<

هەرێمی کوردستان لە نێوان جەنگی دەرەکی و گەندەڵیی ناوخۆدا

19/04/2026, 17:51 (GMT+1)
لە کاتێکدا ناوچەکە بەهۆی ململانێی ئیسرائیل و ئێرانەوە دەکوڵێت، خاکی هەرێم بووەتە شوێنی تاقیکردنەوەی مووشەک و درۆنەکان. ئەوەی لێرەدا جێگەی سەرنجە، بێدەنگی و بێهەڵوێستیی ئەو دەسەڵاتەیە کە گوایە نوێنەرایەتی ئەم گەلە دەکات.
لە کاتێکدا هەولێر و سلێمانی و شارەکانی تر بەردەوام لە ژێر هەڕەشەی ئاسمانیدان و خوێنی پێشمەرگە و هاووڵاتییان دەڕژێت، هەردوو حیزبی فەرمانڕەوا (پارتی و یەکێتی) وەک هەمیشە سەرقاڵی ململانێی پۆست و دابەشکردنی سامانی نیشتمانن. ئەوانەی ساڵانێکە لافی پاراستنی قەوارەی هەرێم لێدەدەن، لە ڕاستیدا نە توانیویانە ئاسایش دابین بکەن و نە بەرگری لە خاک بکەن؛ بەڵکو هەموو وزەی خۆیان بۆ دەوڵەمەندکردنی بنەماڵەکانیان و قووڵکردنەوەی گەندەڵی بەکارهێناوە.
لەبری ئەوەی سیستەمێکی بەرگریی نیشتمانیی بەهێز دابمەزرێنن، هێزی چەکداریان بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی حیزبی و شەخسیی خۆیان خەرج کردووە. ئەمەش وایکردووە هەرێم ببێتە گۆڕەپانێکی بێبەرگری کە هەر وڵاتێک بیەوێت، دەتوانێت تێیدا یاری بکات. سیاسەتی دەرەوەی ئەم دوو حیزبە، زیاتر لەوەی خزمەت بە پرسی کورد بکات، پاشکۆی ئەجێندای وڵاتانی دراوسێیە. ئەوان ئامادەن بۆ مانەوە لەسەر کورسییەکانیان، کەرامەت و ئاسایشی ئەم خاکە بکەنە قوربانی.
ئەم دۆخەی ئێستا تەنها ئەنجامی هێرشی دەرەکی نییە، بەڵکو بەرهەمی دەیان ساڵ لە نیشتمانفرۆشی و بەڕێوەبردنی خراپە. کاتێک دەسەڵات تەنها بۆ دەوڵەمەندکردنی تاقمێکی کەم بێت، ئاکامەکەی دەبێتە ترس و هەژارکردنی خەڵک. تا ئەو کاتەی ئەم مۆدێلە لە حوکمڕانیی بنەماڵەیی بەردەوام بێت، هیچ گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە ڕونادات.
ئەمە تەنها جەنگ نییە، بەڵکو هەڵوەشاندنەوەی نیشتمانە لەلایەن ئەوانەی کە خاکەکەیان وەک کۆمپانیایەکی تایبەت دەبینن. کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بەم بێدەنگییە بهێنرێت و ئەم سیستەمە گەندەڵەی یەکیەتی و پارتی لەناو ببرێت.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست