گەورەترین هەڵەی ستراتیژیی کورد لە مێژوودا
23/06/2026, 19:28 (GMT+1)

گەورەترین هەڵەی ستراتیژیی لە مێژووی کورددا، بەتایبەت دوای ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی و سەرهەڵدانی پارتە سیاسییەکان، ئەوە بووە کە لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکەراندا، بە پێچەوانەی تورک و عەرەب و فارس، خۆی وەکو (موسوڵمان) پێناسە کردووە لەبری ئەوەی پێناسەی نەتەوەیی پێش بخات. ئەم هەڵە کوشندەیە لەم خاڵانەی خوارەوەدا ڕوون دەکەمەوە:
1. لەبەر ئەوەی کورد خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی نییە، ئەمە راستییەکە پێویست بوو هەموو مامەڵەیەکی سیاسیی لەسەری بونیاد بنرایە.
2. داگیرکەرانمان هەموویان موسوڵمانن و خاوەنی دەوڵەتی خۆیانن، بە شێوەیەک ئەو وڵاتانەی کوردستانیان دابەشکردووە، بەناوی ئایین و دەوڵەتی ئیسلامییەوە شوناسی خۆیان بەسەر کورددا دەسەپێنن، بە پێچەوانەوە هیچیان وەکو کورد وابەستەی ئاین نیین.
3. کورد لەبەرامبەر داگیرکەر و دوژمنەکانییدا هەمیشە بۆ خاڵی هاوبەش گەڕاوە، ئەمەش گەورترین هەڵەی ستراتیژیی بووە، کە بۆتە هۆی ئەوەی بۆچی تا ئیستا کورد ئازاد و سەربەخۆ نییە و نەیتوانیوە دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی هەبێت، بۆیە نەدەبوو خاڵی هاوبەش لەگەڵ ئەوانەدا بۆ ئاشتی بدۆزێتەوە. ئەمەش لای کورد پاساوهێنانەوەیە بۆ ئاشتییەکی وەهمی و پێکەوەژیانێکی برایانە، کە هەرگیز بوونی نییە و نابێت.
4. نالۆژیکییە کە لەژێر دروشمی (ئێمەش وەکو ئەوان موسوڵمانین، ئینجا بەدوای خاڵی هاوبەش لەگەڵ داگیرکەردا بگەڕێت )، لە کاتێکدا داگیرکەر بە بچووکترین مافی نەتەوەیی و مرۆڤایەتیت ڕازی نییە. بەڵکو دەیەوێت بە تەواوی لەناو کەلتوورەکەیدا بتتوێنێتەوە و خاکی کوردستان بە موڵکی ڕەهای خۆی دەزانێت.
5. سروشتی خەباتی ڕزگاریخوازیی گەلێکی ژێردەستە تێکۆشانە بۆ ڕزگاریی یەکجاری، نەک سازشکردن و وازهێنان لە ئازادیی و سەربەخۆیی، ئەو ڕەفتارەش چەپەکان و کۆمۆنیستەکانی کورد ، لەگەڵ داگیرکەرانیدا ئاواتی پێدەخوازن..
6. مەترسیی بانگەشەی ئوممەتی ئیسلامی، بۆیە نابێت ڕێگە بەو ڕێکخراوە ئیسلامیانە بدرێت لە کوردستاندا کە پێچەوانەی داخوازییە سروشتی و نەتەوەییەکان کار بکەن، کە بانگەشە بۆ (یەکێتیی موسوڵمانان) دەکەن؛ چونکە هیچ دەوڵەت و سیستەمێکی ئیسلامی ئامادە نییە بچووکترین مافی نەتەوەیی بە کورد ڕەوا ببينێت.
7. ڕۆڵی ئەرێنیی زانا ڕەسەنەکانی کورد، کە لە ڕابردوودا، زانا و پیاوە ئایینییە گەورەکانی کورد (وەکو مەحوی، مەولەوی، کاک ئەحمەدی شێخ و شێخ مەعشووق) پارێزەری ناسنامەی نەتەوەیی بوون و خاڵی هاوبەشیان لەگەڵ خەمی نەتەوەکەیاندا بووە.
8. مەترسیی سەلەفییەتی سەردەم، ئەمیش سەلەفییە خائینەکانی ئەمڕۆیە کە پێچەوانەی ئەو زانا ڕەسەنانەی کورد ڕەفتار دەکەن و دەیانەوێت ئەو میراتە نەتەوەییەی ڕابردوو هەڵبوەشێننەوە، ئەمەش کورد بەرەو لەناوچوون و توانەوە دەبات.
9. هۆکاری مانەوەی کورد و مەترسییە ئایدیۆلۆژییەکان:، کە وای کردووە کورد تا ئەمڕۆ بمێنێتەوە بە پێچەوانەی زۆر لە نەتەوەکانی دیکەی ناوچەکە، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەت و هەڵوێستی دروستی ئەو پیاوە ئایینییە ڕەسەنانەی ڕابردوو، کە ڕێگەیان نەدا ئایین ببێتە ئامرازی سڕینەوەی نەتەوە. بەڵام لە مێژووی هاوچەرخدا، کارەساتێکی تر بەرۆکی کوردی گرتووە؛ ئەویش ئەوەیە کە (کۆمۆنیستە کوردەکان) و (ڕەوتە ئیسلامییەکان) لە خاڵێکی کوشندەدا یەکدەگرنەوە. ئیسلامییەکان مژدەی(بەهەشتێکی دوای مردن) بە کورد دەدەن و کۆمۆنیستەکانیش باس لە (بەهەشتێکی پێش مردن) دەکەن. هەردوو ئاراستەکە بەم مژدە وەهمییانە، تاکی کوردیان چەواشە کردووە و هۆشیاریی نەتەوەییان سڕ کردووە بۆ ئەوەی بەها بۆ خاک و نیشتمان نەهێڵنەوە. لە ئەنجامدا، لەلایەک کۆمۆنیستەکان خەبات و تێکۆشانی نەتەوەیی کورد بەناوی (مرۆڤایەتییەکی وەهمی)یەوە بەلاڕێدا دەبەن، لەلایەکی تریشەوە ئیسلامییەکان وا لە تاکی کورد دەکەن دەستبەرداری خاک و موڵکی خۆیان ببن بۆ داگیرکەران، بەو پاساوەی کە گوایە خودا لەو دنیا هەموو مافێکیان دەداتێ و هەموو خۆشییەک لەو دنیا وەردەگرنەوە، ئەمەش وەهمی (برایەتیی گەلان)ـــە
چەمکی (برایەتیی گەلان)یش بۆ کورد چەمکێکی هەڵە و کوشندەیە. کاتێک کورد دەڵێت (گەلان برامانن)، تەنیا مەبەستییان گەلانی داگیرکەرە (تورک، عەرەب و فارس). لە واقیعی سیاسیدا، ئاغا و گزیر نابنە برا، هەڵۆ و کۆتر نابنە دۆست، هەروەها گورگ و مەڕیش نابنە هاوڕێی یەکتر.
بە هەمان لۆژیک، کورد نابێتە برای هیچ نەتەوەیەکی داگیرکەر. ئەوەی پێچەوانەی ئەم ڕاستییە بیر دەکاتەوە و بڕوای بەم برایەتییە هەیە، لە ڕووی دەروونییەوە پێویستی بە هەڵسەنگاندنە، بۆ ئەوەی گرێی خۆبەکەمزانین و هۆکاری لاوازیی کەسایەتییەکەی لەبەرامبەر داگیرکەردا ڕوون ببێتەوە.
کلیک لەسەر ئەمەی خوارەوەش بکەن:
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان











