زانکۆی سلێمانی ناتناسمەوە
22/06/2026, 14:01 (GMT+1)

گۆڕ هەڵتەکێنە شەهید فاتیح بزانە چی لە زانکۆی سلێمانی ڕوودەدات؟
ڕووخساری ڕێز لەژێر نیقابی بێئەدەبی ڕیشی وسمەتێگراودا دەشاردرێتەوە
مامۆستا تەنها گواستنەوەی زانیاری نییە، بەڵکوو نمونەیەکی ڕەوشتی و مرۆیی بۆ قوتابییەکانە. کاتێک کەسێک پۆستی مامۆستایەتی وەردەگرێت، خاوەنی متمانەیەکی گەورەی کۆمەڵایەتی دەبێت، متمانەیەک کە پێویستە بە پاکی، ڕاستگۆیی و بەرپرسیارێتی بیپارێزێت .
پەیوەندی نێوان مامۆستا و قوتابی پەیوەندییەکی فێرکاری و ڕێنمایییە، نەک شوێنێک بۆ بەکارهێنانی دەسەڵات یان کاریگەری بۆ مەبەستە کەسییەکان. هەر کاتێک مامۆستا سنوورە ڕەوشتییەکانی بەزاند و هەوڵ بدات متمانەی قوتابی بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکاربهێنێت، ئەوا نەک تەنها بەرامبەر تاکێک، بەڵکوو بەرامبەر هەموو سیستەمی پەروەردە تاوان دەکات.
زانکۆ شوێنی دروستکردنی زانست و هۆشیارییە، نەک شوێنی فریودان و گەمەکردن بە هەست و کەرامەتی قوتابیان. مامۆستای ڕاستەقینە ئەوەیە کە قوتابییەکانی بە ڕێز و پاراستنی سنوورە پیشەییەکان مامەڵەیان لەگەڵدا بکات و هەمیشە بەرژەوەندی و ئارامییان بخاتە پێش هەموو شتێکەوە.
لەبەر ئەوە، مامۆستایەتی تەنها پیشەیەک نییە، پەیمانێکی ڕەوشتییە. ئەو کەسەی ناتوانێت ئەم پەیمانە بپارێزێت، شایستەی ئەو متمانە و ڕێزە نییە کە کۆمەڵگە بە مامۆستا دەبەخشێت.مامۆستا لە هەر کۆمەڵگەیەکدا هێمای زانست، ڕێز و ڕێنمایییە. خێزانەکان منداڵەکانیان بە متمانەوە دەدەنە دەست مامۆستاکان ، چونکە باوەڕیان وایە ئەو کەسەیە کە داهاتوویان دروست دەکات، نەک ئەوەی هەست و متمانەیان بخاتە مەترسییەوە ، لەڕێگەی پیشەکەیەوە ڕاوی کەرامەتیان بکات .
بەداخەوە ئەو متمانەیە دەشکێت، کاتێک مامۆستایەک پێگە و دەسەڵاتی خۆی بەکاربهێنێت بۆ نزیکبوونەوەی نادروست لە گەڵ قوتابی، یان گفتوگۆیەک بکات کە لەگەڵ ڕێز و ڕەوشتی پیشەیی ناگونجێت، ئەوا تەنها هەڵەیەکی کەسی ناکات، بەڵکوو ناوبانگ و پیرۆزیی پیشەی مامۆستایەتی بریندار دەکات و دەیخاتە ژێر بەرپرسیارێتێوە .
مامۆستا پێویستە بزانێت کە هەر وشەیەکی ئەو کاریگەرییەکی تایبەتی هەیە، چونکە قوتابی بە چاوێکی متمانەوە سەیری دەکات. بۆیە قسەکردن لە بابەتە تایبەت و ناسازەکان، یان هەوڵدان بۆ گۆڕینی پەیوەندیی فێرکاری بۆ پەیوەندییەکی دیکە، پێش هەر شتێک شکاندنی ئەو متمانەیەیە کە بناغەی پەروەردەی دروستی کردووە .
مامۆستایەتی پلەیەکی زانستی نییە بە تەنها، بەرپرسیارێتییەکی ڕەوشتییە. کەسێک کە ناتوانێت سنوورەکانی ئەم بەرپرسیارییە بپارێزێت، ناتوانێت ببێتە نموونەیەکی باش بۆ نەوەی داهاتووی وولاتێکی ئەنفال کراو .
هەمووان دەزانین کە ڕێز و متمانە بەدەست دەهێندرێن، بەڵام بە یەک هەڵسوکەوتی نادروست لەدەست دەچن. بۆیە پاراستنی کەرامەت و مافی قوتابیان دەبێت هەمیشە لە سەرەوەی هەموو ئارەزوو و بەرژەوەندییە کەسییەکان بێت.مامۆستایەتی پیشەیەک نییە تەنها بەڵکو متمانەیەکە لە متمانەی خێزان، متمانەی قوتابی و متمانەی کۆمەڵگا و داهاتووی ووڵات .
کاتێک مامۆستایەک لە جێی گواستنەوەی زانست، دەست دەبات بۆ فریودان، بەکارهێنانی کاریگەریی پۆستەکەی یان گفتوگۆکردن لە بابەتگەلێک کە هیچ پەیوەندییەکیان بە فێرکردنەوە نییە، ئەوا تەنها هەڵەیەکی کەسی ناکات، بەڵکوو پیرۆزیی مامۆستایەتی لەکەدار دەکات .


قوتابی دێتە پۆل بۆ فێربوون، نەک بۆ ئەوەی ببێتە ئامانجی ئارەزوو و مەبەستە کەسییەکانی ئەو کەسەی کە پێویستە پارێزەری بێت. مامۆستا دەسەڵاتێکی ئەدەبی و زانستی هەیە، و هەر کاتێک ئەم دەسەڵاتە بە نادروستی بەکاربهێنرێت، قورسترین زیان لەسەر متمانە و کەرامەتی مرۆڤ دروست دەکات.
ئێمە پێویستمان بە مامۆستای ڕیش خەناوی نییە ، پێش هەر شتێک پێویستمان بە مامۆستای بەڕەوشت هەیە. چونکە زانست بەبێ ڕەوشت، ناتوانێت نەوەیەکی باش دروست بکات.
ئەوەی سنووری مامۆستایەتی ناپارێزێت، شایستەی ئەو ڕێز و متمانەیە نییە کە ناوی «مامۆستا» پێی دەبەخشێت.
داخۆ ئەم هەینییە چەند مرۆڤی ڕیش دار لەپشتی ئەم مامۆستا فاسیدەوە نوێژی ڕەوشت دادەبەستن ، تالە ڕەوشتدا غەرقی ئایەتەکانی ڕەوشت ببن.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان












