<

کێن ئەوانەی خۆپیشاندانەکانی فەرەنسا بەلای فەلەستیندا دەبەن؟

24/10/2026, 17:30 (GMT+1)
گرێتا تونبێرگ و ڕیما حەسەن. (Greta Thunberg, Rima Hassan)
ڕیما حەسەن، کە هەندێک لە فەرەنسییەکان داوا دەکەن ڕەگەزنامەی فەرەنسی لێ بسەنرێتەوە لەبەر ئەوەی زیاتر وەک فەلەستینییەک هەڵسوکەوت دەکات هەتا فەرەنسییەک، لە کامپی فەلەستینییەکان لە سوریا لەدایک بووە لە ساڵی 1992. باوکی لە هێزی ئاسمانیی سوریاشدا کاری کردووە. لە دە ساڵیدا دەگاتە فەرەنسا و ماستەری لە یاسای جیهانیدا بەدەست دەهێنێت، یەکێکە لە کەسایەتییە نزیکەکانی مێلانشۆ (پارتی فەرەنسای نەبەرد) کە بە پێی پێشبینییەکان بەرامبەر مارین لوپێن دەمێنێتەوە بۆ خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری داهاتوو. ڕیما ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپایە لەسەر لیستی پارتەکەی.
ڕیما لە ساڵی 2024 سەردانی سوریای بەشار ئەسەد دەکات بەبێ ئەوەی بە یەک وشە ڕەخنە لە رژێمی ئەسەد بگرێت، ئەم سەردانەشی بووە جێگای ڕەخنە لە فەرەنسا، چونکە بۆ فەرەنسییەک ئەگەر لایەنگری رژێمی ئەسەد نەبیت ناتوانیت سەردانی سوریا بکەیت. هەروەها چەندەها کێشەی ناوەتەوە لە فەرەنسا و ڕووبەڕووی دادگا بووەتەوە.
لەگەڵ گریتا تونبێرگ ((Greta Thunberg) هەوڵی شکاندنی گەمارۆی غەزە دەدەن بە گەیاندنی یارمەتی بۆ دانیشتووانی غەزە و ئیدی چەند جارێک دەچێتە زیندانی ئیسرائیل و دواجار ئیسرائیل خستیە لیستی ئەو کەسانەی کە ناتوانن سەردانی ئیسرائیل بکەن.
گرێتا تونبێرگیش کە کەسایەتییەکی جیهانییە و بەرگری لە ژینگە دەکات، جگە لە فەلەستین هەتاوەکو ئێستاکە بەرگری لە هیچ گەلێکی ستەملێکراو نەکردووە، بەڵام هاتووە بۆ فەرەنسا بە جامانە و تیشێرتی نەخشەی فەلەستین بەسەر سنگیەوە بۆ بەرگریکردن لە خۆپیشاندەرانی فەرەنسا.
بەڵام کام خۆپیشاندەران؟
بە ئامۆژگاریی ڕیما حەسەن بێگومان سەردانی خۆپیشاندەرەکانی ناوچەی سانت دۆنی کرد کە لایەنگری فەلەستینن و دژی ئیسرائیلن، نەک ئەو خۆپیشاندەرانەی کە بە ئاشتیانە خۆپیشاندان دەکەن.
ئەمانەن کە دەیانەوێت خۆپیشاندانەکانی فەرەنسا وەرچەرخێنن بۆ دژ بە ئیسرائیل و بەرگریی لە غەزە.
ڕیما لەم دواییانەدا تاوانبار کرا لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای ئەوروپا بەوەی کە ئاڵای ئیسرائیل و ئەوروپای خستووەتە خوارەوە لە کاتی پێشانگایەک بۆ قوربانیانی حەوتی ئۆکتۆبەر، هەرچەندە دەڵێت کە ئەو دەستی نەداوە لە ئاڵای ئەوروپا.
هەروەها دادگای پاریس تاوانباری کرد بە پشتگیریکردنی تیرۆر، بە دووبارەکردنەوەی قسەی سەرکردەیەکی حەماس بە تویتێک کە دوایی سڕییەوە، بە دە مانگ زیندانیی هەڵپەسێردراو و دوو ساڵ مافی خۆهەڵنەبژاردن.
خۆ ئەگەر ئەم دوو کەسە جگە لە غەزە بەرگرییان لە نەتەوەیەکی تر بکردایە ئەوا منیش چەپڵەم بۆ لێ دەدان. بەڵام تەنها لەبەر ئەم هۆکارەیە کە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەنگ بە لیستی فەرەنسای نەبەرد نادەم.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست