داماویە مرۆڤ لەپاڵ دیوارێکدا دابنێشێت کەپێشتر ڕوخاوە بەسەریدا
17/09/2026, 19:06 (GMT+1)

ئێمە تاکەی دەبێت گۆڕەکانی ڕابردوو بپشکنین و بەدوای دەنگی ئەو کەسانەدا بگەڕێین کە چیتر لەگەڵمان نین؟
تاکەی دەبێت هەموو جارێک دەرگای یادەوەری بکەینەوە، لەو شوێنەی کە ڕۆژێک بوو بە ماڵمان، بەڵام ئێستا تەنها سێبەرەکەی ماوە؟
ڕابردوو شوێنێک نییە بۆ ژیان، تەنها شوێنێکە بۆ تێگەیشتن.
مرۆڤ کاتێک لە ڕابردوو دەڕوانێت، نابێت بۆ ئەوەی تێیدا بژیێتەوە شەنەو کەوی بکات ، دەبێت بۆ ئەوەی بزانێت چۆن لێی دەرچێت. چونکە یادەوەری، ئەگەر ببێتە جێگەی نیشتەجێبوون، دەبێتە بار، بەڵام ئەگەر ببێتە وانە، دەبێتە ڕێگا. ڕەنگە ژیانیش هەر ئەو پرسیارەی لێمان بوێت
ئایا دەتوانین ئەوەی لەدەستمان داوە بەجێبهێڵین، بۆ ئەوەی هێشتا نەمان توانیوە دروستی بکەین؟
نابێت هەموو توانامان بخەینە سەر ڕوونکردنەوەی دوێنێ کەبۆتە ڕابردوو.
دوێنێ خۆی تەواو بووە، بەڵام سبەی هێشتا دەستنووسێکی بەتاڵە و چاوەڕوانی ئێمەیە تێدا تۆماری داهاتوو بکەین .
لەوانەیە داهاتوو هیچ بەڵێنێک نەدات.لەوانەیە هیچ ڕێگایەکی ئامادە نەبێت.
بەڵام مرۆڤ بۆ ئەوە دروست نەکراوە کە تەنها بە ڕێگای ئامادەکراودا بڕوات. مرۆڤ هەندێک جار دەبێت خۆی ڕێگا دروست بکات ، ئەویش ئێستایە بۆ سبەینێ .پەڕەیەکە کە هێشتا نەنووسراوە.
ئێمە تاکەی دەبێت دەرگای یادەوەری بکەینەوە،بچینەوە بۆ ئەو شوێنەی ڕۆژێک ماڵمان بووە،بۆ ئەو پەنجەرەیەی ڕۆژێک چاوەڕوانی دەکردین،بۆ ئەو دەنگانەی ڕۆژێک ژیانمانی پڕ دەکرد لەبەختەوەری، بەڵام ئەمڕۆ تەنها سێبەرێکیان لە دیواری بیرماندا ماوەتەوە.
هەندێک ڕووداو هەرگیز بەجێمان ناهێڵن ئەوەئێمەین کە دەبێت لێیان دەرچین.ڕابردوو ماڵێک نییە بۆ مانەوە.ئەو کتێبەیە کە دەبێت بیخوێنینەوە،
لە وانەکانی تێبگەین،پاشان بە هێواشی دایبخەین.چونکە یادەوەری، کاتێک دەبێتە جێگەی نیشتەجێبوون،دەبێتە بارێک کە هەر لەگەڵ خۆمان هەڵیدەگرین.بەڵام یادەوەری کاتێک دەبێتە وانە،دەبێتە چرایەک کە ڕێگامان بۆ پێشەوە ڕوون دەکات.مانای گەورەبوونی مرۆڤ ئەوە نییە کە هەرگیز نەشکێت، لەوانەیە ئەوە بێت کە فێر بێت لە شوێنی شکانی خۆی،
دوبارە هەڵسێتەوە . پرسیارەکە ئەوەیە ،ئایا دەتوانین ئەوەی لەدەستمان چووە بەجێی بهێڵین،بێ ئەوەی خۆمان لەگەڵیدا لەدەست بدەین؟
چونکە هەندێک جار ئەوەی دەبێت لێی داببڕین، کەسێک نییە،
بەڵکو وێنەیەکە کە لە کاتی ڕابردوودا لە خۆمان دروستمان کردووە.
دوێنێ تەواوە. نە بەو مانایەی کە دەبێت لەبیرمان بچێت،بەڵکو بەو مانایەی کە چیتر دەستمان پێی ناگات.
دوێنێ پەڕەیەکی نووسراوە،هەرچەندە هێشتا بۆنی باران و خۆڵی لێ دێت،
هەرچەندە هێشتا هەندێک وشەی ناتەواومان لە لاپەڕەکانی ماوە،بەڵام هەرچییەک بێت،پەڕەکە ڕەشبۆتەوە و جێگەیەک نەماوە بۆ نووسین تێدا .
ئەوەی لەبەردەستمانە، پەڕەی سبەینێ یە یان پەڕەی داهاتووە کە چاوەڕێمانە .پەڕەیەکی سپی،بێ ناونیشان،بێ کۆتایی،بێ هیچ بەڵێنێک.
تەنها چاوەڕوانی ئەوەیە کە دەستمان بۆ قەڵەم ببەین و دەستکەینە نووسینەوەی چیرۆکێکی چاوەڕوان نەکراو .
ڕەنگە داهاتوو ڕێگایەکی ئامادەی نەبێت.لەوانەیە لە پێشماندا تاریکی بێت، نەک ڕووناکی.لەوانەیە هیچ کەسێک نەزانێت هەنگاوی دواترمان بۆ کوێ دەبێت و دەچێت ؟
بەڵام ئایا هەموو ڕێگاکان پێویستە پێش ئەوەی پێیاندا بڕۆین، ئامادەکرابن ؟
نەخێر:هەندێک ڕێگا بە هەنگاوی یەکەم دروست دەبن،هەندێک دەرگا بە دەستی ئەو کەسە دەکرێنەوە کە ترسی جێهێشتووە .
مرۆڤ هەندێک جار نابێت چاوەڕوانی ڕووناکی بکات،دەبێت خۆی ببێتە چرای ڕێگاکەی.لەبەر ئەوە، با هەموو جارێک سەرمان لەسەر گۆڕەکانی دوێنێ کزنەکەین و دۆشدابمێنین بەڕابردۆوە.با ڕابردوو لەگەڵ خۆمان ببینین،
بەڵام لەژێر سایەی نەژین .با وانەکانی هەڵگرینولێوەی فێربین نەک زنجیرەکانی.چونکە ژیان هێشتا کۆتایی نەهاتووە.هێشتا پەڕەیەک هەیە کە نەنووسراوە،هێشتا هەنگاوێک هەیە کە ڕێگەی نەگرتووە ،هێشتا چیرۆکێک هەیە کە دەکرێت بە ناوی ئێمە دەست پێ بکات.
دوێنێ تەنها یادەوەرییە.ئەمڕۆ هەنگاوەو سبەی، پەڕەیەکە کە هێشتا قەڵەمی ئێمەی چاوەڕوانە
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان











