خەیاڵە خۆشەکەی ڕەوتی هەڵوێست:لەناوبردنی پارتی بە چەکی پارتی خۆی!
04/10/2026, 16:02 (GMT+1)

لەم هاوکێشە سیاسییە ئاڵۆزەی هەرێمدا پرسیارە جەوهەرییەکە ئەمەیە: بۆچی ناكرێت باوەڕ بە عەلی حەمەساڵح و ڕەفتارە سیاسییەکانی بهێندرێت؟
وەڵامەکە لۆژیکییە و پێویستی بە قوڵبوونەوەی زۆر نییە: هیچ دەسەڵاتێک لە مێژوودا چەکی کاریگەری خۆی ناخاتە دەستی کەسێک تا لە دژی خۆی بەکاریبهێنێتەوە !
لە جیهانی سیاسی کوردیدا، میدیا بەهێزترین چەکی دەسەڵاتە کە زۆرترین بودجەی بۆ دابین دەکرێت تا بتوانن لەڕێگەیەوە خەڵک بە خواستی خۆیان ئاڕاستە بکەن، لێرەدا پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: چۆن پارتی ملیۆنان دۆلار لە دەزگا میدیاییەکانی سەرف دەکات تا ببێتە مینبەرێک بۆ ڕەوتێک کە بانگەشەی پۆپۆلیستبوون دەکات و تەواو دژی دەسەڵات و حوکمی خێڵەکییە ؟!
بە مانایەکیتر:پارتی چۆن چەکەکانی خۆی پێشکەشی عەلی حەمە ساڵەح دەکات تا عەلی بێت و دژی پارتی بەکاریان بهێنێت ؟!
ئەمە بە عەقڵی کێدا دێت کە پارتی بەو هەموو سیاسەتە شەیتانییانەیەوە بێت کۆمەڵێک پارە سەرف بکات لە میدیاکانییەوە تا کەسێک لە ڕێگەیەوە بانگەشە بکات بۆ حزبە ئۆپۆزسیۆنەکەی تا دەنگی زۆر بهێنێت و کۆتایی بە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی بهێنێت؟! ئەمە خەیاڵێکی خۆشی زۆر دوور لە واقیعی لایەنگرانی ڕەوتی هەڵوێستە بەداخەوە !
لێرەدا پرسیارێکی تری جەوهەری دێتە پێش: پارتی لە بەرامبەر چیدا عەلی حەمەساڵح دەهێنێتە سەر شاشەکانی؟ عەلی چی هەیە تا بیبەخشێت بە پارتی؟،دڵنیابن ئێوەن: عەلی تەنها دەنگی ئێوەی هەیە و هیچیتری نییە بۆ پارتی.
لە شاسوار عبدالواحدەوە فێربن کە قسەکردن وەک ناڕازی و جوڵاندنی هەستی خەڵک ئاسانە، تەنانەت شاسوار دوای ئەوەی بووە هاوپەیمانی یەکێتی، هەتا ئێستاش ڕەخنە لە حکومەت دەگرێت و خەڵکی وا هەیە ئێستاش متمانەی پێی هەیە!
عەلی حەمەساڵح ئەگەر مەترسییەکی ڕاستەقینە و جددی بێت بۆ سەر پایەکانی دەسەڵاتی پارتی، چۆن دەکرێت ڕۆژانە و بەردەوام سەرپەرشتی سەکۆکانی ڕووداو وە ئاڤا و کوردستان ٢٤ بکات؟، دۆخەکە گەیشتووەتە ئاستێک کە دەتوانین بڵێین تەنها لە خەودا مایکی ئەو کەناڵانەی لەبەردەم دانەنراوە!
ئەم نەخشەڕێگەیە زۆر لە حاڵەتەکەی شاسوار ڕوونتر و ئاشکراترە. بۆ؟ چونکە ئەگەر بۆ شاسوار بە ناڕاستەوخۆ بانگەشە و کارئاسانی دەکرا، ئەوا بۆ عەلی زۆر بە ڕاشکاوانە و لە ڕێگەی میدیاکانی پارتییەوە ڕێکلامی بۆ دەکرێت و دەکرێتە ترێند، تەنانەت وەک پێشینان دەڵێن "قەل بە قەلی وت ڕووت ڕەش بێت"، زۆرجار عەلی حەمەساڵح (لە میدیاکانی پارتییەوە) ڕەخنە لە شاسوار و جوڵانەوەکەی دەگرێت و بە ئۆپۆزسیۆنی درۆینە نیشانیان دەدات، لە کاتێکدا خۆشی هەمان شێواز پەیڕەو دەکات.
دەتوانین بڵێین عەلی حەمەساڵح هەوڵدەدات ئەو دەنگانە بەدەستبهێنێت کە بۆ شاسوار هەڵخەڵەتان و ئێستا چیتر متمانەی پێناکەنەوە، ئەم دەنگانەش لە کۆتاییدا دەبنەوە بە هی پارتی !
کەواتە ئەو ململانێیانەی لە نێوان عەلی و شاسواردا هەن، ململانێی پارتی و یەکێتین بەڵام لە فۆرمێکی نوێدا.
وەک چۆن لە سەرەتای دوو هەزارەکاندا فلیم کارتۆنی (گریندایزەر) هەبوو کە تێیدا شەڕی بەوەکالەت لە نێوان ڕۆبۆتەکاندا ڕووی دەدا و لەلایەن مرۆڤەکانەوە ئاڕاستە دەکران، شەڕی عەلی و شاسواریش هەمان شتە و فۆرمێکی نوێی شەڕی پارتی و یەکێتییە کە وەکالەتەکەی بە عەلی و شاسوار دراوە.
وە بەداخەوە عەلی و شاسواریش دەنگی خەڵکی ستەمدیدەن، کەواتە دیسانەوە وەک چۆن لە شەڕی براکوژیدا تەنها خەڵک باجەکەی دا، لەم شەڕە بەوەکالەتەشدا هەر خەڵک باجەکەی دەدات.
بۆیە ئێمە پێتان دەڵێین تکایە وشیاربن! عەلی حەمەساڵح و ڕەوتی هەڵوێست هەرگیز نابنە داکۆکیکار و نوێنەرێکی ڕاستەقینەی خەڵکی ستەمدیدە و ناڕازی لە دۆخی ئێستای کوردستان.
بە ڕاشکاوانە پێتان دەڵێم کە امری واقع دەڵێت: پارتی چەکی خۆی ناداتە عەلی، تا عەلی بەکاریبهێنێت و پارتی پێ لەناو ببات،کەواتە پارتی بەرامبەرێکی دەوێت لە عەلی،ئەی عەلی چی هەیە تا بیداتە پارتی بەدەر لە دەنگی ئێوە ؟!.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان











