<

ئەو شەپۆلە ڕەگەزپەرستییە ڕاگرن

15/09/2026, 20:41 (GMT+1)
بە بۆچوونی گۆران دوکانی، کە پێی وایە کورد نابێت بەرگری لە خاک و نیشتیمانی خۆی بکات، بە نەخۆشی دەرونی پێناسەی دەکات و بە ڕەگەزپەرستی ناوی دەبات
------------------
بە پێی توێژینەوە زانستییە جیهانیەکان ڕەگەزپەرستی جۆرێکە لە نەخۆشی دەروونی
ژمارەی کورد (بە تەنها لە بەغدا) دە هێندەی ژمارەی ئەو عەرەبانەن کە لە هەرێمی کوردستاندا دەژین و هاوکات خاوەنی ملیۆنان دۆنم زەوی نیشتەجێبون و بازرگانین لە بەغدای دڵی عروبەدا، کاتێک تۆی شۆڤێنی کورد وەک موسوڵمانێکی موتەخەلیف کە هەموو شتێک بە شەرەفی ژنەوە دەبەستێتەوە و جەنابیشت لە ئێستادا هەمان ئەو ڕێچکەیەی ئەوت گرتوە و پێتوایە موڵک فرۆشتن بە عەرەبێک دایک فرۆشی یان ژن فرۆشییە کەواتە بەم عەقڵیەتە سەقەتەی تۆبێت ئەو کوردانەی نیشتەجێی بەغداش کە خاوەنی ملیۆنان دۆنم زەوین شەرەفی عەرەبێکی عێراقیان کڕیوە؟! جیاوازیەکە لەوەدایە ئەوان بەو عەقڵیەتە بۆگەن و موتەخەلیفەی ئێوە بیرناکەنەوە ئەوە ئێوەیەکی جاهیل و شۆڤێنین وەها بیرکردنەوەیەکی بۆگەنتان هەیە!
زیاتر لە ٤ ملیۆن کورد لە ئیستەنبوڵی دڵی تورکیادا و ملیۆن و نیوێک کورد لە تهرانی دڵی فارس و عەجەمدا دەژین، (ئەوە ڕێژەی دانیشتوانی کورد لە دیمەشقی پایتەختی سوریا هەرباسناکرێت کەچەند زۆرن!) ئاخر ئەم کوردانە خاوەنی ملیۆنان دۆنم زەوی و موڵکی نیشتەجێبون و بازرگانین لەناو دڵی تورک و فارس و عەرەبدا بۆچی ئەوان مافی ئەوەیان نەبێت لە کوردستاندا موڵک بکڕن؟!
تکایە ئەو شەپۆلە فاشیزمە کوردییە ڕاگرن! ئاخر ئەوەی ئێوە دەیکەن و دەتانەوێت عەرەب و تورک و فارس نەک وەک میللەت و نەتەوە تەنانەت دەسەڵاتە دڕندە و دیکتاتۆرە یەک لەدوای یەکەکانیشیان بە درێژایی مێژوو ئەوەیان نەکردوە کە کوردەکان لەشارە عەرەب و تورک و فارس نشینەکانی خۆیان دەرکەن و ڕێگەیان پێنەدەن موڵک و ماڵ بکڕن!
ئەو شەپۆلە شۆڤێنی و ڕەگەزپەرستیەی بەشێکی کورد لەژێر ناوی (نەتەوەیی بون یان ووڵات پارێزی یان نیشتیمان پەروەری یان هەر چەمک و گوتارێکی ناسیۆنالیستیدا) بێت، جگە لەوەی نەتەوەیی بون و ووڵات پارێزی و نیشتیمان پەروەری ئەوە نیە کە ئێوە دەیکەن هاوکات ئەم شەپۆلە ڕەگەزپەرستییە گرژی و دەمارگیری نەتەوەیی دروست دەکات و عاقیبەتێکی خراپی دەبێت بۆ ملیۆنان کوردی نیشتەجێی شارە تورک و فارس و عەرەب نشینەکان.
بەشێک لە کوردی باشوور سایکۆلۆجیایەکی زۆر سەیریان هەیە! زیاتر لە ٣٥ ساڵە لەژێر سایەی دەسەڵاتێکی خۆماڵی کوردیدا کەرامەتیان دەشکێنرێت، سەرخان و ژێرخانی وولاتیان دەدزرێت، برسی دەکرێن و دەچەوسێنرێنەوە، لەملا شەنگاليک و لەولا کەرکوکێکیان بە دوژمنانی کورد دەفرۆشرێت، دەستی میت و ئیتلاعات و داگیرکەرانی کورد نەماوە ئەو دەسەڵاتە خۆماڵییە کوردییە نەیگرتبێت و شەڕی کوردی پێنەکردبێت کەچی عەجەب هەندێک کوردی سەرلێشێواو لەژێرناوی نیشتیمان پەروەری و ناسیۆلیستیدا لەو هەموو بەدئەخلاقیەی دەسەڵاتی کوردی بێدەنگە وەلێ تاقەت و کاتی ئەوەی هەیە ڕقی لە عەرەب و تورک و فارس ببێتەوە…!
ئەگەر هەموو کوردێک زەڕەیەک هەستی نەتەوەیی بوون و نیشتیمان پەروەری تێدابوایە حاڵی کورد نەدەگەیشت بەم ڕۆژە بەلام ئەم هاوارە بێ فلتەرە شۆڤێنی و ڕەگەزپەرستیەی بەشێک لە کورد دەستی داوەتێ لەژێر ناوی نەتەوەیی بوون و خۆشەویستی نیشتیماندا جگە لە ئازاردانی دەروونی خۆیان هەرگیز ئامانجێکی نیشتیمانی و نەتەوەیی لێ سەوز نابێت!
ئەم زانیاریانەی خوارەوە چەند سەرچاوەیەکی ناوەندە جیهانیەکانە کە دەریدەخەن ڕەگەزپەرستی مرۆڤ دووچاری خەمۆکی دەکات کە جۆرێکە لە نەخۆشی دەروونی و پێویستە کەسی توشبوو بە خەمۆکی چارەسەری دەروونی وەربگرێت:
*توێژینەوەی یەکەمین زانکۆی جیهان کە زانکۆی هارڤەردی ئەمریکیە:
https://hsph.harvard.edu/.../racial-discrimination.../
*جاما نیتۆرک ئۆپن:
https://jamanetwork.com/.../jamanetwo.../fullarticle/2832012
*کتێبخانەی نیشتمانی پزیشکی ئەمریکا & سەنتەری نیشتمانی بۆ زانیاری بایۆتەکنەلۆژیا:
https://pmc.ncbi.nlm.nih.gov/articles/PMC4580597/
*کۆمەڵەی ئەمەریکی پزیشکانی دەروونی:
https://www.psychiatry.org/.../Position-2018-Resolution...
*توێژینەوەیەکی هاوبەشی نەخۆشخانەی گشتی ماسوچوستس کە (پێنجەم نەخۆشخانەیە لەسەر ئاستی جیهاندا) لەگەڵ زانکۆی هارڤەرد:
https://news.harvard.edu/.../racial-discrimination.../
لە کۆتایدا: ئێمە بە خۆشەویستی نیشتیمان دەگەین بە ئامانج، بە عەقڵ و لۆژیک مافەکانمان بەدەست دێنین، بە دژایەتی کردنی سەرکردە و ئەحزابی نۆکەری کورد بۆ تورک و فارس و عەرەب ڕزگار دەبین نەک بە ڕقی جیاکاری و ڕەگەزپەرستی لە میللەت و نەتەوەیەکیتر. ڕەگەزپەرستیش هەر ڕەگەزپەرستیە هیچ جیاوازیەک نیە لە نێوان شوێنکەوتەیەکی ڕەگەزپەرستی (هیتلەری، ترەمپی، ئەتاتورکی، پەهلەوی، ئەسەدی، ئەردۆگانی، سەدامی یاخود ئاپۆیی، تاڵەبانی، بارزانی، عابدی!). ئەگەر بڕیاربێت ئەوانی دی ڕەگەزپەرستبن لەژێر بیانوی ئەوەی سەرکردەکانیان دەوڵەتێک، کییانێک یانیش ئامانجێکی نیشتیمانی و نەتەوەیی بۆ بەرهەم هێنابن ئەوا ئێمە خاوەنی ئەو شانازیەش نین…!
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست