تێکدانی دێمۆگرافیی کوردستان
22/08/2026, 20:26 (GMT+1)

پاراستنی دێمۆگرافی پەیوەند بە گەلە بچووکەکانەوە سەرەتا پاراستنی فەزای مێژوویی ژیانیانە، وەلێ ئەوە ناسیۆنالیزم نییە، بەڵکو مافێکی دەستبەردارنەبووی مرۆڤانی دەڤەرەکەیە بۆ پارێزگاری لە لێرەبوونی کولتوریانەی خۆیان، کەواتە هەوڵی ڕێگرییە لە ئاسیمیلاسیۆن، تەنانەت لە دەرپەڕاندن و بەوەش نەمانیان. ئامانجی ناسیۆنالیزم بە پێچەوانەوە دامەزراندن یان هێشتنەوەی دەوڵەتێکی نەتەوەییە، یاخود سەپاندنی کولتووری نەتەوەیی خۆیە بەسەر گرووپی دیکەی ئێتنیدا. ئەمە بۆ نموونە لە ئێراق لە سەرەتای دامەزراندییەوە بە ئیستیعراب و پاشان بە تەعریبکردن خرایە بواری پراکسیسەوە، ئەوجا گەرچی بەتەواوی بەدینەهێنرا، سەرباری ئەوە کوردەکانی سەخت هەنگێوت، چونکە دێمۆگرافیی زۆر ناوچەی کوردیی گۆڕی یان لە هەندێکیاندا عەرەبی کرد بە زۆرینە. ئاخر کوردەکان نەیان دەتوانی هیچ لەدژی ڕاگواستنیان لە زێدی خۆیان و هێنانی عەرەب بۆ ناوچەکانیان ئەنجام بدەن – هێزیان نەبوو، هاوکات ئەوان لاوازییەکی کرۆکیان هەیە: ئەوان وەک گرووپێکی ئێتنیی بچووکتری نێو ئێراق لە ڕووی کولتوورییەوە لاوازترن لە ئێتنیکی عەرەبیی ئەو وڵاتە کە زۆرینەیە، هاوکات وەک خاوەنی ئیسلام، وەک دەسەڵاتداری سەرەکیی نێو دەوڵەتی ئێراق، زۆر ئاسان بۆی دەلوێت بە زمان و کولتوورەکەی نەک تەنیا کاریگەریی گەورە بنوێنێت، بەڵکو تەنانەت گرووپانی دیکەی ئێتنی لەنێو خۆیدا بتوێنێتەوە. کەواتە گەر عەرەبەکان بەو مۆرکە ناوبراوانەیانەوە لەنێو کوردەکاندا نیشتەجێ ببن، دەتوانن ئاسان بییان توێننەوە. لێرەوە خەباتی کوردەکان لەدژی مەترسییەکانی سەر شوناسیان دەبێت بە ناچارەکی.
ئایا بۆچی بەڕێوەبەریی خۆسەری لە ڕۆژئاڤا تێکشکا؟ لە پلەی یەکەمدا بەهۆی کێشەی دێمۆگرافییەوە. لەوێ ئەو قەوارەیە بەهۆی تێکەڵاویی ئێتنیکییەوە شیاوی سەقامگیرکردن نەبوو، هەر ئەمەش بوو بە هۆی سەرەکی کە دەستی دەرەکی بتوانێت فشاری بۆ بهێنێت و هاوکات بە یاریدەی هێزە ئێتنیکییە نێوخۆییەکان تێکیبشکێنێت: بەڕێوەبەریی خۆسەری تێکشکا بەهۆی هۆزگەرایی عەرەبەکانەوە کە وەک ماددەگەرا ئاسان بوون و دەبن بە دەستکەلای هێزگەلی دی. کەواتە فاکتەری دێمۆگرافی واتای کرۆکییانەی بۆ هەبوونی سیاسی-دامەزراوەیی کوردەکانیش هەیە.
لەم ڕوانگەیەوە دەشێت خەبات بۆ پاراستنی دێمۆگرافی لەنێو خۆیەوە پەرەبسێنێت بۆ ناسیۆنالیزمی ئێتنیکی. ئێمە بۆ نموونە ئەم جۆرەی پەرەسەندن تا ڕادەیەکی “کەم” لای کوردەکانی ئێراق دەبینین، هۆیەکی پەرەسەندنیشی دەگەڕێتەوە بۆ سەپاندنی "تەواو ئاسان"ی زمان و نەریتی عەرەبی بەسەر ئەواندا. سەپاندنەکە ئەو جۆرە پەرچەکردارە دەهێنێت. لە بنەڕەتدا، لە ڕووی پێکەژیانی گەلان و کولتوورەکانەوە بڕوانین، دەبێت ببێژین کە ئاڵوگۆڕی نێوکولتووریی گرووپە ئێتنییەکان مایەی دەوڵەمەندبوونی ئەزموون و فراوانبوونی ئاسۆی ژیانیانە، تەنانەت لەتەک خۆیدا ڕێزی نێویەکییانەی کولتووری دەهێنێت و دەبێت بە فاکتەرێکی کاریگەر بۆ چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایش و هەڵچوونی ژیاری. وەلێ ڕەوشی بەم جۆرە تەواو پێچەوانەی هەڵوێستی خۆسەپاندنە کە بۆ نموونە کۆمەڵێک بێگانە لە وڵاتێکی دیکەدا ئەنجامی دەدەن و بە هیچ شێوەیەک مافی ئەنجامدانی ئەو ڕەفتارەیان نییە. ئاخر ئەوە لوتکەی خۆسەپاندن و ستەمکارییە گەر عەرەبی هاتوو بۆ سلێمانی و هەولێر و هتد داوای کردنەوەی فێرگەی عەرەبی بۆ زارۆکانیان بکەن و بیسەپێنن، ئەوە کاتێک کوردەکان کە لە ناوچە عەرەبییەکانی ئێراقدا دەژین، زۆر ئاسان و خۆخوازانە زارۆکانیان بنێرن بۆ فێرگەی عەرەبی. ئەم پرسە پەیوەندیی بە
شوناسی کولتوورییەوە هەیە، بەڵێ تەنانەت پەیوەندیی بە کەرامەتی مرۆڤەوە هەیە نەک بە ناسیۆنالیزمەوە.
ئەمڕۆ کێشەیەکی دیکەی هەڕەشەئامێز کە بەرۆکی کوردەکانی گرتووە، ئەوەیە کە تەنانەت کەمینەیەکی بچووکی وەک تورکمانەکان، کە هێنراونەتە نێو وڵاتی کوردەکانەوە، خۆیان بە نەتەوە دادەنێن و چەندین ئەفسانە سەبارەت بە ڕیشەی خۆیان لەو وڵاتەدا دەهۆننەوە، کەواتە داوای شار و ناوچەی کوردی دەکەن!
ئەمانە تێکڕا “لە خۆیانەوە” ناکۆکی دەهێنن و هاوکات پرسی نەتەوەیی لای کوردەکان دەکەن بە ڕۆژەڤ. ئاخر ناکۆکییەکان ئۆبژێکتیڤیانە لە دەرەوە بە ئاڕاستەی کوردەکان دەهێنرێنە گۆڕێ، ئەمەش وەک مەترسیی دەرەکی بەرۆکی ئەوان دەگرێت و تەنانەت گرتوویەتی. ڕاستییەکەی کێ لێرەدا بێهەڵوێست بمێنێتەوە، لەو کەسانەیە کە یان دەیدەنە بەر و هیچ ئاگاییەکی کولتووری و شوناسی خۆییان نییە، یان رواڵەتگەرایانە دەخوازن وەک گەلان-پەروەر، چەپی نێونەتەوەیی و هتد ستایش بکرێن، جا گەرچی هەڵوێستیان هیچ پەیوەندییەکی بە ئینتەرکولتورالێتی و پێکەوەژیانی نێونەتەوەییەوە نییە.
ئەوە کە ئێستا لە کایەی سیاسی و ئابووریی هەرێمی کوردستاندا دەگوزەرێت، لە بنەڕەتدا درێژکراوەی کوردایەتیی ڕیالە، واتا هینی ئەو شەڕوشۆڕانەی پیاوانی ستەمکاری کورد کە بۆ خاتری دەسەڵات هەڵیانگیرساندبوون، ئەوجا گەرچی ئەوان لەو ناکۆکییە فیزیکییەدا دۆڕانیان، بەڵێ تەنانەت تێهەڵدانیان خوارد لە لایەن بەعسەوە، کەچی خۆیان نەکوشت، هیچ نەبێت سەری خۆیان هەڵنەگرت، بەڵکو وەک فشەکەری کۆڵنەدەر و بە عەمالەت بۆ دەوڵەتان دوای ڕاپەڕینی 1991 هاتنە سەر دەسەڵات. ئەمە بەڵگەیە بۆ بەدنیازیی ئەوان هەر لە سەرەتای شەڕوشۆڕەکانیانەوە. ئەم بیچمانە: ئەفەندیی ساویلکە و ترسنۆک وەلێ دەمەوەر، هاوکات بێستراتیژی و نادەوڵەتگەرا (جا دەوڵەتگەرایی لە هەر فۆرمێکدا بێت)، هەروەها هۆز و تیرە بەڕبەڕ و ماددەگەراکان، لە ئەوپەڕی نزمیی هۆشەکی و کولتوورییانەوە دەستیان کرد بە نواندنی سەروەری، ئەم ئەدگارەشیان دەمێکە لە لایەن بێگانانەوە پێناسەکراوە: کوردەکان بە خوێن هەندێک ئامانج بەدەست دەهێنن، وەلێ لەسەر مێزی مفاوەزات دەیاندۆڕێنن. کەواتە ئەو سیاسەتبازانە لە ڕووی هۆشەکییەوە ئەوەندە نزمن کە نازانن چۆن وتووێژی دیپلۆماسییانە ئەنجام دەدرێت! ئەمەش بەواتای، ئەوان هیچ لەبارەی لۆژیک و "فێڵی لۆژیکی" نازانن، بە پێچەوانەوە هەستمەند و سۆزمەند لە ئەزموونی گفتوگۆی نێو دیوەخانەوە دەچنە مفاوەزاتەوە، بێئاگا لە گفتوگۆی ئەرگومێنتاتیڤ. ئەم ستەمکارە چڵێسانە کە نزیکەی تەنیا مەعریفەی نزمیان لە ئەزموونی ژیانەوە هەیە، یان ئەوپەڕەکەی بە خوێندنی زانکۆیی بڕێک زانیارییان (مەعلوماتیان) لە یادماندا خەزن کردووە، کوردستانیان هەمیشە پتر بەرەو دازناندن بردووە – لە گشت ڕوویەکەوە. ئەم بیچمانە لە بنەڕەتدا، لە هەستی کەمنرخی و کولتووری نزمیانەوە، رواڵەتگەرییانەوە، شەیدای بلۆکی چیمەنتۆن، شەیدای قوزەڵقورتکردنی (نەک خواردنی) گۆشت و هەڵقوڕاندنی (نەک نۆشینی) ویسکی و هەروەها دەرپێی سووری ژنانەن، ئەمڕۆش هەڵوێستی داڕوتاندنەوە و وێرانکردنی سروشتیان گەیاندووە بە ڕادەیەک کە خۆیان تەواو ئاشکرا ئەپارتمان و خانوو بۆ عەرەبەکان دروست دەکەن و بانگیان دەکەن بۆ نیشتەجێبوون لە وڵاتیاندا. ئەو بێمێشکە بەڕبەڕانە کە بە پارەی دزراو خەریکی وەبەرهێنانن، “بەڕاستی پێدەچێت بەهۆی چڵێسییانەوە نەزانن” کە چەند کەللەپووچن. ئاخر ئایا دەبێت ئەوە چیی دیکە بێت جگە لە کەللەپوچی گەر داڕوتێنەران پاساوی ئەوە بهێننەوە کە چۆن دەوڵەتانی سنووردار و خاوەن کولتووری باڵا وەبەرهێنەران بۆ نێو
وڵاتەکانیان ڕادەکێشن! “کوردی کەمینەی نێو دەوڵەتی زۆرینە عەرەبی ئێراق” بە وڵاتانی ئەوروپی دەچوێنن!
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان











