<

ئەی کوردی بەدبەخت جەللاد و دز داکۆکیکارن لە ستەملێکراوی تۆ!

14/04/2026, 12:18 (GMT+1)
ئەی کوردی بەدبەخت جەللاد و دز داکۆکیکارن لە ستەملێکراوی تۆ!

ساڵانە لە یادی کارەساتی ئەنفالدا، گەلی کوردستان لەبری ئەوەی بەخزمەتکردنی خاک و خەڵکەکەی خەریکی سارێژکردنی برینە کۆنەکانی بێت، بینەری شانۆگەرییەکی گاڵتەجاڕانەی ئەو دەسەڵاتە دەبێت کە ٣٤ ساڵە نەک هەر برینەکانی سارێژ نەکردووە، بەڵکو خوێی پێدا دەڕژێنێت. 
کاتێک دەسەڵاتدارانی هەرێم باسی قەرەبوو و مافی کەسوکاری ئەنفالکراوان دەکەن، مرۆڤ نازانێت پێبکەنێت یان بگری، ئایا ئەمانە هەمان ئەو کەسانە نین کە داهاتی ئەم نیشتمانەیان بۆ گیرفانی خۆیان و بنەماڵەکانیان تاڵان کردووە و ئێستا چاویان بڕیوەتە بوودجەی موفلیسی بەغدا؟ 
بەڵێ داواکردنی قەرەبوو لە حکومەتی عێراق مافێکی یاسایی و دەستوورییە، بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە لێرەدایە: ئایا ئەو قەرەبووە ئەگەر بگات، دەگاتە دەستی دایکە جەرگسووتاوەکانی گەرمیان و چەمچەماڵ، یان وەک مووچە و داهاتی نەوت دەچێتە ناو هەژمارە بانکییەکانی ئەوروپا و ئەمریکای بەرپرسان کەڕۆژانێک دێت بلۆک دەکرێن ؟ ئێوە کە ٣١ی ئابتان کردە قەرەبوو بۆ خەڵکی کوردستان و دەبابەی بەعستان هێنایە سەر پەرلەمانی کوردستان، بە چ ڕوویەک باس لە وانەی ئەنفال بۆ نەوەکانی داهاتوو دەکەن؟ تەواو قەرەبووتان وەرگرت! 
مەهزەلەیە، لێدوانی توند دژی ڕژێمی بەعس بدرێت، کەچی زۆربەی جەلادەکان، جاشەکان و ئەوانەی دەستیان لە ئەنفالدا هەبووە، لە هەولێر و ناوچەکانی تری ژێر دەسەڵاتی ئێوەدا پارێزراوبن و ژیانی شایانە بژین تا دەمرن. قاسم ئاغاکان و هاوشێوەکانیان لای ئێوە ڕێزیان لێدەگیرێت، کەچی بۆ ڕاگەیاندنەکان فرمێسکی تیمساحی بۆ قوربانییەکان دەڕێژن! 
ئەنفال جینۆسایدە ئەوە گومانی تیانیە؛ ڕاستە، بەڵام ئەی ئەو خوێنەی لە شەڕی ناوخۆدا ڕشتتان کە بە دەیان هەزارن ؟کێ قەرەبووی ئەو دایکە شەهیدانە دەکاتەوە کە کوڕەکانیان لە شەڕی بەرژەوەندی حیزبیدا بوونە قوربانی؟ئەی خوێنی ئەوانەی لەدەریاچەی ئیجەدا بوونە خۆراکی قرشە بێبەزەییەکان و لەتاو بێدادی و زوڵمی ئێوە ڕایانکرد کێ قەرەبووی خانەوادەکانیان بکاتەوە؟ ئەسڵەن خوێنڕشتن قەرەبوو ئەکرێتەوە؟! 
ئێوە ئیشتان تەنیا دروستکردنی قەیرانە بۆ خەڵک. لەسەر دەریاچەیەک لە نەوت و داهات، چاوتان لە دەستی بەغدایە، لە کاتێکدا داهاتی ناوخۆ و گومرگەکان وەک مۆتەکە بەسەر ژیانی هاوڵاتیاندا دابەش بووە.ئەی ئەمە جینۆساید نیە چیە؟ 
پێش ئەوەی یەخەی عێراق بگرن بۆ قەرەبوو، وەرن قەرەبووی ئەو ٣٤ ساڵە دزی و چەوساندنەوەیە بکەنەوە کە دەرحەق بەم میللەتە کردووتانە. 
وەرن مووچە دزراوەکانی فەرمانبەران بگێڕنەوە. واز لەم سیاسەتی هی خۆم بۆ خۆم و هی تۆش دەخۆم بهێنن. من وەک مامۆستایەک کە دوای ئەوەی نانبڕاوکرام و لە وڵات دەربەدەرکرام لەتاو زوڵم ئێستا بە دەیان ملیۆن دینارم لەلای حکومەتە، ئەی کێ قەرەبووی ماددی و  ژیانی فەوتاوی ئێمە و مانان بکاتەوە؟ 
ئەنفال وانەیەکی گرنگە، بەڵێ؛ وانەی ئەوەیە کە هیچ دیکتاتۆرێک نامێنێتەوە، بەڵام وانەی هەرە گەورە ئەوەیە کە ستەمی ناوخۆیی زۆر جار لە کۆستە نەتەوەییەکان بەژانترە. 
ئێوە کە خۆتان بوونەتە ئەنفالچی سەردەم بۆ قوت و بژێوی خەڵک، ناتوانن نوێنەرایەتی برینی ئەنفال بکەن. 
تا ئەو کاتەی دەسەڵاتی کوردی خۆی پاک نەکاتەوە لە دزی و جاشایەتی نوێ، هەر پەیام و لێدوانێک لە یادی ئەنفالدا، تەنیا سووکایەتییە بەو ئێسک و پروسکانەی کە هێشتا لە بیابانەکاندا چاوەڕێی دادپەروەری ڕاستەقینە و شادبوونەوە بە خاکی نیشتیمانن...
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست