شەهید غەزال شەرەفی گەلێکە
19/04/2026, 17:46 (GMT+1)

لەگەڵ هەر روداوێک لە کوردستان پەردە لەسەر چەندین پەڵەی رەش و موزایەدە و درۆ لادەچێ ، ئەوجارەیان شەهیدبوونی کچە کوردێکی رۆژهەڵات پەردەی سەر درۆ و موزایەدەی کوردایەتی حیزبەکان و کۆمەڵێک خەڵک لادا و پرسیاری جددی خستە سەر هەڵوێستی سەرجەم بەرپرسیانی سیاسی و ئیداری کوردستان.
سەرەتای ئەم ساڵ و دوو مانگێک تێپەریوە بەسەر روداوەکانی رۆژئاوای کوردستان و ئەوکات کە زۆر بێرەحمانە تیرۆریستانی جۆلانی کەزی کچە شەرڤانێکیان بری و سوکایەتیان بە تەرمی چەند کچە شەرڤانێک کرد زۆربوون ئەو دەنگانەی کەوا هاتنە سەر شاشەکان و ویستیان نان بە خوێن و کەزی کچە شەرڤان بخۆن ، هەڵوێستەکانی ئەوکات جێگای دڵخۆشی بوون و هیوای بە زۆرێک لەخەڵک و گەلی کورد بەخشی کەوا لۆ یەکەمجار لەمێژوو کورد یەک دەنگ بوو.
بەڵام دوو مانگ دوای ئەو روداوە و دوای هێرشە تیرۆریستیەکانی رژێمی ئێران لۆ سەر پێشمەرگەکانی رۆژهەڵات، برینداربوونی چەند پێشمەرگەیەکی لێکەوتەوە لەوانە کچە پێشمەرگە غەزال ، ئەوەی جێگای سەرنجە بێ هەڵوێستی سەرجەم بەرپرسان و خەڵکیە کەوا چۆن بەشێوەیەکی زۆر نابەرپرس و بێ ئەخلاقانە لەگەڵ ئەو کەیسە و بریندارە مامەڵەیان کردووە و کە دواجار بە شەهیدبوونی غەزالی کۆتایی هاتووە.
بەرپرسان و ئەو خەڵکانەی کەوا لۆ کەزی شەرڤانێکی رۆژئاوا بەخەم بوون ئێستا لەکوێن تا لۆ خوێنی شەهید غەزالی رۆژهەڵات بێنە سەر جادە یان هەڵوێستیان هەبێ؟ مەگەر هەر ئەوان نەبوون هوتافی باکور ، باشور ،رۆژهەڵات تا رۆژئاوا یەک ووڵات یان دەگوتەوە ؟ مەگەر جیاوازی کچە شەرڤانێکی رۆژهەڵات و رۆژئاوا چیە ؟ بەرپرسان و چالاکوانانی مافی مرۆڤ و ئافرەتان لەکوێن و هەڵوێستیان چیە لەسەر چارەسەرنەکردنی شەهید غەزال لە هیچ نەخۆشخانەیەک؟
مامۆستایانی ئاینیش دەبێ هاو هەڵوێست بن و ئیدانەی مامەڵەی ئەو مزگەوتانە بکەن کەوا ئامادەنەبوون تەرمی شەهید غەزەلی تێدا بشۆردرێ و بەخاک بسپێردرێ ، دەبێ ئەوان بە هەڵوێستی کوردانە و ئاینیانەی خۆیان هەڵسن و ئەو سوکایەتیە قبوڵ نەکەن ئەگینا ئەمرۆ شەهید غەزەل و بەیانی سەرەی ئەوانە لە مەوقیفی هاوشێوەدا.
لە کۆتاییدا ، یەکێتی و پارتی هەمیشە سوکایەتیان بە خوێنی تاک بە تاکی کورد کردووە و هەمیشە خوێنی کوردیان هەرزان فرۆش کردووە لەپێناو ئاغاکانیان و دوژمنانی گەلی کورد ، تا پارێزگاری لە کۆمپانیا کەسی وحیزبیەکانیان بکەن ، هیچ کەس هێندەی ئەوان کوردایەتیان ناشرین نەکردووە و خەڵکیان لە کوردایەتی سارد نەکردۆتەوە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان











