<

وازهێنانی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا چی پیشانی ئێمە دەدات

26/06/2026, 13:51 (GMT+1)
(بەردەوام هەموو شتێک دەبێت بەوەی کە جەوهەرەکەی دەستنیشانی دەکات.)
پێشنیوەڕۆی دوشەممە، رۆژی ٢٢/٠٦/٢٠٢٦ سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا "کیر ستارمەر" لە پۆستی سەرۆکی پارتەکەی "پارتی لەیبەر" وازی هێنا و لە ئەنجامدا لە پۆستی سەرۆکوەزیرایش.
ماوەیەک بوو ستارمەر لە ژێر فشاری وەزیرەکاندا بوو بۆ ئەوەی واز بهێنێت. ناوبراو وتی: "هەرچی لە توانامدا بێت دەیکەم بۆ مسۆگەرکردنی ئەوەی کە دەستەڵات رادەستکردن بە رێکوپێکی بڕوات."
لە ئاوێنەی قسە و هەڵوێستەکانی "ستارمەر"دا پێویستە کورد رەوشی سیاسیی خۆی ببینێت:
١. هیچ دەستەڵادارێکی کورد واز لە دەستەڵاتەکەی ناهێنێت ئەگەر ئیفلیجیش بێت یان بە لۆکەش ئاو بکرێت بە دەمیەوە. تەنانەت دوای مردنیشی هەر سەرۆکە و کەس بۆی نیە بڵێت لا چووە.
٢. بە گشتیی هەر دوبەرەکییەک کە روی دابێت لە سەر جیاوازیی ئایدۆلۆجیی نە بووە. زیاتر شەڕەبەرانی دو کەڵەپارت بووە. شەڕی نێوان پارتەکان یان دەستێوەردانی بێگانە بووە یان بۆ دەستبەسەرداگرتنی مەیدانەکە بووە بۆ بازرگانیی خوێن.
کیر ستارمەر دەڵێت: "هەر بڕیارێک کە دابێتم وڵاتە خۆشەویستەکەمم بە بژاردەی یەکەم دا ناوە."
لە ناو کورددا وڵات و خەڵک کێشە نین. تەنها کەرەسەی هۆنراوە و قسەی بەتاڵن. لە بنەڕەتدا کەڵەپارت کێشەی یەکەمە. راست و هەڵە، باش و ناپاک ئەو بڕیاری لە سەر دەدات. ئەوەی کە هەیە ئەوەیە کە لە سنوری دەستەڵات و بەرژەوەندیی ئەو دایە. کەڵەپارت، کورد خۆی وتەنی "مەرجەعە". جەماوەرەکە دەیەوێت بگاتە ئەو ئاستەی کە "مەرجەع" دروست بکات. گەرمە تەنورترین نمونە دیاردەی پەکەکە و هەڵوەشانەوەیانە بە خواستی "باخچەلی" لە دەمی "عەبدوڵا ئۆجەلان"ەوە. کاتێکیش کە دژایەتیی هەڵوەشانەوەیان دەکرێت، مۆرەکە بە دەست خۆیانەوەیە، هێشتا ئەوان هەڵوێستگران بە فیتی میت تۆماربار دەکەن. هەڵوەشانەوەی بێ مەرج و بێ حساب لە مەرجەعەوە دەبێت بە "پڕۆسەی ئاشتیی". خەباتی ساڵەها و خوێنی هەزارەها، ئەشکەنجەی بەندیخانە و وێرانکاریی ئەمانە هەمووی وەکو بای شەماڵ تێ دەپەڕن بە بێ ئەوەی پرسیارێک دروست بکەن. سەرکردەیەکی پەکەکە دەڵێت ئەگەر کوردستانێک هەبێت، ئاپۆی تیادا نەبێت، ئەو کوردستانە نە پێویستە. ئەم قسەیە هەر راستیی پەکەکە نیە، هی هەموو پارتەکانی تریشە. وەکو ساڵی ١٩٨٧ وتم: "شتێک نیە ناوی ستراتیجی پرسی کورد بێت. بە رستەیەکی دی، کەس بۆ کوردی ناکات. سیاسەتی کوردیی لە مەیدانی سیاسەتدا بوونی نیە."
کیر ستارمەر دەڵێت: "شەش ساڵ لەمەوبەر پارتێکم بە سەردا کەوت کە لە روی سیاسیی، دارایی و موراڵەوە مایەپوچ بوبوو. پارتەکەمانمان گۆڕی. متمانەمان پەیدا کردەوە بۆ ئابورییمان، بۆ بەرگریی، بۆ ئاسایشی نەتەوەیی و بو پارتێک کە دوبارە شانازیی پێوە بکەین و بە پێچەوانەی ئاڵا نەتەوەییەکەمانەوە نەبێت."
پاش ئەو گۆڕانکارییانەش کە باسیان دەکات، ئەوجا کە ئیتر لەوە زیاتر ناتوانێت کارەکان پێش بخات دەبێت لا بچێت. ئەگینا لەسەر دزیی، ناپاکیی و تاوان فشاریان نە خستۆتە سەر.
کورد، کەڵەپارت هەتا زیاتر سەری بکوتێتەوە ئەم زیاتر چاوەڕێی حەبی سەریەشەی لێ دەکات، نەک لای بەرێت. بە باڵای یەکێکدا هەڵ دەدات کە خزمەتی داگیرکەرەکەی نیشتیمانەکەی کردبێت.
ژمارەیەک لە ئەندام پەڕلەمانەکانی پارتەکەی "کیر ستارمەر"یش پشتی لابەرانی "ستارمەر"یان گرت. رایان وابوو کە بۆ پارتەکەیان باشترە سەرۆکەکەیان واز بهێنێت. کەچی لای کورد بۆ هەوای ژورەکەی سەرۆک باشترە کە حیزب و شۆڕش نەمێنێت. ئەندامانی حیزب لەگەڵ مریشکی ناو قەفەزدا جیاوازییان نیە. لە ریقنەکردن و قیقەقیق بەو لاوە هیچی تریان لە سەر نیە. ئەوەی ئەمڕۆ دەیقیقێنن سبەینێ با دەدەنەوە بۆ پێچەوانەکەی بە بێ ئەوەی شەرم بیان گرێت. یان بۆ نمونە هێنانەوەی سوپای بەعس لە ٣١ ئابدا، کە هێشتا خوێنی ئەنفال وشک نە بووبۆوە، پارتی بەهێزتر کرد نەک جەماوەر دژی بوەستنەوە. ئەمە لە کاتێکدا لە مێژوودا نمونەی میللەتان هەیە کە پادشایان کوشتووە چونکە پەنای بردووە بۆ هێزی بێگانە بۆ سەر وڵاتەکەی خۆی.
ئەگەر ئەو هەموو قسە سەوزوسورە هزرییە بەتاڵانەی کە دەکرێن و دەنوسرێن لا بەرین، ناوەڕۆکەکە جەهلێکی روتە تەنها بۆ ئەوە دەبێت مرۆڤی کورد پێی شەرمەزار ببێت. ئەگینا هیچ کیانێکی پێ دروست نابێت. راست نیە بپرسن بۆچی کورد نابێت بە هیچ؟ ئەمە وەکو ئەوە وایە بپرسن بۆچی بزن نافڕێت؟ هەموو شتێک بەردەوام دەبێت بەوەی جەوهەرەکەی دەستنیشانی دەکات، نەک ئەوەی کە بە دەمیەوە دەگرێت.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست