ئاخۆ کوشتن لەسەر شەرەف و جیابونەوە، تاوانێکی کلتوری و مێژووی و ئاینییە؟
18/06/2026, 13:07 (GMT+1)

- ئاخۆ کوشتنی (کەوسەر بەشار حسێجاوی) لەسەر شەرەف، تاوانە یان ئاهەنگە؟
- ئاخۆ جیابونەوەی هاوسەرەکان کێشەی ڕاستەقینەیە؟ یان هۆکارەکانی پشتەوەی؟
- ئاخۆ هاوسەرگیری وەک ( برغوو سەمونە) وایە، دەبێت بگونجێن؟ یان دەگۆڕێت بۆ شەڕێکی بێدەنگ؟
- ئاخۆ منداڵان چۆن باجی گەورەی جیابونەوەی هاوسەرەکان دەدەن؟
- شەرەفی خێزان یان بەختەوەری هاوسەرەکان؟
- ئاخۆ کاری قوتابخانەکان ئەوەیە کە گەنجان فێری بیرکاری و مێژوو و زمان بکەن؟ یان بۆ بوارە جیاوازەکانی ژیانە؟
--------------------------------
- ئاخۆ کوشتنی (کەوسەر بەشار حسێجاوی) لەسە شەرەف، تاوانە یان ئاهەنگە؟
لەم ماوەیەی ڕابردوودا کارەساتێک هەستی من و زۆربەی کۆمەڵگەی هەژاند، ئەویش کیژۆڵەیەکی تەمەن ١٥ ساڵ کە ناوی (کەوسەر بەشار حسێجاوی) بوو لە نەهرەوان کوژرا، چونکە ئەو کیژۆڵەیە نەیویستووە کە هاوسەرگیری لەگەڵ ئامۆزاکەی بکات!
ئەوەی کە جێگەی سەرسوڕمانە ئەوەیە کە خێزانەکەی بە کوشتنی ئەو کیژۆڵەیەوە نەوەستاون، بەڵکو دوای تاوانەکە ئاهەنگیان بۆ کوشتنەکە گێڕاوە و سەمایان بۆ کردووە، زۆربەی خەڵکیش ئەوەی لە سۆسیال مێدیادا بینی، چونکە ئەوان بە شانازیەوە ئەو کارە قێزنەونەیان بڵاوکردۆتەوە!
بە بۆچونی من، ئەمەش ڕووداوێکی نامۆ و تاوانێکی تاکەکەسی نییە! چونکە ئەمڕۆ لە عێراقدا بەیاسا، سزای کوشتن( بەناوی شەرەف)ەوە کەم کراوەتەوە، بۆ نمونە، هەروەک یەکێک لە یاسا ناسەکان جارێک باسی کرد و ووتی:
- مادەی ٤٠٩ سزاکە کەمدەکاتەوە ئەگەر کوشتنەکە بە (کوشتنی شەرەف) هەژمار بکرێت!
- وە لەوەش سەیرتر بەلامەوە لەم چەرخەدا ئەوەیە کەیاسای نوێی عێراق، ڕێگە بە کچانی تەمەن ٩ ساڵ دەدات کە هاوسەرگیری بکەن یان ڕاست بڵێم بەزۆر بە شوو بدرێن! ئاخۆ کیژۆڵەیەکی ٩ ساڵان، دەتوانێت هەتا جۆری یاری کردن بە بوکەڵەیەک هەڵبژێرێت؟ هەتا ئەو کیژۆڵەیە بتوانێت ڕێڕەوی ژیان و هاوسەرگیری بۆ خۆی هەڵبژێرێت و پەروەردەی منداڵان بگرێتە ئەستۆ؟
- ئاخۆ بۆچی ئەم کارەساتە ڕوودەدات؟
لەبەر ئەوەی هێشتا توێژێکی کۆمەڵگا هاوسەرگیریی منداڵان بە ئاسایی دەزانن، ئەمەش بنەمای پێشینە مێژوویی و ئایینییەکانی هەیە، هەروەک چۆن لە دەقە ئاینیەکانی ژیاننامەییەکاندا هەیە، کە عائیشە خێزانی پێغەمبەر لە تەمەنێکی زۆر بچووکدا هاوسەرگیری کردووە( ٦ ساڵاندا هاوسەرگیری کردووە و لە ٩ ساڵانیشدا کراوە بە ژن لە لایەن پێغەمبەرەوە)!
کاتێک دەقێکی مێژوویی سەدەی حەوتەم لە ساڵی ٢٠٢٦ دەبێتە یاسا، دەرئەنجامەکەی دەبێتە تاوان کردنی سەدەها کیژۆڵەی وەک(کەوسەر بەشار حسێجاوی).
من نامەوێت باسی ڕابردوو بکەم بۆ ئەوەی حوکم لەسەری بدەم، بەڵام باسی ئێستا دەکەم چۆن بتوانرێت کیژۆڵە کەم تەمەنەکان لە کوشتن بپارێزرێت، لە کاتێکدا کە ئەو کیژۆڵانە هاوسەرگیری ڕەتدەکەنەوە یان تێناگەن!
- ئاخۆ جیابونەوەی هاوسەرەکان کێشەی ڕاستەقینەیە؟ یان هۆکارەکانی پشتەوەی؟
لە زۆربەی کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زۆرجار تەڵاق وەک شەرمەزارییەک یان شکستێک یان تەنانەت وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر شەرەفی خێزانەکە سەیر دەکرێت!
وە هەر کاتێکیش هاوسەرگیری کۆتایی دێت، زۆرێک یەکسەر ئاماژە بە دەرئەنجامەکانی دەکەن، وەک دەمەقاڵە و دادگا و خێزانە هەڵوەشاوەکان و گەورەبوونی منداڵەکان لە نێوان دوو جیهانی نائارامدا، بەڵام بە دەگمەن خێزانەکان یان کۆمەڵگە دەوێرین بە ڕاستگۆیی سەیری ئەو هۆکارە قووڵانە بکەن کە لە پێش ئەو نەهامەتییەوە دێن!
ڕەنگە من و سەدەهای وەک من، بوێرین ئەم پرسیارە قورسە بکەین:
- ئایا تەڵاق خۆی کێشەیە؟ یان تەنها دەرئەنجامی ئەو کێشانەیە کە زۆر زووتر دەستیان پێکردووە؟
لە زۆربەی کەلتوری کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کچان و کوڕان بەزەحمەت هەلی ئەوەیان دەست دەکەوێت کە بەڕاستی یەکتر بناسن پێش هاوسەرگیری، چونکە زۆرجار پەروەردەی خێزانەکان و فشاری کۆمەڵایەتی و دەوڵەمەندی و ناوبانگ و نەریتە ئایینییەکان، هەڵبژاردن بۆ کوڕان و کچان دەکەن بۆ هاوسەرگیری و چۆنیەتی ژیان دیاری دەکەن!
لەو کاتەدا کە دوو کەس هاوسەرگیری دەکەن، زۆربەی کات بەزەحمەت کارەکتەری یەکتر و خەون و ترس و شێوازی گفتوگۆ و بیرکردنەوەی یەکتری دەناسن! ئەوەش وادەکات کە دوای هاوسەرگیرییەکە جیاوازییەکان دەربکەون، وەک شێوازی وتووێژ کردن و گوێ گرتن لەیەکتر وچۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ هەستەکان و چۆنیەتی بیرکردنەوە، سەبارەت بە ئازادی و ئایین و کار و پارە و منداڵ و ڕۆڵی ژن و پیاو لەناو خێزانەکەدا.
- ئاخۆ هاوسەرگیری وەک ( برغوو سەمونە) وایە، دەبێت بگونجێن؟ یان دەگۆڕێت بۆ شەڕێکی بێدەنگ؟
ئەگەر هاوسەرەکان نەگونجێن، ئەوا پاش ماوەیەک گرژی و پێکدادان، هێواش هێواش دەست پێدەکات.
بە بۆچونی من، زۆربەی هاوسەرگیریەکانیش شکست ناهێنن، چونکە یەکێک لە هاوسەرەکان هەڵەیە و تاڕادەیەک خراپە و ئەوی تریش بیر دەکاتەوە لە دواڕۆژی منداڵان و باری کۆمەڵایەتی.
زۆرجاریش ئەو دوو کەسەی کە هاوسەرن، هەردوکیان باشن، بەڵام بە شێوەیەکی سادە پێکەوە ناگونجێن. وەکو برغوو سەمونە وایە، کە هەردووکیان باشن و باش دروستکراون، بەڵام قەبارەیان جیاوازە واتە گەورەیی و بچوکی برغوو سەمونە کە جیاوازن و ناتوانرێت بەیەکەوە ببەسترێن و بەکاریان بهێنین!
لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵگای ئێمە زۆرجار یان کوێرە بۆ ئەم واقیعە و نایبینێت یان نایانەوێت بیبینێت! لەبری ئەوەی کە کۆمەڵگە یان پەروەردە، گەنجان فێر بکەن کە چۆن پەیوەندییەکی تەندروست دروست بکەن، کەچی گەنجان بە پلەی یەکەم فێر دەکرێت، چۆن گوێڕایەڵ بن بۆ بارە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان!
زۆربەی خەڵکی کەمتر گرنگی دەدەن بە خۆشەویستی و هەڵبژاردن و گونجاندن و چۆنیەتی گفتوگۆ کردن و ڕێزگرتن لە یەکتر، بەڵام زیاتر چاویان لەسەر شەرەفی خێزانیە و ڕوکەشی جەستەیی یان سامانە و پایەی کومەڵایەتیە!
لەگەڵ ئەمانەشدا کێشەیەکی تریش زیاد دەکات، ئەویش دەستوەردانی بەردەوامی خێزانەکانە لە ژیانی هاوسەرە گەنجەکاندا! دایک و باوکانی هاوسەرەکان دەیانەوێت منداڵەکانیان بپارێزن، بەڵام ئەو پاراستنە هەندێک جار دەگۆڕێت بۆ دەست تێوەردان و کۆنتڕۆڵکردنی ژیانیان!
- ئاخۆ منداڵان چۆن باجی گەورەی جیابونەوەی هاوسەرەکان دەدەن؟
لە ئەنجامی ئەو هەموو دەست تێوەردانە بۆ هاوسەرگیرەکان کە بواری ئەوەیان پێ نادرێت کە ببنە هاوسەرگیرییەکی سەربەخۆ! کەواتە ئەوان لە هەندێک حاڵەتدا دوو کەس نین کە هاوسەرگیریان لەگەڵ یەکتردا کردووە، بەڵکو دوو خێزانن کە دەیانەوێت کاریگەری بەردەوامیان هەبێت و بەردەوامیش دەست تێوەردانی دەکەن!
گەورەترین قوربانی ئەم گرژییانەش لە کۆتاییدا منداڵەکانن! ئەو منداڵانەش لە ماڵێکی پڕ لە شەڕ و زەلیلی و ترس و دوور لە خۆشەویستی گەورە دەبن! زۆرجار شوێنەواری ئەو تاڵی و نائارامیە، بە درێژایی ژیانی منداڵەکان (مرۆڤەکان) دەمێننەوە، وە لەوانەیە لە یادیاندا وا فێر ببن کە خۆشەویستی بریتیە لە ململانێ و هاوسەرگیریش وەک زیندانە بۆ ژیان!
بۆیە دەبێت واز بهێنین، لە ئیدانەکردنی تەنها ئەنجامی کۆتایی هاوسەرگیری واتە( جیابوونەوە )، بەڵام لە هەمان کاتدا بێدەنگ بین لە بەرامبەر ئەو هۆکارانەی کە پێش جیابوونەوەکان ڕوودەدەن!
کۆمەڵگایەکی تەندروست بە شاردنەوەی کێشەکان دەست پێناکات، بەڵکو بە ڕاستگۆیانە و دان پێدانانیانی کێشەکان دەست پێدەکات.
شەرەفی خێزان یان بەختەوەری هاوسەرەکان؟
پێویستە کۆمەڵگە دەرفەت بدات بە گەنجان تا بە شێوەیەکی ڕێزدار و ئاسایی یەکتر بناسن و وە پێویستە کوڕ و کچ فێری پەیوەندیکردن و گوێگرتن و ڕێزگرتن لە سنوورەکانی یەکتر و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیش بکەن. دەبێت کۆمەڵگە ئەوە قبووڵ بکات کە هاوسەرگیری تەنها لەسەر نەریت و فشار و ترس لە شەرمەزاری (شەرەف) و ڕێچکەی ئاینی، بنیات نانرێت!
لەوانەیە ئەو هاوسەرگیریانەی کە تەنها بەهۆی فشارە کۆمەڵایەتی و ئاینیەکان لە ڕووکەشدا، بەفەرمی وەک خۆیان بمێننەوە، بەڵام لە ناوەرۆکدا لە مێژە هەرەسی هێناوە و بۆتە کێڵگەی ڕق و کینە و ئاژاوەگێڕی و یەکتر شکاندن!
کەواتە لەوانەیە کاتی ئەوە هاتبێت کە کۆمەڵگا کەمتر لە تەڵاق بترسێت! وە زیاتر ڕێگا بگرێت لە هاوسەرگیری بە زۆر، جا بە هەر هۆیەکەوە بێت، بێگومان ئەوەش بە دی نایەت هەتا تۆوی خۆشەویستی و یەکتر ناسین و ڕێزگرتن لە سنورە کەسایەتیەکاندا، لە وانەکانی پەروەردەی قوتابخانەکاندا نەخوێندرێت، وە یاسای ڕوون و دیار دەربارەی تاوان و کارەساتەکانی هاوسەرگیری بە ڕۆنی دانەڕێژرێت!
- ئاخۆ کاری قوتابخانەکان ئەوەیە کە گەنجان فێری بیرکاری و مێژوو و زمان بکەن؟ یان بۆ بوارە جیاوازەکانی ژیانە؟
بە بۆچونی من، پێویستە دەستەڵات گەنجان ئامادە بکات بۆ پەیوەندی مرۆیی و بنیاتنانی کۆمەڵگەی مۆدێرن، کە ڕێز لە هەست و نەستی هەموان و یاساکانی پاراستنی تاکەکانی کومەڵ و بەرپرسیاریەی لە ژیان.
جگە لەوەش سیستەمی پەروەردەش بەرپرسیارێتییەکی گەورەی لە ئەستۆدایە. لە قوتابخانەکاندا گەنجان فێری بیرکاری و مێژوو و زمان دەبن، بەڵام لە هیچ شوێنێک فێری ئەوە نابن کە بەڕاستی ژیان لەگەڵ کەسێکی تردا مانای چییە؟ واتە چۆنیەتی گفتوگۆکردن و خۆشەویستی ڕاستەقینە و ڕێزگرتن لە سنورەکانی کەسایەتی یەکتر و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ناکۆکیە خێزانیەکاندا و یان چۆنیەتی تێگەیشتن لە کارەکتەری یەکتری! کەواتە زۆربەی گەنجان نازانن لە ساتە سەخت و کێشەکانی خێزانیدا چۆن لە یەکتر تێبگەن، بەڵام دەچنە ناو هاوسەرگیرییە. بێگومان پێکەوە ژیانی هاوسەرگیریش بە مانای کۆنتڕۆڵکردن یان بەردەوام ڕەخنەگرتن لە یەکتر نییە! بەڵکو فێربوونی گوێگرتن و نیشاندانی سەبر و پشتیوانی یەکتر بۆ دواڕۆژێکی ئاسودە و بەختیار بۆ منداڵ و هاوسەرەکان، بەبێ ئەوەی هەستی یەکتری بشکێنن!
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان











