پاوانخوازی دەسەڵات و قەیرانی ئابووری
11/07/2026, 21:10 (GMT+1)

کاتێک باس لە قەیرانی دارایی، نەبوونی شەفافییەت و پەککەوتنی سێکتەرە گشتییەکان دەکرێت لە هەرێمی کوردستاندا، ناتوانرێت چاو لەو ڕاستییە تاڵە داخرێت کە پارتی و یەکێتی وەک دوو هێزی باڵادەست و حاکم، بەرپرسیاری یەکەمی ئەم دۆخەن. مێژووی حوکمڕانیی ئەم دوو حیزبە نیشانی داوە کە مۆدێلی بەڕێوەبردنی ئەوان لەسەر بنەمای بنیاتنانی دەوڵەتی دامەزراوەیی نەبووە، بەڵکو لەسەر بنەمای حیزبایەتیکردنی دەوڵەت و دابەشکاریی زۆناسی بووە.ئەتوانرێت ڕۆڵی نەرێنی و خراپی ئەم دوو حیزبە لە چەند ڕەهەندێکی سەرەکیدا کورت بکرێتەوە لەوانە : دابەشکاریی زۆناسی و پەکخستنی دامەزراوە نیشتمانییەکانپارتی و یەکێتی لە دوای ڕاپەڕینەوە تا بە ئەمڕۆ، هەرێمی کوردستانیان کردووە بە دوو زۆنی دارایی و سەربازیی جیاواز (زۆنی زەرد و زۆنی سەوز). ئەم دابەشکارییە وایکردووە کە چەمکی حکومەتی یەکگرتوو تەنها ناوێکی بێ ناوەرۆک بێت. داهاتی خاڵە سنوورییەکان، باجەکان و تەنانەت بودجەی تەرخانکراو بۆ مووچە و پڕۆژەکان، لە جیاتی ئەوەی بچنە نێو یەک خەزێنەی نیشتمانیی شەفافەوە، لە ژێر هەژموونی ناوچەیی و حیزبیدا کۆدەکرێنەوە و خەرج دەکرێن. ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی جیاکاری لە نێوان شارەکان و سزادانی دارایی هاووڵاتیان لەسەر بنەمای ململانێی سیاسی نێوانیان.
پاوانخوازی ئابووری و کۆنترۆڵکردنی بازاڕ
هەردوو حیزب لە ڕێگەی کۆمپانیا سێبەرەکانی خۆیانەوە، دەستیان بەسەر تەواوی جومگە ئابوورییەکانی هەرێمدا گرتووە؛ لە کەرتی نەوت و غازەوە تا دەگاتە کۆمپانیاکانی دەرمان، پەیوەندییەکان، کۆنتراکتەکانی کەرتی گشتی و هاوردەکردن. ئەم مۆنۆپۆلکردنە (پاوانخوازییە) وایکردووە کە کێبڕکێی ئازاد لە بازاڕدا بکوژرێت، کەرتی تایبەتی ڕاستەقینە گەشە نەکات، و داهاتی نیشتمانی لە جیاتی ئەوەی بچێتە خزمەت خەڵک، بچێتە ناو خەزێنەی حیزبی و خێزانییەوە.
بەکارهێنانی کەرتی گشتی وەک ئامرازی دڵسۆزیی حیزبی
پارتی و یەکێتی لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا، کەرتی گشتی و دامەزراندنیان وەک ئامرازێک بۆ کڕینی دڵسۆزیی سیاسی (Political Clientelism) بەکارهێنا. ئەوان لە جیاتی بنیاتنانی ئابوورییەکی بەرهەمهێن، ژمارەیەکی ئێجگار زۆری خەڵکیان لەسەر بنەمای دڵسۆزیی حیزبی دامەزراند یان مووچەی بندیوار و نایاساییان پێدان. کاتێکیش قەیرانی دارایی ڕوویدا، باجەکەی تەنها فەرمانبەرانی ڕاستەقینە و هاووڵاتیانی بێپشتوپەنا دەیدەن.
نەبوونی ئیرادە بۆ چاکسازی و شەفافییەت
ئەو دوو هێزە هیچ کات ڕێگەیان نەداوە دامەزراوە چاودێرییەکانی وەک (دیوانی چاودێری دارایی) یان پەرلەمان بە ڕاستەقینەیی وردەکاریی داهاتەکانی نەوت و ناوخۆ بزانن. چاکسازی لای ئەوان تەنها دروشمێکی میدیایی بووە بۆ ڕازیکردنی ڕای گشتی یان کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، چونکە چاکسازیی ڕاستەقینە و بەدیجیتاڵکردنی شەفافی داهاتەکان، یەکەمجار دەبێتە هۆی بڕینی سەرچاوە داراییە نایاساییەکانی حیزبەکان خۆیان.
کورت و کرمانجی
ڕۆڵی پارتی و یەکێتی لە حوکمڕانیدا بووەتە هۆی ئەوەی کە متمانەی گشتی بە تەواوی هاڕە بکات. ئەوان لە جیاتی ئەوەی مۆدێلێکی دیموکراتی و سەرکەوتوو پێشکەش بکەن، هەرێمی کوردستانیان ڕووبەڕووی قەیرانی قووڵی دارایی، بێکاری، داڕمانی کەرتی پەروەردە و تەندروستی، و لەدەستدانی قەوارەی یاسایی و دەستووری کردووەتەوە لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندی و دەسەڵاتی حیزبیی خۆیاندا.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان











