بۆچی سەهۆڵ سەرئاو دەکەوێت و نقووم نابێت؟
12/06/2025, 21:24 (GMT+1)

ئەگەر جارێک ڕێت بکەوێتە سەهۆڵبەندانی باشوور، یاخۆ تەنیا بە وێنەش دیمەنێکی ئەو ناوچەیە ببینیت، لە چیایە سەهۆڵینە زلەکانی کەوتوونەتە سەر ئاوی زەریاکان، دەشێ لە هۆکاری سەرئاو کەوتن و نقووم نەبوونی ئەو قەبارە یەکجار گەورانە بپرسیت. کێ هەیە لە ئێمە فلمی تایتانیکی نەبینیبێت، لەو دیمەنەی کە کەشتییەکە خۆی دەکێشێت بە چیایەکی سەهۆڵین و دەبێتە هۆی مردنی سەدان کەس لە سەرنشینان.
باشە لەبەرچی چیایەک بە کێشی هەزاران تۆن، ئاوا لە ناوەڕاستدا دەمێنێتەوە و نقوومی بنەبانی زەریاکە نابێت؟
لەڕاستیدا هۆی سەرئاوکەوتنی سەهۆڵ و ڕۆنەچوونی بۆ ژێر ئاو بەندە بە چڕی و پێکهاتەی گەردیلەیی سەهۆڵ بەرانبەر بە چڕی و پێکهاتەی گەردیلەیی ئاو. هەرچەندە چیایەکی سەهۆڵین بووە هۆکاری نقوومبوونی سەدان کەس و تێکشکانی کەشتی تایتانیک، بەڵام دیسانەوە نابێ نکووڵی لە سوودە گەلەک گرینگەکانی سەرئاوکەوتنی چیایە سەهۆڵینەکان بۆ هەسارەکەمان بکەین.
پرۆفیسۆری جیۆفیزیک برێنت مينچێو (Brent Minchew)، جەخت لەسەر کاریگەری کەوتنە سەرئاوی سەهۆڵ دەکاتەوە و دەبێژێت: سەهۆڵی سەرئاو کەوتوو بووەتە ڕاستییەکی بنەڕەتی لە جیهاندا، گومانیشی تێدا نییە کە زۆر سەختە بیر لەم جیهانەمان بکەینەوە بەبێ بوونی سەهۆڵی سەرئاو، ئەوەی چڕییەکەی یاریدەدەرە بۆ نقووم نەبوون و کەوتنیان بۆ ژێری زەریاکان.
لە نێوەندە زانستییەکاندا ناسراوە، زۆرینەی ماددەکان لە دۆخی ڕەقییاندا چڕییان پتر دەبێت، تەنیا ئاو نەبێت کە لەو شتەدا ڕیزپەڕە و چڕییەکەی لە دۆخی ڕەقی و بوونی بە سەهۆڵ کەمترە وەک لە دۆخی شلیدایە، ئەمەش وای لێ دەکات سەرئاو بکەوێت.
کەمی چڕی سەهۆڵ دەوەستێتە سەر پێکهاتە گەردیلەیییەکەی، وەک زانراوە ئاو (H2O) پێک دێت لە دوو گەردیلەی هایدۆجن و یەک گەردیلە ئۆکسیجن، تێیدا بارگەی ئەرێنی گەردیلەی هایدرۆجن و بارگەی نەرێنی گەردیلەی ئۆکسیجن بۆ یەکدی ڕادەکێشرێن بۆ بەدیهێنانی پێکهاتەی گەردیلەیی ئاو، دەرەنجامی ئەو هێزەی بەکێشکردن پێکبەندییەک دروست دەبێت بە ناوی پێکبەندی هایدرۆجنی، کاتێکیش ئاو دەیبەستێت پێکبەندییە هایدرۆجنییەکە شانەیەکی بەلووری دەهێنێتە چێبوون.
پرۆفیسۆر مينچێو دەڵێت: زۆربەی سەهۆڵەکانی سەر ڕووی زەوی بەلوورەی شەشینەی چەندجارە بووەوە پێک دەهێنن، لە نێوان ئەو شانە بەلووریانەدا بۆشایی پەیدا دەبێت و پر دەبنەوە بە هەوا، ئەمەش وا دەکات چڕی سەهۆڵ کەم ببێتەوە.
ئەو گۆڕانە کیمیاییانە و پێکبەندییەکان هۆکاری سەرئاوکەوتنی چیایە سەهۆڵییەکانە لە زەریاکاندا، بەو واتایەی کە هەرچەندە ئەو چیایانە زۆر ئەستوورن و کێشیکی یەکجار قورسیش لەخۆ دەگرن، بەڵام دیسانەوە ئەم تایبەتمەندییانە نابنە ڕێگر لە کەوتنە سەرئاویان.

گرینگی سەرئاوکەوتنی سەهۆڵ
ئەوەی شایەنی ئاماژە پێ کردنە، سەرئاو کەوتنی سەهۆڵی سەر زەریاکان شتانێکی گەلەک گرینگ و بەسوودن لەوانەش؛
- سەهۆڵی سەرئاوکەوتوو بوار دەڕەخسێنێت بۆ گەشەکردنی ژیانی ژێر ئاوی بەستووی دەریا و زەریاکان، چونکە نقوومبوونی سەهۆڵ ڕێگرێکی گەورەیە لەبەردەم ژیانی دەریایی و ئاوەکی بە گشتی.
- سەرئاو کەوتنی سەهۆڵ کاریگەرییەکی تەواوی هەیە بۆ خوولانەوە و سووڕی ئاوی زەریاکان. ئەو دەمەی ئاوی دەریا دەیبەستێت و سەهۆڵ دروست دەکات، دەبێتە هۆی لادانی خوێ، بەمە ئاوی ژێر چیا سەهۆڵینەکان چڕی و ڕێژەی خوێیەکەی زۆر بەرزتر دەبێت. ئەم تایبەتمەندییەی ئاوی ژێر چیا سەهۆڵینەکان ڕۆڵێکی یەکجار گرینگ دەگێڕن، لەبەر چڕی و سوێریەتی ئاوەکە، ڕۆ دەچێتە بنی زەریا و ئاوی ژێرەوەش پاڵ دەنرێتە بەشی سەرەوە و یارمەتی خوولانەوەی ئاوی زەریاکان دەدات لە گشت لایەکانی جیهان.
- نقووم نەبوونی سەهۆڵ سوودێکی زۆری هەیە لەسەر خاڵە ناجێگیرەکانی پەیوەست بە گۆڕانی کەشوهەوا، سەرپۆشە سەهۆڵینەکەی خۆرئاوای ئەنتارکتیک (کیشوەری جەوسەری باشوور) درێژبوونەوە و پێکبەستنی سەهۆڵبەندییە بە بەشەکانی دیکەی زەوی، ئەمەش بەشدارییەکی گەورەیە لەو کیشوەرەدا بۆ بەرزیی ئاستی ڕووی دەریا.
تۆژینەوەیەکی بڵاوکراوە لە ساڵی 2023دا لە گۆڤاری زانستی (Nature Climate Change) پێشبینی دەکات، ئەو سەرپۆشە سەهۆڵینەی خۆرئاوای کیشوەری جەوسەری باشوور زۆر بەخێرایی لە سەدەی داهاتوودا بەرەو کەمبوونەوە دەچێت، لەبەر بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی زەریاکان (بەندبوونی گەرمیی) کە دەبێتە هۆی تووانەوەی ژێرەوەی ڕووبەرە بەرفرەوانە سەهۆڵینەکانی سەرئاوکەوتوو، بەمەش جیهان دووچاری کێشە و کارەساتێکی یەکجار گەورە دەبێتەوە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتی دیکە
بابەتە پڕبینراوەکان

