<

لە نێوان ئەفیونی (کۆمەڵگەی دیموکراتی) ئاپۆچییەکان و واقیعی دڕندەیی تورک

19/06/2026, 23:22 (GMT+1)
لە کاتێکدا کێشەی کورد لە باکووری کوردستان لەبەردەم گەورەترین تاقیکردنەوەی مێژوویی و قەیرانی بووندایە، زۆرجار گوێمان لە پاساوهێنانەوەیەکی سەیر دەبێت لەلایەن شوێنکەوتوانی فەلسەفەی ئاپۆییەوە. ئەوان بۆ پاساوهێنانەوە بۆ وەستانی خەبات یان چوونە ناو پرۆسەی ئاشتییەوە بەبێ دەستکەوتی نەتەوەیی، پەنا دەبنە بەر بەراوردکردنێکی ڕووکەشانە لەگەڵ شۆڕشەکانی جیهان، بەتایبەتی شۆڕشی ئیرلەندای باکوور (سوپای کۆماری ئیرلەندی - IRA)، دواتر بە لۆژیکێکی سەیر دەگەنە ئەو ئەنجامەی، گوایە پارادایمەکەی ئەوان ڕێگە نادات کارەساتەکانی ئیرلەندا لە کوردستان دووبارە ببنەوە!
با بە وردی ئەم پاساوە لۆژیکییانە هەڵوەشێنینەوە و بزانین چەواشەکارییەکە لە کوێدایە
1- وەهمی (کۆمەڵگەی دیموکراتی)  وەک چارەسەری ئەفسانەیی، کە هەرگیز نایەتە دی!
ئاپۆچییەکان دەڵێن: لە ئیرلەندای باکوور لەبەر ئەوەی دوای ئاشتی، کۆمەڵگەی دیموکراتی بونیاد نەنرا و دادپەروەری نەبوو، گەنجان دوای شەڕ ڕوویان لە خۆکوشتن و خەمۆکی کرد. بەڵام لە کوردستان وا نابێت، چونکە پەکەکە زیاتر لە 35 ساڵە خەریکی بونیادنانی کۆمەڵگەی دیموکراتی و کوشتنی غەریزەی دەسەڵاتخوازییە!"
لێرەدا پێویستە بپرسین: ئەم (کۆمەڵگە دیموکراتییە)ی کە باس دەکرێت، لە کوێی جیهاندا بونیاد نراوە؟ ئایا کۆمەڵگەیەک کە ڕۆژانە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە زمان و کولتووری قەدەغە دەکرێت، شارەوانییەکانی لێ دەسەندرێتەوە و بە دەیان هەزار گەنجی لە زیندانەکانداندا توند دەکرێت، ئایا دەتوانێت بە تەنها لە ڕێگەی (دروشمی حیزبی و پەروەردەی ئایدۆلۆژی)یەوە خۆی بپارێزێت و تووشی ڕووخانی دەروونی نەبێت؟
ئیرلەندییەکان کاتێک چەکیان دانا، لە بەرامبەردا ڕێککەوتنی (هەینیی جەژن - Good Friday Agreement)یان بەدەستهێنا، کە تێیدا بەریتانیا بە فەرمی دانی نا بە مافی چارەی خۆنووسینی ئیرلەندییەکان و مافی ئەوەی خۆیان بڕیار لەسەر مانەوە لەگەڵ بەریتانیا یان یەکگرتنەوە لەگەڵ کۆماری ئیرلەندا بدەن. ئایا دەوڵەتی تورک بەراورد دەکرێت بە بەریتانیا، کە  بچووکترین دانپێدانانی سیاسیی بە کورد نەناوە، تا ئاپۆچییەکان خەریکی بونیادنانی (کۆمەڵگەی دیموکراتی) بن؟ ئەمە لە کاتێکدایە، کە گەنجی کورد دەگەڕێتەوە ماڵەوە بێ دەوڵەت و بێ قەوارەیە، چۆن دەتوانێت بە (کوشتنی پیاوێتی و غەریزەی دەسەڵات) خۆی قایل بکات لە کاتێکدا داگیرکەرەکەی ڕۆژانە دڕندەتر دەبێت؟
2- گواستنەوەی شۆڕش: یارییەکی جوگرافیی مەترسیدار
یەکێکی تر لە پاساوە زۆر سەیر و سەمەرەکانی ئاپۆچییەکان ئەوەیە کە دەڵێن: (خاڵێکی گرنگ کە بزاڤی ئێمە جیادەکاتەوە لە جیهان ئەوەیە کە، بەهۆی دابەشبوونی جوگرافیای کوردستانەوە، گەریلاکان دەتوانن لە سایەی ئاگربەست لە تورکیا، لە ڕۆژهەڵات (ئێران) سەردەربهێنن و لەوێش قەوارەیەکی وەک ڕۆژئاوا دروست بکەن!)
ئەم لۆژیکە لە ڕووی سیاسی و ستراتیژییەوە کارەساتێکی گەورەیە. ئایا خوێنی گەنجی کورد ئامرازێکی گەشتیارییە بۆ ئەوەی لە پارچەیەکەوە بیگوێزیتەوە بۆ پارچەیەکی تر بەبێ ئەوەی لە پارچەی یەکەمدا هیچ دەستکەوتێک مسۆگەر بکەیت؟
کاتێک تۆ لە باکوور (کە لانکەی سەرەکیی شۆڕشەکەتە) چەک دادەنێیت بێ ئەوەی دەوڵەتی تورک دێڕێک لە دەستوورەکەی بۆ کورد بگۆڕێت، و پاشان هێزەکانت دەبەیت بۆ ڕۆژئاوا یان ڕۆژهەڵات بۆ دروستکردنی (ستاتۆیەک)، ئایا ئەمە ئەو واتایە ناگەینێت، کە گۆڕەپانی سەرەکی بۆ دوژمنەکەت چۆڵ دەکەیت؟!
لە لایەکی تریشەوە، ئایا دەوڵەتی ئێران (کە خاوەنی یەکێک لە دڕندەترین سوپاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە)، چاوەڕێ دەکات گەریلا لە باکوورەوە بێت و ڕۆژئاوایەکی تری بۆ دروست بکات؟ ئەم تێڕوانینە، مامەڵەکردنە لەگەڵ خوێنی مرۆڤی کورد وەک (سوتەمەنییەک کە ئاپۆچییەکان نییە، لە نێوان پارجەکانی دیکەی کوردستاندا هاتوچۆی پێدەکەن، تەنهارابواردنە بە عەقڵی کورد و کێشە نەتەوەییەکەی)، کە بۆ شەڕێکی بێکۆتایی، نەک بۆ گەیشتن بە چارەسەر و دروستکردنی دەوڵەت یان قەوارەیەک.
3- (کوشتنی غەریزەی دەسەڵات وەک پاساوێک بۆ بێدەسەڵاتی)
لەناو ئەدەبیاتی ئاپۆییدا، چەمکی (کوشتنی غەریزەی دەسەڵاتدارێتی) وەک شانازییەک باس دەکرێت. بەڵام کاتێک ئەم چەمکە دەبەیتە ناو گۆڕەپانی سیاسەتی نێودەوڵەتییەوە، دەبێتە پاساوێک بۆ ڕازیکردنی خەڵک بە (بێدەسەڵاتی و ژێردەستەیی).
چۆن دەکرێت نەتەوەیەک کە زیاتر لە 50 ملیۆنە و هیچ سەروەرییەکی یاسایی نییە، خەریکی (کوشتنی حەزی دەسەڵات) بێت، لە کاتێکدا دراوسێکانی (تورک، فارس و عەرەب) ڕۆژانە بە موشەک و درۆن و دامەزراوەی هەواڵگری، دەسەڵاتی پەلامار دەدەن و خۆیان بەسەردا دەسەپێنن؟ تۆ کاتێک دەتوانیت واز لە دەسەڵات بهێنیت، کە سەرەتا ببیتە خاوەنی دەسەڵات! مرۆڤێک، کە هەرگیز لە ژیانیدا ئازاد نەبووە، چۆن دەتوانێت باس لە واز لە چێژ و خۆشییەکانی ژیانی مادی بهێنیت، کە نیتە و دەستبەرداری ژیانی ئازادی ببیت لە کاتێکدا نیتە؟
لە کۆتاییدا
بەراوردکردنی بزووتنەوەی کورد بە سوپای کۆماری ئیرلەندی، ئەگەر ڕاستگۆیانە بێت، دەبێت ئەو ڕاستییەمان پێ بڵێت: ئیرلەندییەکان وازیان لە خەباتی چەکداری هێنا چونکە (مافی سیاسی، یاسایی، و دانپێدانانی نێودەوڵەتی)یان لە بەریتانیا وەرگرت. بەڵام ئەگەر ئاپۆچییەکان بیانەوێت چەک دابنێن و بڵێن (ئێمە کۆمەڵگەی دیموکراتیمان هەیە بۆیە پێویستمان بە مافی سیاسی و دەوڵەت نییە)، ئەوە گەورەترین خۆخەڵەتاندن و خیانەتی مێژووییە.
ئەو شۆکە دەروونییەی کە نەوەی دوای جەنگ تووشی دەبێت، بە (پەروەردەی حیزبی) چارەسەر نابێت، بەڵکو تەنها بە بونیادنانی (دەزگای نیشتمانی، سەروەریی خاکی، و دڵنیایی یاسایی) چارەسەر دەبێت. هەر تیۆرییەک لە دەرەوەی ئەمە، تەنها فێل و ساختەکردنە لە کورد و مێژووەکەی، لەهەمانکاتدا شکستیەکی گەورەیە، کە لەژێر ناوی فەلسەفەدا دەیانەوێت خۆیان قوتار بکەن.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست