بۆ کوردستان ئاڵۆزە؟

ڕەخنەگران دەڵێن کوردستان زۆر ئاڵۆزە. بەڵام ئایا یەکێتی سۆڤیەت کەمتر ئاڵۆز بوو؟ ئایا ئەو سادەتر بوو؟ بە پێچەوانەوە، ئەو ناوچانە لە ڕووی نەتەوەییەوە پارچەپارچە بوون و لە ڕووی سیاسییەوە ناسەقامگیر و توندوتیژیش هەبوو. دەوڵەتی نوێ لەو شوێنانە سەریان هەڵدا، نەک لەبەر ئەوەی ئاسان بوون بەڵکو لەبەر ئەوەی واقیعی جیۆپۆلەتیکی ڕێگەی پێدان.
کەواتە پرسیاری ڕاستەقینە ئەوە نییە کە ئایا سەربەخۆیی کوردستان مومکینە؟ بەڵکو پرسیارەکە ئەوەیە کەی هەلومەرجەکە هاوکات دەبێت، هەر وەک دەسەڵاتێکی ناوەندی لاواز و یەکگرتوویی ناوخۆی کورد و پشتگیری لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.
بۆ ووڵاتانی ڕۆژئاوا و بە تایبەتی ئەوروپا، لێرەدا هەڵبژاردبە ستراتیژییەکە  ئەوەیە کە ئایا بەردەوامن لە چەسپاندنی سنوورە کۆنەکان کە کەمتر کاردەکەن و ناجێگیرە و هەمیشە شوێنی شەر و ململانێی بووە؟ یان وەبەرهێنان لە تاقیکردنەوەیەکی نوێ و سەقامگیرتردا دەکەن؟ لەم بارەدا کوردستانێکی لایەنگری ڕۆژئاوا دەتوانێت وەک لەنگەرێکی سەقامگیر لە ناوچەکەدا بێت کە دەیان ساڵە بە ناسەقامگیری ماوەتەوە، وە بۆ ئەمەش حیسابکردنەکە زۆر ڕوونە، ئەویش ئێوەیە کە ووڵاتانی ڕۆژئاوا  لە ژینگەیەکی دوژمنکارانە و ناجێگیردا، هاوبەشێکی متمانە پێکراویان هەبێت کە بتوانێت بە نرخ و کاریگەر بێت بۆ ئیسرائیل و ئەوروپا و ئەمەریکاش،  نەک وەک هاوبەشێکی ڕۆمانسی، بەڵکو وەک پێویستییەکی ستراتیژی بۆیان!

- ئایا کوردستانێکی سەربەخۆ مەترسی هەیە؟

بێگومان لە بیر و بۆچوون و بەرژەوەندی ووڵاتانی دراوسێدا، کوردستانێکی سەربەخۆ مەترسیە، بۆیە وڵاتانی دراوسێ بەرەنگاری دەبنەوە و دەکرێت گرژییەکان پەرە بسێنن. بەڵام ئەوەش بۆ هەر وڵاتێکی تریش هەر ڕاست بووە، کە لە ئیمپراتۆریەتێک یان لە فیدراسیۆنێکەوە چەند ووڵاتێکی تر لەدایک ببێت وەک لە یەکێتی سۆڤیەتدا بینیمان!
کەواتە مێژوو فێرمان ناکات کە گۆڕانکاری مەحاڵە، بەڵکو کاتێک کە سیستەم و دەستەڵاتە کۆنەکان شەرعیەتی خۆیان لەدەست دەدەن، ئەو گۆڕانکاریە دەبێتە شتێکی حەتمی!
کوردستانێکی سەربەخۆ خەیاڵ نییە. بەڵکو دەرئەنجامێکی ناتەواوی گۆڕانکاری نەزمێکی جیهانی بووە و لە کاتێکی ناهەمواردا.
کەواتە پرسیارەکە ئەوە نییە کە ئایا کوردستانێکی سەربەخۆ لەدایک دەبێت؟
بەڵکو پرسیارەکە ئەوەیە کێ خۆی ئامادە دەکات بۆ هەڵپەڕکێ و ئاهەنگی سەربەخۆیی کاتێک کە ئەو سەربەخۆییە ڕوودەدات!
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست