<

من هەڵوێستم هەیە، کەواتە من هەم (بەشی یەکەم)

10/06/2026, 22:57 (GMT+1)
لە کۆتایی وتاری پێشوومدا(چەند سەرنجێک سەبارەت بە خۆمان)، باسی هەڵوێستم کردووە، کە نیشانەی زیندوویی مرۆڤە. لێرەدا درێژتر باسی ئەو بۆچوونە تیۆرییەی خۆم دەکەم و هێدی هێدی ناوبەناو دێمەوە سەریی و لەسەری دەنووسم.
" من هەڵوێستم هەیە، کەواتە من هەم" هزر و بیرکردنەوەی خۆمە و خوازراو نییە و لە پێویستییە زۆرەکانی نەتەوەکەی خۆمەوە هەڵمهێنجاوە بەپێی توانای بیرکردنەوە و سەرنجەکانی ئەزموونگەریی خۆم کە لام کەڵەکە بوون و لەم ڕوانەگە تیۆرییەمدا ڕۆڵی گرنگ دەگێڕن. من لەو باوەڕەدام لێکۆڵینەوەیەکی زانستی لە دوورترین و تەریکترین گوندی کوردستاندا، ئاوێنەیەکی ڕوونترن بۆ کۆمەڵگاکەم، لە باسوخوازی تیۆرییەکی زۆر بەناوبانگی جیهانی، کە لە گوندێکی وڵاتێکی شارستانەتی ئەمڕۆدا ئەنجامدراون. ئەم دوو لیکۆڵینەوەیە، یەک هاوبەشییان هەیە کە زۆر بە سوودە، "بەراوردکردن"، یەکێکیان دەتوانێ چرای ڕێنمایکردنی پلاندانای ئەوی تریان بێت، یان بە هەڵبژاردن لە هەردوو لێکۆڵینەوەکان، نموونەیەکی گونجاو بەدەست بێت. ئەگەر لێکۆڵەرەکە زانا و دانا و ئەڤیندار بێت. زانا بە کارەکەی خۆی، دانا بە شوێنەوار و دیاردەکانی سەردەمەکەی و ئەڤیندار بەوەی کە دەیەوێ ئەنجامی بدات.
من هەڵوێستم هەیە، کەواتە من هەم! واتە زیندووم، کە ئەگەر هەڵوێستم نەبوو، وەک ئەوەیە کە وجوودم نەبێ!
لێرەوە من چەمکی "بوون" لە بازنەی "بیرکردنەوەی تیۆری" یەوە دەگوێزمەوە بۆ بازنەی (کردار و بەرپرسیارێتی)، وەک کوردێک ناتوانم (ببم)، ئەگەر هەر بەتەنیا بیر لە کوردبوونم بکەمەوە، بەڵکو کاردانەوەکانم ( بیرکردنەوە+کردار= هەڵوێست) بوونێکی نوێ بە من دەدات کە کاریگەربم بەرانبەر بەوەی کە ڕوودەدات، خراپ یا چاککردنی. " من هەڵوێستم هەیە، کەواتە من هەم! ڕەنگە لە ڕووی فەلسەفییەوە ڕاڤەی جودای بۆ بکرێت:
• جیاوازی لە نێوان "ژیان" و "بوون" دا
ئەم بیرۆکەیە هەنگاوێک زیاتر(لەهزرکردن) دەچێتە پێشەوە و ڕۆڵی بیرکردنەوە بەرجەستە دەکات بەوەی لە کردارێکی فیزیکی- کیمیکی مێشکەوە، دەیگوازێتەوە بۆ داهێنان، خوڵقاندن و ئەنجام بەدەستهێنان، چوونکە مرۆڤ تەنیا بە خواردن و خواردنەوە و هەناسەدان (ژیانە بایۆلۆجیییەکەی) نابێتە خاوەن وجوودێکی ڕاستەقینە. بوونی مرۆیی، کاتێک دەستپێدەکات کە: مرۆڤ دەبێتە خاوەن نرخ، پرێنسیب و هەڵوێست بەرانبەر بە دادپەروەری، ڕاستی، نادروستی و چۆنێتیەکی چاکی ژیانی هاوبەشدا. خۆ دەرخستن و دەرکەوتن بە هەڵوێست وەرگرتن، بۆ ڕاستکردنەوەی خواریی و لارییەکان، بەجۆریک لە ژیانێکی هارمۆنی هاوبەشدا، کە ژیانی گشت بگرێتەوە. بێهەڵوێستیش، مرۆڤ دەکاتە تەنیا تەماشاکەرێکی بێدەنگ لە سەر شانۆیی ژیاندا، وەک ئەوەی تەنیا ژمارەیەک بێت لە ئامارەکاندا یا بۆشاییەکەی بۆماوەیەک لە گەردووندا داگیرکردبێت، نەک بکەرێکی کاریگەر لەسەر ڕووداوەکان کە خۆی ڕوودا و بەرەو چاککردن بخوڵقێنێ.
• لە ڕووی فەلسەفەی بوونگەرایییەوە  
مرۆڤ تەنیا بەوە نابێتە مرۆڤ کە لەدایک دەبێت، بەڵکو مرۆڤ هاوبەشی ئەوەیە کە خۆی، خۆی دروست بکات لە ڕێگای ئەو بڕیار و هەڵوێستانەی کە دەیاندات و وەریاندەگرێت، واتە تۆ ئەو کاتە بەشداریت لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆت و دەوروبەرەکەتدا، کاتێک کە خاوەن هەڵوێست بیت. بێهەڵوێستی یا بێلایەنی لە کاتی پێویستدا، جۆرێکە لە خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتیی "بوون"، بوونیش بەو کاریگەرییەی کە لەسەرەوە باسم کرد( هەڵوێست وەرگرتن)، مرۆڤەکە دەکاتە بوونەوەرێکی زیندووی بەرپرسیار لە ژیانی کۆمەڵگەدا.
• بەهای هەڵوێست
هەڵویست وەرگرتن، هێندە جوان و کاریگەرە، کە زووربەی جاران کاردانەوەی دژ دروست دەکات، ڕووبەڕووی ڕەخنە و تاوانبارکردنیش دەبێتەوە، چوونکە هەڵوێست وەرگرتن پێویستی بە بوێری و ئازایەتی هەیە، کاتێک کە من دەڵێم: "هەڵوێستم هەیە، کەواتە هەم"، بانگی بە ئازادی بیرکردنەوەی خۆم دەدەم کە دەمەوێ "بوون" ێک بۆ خۆم دروست بکەم، کاریگەر لەسەر ڕوداوەکان و بڕیاردەر لەسەر چارەنووسی کۆمەڵگاکەم و مرۆڤایەتی، واتە بە هەڵویستەکانم، بوونێکی زیندووم هەبێت، لاشەیەکی مردوو نەبم، وەک تاکێکی ناو مێگەلەکە، بیرم بۆ بکەنەوە و ڕێگاکەم ئەوانی دی دیاری بکەن، من بە‌ هەڵوێستەکانم، بەها و نرخ دەدەم بە مرۆڤبوونم، بە کوردبوونم و بەوەی کە دەیکەم، چوونکە هەڵوێستم هەیە بەرانبەر بە خواریی و لارییەکان و ئەگەر پێویست بکات، لە بنچینەوە، ڕووداوەکان دادەڕێژمەوە، من لەناو هەڵوێستەکانمدا گەشەیەکی سرووشتیی " بوون" ی خۆم دەکەم.
لە نێوان " بوون" وەک جەنگاوەرێکی ناو "سپای ئازادی کوردستان" دا و "چەکبەشانی دەرگاوانی ماڵی بەرپرسێکی حیزبی" دا، کە هەردووکیان کوردن، من مێداڵی "كوردێکی شەرافەتمەند" دەکەمە گەردنی جەنگاوەرەکە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست