<

بڕینەوەی دارستانەکانی بادینان، تاوانێکە لە ئاستی تاوانەکانی جەنگدا

17/10/2026, 22:04 (GMT+1)

ئەگەر جاران ئەم وتەیە دەوترا، کە ئەم وڵاتە دەوڵەمەندە، کە دارستانی هەبێت، ئەوا ئەمڕۆ دەوترێت ئەو وڵاتەی دارستانی هەبێ نەک هەر دەوڵەمەندە، بەڵکو تەندروستیشە وە مەرجە بۆ بوونی ژینگەیەکی تەندروست بۆ ژیانی هاوچەرخ.

دارستان بۆ ناوچە گوندنشینەکان گرنگییەکی ژیانی هەیە چونکە زۆر لایەنی گرنگی ئابووریی جۆراوجۆری هەیە بۆ دانیشتووان لەگەڵ پاراستنی ژینگەی بنەڕەتی بە دروستکردنی پەرژینی سەلامەتیی جێی متمانە بۆ بژێوی و مانەوە لە ژیان. بۆ نموونە لە کوردستان دارستانەکان سەرچاوەی فەراهەمکردنی خۆراکن هەروەها شوێنی مۆڵگە و لەوەڕگان بۆ زۆر جۆری ئاژەڵی ماڵی وەک بزن، مەڕ وە ڕەشەوڵاخ، هەتا باڵندە و ئاژەڵی کێویش لەگەڵ زۆر جۆر ڕووەک کە بەبێ دارستان ئەمانە ناتوانن بەردەوامی بە ژیان بدەن وە هەتا هەندێ جۆری ڕووەک و باڵندە بێ دارستان تووشی هەڕەشەی لەناوچوون دەبن. گرنگیی دارستانەکان بۆ ئابووری، بەگوێرەی زۆر سەرچاوە بزوێنەرێکی سەرەکیی ئابووری جیهانین، ساڵانە زیاتر بە ١.٣ تریلیۆن دۆلار بەشداری دەکەن لە بەرهەمهێنانی ئابووریدا وە زیاتر لە ٣٣ ملیۆن کەس ڕاستەوخۆ لە کارە فەرمییەکانی دارستانەکاندا کاردەکەن (لەگەڵ دەیان ملیۆن کەسی دیکە لە ڕۆڵی نافەرمیدا).*

ئیکۆلۆژی و سیستەمی ژینگەیی زانیاریی سەرەتایی لە زانستە سروشتییەکانی وەک فیزیا، بایۆلۆجی، کیمیا و ئیکۆلۆژیدا پێویستە بۆ ئەوەی تێبگەین چی بەسەر زەویدا دێت، لەبەر ئەوە دارستانەکان بۆ سیستەمی ژینگەیی (Ecosystem) گرنگییان هەیە، چونکە کەشوهەوای جیهانی ڕێکدەخەن و بڕێکی زۆر کاربۆن هەڵدەگرن و زیاتر لە ٨٠٪ی جۆراوجۆریی زیندەوەرانی زەوی لەخۆدەگرن کە ئاو و خاکی پاک دەپارێزن.

جۆراوجۆریی زیندوو پێویستە وە مەرجە بۆ پاراستنی ژیان و بوون چ لەسەر ئاستی لۆکاڵی یا جیهانی، نموونەی لۆکاڵی نەهێشتنی دارستانەکانی بادینان وە ڕیشەکێشکردنی سیستەمی ژینگەییە، کە دەبێتە هۆی نەمانی جۆراوجۆریی زیندوو لەم ناوچەیە بە مرۆڤیشەوە، ئەگەر بەجۆرێ لە جۆرەکان جارێکی تر لەم شوێنەی ئەم ٩ ملیۆن دارەی بڕاونەتەوە نەکرێتەوە بە دارستان وەک خۆی. بەبێ ڕێژەیەکی زۆر و فراوان لە ئاژەڵ، ڕووەک، پەلەوەر، وردەزیندەوەرەکان، ناتوانین ئەو سیستەمە ژینگە تەندروستانەمان هەبێت کە پشتی پێدەبەستین بۆ ئەوەی ئەو هەوایەمان بۆ دابین بکات کە هەناسەی پێدەدەین و ئەو خۆراکانەی دەیخۆین.

وە لەسەر ئاستی جیهانیش لەدەستدانی جۆراوجۆریی زیندوو بووەتە گرفت و قەیرانێکی جیهانی، کە بەهۆی مرۆڤەوە دروست بووە لە گۆڕینی سیستەمی ژینگەی سروشتییەوە، وە لە ئێستادا ڕێژەی لەناوچوون ١٠ بۆ ١٠٠ هێندە زیاترە لە هێڵی بنەڕەتی سروشتی. گۆڕینی سیستەمی ژینگەی سروشتی لە کوردستان لە ٢٠٠٣ـەوە بە خێرایی هەستی پێدەکرێت کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەبووە لەسەر گۆڕینی سیستەمی ژینگەیی وە دیمەنی سیستەمی ژینگەیی، کە بووەتە هۆی نەمانی جۆراوجۆریی ژیان لە زۆر شوێن.

دارستانەکان هاوسەنگیی کەشوهەوا وە سیستەمی ژینگەیی و جۆراوجۆریی ژیان دەپارێزن، کە بەم هۆیەوە داهاتووی ژیان و ئابووری بۆ سەر زەوی مسۆگەر دەکەن. زیاتر لە دوو دەیەیە لە ناوەندەکانی زانستی، کۆمەڵگەی مەدەنی وە یاسادانەرانەوە هەوڵ دەدرێت، کە هەر کارێک ببێتە هۆی نەمانی دارستان وەک تاوانێکی جیهانی بناسرێت هاوتای تاوانەکانی تر وەک تاوانی شەڕ، کۆمەڵکوژی... هتد.

بەشێکی زۆری بڕینەوە و نەمانی دارستانەکان پەیوەندیی بە گەندەڵییەوە هەیە کە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە ئەنجام دەدرێت بۆ سوودی خۆیان بەتایبەت لە وڵاتانی جیهانی سێ کە زۆربەیان دیکتاتۆرین وە دەوڵەتی قانون وە سیستەم و دامەزراوەی دیموکراسی بوونی نییە، جگە لەمەش خەڵک بەشدار نییە لە هیچ بڕیارێکی سیاسی و ئابووری و کارگێڕیدا، هەر بۆیە دژایەتیی گەندەڵی بەشێکە لە پاراستنی دارستانەکان، ژینگە وە داهاتووی وڵات.

ئەمڕۆ ژمارەیەکی بەرچاو لە گەلان بە ڕوونی سزای ئیکۆساید یان سزای تاوانکاریی قورسیان بۆ زیانەکانی ئیکۆلۆژی لە یاسای سزادان یان یاسا نیشتمانییەکانیاندا کۆد کردووە:

لە دانیمارک وەک نموونە چەمکی تاوانی دارستانبڕین لە دوو لایەنی سەرەکیدا پۆلێن دەکرێت: ڕێساکانی ژینگەیی ناوخۆیی (بڕینی بێ مۆڵەت لە ناوخۆی وڵاتدا) و لێکۆڵینەوەی پێویست بۆ دارستانبڕینی جیهانی (هاوردەکردن و بەکارهێنانی نایاسایی کاڵاکان کە بەستراوەتەوە بە لەناوبردنی دارستانەکانی جیهانی). بۆیە لە کوردستانیش لانی کەمی یاسای پاراستنی دارستان لەسەر ئاستی ناوخۆ گەڵاڵە وە پەیڕەو بکرێت بە پێوەرە جیهانییەکان وە بێ لەبەرچاوگرتنی پێگە وە دەسەڵاتی دەسەڵاتداران.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ڕوونکردنەوانەی سەرەوە بڕینەوەی دارستانەکانی بادینان تاوانە، وە هەموو ئەوانەش، کە بەشدارن لە بڕیار بۆ فرۆشتن، کڕین، بڕینەوە، گواستنەوە وە یان هەر ئاسانکارییەک لەسەر هەر ئاستێک، لایەن وە هەر کەسێکەوە بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە بەشدارە لە تاوان.

دەسەڵاتێک نەتوانێ پارێزگاری لە دارستانەکانی بکات ناتوانێ پارێزگاری لە ژیانی هاووڵاتیان وە داهاتووی وڵات بکات، بۆیە پرسیاری جدی لەسەرە لەسەر ڕەوایەتیی بوونی وە مانی. لەبەرئەوە گرنگە وە پێویستە ڕای گشتیی کوردی دروست ببێت تا دەنگ و کاریگەریی هەبێت لە هەمبەر پرسە گرنگەکانی نەتەوە و نیشتمان.

سەرچاوە:

https://l1nk.dev/cQWCDKE

https://acesse.one/UAYgog1

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست