ئاخۆ کەرکوک (دڵ و قودس)ی کوردستانە یان یاری شەترەنجی سیاسیەکانە؟
27/04/2026, 23:06 (GMT+1)

- ئایا کەرکوک دڵ و قودسی کوردستانە؟
- ئایا کورد گەلێکی پەرتەوازەیە؟ سیاسیەکان پەرتەوازەن؟
- ئاخۆ مەترسییەکانی بەرژەوەندی کەسی یان حیزبی چی بن؟
- ئاخۆ دابەشبوونی کورد تەنها لاوازیە یان خۆ کوشتنە؟
- ئایا ئەم دابەشکردنی دەستەڵاتە لە کەرکوک، دیارییەکە بۆ ئەردۆغان؟
- ئایا کەرکوک و مانگی دەستکردی سیاسیەکانە؟ یان ئاوێنەی خەڵکی کەرکوکە؟
- ئاخۆ کورد پێویستی بە چی بێت؟
--------
- ئایا کەرکوک دڵ و قودسی کوردستانە؟
لە شاری کەرکوک هەموو شتێک کۆدەبێتەوە، نەوت و ناسنامەی کورد و بەری خوێنی شەهیدان و سیاسەتی ساڵەهای ساڵی کورد.
زۆربەی سەرکردەکانی کوردیش دەڵێن:
(کەرکوک دڵ یان قودسی کوردستان)
بەڵام ئەمڕۆ جارێکی تر شارەکە بووەتە بابەتی یاری بەچارەنوسی و ڕێککەوتنە سیاسییەکان.
تۆ بڵێی پیرۆزی کەرکوک وەک شاری قودسی خەیاڵی عەرەبی لێهاتبێت؟ یان بۆتە چەقی گرنگیدانی ئیسرائیل بۆ شاری قودس؟
بەگوێرەی زانیارییەکان، یەکێتی دەیەوێت دەسەڵات دابەش بکات ، کە تیایدا لایەنە عەرەبی و تورکمانییەکانیش ڕۆڵی گەورەتر ببینن.
بۆ زۆربەی کورد ئەم دابەشکردنی دەستەڵاتە، بە هەڕاجکردنی کاریگەری دەستەڵاتی کورد دەزانن و ئەو بڕیارەش پشتگیرییەکی فراوانی کوردی تێدا نییە! ئەمەش دووبارەبوونەوەی هەڵە کۆنەکانی مێژووە! چونکە عەرب و تورک یان تورکمان و فارس هیچ کات لە مێژوودا نەیانویستووە دەستەڵاتی خۆیان دابەش بکەن! بەڵکوو و ویستویانە و کردووشیانە کە کورد لەسەر نەخشە و لەبوونیش بسڕنەوە!
- ئایا کورد گەلێکی پەرتەوازەیە؟ سیاسیەکان پەرتەوازەن؟
کورد بە دابەشکراوی لە ووڵاتانی بەناو تورکیا و ئێران و عێراق و سوریادا دەژین. بەڵام گەورەترین کێشە، تەنها دابەشبوونی کورد نییە لە نێوان ئەو وڵاتانەدا، بەڵکو
ئەو دابەش بوونەیە کە لە نێوان حیزبەکان خۆیاندا هەیە! ئەوەش وا دەکات کە ستراتیژیەتی ڕوون و یەکگرتووانە نەبێت بۆ دەروەی کوردستان و بۆ سەرمێزی گفتوگۆی دۆست و دوژمنانی کوردیش.
زۆرجار حیزب و سەرکردەکان کێبڕکێ لەسەر دەسەڵات و کاریگەری خۆیان دەکەن. کە ئەمەش زۆربەی کات بۆ بەرژەوەندی هاوبەشی نەتەوەیی نییە.
ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە کورد ئەو هێز و توانایەی کە خۆی هەیەتی لەت بکرێت و لاوازیش دەربکەوێت لەو هێزی کە لە واقعدا کورد وەک گەلێک خۆی هەیەتی!
کەرکوکیش وەک ئاوێنەیەک بۆ ئایندەی کورد لە ناوچەیەکی پڕ گرژی و گڕگرتووی سوریا و ئێران و عێراقدا، لێرەدا پرسیارێک کە لە هەموو کاتێک گرنگترە، ئەوەیە:
ئایا کورد گەلێکی پەرتەوازەیە یان سیاسیەکان پەرتەوازەن؟
- ئاخۆ مەترسییەکانی بەرژەوەندی کەسی یان حیزبی چی بن؟
کاتێک بەرژەوەندی حزبی لە پێش بەرژەوەندی نەتەوەییەوە بێت ئەوا:
- دابەشبوون سەرهەڵدەدات.
- بێمتمانەیی گەشە دەکات.
- هێزی ستراتیژی لەدەست دەدات.
- ووڵاتانی داگیرکەری کوردستان و زل هێزە دەرەکییەکانی وەک تورکیا و ئێران و ئەمەریکا و ڕووسیاش سوود لەم دابەشبوونە وەردەگرن. چونکە ئەو ووڵاتانەی کە ئەمڕۆ پشتگیری لە کورد دەکەن، لەوانەیە سبەینێ بێدەنگی هەڵبژێرن بۆ کوشتار و ئەنفالکردنی کورد لەلایەن ووڵاتانی داگیرکەری کوردستانەوە! هەروەک ئەوەی لە هێرشی خەلیفە ئەردوغاندا بۆ سەر عەفرین بینیمان ،کە ناسراوە بە ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتوون لە ڕۆژی ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨ دا، وە ئەمەریکاش لەوکاتەدا بێدەنگی هەڵبژاد!
- ئاخۆ دابەشبوونی کورد تەنها لاوازیە یان خۆ کوشتنە؟
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک مەنجەڵی بوخاری دەکوڵێت و بەخێرایی گۆڕانکاری بەسەردا دێت. ململانێ و گرژی و ململانێی بۆ دەسەڵات دەیانەوێت ئایندە دیاری بکەن، وە
ڕووداوەکانی وەک شەڕی ناوخۆی سوریا و لبنان و ئێرانیش پیشانی دەدەن کە بارودۆخەکان و سنورەکانیش چەندە بەخێرایی لەگۆڕاندایە.
کەواتە لە ژینگەیەکی وادا دابەشبوونی کورد تەنها لاوازی نییە، بەڵکو خۆ کوشتن و لەناوبردی کوردیشە!
- ئایا ئەم دابەشکردنی دەستەڵاتە لە کەرکوک، دیارییەکە بۆ ئەردۆغان؟
هەندێک دەڵێن ئەمە بۆ ئەردۆغان و تورکیا دیارییەکە، بەڵام واقیعەکە لەوە زۆر بەئازارترە: چونکە ئەمە تەنها دیارییەکی سحری نییە بۆ ئەردۆغان، بەڵکو ئەمە بەرهەمی دەرئەنجامی دابەشبوونی کوردە!
وە لە جیۆپۆلەتیکدا تەنها یەک یاسا جێبەجێ دەکرێت، ئەویش: ئەگەر پێگەی خۆت لاواز بکەیت، ئەوا هەل بە کەسێکی تر دەدەیت، کە دەستکەوتەکانی تۆ بچنێتەوە و بیقۆزێتەوە و دواڕۆژی خۆی پێ دیاری بکات! کەواتە دەستکەوتە لەناوچووەکانی کورد، لەم بارەدا دەچێتە خانەی دیاری و بیرکردنەوەی سیاسەتی ڕەگەزپەرستی ئەردوغانیشەوە!
- ئایا کەرکوک و مانگی دەستکردی سیاسیەکانە؟ یان ئاوێنەی خەڵکی کەرکوکە؟
تۆبڵێی کەرکوک لەلایەن خەڵکەوە بەڕێوەببرێت؟ یان بۆتە مانگە دەستکردەکان بۆ سیاسیەکان و بەئارەزوی خۆیان بەڕێوەی دەبەن؟
مەبەستم لە (مانگی دەستکرد) ئەو حزبانە یان سەرکردانەیە کە زیاتر گوێ لە دەسەڵاتە دەرەکییەکان دەگرن! یان لە بەرژەوەندی خۆیەوە مامەڵە دەکەن، لەجیاتی بەرژەوەندی بەرزی نەتەوایەتی! ئەگەر بڕیارەکان بەبێ پشتیوانی زۆربەی کورد بدرێن. ئەوا شارێکی وەک کەرکوک هێواش هێواش گرنگی خۆی لەدەست دەدات! تەنانەت ئەگەر لە ڕووی جوگرافییەوە، زۆربەی دانیشتوانی کوردیش بن!
لێرەدا ئاوێنە ڕاستەقینەکە ئەوەیە کە خەڵکی کەرکوک و کۆمەڵگەش زۆر ئاسانە ئاماژە بە دوژمنانی دەرەوەیان بکەن، وەک تورکیا یان ئێران یان وڵاتانی تر، بەڵام ئاوێنەکەی کەرکوک شتێکی تر پییشان دەدات!
لێرەدا و لەمێژوودا مەترسیە ڕاستەقینە تەنها لە دەرەوە نایەن و نەهاتووە، بەڵکو لە ناوەوەش دەست پێدەکات و ڕەگی هەیە! ئەوەش کاتێک دەبینرێت کە حزبەکان لەباتی پێکەوەکارکردن، شەڕ لەگەڵ یەکتر دەکەن، کاتێکە کە بەرژەوەندی و گرێبەستە کورت خایەنەکان بۆ ئەوان، گرنگتر دەبن لە گرنگی بەرژەوەندی نەتەوەییە درێژخایەنەکان! ئەوکاتەش دابەشبوون دەبێتە دەگایەک بۆ دوژمنان و هێرشە ناڕاستەوخۆکانی ئەوان!
- ئاخۆ کورد پێویستی بە چی بێت؟
بە بۆچونی من داهاتووی کورد پەیوەستە بەم هەنگاوانەی خوارەوە:
- پێکەوەکارکردن و هاوکاری نێوان لایەنەکان.
- بیرکردنەوە بۆ بەرژەوەندیە درێژخایەنەکان.
- بەهێزکردنی دامەزراوەکان.
- کاری سەرکردایەتی، ئەوەیە کە دەبێت بەرژەوەندی کورد لە پێش هەموو شتێکەوە بێت.
وە یەکگرتووییش بەو مانایەش نییە کە هەمووان وەک یەک بیر بکەنەوە، بەڵکو هەمووان یەک ئامانجیان بۆ داهاتووی کورد هەبێت.
کەواتە ئەو کارەساتەی کەرکوک تەنها دابەشکردنێکی ئاسایی پۆست نییە! بەڵکو تاقیکردنەوەیەکە، ئەویش نەک تاقیکردنەوەی هێزی کورد بەرامبەر بە دوژمنان، بەڵکو تاقیکردنەوەیەک، بۆ یەکگرتوویی لە نێوان حیزبە کوردیەکاندا!
کەواتە لێرەدا پرسیارەکە ئەوە نییە، کێ لەم کارەدا سوودمەندە بوو لە کەرکوک؟
بەڵکو پرسیارەکە ئەوەیە، بۆچی دەبێت ئەمە ڕووبدات؟
وە لەو پرسیارەش گرنگتر ئەوەیە، ئاخۆ حیزبەکان چی لەم تاقیکردنەوەیە فێر دەبن؟ وە دەبێت چی بکەن یان چی نەکەن بۆ داهاتوو؟
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان











