حەفت گرینگترین بیردۆز لەبارەی پەیدابوونی ژیان
17/04/2025, 17:34 (GMT+1)

هەرچەندە ئاسۆی تێگەیشتنمان لە گەردوون و دیاردەکانی یەکجار بەرفرەوان بووە، بەڵام بنەچە و چۆنەتی پەیدابوونی ژیان تا ئێستەش یەکێکە لە گەورەترین نهێنییەکانی زانست. گەلەک بیرۆکە و ڕاڤەی جۆراوجۆر پێشنیار کراون، بۆ زانینی ئەوەی ئێمە تەنیاین لە گەلەستێرەکەمان، پێویستە زۆر بەچاکی ورد ببینەوە لە بارودۆخی جیۆکیمیایی و خوولی ئاو و پلەی گەرمی و هی دیکەی کە بوونە هۆکار بۆ سەرهەڵدانی ژیان و دەرکەوتنی یەکەمین زیندەوەر.
شێوە ژیانەکەی دەوروبەرمان جوان و ڕەنگینە لە هەمەجۆری و ئاڵۆزییەکەیدا، بەڵام لە سەرەتاوە چۆن پەیدا بووە؟ کامانەن ئەو بیردۆزە زانستییانەی لەبارەی ئەم بابەتە لەلایەن زاناکانەوە دانراون؟
با پێکەوە هەوڵ بدەین بگەینە ڕاڤە و وەڵامێکی گونجاو بۆ ئەو پرسیارانە.
چیرۆکی ژیان نێزیکەی 3.8 ملیار ساڵ پێش ئێستە دەست پێ دەکات، لەو دەمەدا یەکەمین تۆوی ژیان لەسەر هەسارەکەمان هاتووەتە دەرکەوتن، ئەو کاتە بوونەوەرەکان یەکجار ورد و سادە و ساکار بوونە، پاشان بە تێپەڕبوونی کات و پەرەسەندنێکی بەرفرەوان و بەردەوام، بوونەتە ئەو هەموو شێوە جوان و ئاڵۆزەی ئەمڕۆکە دەیان بینین.
بنچەی ژیان، یان بیردۆزی پەیدابوونی ژیان (Abiogenesis)، لێکۆڵینەوەیەکە بۆ زانینی وەڵامی ئەوەی، ئاخۆ دەبێ سەرەتا چۆن و لەچییەوە ژیان پەیدا بووبێ لەسەر ئەو هەسارەیەی کە پێمان وایە تاکە شوێنە لە گەردووندا کە ژیانی تێدا هەیە؟ چۆن ژیان لە شلاوی سەرەتایی (Primordial soup)، چێ بووە؟
بۆ ئەمە کۆمەڵێک بیردۆزمان هەن، بەڵام لێرەدا تەنیا گرینگترین حەفت دانەیان دەخەینە ڕوو؛

1- تۆوە هەمەلایەنەکان (Panspermia)
چۆن ژیان لەسەر زەوی پەیدابووە؟ دەشێ وەڵامی ئەم پرسیارە بە شێوازێکی دیکەی جیاواز بێت، لەبەرئەوەی هەندێ لە زاناکان وای بۆ دەچن هەر لە بنچینەوە ژیان لەسەر زەوی سەری هەڵ نەدابێ و بەڵکوو لە بۆشایی ئاسمانەوە هاتبێت.
ئەوەی شایەنی ئاماژە پێ کردنە، زاراوەی تۆوی هەمەلایەن لە بیرۆکەیەکەوە هاتووە دەبێژێت، تۆوی ژیان لە گشت لایەنەکانی گەردووندا بوونی هەیە، ئەگەری ئەوە هەیە ژیانی سەر زەویش لەو "تۆوانە"وە هاتبن کە ڕوواون لەسەر چەند هەسارەکانی دیکە.
بۆ نموونە هەسارەی بارام (المريخ - Mars)، ژمارەیەکی زۆر لە بەردی تەنە کشاوە ئاسمانییەکانی بەر کەوتووە، زاناکانیش لەسەر زەویدا گەلەک لەو بەردە کشاوانەیان دۆزیووەتەوە کە سەرچاوەیان بۆ هەسارەی بارام دەگەڕێتەوە. بەمەش پێشنیاری ئەوەیان کردووە، چەندان جۆرە میکرۆب لەڕێی ئەم بەردانەوە لە بارامەوە بەرەو زەوی هاتبن، زاناش هەیە پتر زێدەڕۆیی دەکات و پێی وایە کە لەوانەیە تۆوی ژیان بەهۆی تەنە کلکدارەکانی دەرەوەی کۆمەڵە خۆرەکەشمان گوێزراونەتەوە بۆ سەر زەوی.
ئەگەر ئەمە ڕاست بێت، ئەوا بەپێی ئەم بیردۆزە ئێمە لە بوونەوەرە ئاسمانییەکانین! بیردۆزێکی جوان و سەرنجڕاکێشە، بەڵام لێرەدا پرسیارەکەمان گۆڕانی بەسەردا دێت، لە "ژیان چۆن لەسەر زەوی پەیدابووە؟" دەبێتە "ژیان چۆن لە شوێنێکی گەردووندا پەیدابووە؟"

2- جیهانی (RNA)
زۆرینەی خانەکان پێویستیان بە زانیارییە بۆ گەشەکردن و کارکردنیان، ئەوانەی لە ترشی ناوکەییدا (DNA) هێماکراون و گلدراون، ئەو زانیارییانە بەکار دەهێندرێن بۆ دروستکردنی پرۆتینەکان لەپێناو بەدەستهێنانی داخوازییەکان (گەشەکردن و کارکردن)، هاوکات بۆ ئەوەی DNA خۆی لەبەر بگرێتەوە و بە دووهێندەیی زۆر ببێت (کاتێک خانەکان دووهێندە دەبنەوە و زۆر دەبن)، پێویستی بە چەندان جۆرە پرۆتین هەیە بەشێوەی ئەنزیم، کەواتە هەریەکەیان پێویستی بەوەی دیکەیە. باشە کامەیان پێشتر هەبوونە؟ لەڕاستیدا پێکهاتە نێوانەکییەکەی ئەو دووانە پێی دەگوترێت (RNA)، ئەمەیان دەتوانێت کاری پرۆتین بکات وەک ئەنزیمێک، هەروەها هاوشێوەی DNA پێی دەکرێ ئیشی گلدانەوەی زانیارییە بۆماوەیییەکان بەڕێوە ببات.
بەکورتی RNA هاتووەتە چێبوون بۆ پێکەوەنانی "جیهانی RNA" پاشان هەریەکە لە پرۆتین و DNA سەریان هەڵداوە چونکە ئەوانە چالاکترن، لەگەڵ ئەوەش هەتا ئێستە RNA هەر ماوە و هەڵ دەستێت بە چەند کردارێکی گرینگ و کاریگەری وەک، خستنەگەڕی هەندێ لە جینەکان و وەستاندنی کاری هەندێ جینی دیکە.
بەبوونی ئەم ڕاڤەیەش، دیسانەوە تووشی کێشەیەک دەبینەوە لە چۆنەتی چێبوونی RNA، ئایا دەکرێ خۆبەخۆ ئەم پێکهاتەیە سەرهەڵ بدات؟ بەشێک لە زاناکان ئەم بیرۆکەیە بە ڕاست دادەنێن، بەشێکیشیان ڕەتی دەکەنەوە، بۆیە لەم سەرگەیەوە پێشنیار دەکرێت بۆ ترشی ناوکەیی جۆری TNA یان PNA.

3- سەرەتا سادەکان (Simple Beginnings)
لە بیردۆزەکەی پێشوودا بینیمان کە هەندێک لە زاناکان هاتنەکایەی RNA بە شێوەیەکی خۆبەخۆ بەڕاست دانانێن لەبەر پێکهاتە ئاڵۆزەکەی، ئەی ئەم بیردۆزەیان چۆنە؟
بەر لە ئاماژە پێکردن، پێویستە چەمکێکی سادە ڕوون بکەینەوە: گوتمان RNA هەڵ دەستێت بە گواستنەوەی زانیارییەکانی ناو DNA بۆ ئەوەی وەربگێڕدرێ و بگۆڕدرێت بۆ پرۆتینەکانی کە دەبنە بەشێک لە پێکهاتەی ئەنزیمەکان، ئەوانەی کاری دروستکردنی ئاوێتەکان و داتەپین و وردکردنیان بۆ ئاوێتەی سادەتر ڕێک دەخەن، ئەم کردارە کیمیایییانەی پێکهاتن و داتەپین پێیان دەگوترێت زیندەپاڵ (الاستقلاب - Metabolism). واتە بوونی زیندەپاڵ بەندە بە بوونی DNA و RNA و پرۆتین، هەر ئەمەش بوو بیردۆزی دووەم کە لێی دواین.
ئێستەش با بێینە سەر بیردۆزی سێیەم کە دەبێژێت، ئەوەی پێشتر سەری هەڵداوە زیندەپاڵ بووە، دوای ئەوە سێ پێکهاتەکەی ناومان بردن بەدەر کەوتوون. ئێمە دەبیستین کە ژیان لە پێکهاتە سادەکانەوە دەستی پێ کردووە، ئەمانەش بەبەردەوامی لەگەڵ یەکدیدا لە کارلێکردن بوونە، لەو دەمەی بەرگ، یاخۆ توێکێکیان هەبووە هاوشێوەی پەردەی خانەکان، پاشان پێکهاتەی ئاڵۆزتر پەرەیان سەندووە بۆ ئەنجامدانێکی باشتری کردارەکان کە توانییان شوێنی پێکهاتە سادەکان بگرنەوە. کەواتە کردارگەلی زیندەپاڵ لە پێش جینەکاندا هەبوونە، ئەم سیناریۆیەش ناو دەنرێت بە "زیندەپاڵ یەکەمینە" لەبری "جین یەکەمینە" لەبەرئەوەی زاراوەی جین یەکەمینە پێوەندی هەیە بە بیردۆزی جیهانی RNA.

4- سەرەتایەکی سارد (Chilly Start)
پتر لە سێ ملیار ساڵ لەمەوبەر، تیشکی خۆر سێ جاران کزتر بووە لەوەی ئەمڕۆکە، ئەمەش وای کردووە زەوی بە زەریاکانییەوە بە چینێک لە سەهۆڵ دابپۆشرێت. ئاوێتە زیندەکییە بنەڕەتییەکانی پەیدابوونی ژیان پتر جێگیر دەبن لە پلە گەرمییە نزمەکان، هاوکات ئەو چینە سەهۆڵە توانی پێکهاتە بێهێزەکان بپارێزێت لە زیانەکانی تیشکی ژوور وەنەوشەیی دەرچوو لە خۆر، هەروەها لە هێرشی تەنە کشاوە ئاسمانییەکانی خۆیان بە زەوی دەکێشن. زانراویشە کە لە پلەی گەرمی ئاسایی، ئاوێتەکانی وەک کۆمەڵە سادەکانی ترشە ئەمینییەکان ڕێژەیان کەمە لە ئاودا، بەڵام کاتێک نێوەندەکە دەی بەستێت، ئەوا چڕتر دەبنەوە. دەرەنجام هەموو ئەمانە بوونە هۆکاری کارلێکە بنەڕەتییەکان بۆ سەرهەڵدانی ژیان.

5- کون و دەرچەکانی بنەبانی دەریاکان (Deep Sea Vents)
بیردۆزی دەرچە و کەلەبەرەکانی هەواگۆڕکێ لە قووڵایی دەریاکان ئاماژە بەوە دەکات، دەشێ دەرچە گەرمە ئاوییەکانی ژێر دەریاکان ئاوێتە و پێکهاتە سەرەکییەکانی ژیانیان دەر دابێت.
ژمارەیەک لەو کونە گەرمانە لە تاریکایی بنەبانی دەریا و زەریاکاندا دۆزراونەتەوە، ئەمانە شلەیەکی یەکجار گەرمیان لێوە دەر دەهاوێژرێت، بەهۆی هاتنیان لە ناوکەی زەوی و تێپەڕبوونیان بە توێکی زەوی، پێش هاوێشتنیان بۆ ناو دەریاکان. ئەو شلەیە لە ڕێڕەوەکەیدا بە ناو توێکی زەوی تێکەڵەیەک لە کاربۆن و گازەکانی وەک هایدرۆجین و کانزایە توواوەکان کۆ دەکاتەوە، دەکرێ گۆشە بەردینییەکانی لەو شوێنانەدا هەن، ببنە هۆکاری چڕکردنەوەی ئەو تێکەڵەیە و دابینکردنی هاندەرە کانزایییەکان بۆ کارلێکە زیندەیییە گرینگەکان.
لەڕاستیدا تا ئەمڕۆکەش، دەبینین کە ئەم دەرچە هەواگۆڕکێیانە پڕن لە وزەی کیمیایی و گەرمیی و پارێزەری ڕووبەرە ژینگەیییە زیندووەکانن.

6- زەوییە قوڕاوییەکان (Clay Community)
هەندێک لە زاناکان پێیان وایە، پێکهاتە سەرەتایییە جۆراوجۆرەکانی چێبوونی ژیان لە قوڕدا بەیەک گەیشتبن، لەبەرئەوەی کریستاڵەکانی قوڕ لە کاتی گەشەکردنیان پێکەوەیان دەلکێنێ و کۆبوونەوەیان دەپارێزێت لەو ناوچانەی دەکەونە بەر ژینگە جیاوازەکان، هاوکات چەندان تەنۆلکەی دیکە بەند دەکات و ڕێکیان دەخات بە شێوازێک کە زۆر لە ڕیزبوونی جینەکانی ئەمڕۆکەمان دەکات.
کاری سەرەکیی ترشی ناوکەیی (DNA) بریتییە لە هەڵگرتنی زانیاری لەسەر چۆنیەتی ڕێکخستنی تەنۆلکەکانی دیکە، زنجیرە جینەکییەکانیش لە DNA لە بنەڕەتدا ڕێنمایین لەسەر چۆنەتی ڕیزبوونی ترشە ئەمینییەکان لە پڕۆتینەکاندا، کریستاڵە کانزاییەکان لە قوڕدا دەتوانن تەنۆلکە زیندەکییەکان لە ڕیزبەندییەکی دیارکراودا ڕێک بخەن، دوای ماوەیەک تەنۆلکەکان خۆیان ئەو ئەرکەیان گرتە ئەستۆ (کاری ڕێکخستن).

7- پریشکی کارەبایی (Electrical Spark)
دەکرێ بروسکە پریشکی پێویستی بەخشی بێتە سەرهەڵدانی ژیان، لەبەرئەوەی پریشکی کارەبایی دەتوانێت ترشە ئەمینییەکان و شەکرەکان لە بەرگەهەوایەکی هەڵگری ئاو و میتان و ئەمۆنیا و هایدرۆجین بەبەرهەم بهێنێت، وەک چۆن لە ئەزموونە بەناوبانگەکەی میلەر-یوری لە ساڵی 1953دا بەدەر کەوت.
دەرەنجامەکانی ئەو ئەزموونە ئاماژە دەکەن بەوەی کە ڕەنگە بروسکە بەشدار بووبێ لە دروستکردنی خشتە سەرەکی و بنچینەیییەکانی پێکەوەنانی ژیان لەسەر زەوی لە ڕۆژانی سەرەتاییدا، پاشان لە ماوەی ملیۆنان ساڵدا ئاوێتە و پێکهاتە گەورەتر و ئاڵۆزتر هاتبنە چێبوون. هەرچەندە لەو کاتەوە لێکۆڵینەوەکان دەریان خستووە کە بەرگەهەوای ئەو دەمەی زەوی ڕێژەی هایدرۆجینەکەی کەم بووە، بەڵام زاناکان پێشنیاریان کردووە کە هەورە گڕکانیییەکان لە بەرگەهەوای سەرەتاییدا ئەگەری زۆرە میتان و ئەمۆنیا و هایدرۆجینی هەڵ گرتبێت، لەگەڵ بوونی بروسکەش.
لەم بیروڕا و بۆچوونانە لەبارەی سەرەتا و بنەچەی ژیان بۆمان ڕوون دەبێتەوە، بیردۆزەکان بە چەند بیرۆکە و گریمانەیەکی زانستی دەستپێ دەکەن، پاش کۆبۆنەوە و کەڵەکەبوونی کۆمەڵێک زانیاری ئینجا دەبنە بیردۆزی زانستی. بیردۆز گۆڕانی بەسەردا دێت، یان ڕاڤەکردنی بە شێوازێکی دی دەبێت، هەروەها دەکرێ بیردۆز هەموار بکرێتەوە، یاخۆ زیاتر بەهێز ببێ و بەرەو پێشەوە بچێت بە پاڵپشتی زانیاری نوێ و هاتنەدی پێشبینییەکان.
کەواتە ئەو بیردۆزانەی ئاماژەمان پێیان دا، هەر کامەی بەڵگەی پتری دەست بکەوێت، زیاتر دەچەسپێت و ئاستی ڕاستبوونی بەرزتر دەبێتەوە و دەبێتە جێی متمانە لەلای زاناکان، دواجار وەک ڕاڤەیەک وەردەگیرێت بۆ پەیدابوونی ژیان.
سەرچاوەکان؛
https://www.livescience.com/13363-7-theories-origin-life.html
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتی دیکە
بابەتە پڕبینراوەکان

