ئاخۆ کاتی ئەوە هاتووە کە سەرکردەکان بە ئاشکرا باوەش بۆ ئیسرائیل بکەنەوە؟
11/05/2026, 23:14 (GMT+1)

- ئاخۆ کەی ترس و بێ دەنگی بخەینە ژێر پێی بەرژەوەندی نەتەوەییەوە؟
- ئاخۆ درۆی داگیرکەران هەر فەلەستینە؟ یان ئەوە وەک بیانوویەک بەکاردەهێنن؟
- ئاخۆ کورد و ئیسرائیل دوو هاوپەیمانی سروشتی بن؟
- ئاخۆ هۆکاری ڕاستەقینەی هیستریای ڕژێمەکان چی بێت؟
- ئاخۆ شکستی سیاسەتمەدارانی کورد لەم بارەدا چی بێت؟
- کەواتە سیاسەتمەداران پێویستە چی بکەن؟
- ئاخۆ ئەمڕۆ شانسێک بۆ کورد هەیە کە ناتوانرێت دوابخرێت؟
-----
- ئاخۆ کەی ترس و بێ دەنگی بخەینە ژێر پێی بەرژەوەندی نەتەوەییەوە؟
لە کاتێکدا نزیکەی زۆربەی ووڵاتە عەرەبیەکان و ئیسلامییەکانی وەک تورکیا پەیوەندییەکی ئاشکرایان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە و ئەوپەیوەندیاش باش دەپارێزن، بەڵام سیاسەتمەدارانی کورد گیریان خواردووە لە ترس و بێدەنگی و دووڕووییدا بۆ ئەو پەیوەندیە ئاشکرایە!
ئەوەش لەئێستادا ستراتیژی نییە! چونکە هەموو ناوچەکە دەکوڵێت و لە گۆڕاندایە! بەڵکو ئەوە خۆبەدەستەوەدانە.
چونکە ئەمڕۆ ئوردن و میسر و وڵاتانی کەنداو و مەغریب و سودان و تورکیا و تەنانەت سوریا لە دەرگای پشتەوە، پەیوەندی دیپلۆماسی و سەربازی یان ئابووری لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە!
کەسیش بە (خائین) ناویان نابات و کەسیش هەڕەشە لە مافی بوونی ئەوە پەیوەندیە ناکات. کەسیش ناوێرێت ئەو ماف و شەرعیەتەیان بخاتە ژێر پرسیارەوە!
بەڵام هەرکات کورد هەرئەوەندەی بە ئاراستەی ئیسرائیل هەناسەیەک بدات، ئەوا هەمان ژەهری کوشندە دەڕژێت و ئاوازە کۆنەکان دەنگ دەدەنەوە، ئەویش:
- کوردستان ئیسرائیلی دووەمە!
- ئازادی لە کوردستاندا پیلانی زایۆنیستەکانە بۆ تێکدانی برایەتی دینی!
- ئەو هەنگاوانەی بەرەو ئیسرائیل دەچێت، حەرامە!
ئەم بیانوانەش باسێک یان مەناقەشەی ئایینی نییە. بەڵکو ئەمە ترسە لە دەسەڵاتی داگیرکەرانی کوردستان و هەندێک لە پیاوانی ئاینی کوردیش، چونکە هەندێکیان ئەڵقە لەگوێی خەلیفە ئەردۆغان یان عەمامەبەسەرەکانن!
- ئاخۆ درۆی داگیرکەران هەر فەلەستینە؟ یان ئەوە وەک بیانوویەک بەکاردەهێنن؟
با ڕاستگۆ بین:
ئەو ڕژێمانەی کە بە دەنگی بەرز دژی ئیسرائیل هاوار دەکەن، هەر خۆیان جار و بار خیانەتیان لە فەلەستین کردووە!
ئەو ڕژێمانەش ئازار و نەهامەتی فەلەستینییەکان بەکاردەهێنن نەک بۆ یارمەتیدان و لایەنگیریان، بەڵکو وەک چەکێک لە دژی ئەوانی تر بەکاری دەهێنن، بۆ نمونە دژی ئیسرائیل و دژی کورد و دژی هەر بزووتنەوەیەک کە هەڕەشە لە دەسەڵاتەکەیان دەکەن!
- کوردەکان هەرگیز فەلەستینیان بۆردومان نەکردووە!
- کوردەکان هەرگیز فەلەستینیەکانی برسی نەکردووە!
- کوردەکان هەرگیز دۆزی فەلەستینیان بۆ نەوت و چەک و گرێبەستیش نەفرۆشتووە!
کەواتە بۆچی کورد بە بارمتە بگیرێت بۆ دووڕوویی دەستەڵات و ڕژێمەکانی دراوسێ و و گروپە ئیسلامیەکانی تر؟
- ئاخۆ کورد و ئیسرائیل دوو هاوپەیمانی سروشتی بن؟
کورد و ئیسرائیل هاوپەیمانی سروشتین، نەک لەبارەی ڕۆمانسیەتەوە. بەڵکو لە واقیعدا چونکە:
- کورد و ئیسرائیل خۆیان، ئەکتەری توندڕەوی و دکتاتۆریان تێدا نییە، بەڵام لە ناوچەیەکی توندڕەو و دکتاتۆری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەژین!
- کورد و ئیسرائیل بە کۆمەڵە دەوڵەتێک دەورە دراون کە نکۆڵی لە بوونیان دەکەن!
- کورد و ئیسرائیل لە بەرگریکردندا لە خۆیان تەنها پشت بە خۆیان دەبەستن نەک بەڵێنی پووچ و خەیاڵ پڵاوی دوای مردن!
- کورد و ئیسرائیل لە ڕووی پێکهاتەییەوە و لە مێژوودا زۆرجار لە لایەن (دەسەڵاتە گەورەکانەوە) خیانەتیان لێ کراوە.
- کورد و ئیسرائیل باوەڕیان بە فرەیی و پەروەردە و مۆدێرنە، هەرچەندە تا ڕادەیەک، ئەوە کەمیش بێت! کەواتە ئەمانە ئایدۆلۆژیا نین، بەڵکو ئەمە جۆرێکە لە مانەوەیە!
- ئاخۆ هۆکاری ڕاستەقینەی هیستریای ڕژێمەکان چی بێت؟
ڕژێمە عەرەبیەکان و ئیسلامیەکان لە پەیوەندی کورد و ئیسرائیل ناترسن، چونکە بەبۆچونی ئەوان، لەوانەیە پەیوەندیەکی بێ ئەخلاقی نا دینی بێت، بەڵام ئەوان لەو پەیوەندیە دەترسن، چونکە پێشینەیەک بۆ ئەوان دادەنێت کە ئەویش:
میللەتێکی بێ دەوڵەت داوای مۆڵەت لەکاس ناکات کاتێک دەیەوێت شەریکێک یان هاوپەیمانێک هەڵببژێرێت، بەڵکو بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی دەکات!
هەر ئەوەشە کە بۆ ڕژێمە تاکڕەو و ئیسلامیەکان ئەو پەیوەندیە زۆر کوشندەیە!
- ئاخۆ شکستی سیاسەتمەدارانی کورد لەم بارەدا چی بێت؟
دەبێت ئێمە ڕاستیەکان بڵێین:
سیاسەتمەدارانی کورد بۆ ماوەیەکی زۆر درێژ، لەترسا
پەیوەندی نهێنیان هەڵبژاردووە، لەجیاتی پەیوەندی دیپلۆماسی ئاشکرا و ڕوون و کراوە!
کەواتە لەم بارەدا سیاسەتمەداران ترس و دڵەڕاوکێیان هەڵبژاردووە لەجیات سەرکردایەتییەکی بەهێز و چاونەترس و خۆڕاگر بۆ بەرژەوەندی بەرز و باڵای نەتەوەیی!
هەندێک لە سیاسەتمەداران لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە چرپە دەکەن لەسەر بابەتێک کە ناوێرن بەئاشکرا بە گەلانی خۆیان و بە جیهانیش بڵێن! بەڵام بە بۆچونی من، ئەوەش ووریایی و ئازایەتی و جورئەت نییە، بەڵکو ئەوە ترسنۆکییەکی سیاسی بێ دەنگە! ئەوەش وا لە دەستەڵاتداران و کۆمەڵگەش دەکات کە بێ هێز و بێ بەها بنوێنن و حسابیان بۆ نەکەن لە کاتی پێویستدا!
ئەو سیاسەتمەدارانەی کە هەمیشە لە کەسێک یان ڕژێمێک یان داگیرکەران دەترسن، کە داوای مافی ڕەوای گەلەکەیان بە ڕونی و بەئاشکرا بکەن و ناوێرن هەنگاوی ئاشکراش بنێن! ئەوا لەوانەیە لە کاتێکی ناهەمواردا کۆتایی بە سیاسەتەکەیان بهێنن و لەوانەشە دەستەڵاتیش بەجێ بهێڵن لەکاتی تەنگانەدا بە بێ دۆست و بێ هاوپەیمانیش بمێنێتەوە!
کەواتە سیاسەتمەداران پێویستە چی بکەن؟
١ - شەفافی و وازهێنان لە پەیامی نیمچە تەواو و نیوە ڕستەییەکان! کەواتە با پەیامەکان بەڕونی و بە کورتی و بەکورد و بە دەنگی بەرز بێت و بیڵێن: کورد مافی خۆیەتی پەیوەندی وپێکەوەکارکردن و هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیلدا بکات.
٢ - با لەسەرەتادا ئەو پەیوەندیە بە دیپلۆماسی گشتی دەست پێ بکەن وەک لەبواری پەروەردە و تەکنەلۆژیا و بەڕێوەبردنی ئاو و چاودێری تەندروستی. بەمەش پیشانی هەموو جیهان بدە کە ئەم پەیوەندیە بۆ هاوکارییە بۆ ژیان و خۆشگوزەرانی و ئاسایش نەک بۆ شەڕ و ووێرانکاری!
٣- پێویستە لەم کاتەدا و باشور و ڕۆژئاڤا کە نیمچە سەربەخۆن یەک دەنگی کورد هەبێت و هیچ لێدوانێکی دژبەیەک لە هەولێر و قامیشلۆ و سلێمانییەوە نەبێت، چونکە دابەشبوون وا دەکات کە کورد تووشی ڕەشەکوژی و ئەنفال بکات و کوردستانیش ووێران بکات !
٤ - ڕێزگرتن لەکورد بوون و خۆشەویستی و پیرۆزی بۆ کوردستان چونکە گەلێک کە ژمارەیان لە ٤٠ ملیۆن مرۆڤ زیاترە و سەدان هەزار چەکداریان هەیە و وە بەخوێنی خۆشیان هاوکاری جیهانیان کردووە بۆ تێکشکاندنی توندڕەوەکانی وەک داعش، پێویست ناکات داوای مۆڵەتی ئەخلاقی لە ڕژێمە شکستخواردووەکان بکات.
- ئاخۆ ئەمڕۆ شانسێک بۆ کورد هەیە کە ناتوانرێت دوابخرێت؟
کورد لەبەردەم هەڵبژاردەیەکی مێژووییدایە:
- یان وەک دامەیەکی شەترەنجی بەسوود دەمێننەوە کەلەکاتی پێویستدا بۆ بێگانە شەڕ بکات و خۆشەویست بێت لای ئەوان! بەڵام لەکاتی ئاشتیدا لەبیرکراو بن و بەجێی بهێڵرێن هەتا لەلایەن دڕندەکانەوە بخورێن؟
- یان دەبێت ببنە ئەکتەرێکی سیاسی جددی و بتوانن خۆیان بڕیاری هاوپەیمانی ئاشکرا بدەن لەگەڵ زلهێزەکان و ئیسرائیلدا، چونکە نە ئیسرائیل چاوەڕوان دەکات و نە ناوچەکە و نە مێژووش چاوەڕوانی کورد دەکات!
واتە هەرکەس و لایەنێک بێدەنگ بێت، ئەوا بێلایەنی هەڵنابژێرێت، بەڵکو پەراوێزخستن هەڵدەبژێرێت.
کەواتە کاتی ئەوە هاتووە سەرکردەکانی کورد واز لە چرپەچرپ کردن و بەرژەوەندی کاتی و کەسی بهێنن.
ئێستا کاتی دەست پێکردنی وتوێژی ئاشکرایە و بە دەنگی بەرز و بەبێ ترس و بەبێ شەرم هاوپەیمانی ڕاستەقینە هەڵبژێرن کە خزمەتی بەرژەوەندی نەتەوەیی کورد بکات!
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان











