هێرشی بەردەوامی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
22/07/2026, 15:54 (GMT+1)

حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە تایبەتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، ساڵانێکی زۆرە بە شێوەیەکی سیاسی، دیپلۆماسی و یاسایی تێکۆشان دەکەن بۆ وەدەستهێنانی ماف و ئازادییە ڕەواکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە دژی دەسەڵاتی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی ئێران.
ئەم حیزبانە تەنها بەرگری لە مافی گەلی کورد ناکەن، بەڵکو پڕۆژە و دیدگایان بۆ داهاتووی هەموو گەڵانی ئێران بریتییە لە دامەزراندنی سیستەمێکی دیموکراتیک، ئازاد و فیدراڵ، کە مافی نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکانی وڵات پارێزراو بێت. بۆیە، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و هێزە هاوپەیمانەکانی، وەک هێزێکی سەرەکی ئۆپۆزسیۆنی دەرەوەی وڵات، جێگای سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتین.
لە ماوەی دوایی دا، بە هۆی لاوازبوونی کۆماری ئیسلامی و قەیرانە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی، ڕژێم هەوڵ دەدات سەرنج لە کێشە ناوخۆییەکانی بگوازێتەوە بۆ دەرەوە. بۆ ئەم مەبەستەش، هێرشەکانی بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ و بە تایبەتی بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە باشوری کوردستان بەردەوام کردووە.
ئەم هێرشانە تەنها ئامانجیان هێزە سیاسییەکان نییە، بەڵکو زۆرجار ژیانی خەڵکی ئاسایی، ژنان، منداڵان و پەنابەرانی بێچەکیش دەکەونە مەترسی، ئەوانەی کە بە پاراستنی یاسای نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان ژیان دەبەن.
ڕژێمی کۆماری ئیسلامی باش دەزانێت کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە هۆی بوونی ڕێکخراوە سیاسییەکان، تەشکیلاتی پێشکەوتوو و هێزی پێشمەرگە، یەکێک لە گرنگترین ناوچەکانی بزووتنەوەی دیموکراتیکە و دەتوانێت لە داهاتوودا ڕۆڵێکی کاریگەر لە گۆڕانکارییەکانی ئێراندا بگێڕێت. هەر بۆیەش هەوڵ دەدات بە هێرش و تۆقاندن ئەم هێزانە لاواز بکات.
هێرشە بەردەوامەکانی کۆماری ئیسلامی دژی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەشێکن لە ستراتیژییەکی فراوانتر بۆ سەرکوتکردنی هەر دەنگێکی داواکاری ئازادی، دیموکراسی و مافی مرۆڤ لە ئێران.
لە کۆتاییدا، هاوخەمی قووڵی خۆم بۆ هەموو بنەماڵەی شەهیدانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە تایبەتی شەهیدانی نوێی ئەم هێرشانە، دەردەبڕم. یاد و ناویان هەمیشە وەک هێوەنی ئازادی و خەبات لە مێژووی گەلەکەماندا دەمێنێتەوە.
هیوای سەرکەوتن و یەکڕیزی بۆ هەموو حیزبە ئازادیخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، و هیوای ئازادی، دیموکراسی و دادپەروەری بۆ هەموو گەڵانی بندەستی ئێران.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان











