<

بوونەوەرە نێوانەکییەکان: کلیلی تێگەیشتن لە پەرەسەندنی مرۆڤ

24/06/2025, 21:31 (GMT+1)
لە کۆڕ‌ێکی زانستیدا لەبارەی پەرەسەندن، یەکێک لە ئامادەبووان پارێزەرێک بوو کەوتە گفتوگۆ لەگەڵم، هەموو هێز و لێهاتوویی یاسایی خۆی بەکارهێنا بۆ ئەوەی خاڵێکی لاواز لە بیردۆزی پەرەسەندن بدۆزێتەوە.
پێی گوتم، ئەگەر جۆرێک لە بوونەوەرە زیندووەکان (A) پەرە بسێنێت و ببێتە جۆری پاش خۆی (B)، ئەوا بە دەرەنجامێکی ورد و پتەو پێویستە بگەینە خاڵێک تێیدا دایک سەر بە جۆرە کۆنەکە (A) و منداڵەکەشی لە جۆرە نوێیەکە (B) بێت، ئاشکراشە تاکەکانی دوو جۆری جیاواز ناتوانن لەگەڵ یەکدیدا زاوزێ بکەن. پاڕێزەرەکە بەردەوام بوو لە گوتەکانی و پێشنیاری ئەوەی دەکرد، ئێمە دەزانین بەهیچ شێوەیەک نابێت منداڵ تا ئەو ڕادەیە جیاوازی لەگەڵ دایک و باوکیدا هەبێت کە نەتوانێت زاوزێ بکات لەگەڵ ئەندامانی جۆرەکەی. بە فیزلێدان و هەستکردن بە سەرکەوتنەوە گوتی، باشە ئەمە هەڵەیەکی یەکجار گەورە نییە لە بیردۆزی پەرەسەندن؟
لە ڕاستیدا ئەو پرسیارانە و شێوازە بیرکردنەوەیە پتر لەلای ئەو کەسانە سەرهەڵ دەدات پێیان دەگوترێت خاوەن هزرە پچڕپچڕەکان (discontinuous mind)، یاخۆ ئەوانەی جۆرپەرستن و دابڕاندن بەکار دەهێنن بۆ جیاکردنەوەیەکی تەواو و بەباشتر زانینی جۆرێک (species) بەسەر جۆرێکی دیکە (species). بەئاسانی مێشکیان ئەوە وەرناگرێت مرۆڤ لە ئاژەڵێکەوە پەرەی سەندبێ، لای ئەوانە مرۆڤ مرۆڤە بەڵام گۆرێلا ئاژەڵە، لە گەلەک پرسیشدا ژیانی تاکە یەک منداڵی مرۆڤ بەهاکەی لە ژیانی هەموو گۆرێلاکانی جیهان زیاترە. 
بابەتەکە بەو شێوەیەیە ئێمەین ئاژەڵان دابەش دەکەینە سەر جۆرە پچڕپچڕ و دابڕاوەکان، بەڵام لە ڕوانگەی پەرەسەندنەوە بۆ ژیان پێویستە بوونەوەرە نێوانەکییەکان بوونیان هەبێ، هەرچەندە زۆربەیان بنەبڕ بوونە و ئێستە لە ژیاندا نەماون، بنەبڕبوونیشیان دەبێتە ئاسانکاری بۆ هزرە پچڕپچڕەکان لە پۆلێن و دابەشکردنیان بۆ جۆرە تەواو لێک جیاکان. خۆشبەختانە ئەمڕۆکە زانراوە کە مەرج نییە جۆرە نێوانەکییەکان گشت کاتێک بنەبڕ بووبن. 
بێگومان پارێزەرەکەمان تووشی سەرسڕمان دەبێ و ئەو دەمەی گوێبیستی شتانێک دەبێت بەناوی "جۆرە ئەڵقەیییەکان"، هیوادارم لەوەوە فێری چەمکێکی پەرەسەندن ببێت.

جۆرە ئەڵقەیییەکان

گرینگترین نموونە بۆ ئەمە ئەڵقەی نەورەسی زیویی، یاخۆ نەورەسی ئەوروپایییە (European Herring Gull)، لەگەڵ نەورەسێکی دیکە کە پشتی ڕەنگی ڕەشی کەمترە، لە بەریتانیادا هەردوو جۆرەکە جیاوازیان و لە ڕەنگیانەوە بەچاکی لێک جیا دەکرێنەوە. بەڵام کاتێک بەدوای کۆمەڵەکانی سەر بە نەورەسی زیوییدا بچینەوە بەرەو خۆرئاوا و بەدەوری سەهۆڵبەندانی باکور تا دەگەینە ئەمریکای باکور، پاشان لە ڕێی ئەلاسکا و بڕینی سیبیریا جارێکی دی بگەڕێینەوە بۆ ئەوروپا، ئەوا شتێکی سەیرمان بۆ دەردەکەوێت. دەبینین باڵندەی نەورەسی زیویی بەرەبەرە کەمتر شێوەی لە نەورەسی زیویی دەکات و پتر شێوەی لە نەورەسی پشت کەمڕەشایەتی نێزیک دەبێتەوە، تا وای لێ دێت نەورەسی زیویی بەتەواوی گۆڕانی بەسەردا دێت و لە کۆتایی ئەڵقەکە هەموویان بوونەتە نەورەسی پشت کەمڕەشایەتی. بەم شێوەیە لە هەر قۆناخێکی ئەڵقەکەدا ورد ببینەوە، بۆمان ڕوون دەبێتەوە دوو کۆمەڵەی دراوسێ هێندە پێک دەچن کە بتوانن لەگەڵ یەکدیدا زاوزێ بکەن. دواجار لە لێواری ئەوروپادا سەرەتای ئەڵقەکە دەگاتە لای کۆتایییەکەی، ئا لەم خاڵەدا بەهیچ شێوەیەک نابێت کۆمەڵەی باڵندەکانی نەورەسی زیویی و نەورەسی پشت کەمڕەشایەتی زاوزێکردن لەنێوانیاندا ڕوو بدات، لەبەرئەوەی بوونەتە دوو جۆری جیاواز، هەرچەندە بەستراونەتەوە بە زنجیرەیەک لەوانەی هەریەکەیان لەگەڵ دراوسێیەکانی زاوزێ دەکات بەدرێژایی ئەو سنوورە یەکجار بەرفراوانەی کە ئەو جۆرە باڵندانەی تێدا هەن. لێرەدا گرینگترین شت لەو بابەتەی بەندە بە جۆرە ئەڵقەیییەکان هاوشێوەی ئەڵقەی نەورەسەکان ئەوەیە، بوونەوەرە نێوانەکییەکان ئێستەش زیندوون، بە پێچەوانەی زۆربەی هەرە زۆری جۆرە نێوانەکییەکانی بنەبڕ بوونە و لە ژیاندا نەماون.
پارێزەرەکەمان لەبەر هزر و هۆشە پچڕپچڕەکەی هەمیشە دەڕوانێتە تاکی جۆرەکان، بەوەی دەبێ بە بڕیارێکی تووند هەر تاکێک یان لەو جۆرەیاندا بێت، یانیش لە جۆرەکەی دیکەیان، ڕێ نادات هیچ تاکێک بخرێتە جێیەک لەنێوان دوو جۆردا، یاخۆ لە شوێنێک دابنرێ دوورییەکەی یەک لە دە بێت بۆ جۆری (A) بەراورد بە جۆری (B). لەلای ئەم کەسانە وشەی مرۆڤ چەمکێکی ڕەها (Absolutist) و ببڕای ببڕە، پێوانەی نیوە و نیوچەمرۆڤ لە فەرهەنگی ئەواندا نییە.

مەیموونە باڵاکان

مەیموونی باڵا بووەتە زاراوەیەک بۆ چەند ئاژەڵێکی وەک شیمپانزی، گۆریلا، ئۆرانگوتان، بۆنۆبۆ، گیبۆن و سیامانگ، ئێمە دەزانین شێوەمان وەک مەیموونە باڵاکانە، بەڵام بەدەگمەن دان بەوەدا دەنێین کە بەڕاستی لە مەیموونە باڵاکانین. پێشینەی هاوبەشمان لەگەڵ شیمپانزی و گۆریلا لە مێژووەکی نوێتر ژیاوە بەراورد بە پێشینەی ئەو دووانە لەگەڵ مەیموونە باڵایە ئاسیایییەکان (واتە گیبۆن و ئۆرانگوتان). لە سروشتدا هیچ کۆمەڵەیەک بوونی نییە شیمپانزی و گۆریلا و ئۆرانگوتان بگرێتەوە و مرۆڤی لێ دوور بخرێتەوە. هەر دەمێکیش لە پۆلێنکردنی مەیموونە باڵاکان مرۆڤی لێ دەرکرا، وەک چۆن وا کراوە، ئەوا زۆر بەچاکی ساختەکردنێکی ئاشکرا لە درەختی بنەماڵەکاندا دەبیندرێت (بڕوانە وێنەکەی خوارەوە چۆن مرۆڤیان جیا کردۆتەوە و ڕەنگێکی دیکەیان پێ داوە).
ئێمەی مرۆڤ نەک تەنیا لە مەیموونە باڵاکانین، بەڵکوو لە پۆلی مەیموونە باڵایە ئەفریکایییەکانین، ئەمەش پۆلێنێکی سروشتییە بە مەرجێک بەناڕەوایی مرۆڤی لێ دەرنەکەین (وەک ئەم وێنە ڕاستەقینەیەی کۆمەڵە گشتییەکەمان).
ئەگەر بەباشی سەرنج بدەینە مەیموونە باڵایە ئەفریکایییەکان بە ئێمەشەوە، دەبینین هەریەکەیان بەندە بەوەی دیکەیان بە زنجیرەیەکی نەپساوە لە پێوەندی باوک-منداڵ. ئەمەشیان لەسەر تێکڕای جۆرەکانی ئاژەڵ و ڕوەکەکان پێڕەو دەکرێت لەسەر زەوی لە هەر کات و سەردەمێکدا ژیابن، بەڵام لێرەدا ماوەی نێوانیان گەلەک گەورەترە. بەڵگە جینەکییەکان دەیسەلمێنن پێشینەمان لەگەڵ شیمپانزی پێنج تا حەفت ملیۆن ساڵ بەر لە ئێستە ژیابێ، واتە نێزیکەی نیو ملیۆن بەرە لە جۆرەکان، بێگومان ئەمەشیان کاتێکی درێژ نییە بەگوێرەی پێوانەکانی پڕۆسەی پەرەسەندن.

بوونەوەرە نێوانەکییەکان

هەندێ جار لە خۆپیشاندانەکاندا هەزاران کەس دەستی یەکدی دەگرن، بۆ پێکهێنانی زنجیرەیەکی مرۆیی یەکجار دوورودرێژ هەر لە لێواری خۆرهەڵاتەوە بەرەو لێواری خۆرئاوای وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە کاتی پاڵپشتی بۆ پرسێک، یاخۆ بەشداری کردن لە کارێکی خێرخوازی.
با بهێنینە بەرچاومان زنجیرەیەکی مرۆیی لەو شێوەیە بە پانایی کیشوەری ئەفریکای نیشتمانی پێشوومان دروست بکەین، ئەو زنجیرەیەش پێک هاتبێ لە دایکان و باوکان و منداڵەکانیان. یەکێک لە ئێمە لە قەراخ ئاوی زەریای هیندی لە باشووری سۆماڵ دەوەستێت و ڕووی لە باکورە، بە دەستی چەپی دەستی ڕاستی دایکی خۆی دەگرێت و دایکیشی دەستی دایکی خۆی دەگرێت (داپیرەی ئەو) و داپیرەکەش دەستی دایکی دەگرێت و ... و ...هتد. بەم جۆرە زنجیرەکە درێژ دەبێتەوە بۆ سەرووی قەراخی زەریا، پاشان بەرەو زەوی پڕ لە دار و دەوەنی نزم و بەرەبەرە بەرزبوونی پلەی گەرمیی و هەنگاونان بۆ خۆرئاوا و نێزیک بوونەوە لە سنووری کینیا. باشە دەبێ تا کوێ بڕۆین بۆ ئەوەی بگەینە پێشینەی هاوبەشمان لەگەڵ شیمپانزی؟ ئەوەی جێی سەرنجە، ماوەکەی گەلەک کورتە بە شێوەیەک ئەگەر بۆ هەر تاکێک یەک یارد دابنێین، ئەوا بە کەمتر لە 300 میل دەگەینە پێشینەی هاوبەشمان لەگەڵ شیمپانزی، ئەوەش لە کاتێکدایە جارێ سنووری کیشووەرەکەمان تێ نەپەڕاندووە، بەڵکوو هێشتا نەگەیشتووینەتە نیوەی ڕێیەکەمان بۆ دۆڵی ئەفریکای مەزن (Great Rift Valley). دایکە پێشینەکەمان لە باشووردا ڕێک لەپاڵ چیای کینیا دەستی گرتووە بە تێکڕای زنجیرەی کۆمەڵەکەی، ئەو زنجیرەیەی کۆتایی دێت بە یەکەمین کەس کە لە قەراخی ئاوی سۆماڵ وەستاوە. دایکە پێشینەمان بە دەستی ڕاستی دەستی کچەکەی گرتووە، ئەو مێیینەیەی هەر هەموومان لێیەوە هاتووین.
ئێستەش دایکە پێشینەی گشتی ڕووی وەردەگێڕێت بۆ لای خۆرهەڵات بەرانبەر بە لێوارەکەی و بە دەستی چەپی دەستی کچەکەی دیکەی گرتووە، ئەوەی کۆمەڵەی شیمپانزییەکانی لێیەوە دێن (بێگومان دەشێ دەستی کوڕەکەی بگرێت، بەڵام بۆ ئاسانکاریی با تەنیا مێیینەکان وەربگرین)، واتە لێرەدا دوو خوشک ڕوویان لە یەکە و هەریەکەشیان دەستی دایکەکەی گرتووە. لە دەمەدا کچەکەی دی، یاخۆ دایکە پێشینەی شیمپانزییەکان، دەستی کچی خۆی گرتووە، بەمەش زنجیرەیەکی نوێ دروست دەبێ بەردەوام دەبێ تا دەگەڕێتەوە بەرەو قەراخەکە.
دەرەنجام کچە پوورەکەی یەکەم ڕووبەڕووی کچە پووری یەکەمی خۆی دەبێتەوە، کچە پوورەکەی دووەمیش ڕووبەڕووی کچە پووری دووەمەکەی خۆی دەبێتەوە و .... و ...هتد. لەو کاتەی زنجیرەکە پێچ دەکاتەوە و بەرەودوا دووبارە دەگەڕێتەوە بۆ قەراخەکە، دەبینین پێک دێت لە تاکە نو‌ێیەکانی کۆمەڵەی شیمپانزییەکان. کەواتە هەریەکێک ڕووبەڕوو بەرانبەر بە کچە پوورەکەی لە شیمپانزییەکان دەوەستێت، هاوکات بەندە بە زنجیرەیەکی نەپساو لە دایکەکانی دەستی کچەکانیان گرتووە.
ئەگەر بەدرێژایی هێڵەکە پێدا بڕۆین وەک چۆن فەرماندەی سوپا سەربازەکانی دەپشکنێت: ئەوا تێ دەپەڕین بە هۆمۆئیرەکتس (مرۆڤی باڵا ڕاست)، هۆمۆهابیلس (مرۆڤی کارامە)، لەوانەشە ئەسترالۆپیتكس ئەفرانسيس (مرۆڤی باشووری ئەفریکایی)، پاشان جارێکی دیکە بە درێژایی لایەکەی دیکە (لە هێڵی بوونەوەرە نێوانەکییەکانی شیمپانزیدا لەبەر نەدۆزینەوەیان ناتوانین ناوی هەڵکۆڵدراوەکانیان ڕیز بکەین)، لێرەشدا هیچ لێکدابڕان و لێکنەچوونێکی تەواو نابیندرێت. کچەکان هەمیشە بە کەم و بە زۆر لە دایکیان دەچن، لەو پێکبەندی و دەستگرتنەی لەگەڵ شیمپانزییەکان هەمانە نەپچڕاوەیە، زنجیرەکەش هێندە کورتە بە دوورییەکی یەکجار کورت زەوی دواوەی قەراخی ئەفریکای کیشووری دایک تێ دەپەڕێنێت. 
ئەو دەمەی زنجیرەی مەیموونەکانمان لە ئەفریکادا بۆ کاتی ڕابردوو لە دەوری خۆیدا دەچەمێتەوە، بەگوێرەی کاتەکەی شێوەیەک وەردەگرێت بە بچووککراوەیی تەواو وەک ئەڵقەی باڵندەی نەورەسەکان بەدەر دەکەوێت، تاکە جیاوازییان لەوەدایە کە لە کۆمەڵەی شیمپانزییەکاندا بوونەوەرە نێوانەکییەکان مردوون و نەماون.
خاڵێک هەیە دەمانەوێت پتر ڕوونی بکەینەوە، ئەوەی پەیوەستە بە مانای نەمانی نێوانەکییەکان، لەبەرئەوەی مردنی ئەوان تەنیا ڕێکەوتە. باشە ئەگەر لەژیاندا مابوونایە چی ڕووی دەدا؟ چی دەبوو کۆمەلێک لەو جۆرە نێوانەکییانە ئەمڕۆکە زیندوو بوونایە، بۆ ئەوەی بتوانین ئێمەی مرۆڤ بە شیمپانزییە نوێیەکان لە زنجیرەیەکدا لێک ببەستین، نەک هەر دەستی یەکدی بگرین، بەڵکوو زنجیرەیەک لە تاکەکانی بکرێ زاوزێیان لەگەڵدا بکەین؟
با ئەو گۆرانییە بهێنینەوە یادمان کە دەبێژێت: لەگەڵ پیاوێکدا سەمام کردووە، ئەوەی لەگەڵ کچێکدا سەمای کردبوو، کچەکەش لەگەڵ میری وێڵز سەمای کردبوو. ڕاستە ئێمە ناتوانین زاوزێ لەگەڵ شیمپانزییەکانی ئەمڕۆکە بکەین، بەڵام تەنیا پێویستمان بە چەند چەشنە نێوانەکییەک هەیە بۆ ئەوەی بکارین ئەم گۆرانییە بڵێینەوە: لەگەڵ پیاوێک زاوزێم کردووە، ئەوەی لەگەڵ کچێکدا زاوزێی کردبوو، کچەکەش لەگەڵ شیمپانزییەک زاوزێی کردبوو.
خۆشبەختانە ئەو چەند چەشنە لە بوونەوەرە نێوانەکییەکان بنەبڕ بوونە و نەماون (هەرچەندە من لە هەندێک ڕووەوە پێم خۆشە چاوم پێیان بکەوتبایە). ئەم ڕێکەوتە نەبووایە، ئاشکرایە یاساکان و بیروڕاکانمان گەلەک جیاواز دەبوون. لەبەرئەوەی هەر دەمێک کۆمەڵەیەک لەو نێوانەکییانەمان دۆزییەوە بە زیندوویی، با بڵێین پاشماوەی جۆری ئەسترالۆپیتكس لە دارستانی بودۆنگۆدا هەن، ئەوا ڕاستەوخۆ هەموو یاسا و پایە و پلە مرۆییە باڵایییەکانمان پشێوی تێ دەکەوت. سنووری دابڕان و جیاکردنەوەی جیهانی ئێمەی مرۆڤ لەگەڵ گشت ئاژەڵان و بوونەوەرانی دیکە هەرەسی دەهێنا، ڕگەزپەرستی و دەمارگیریی جۆرایەتی تووشی شێوانێکی گەورە دەهات. بەمەش جیاکاری ڕەگەزیی جۆرپەرستی لەلای ئەوانەی باوەڕیان پێی هەیە، واتایەکی نوێی زۆر گرینگ و کاریگەری بەدەست دەدا.
دەشێ یەکێک بپرسێت بۆچی بابەتێکی لەم شێوەیە دەبێ گرینگی هەبێ بۆمان؟ ئایا هەر تەنیا خاوەن هزرە پچڕپچڕەکان نین دەیانەوێت بەربەستێک دابنێن؟ گرینگی ئەوە چییە لە هێڵی پێک بەستنی هەموو مەیموونە باڵاکانی لە ئەفریکا ژیاون، بە ڕێکەوت هەندێک لەوانە زیندوو بن و بۆشاییەک بەجێ بهێڵێن لە نێوان مرۆڤ و مەیموونە باڵاکان؟ بێگومان ئێمە بەهیچ شێوەیەک نابێت مامەڵەکردنی ئاژەڵان لەلاماندا بوەستێتە سەر ئەوەی کە دەتوانین زاوزێیان لەگەڵدا بکەین یان نا.
ئەگەر بمانەوێت پاساو بهێنینەوە بۆ مامەڵە دووفاقییەکەمان، دەبێ دان بەوەدا بنێین کۆمەڵگە کۆکە لەسەر ئەوەی پێویستە مرۆڤ گەلەک مامەڵەی باشتری لەگەڵدا بکرێت بەراورد بە مانگا (مانگا دەشێ بکوڵێندرێ و بخورێت، بەڵام مرۆڤ ئەوەی لەگەڵدا ناکرێت)، هەرچەندە دەبووایە مەرجی گونجاوترمان هەبێت لە خزمایەتی پلەی ئامۆزا و خاڵۆزا.
ئاشکرایە مرۆڤ لە ڕوانگەی زانستی پۆلێنکردنەوە دوورە لە مانگا، هەر لەبەرئەوەی ئێمە ژیرترین، یان مرۆڤ هەر ئاوا باشترە، بەگوێرەی ڕای جێریمی بێنتام (Jeremy Bentham) مرۆڤ پتر هەست بە ئێش و ئازار دەکات. یاخۆ لەگەڵ ئەوەی مانگاکانیش بەهەمان ئاستی مرۆڤ هەست بە ئازار دەکەن (باشە سەیر نییە ئەگەر وایان نەبینین؟)، تەنیا ئەوەندەیە ئەوان نازانین چییان بەسەردا دێت.
گریمان هێڵێک لە کۆمەڵەی هەشت پەلەکان (Octopus)، بە پەرەسەندن بووە خاوەن مێشک و هەستێک بتوانێ ڕکابەریی ئێمە بکات، ئەمەش دەکرێ بە ئاسانی ڕوو بدات لە سروشت، بە بوونی ئەم ئەگەرە ڕاستەوخۆ نێزیکایەتی و خزمایەتی ڕوون دەبێتەوە، دەرەنجام فەیلەسووفی ئەخلاقی دەپرسێت، بۆچی دەبێ پێداگری لەسەر بوونی هێڵی نێوان مرۆڤ/شیمپانزی بکرێتەوە؟ 
ئەگەر جیهانێکی نموونەییمان هەبووایە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەبووایە هۆیەکی باشتر لە نێزیکایەتی ئامۆزابوون بهێنینەوە، تا وامان لێ بکات خواردنی گۆشتی ئاژەڵانمان بە گونجاوتر بزانین لە خواردنی گۆشتی مرۆڤ. بەڵام بەداخەوە هەڵوێستی کۆمەڵگە لە ئێستەدا بەتەواوی دەوەستێتە سەر ڕێسای پچڕپچڕی و دابڕاندن بەگوێرەی (جۆرایەتی).
ئەم وێنە دەستکردەی سەرەوە گریمانەکییە، با بهێنینە بەرچاومان کەسێک توانی مرۆڤێکی دووڕەگی (Hybrid)، یاخۆ تێکەڵاو بهێنێتە بەرهەم لە شیمپانزی/مرۆڤ، بێگومان تێکڕای جیهان دەهەژێت، پیاوانی ئاینی و سیاسی و پارێزەران و گەلەکی دیکە دەست بە هاتوهاوار و نەڕاندن دەکەن، زاناکانی کۆمەڵناسیش تووشی سەرلێشێوان دەبن و نازانن چی بڵێن. ئەو زانایەشی خاوەنی ئەم داهێنانەیە، لە زانکۆ بەدەر دەنرێت، لەلایەن بانگخوازانەوە نەفرەتی لێ دەکرێت، لەوانەشە ئایەتوڵایەک سزای کوشتنیشی بۆ دەر بکات، هیچ بوارێکیش وەک خۆی لێ نایەتەوە، نە زانستی خواناسی، نە کۆمەڵناسی، نە دەروونناسی، نە زۆربەی لکەکانی فەلسەفە. جیهانێک بۆ بابەتێکی ئاوا دووچاری ئەو بوومەلەرزەیە نائاسیییە ببێت تەنیا بۆ ڕووداوێکی لەم شێوەیە، ئەوا بەڕاستی جیهانێکی جۆرپەرستە و خاوەن هزرە پچڕپچڕە خۆبەزلزانەکان بەڕێوەی دەبەن.
هەمیشە ئاماژەم بەوە داوە کە بەڕاستی جێی داخێکی گەورەیە، ئێمە کەلێنێکی بەپیرۆزکراو لە مێشکماندا دروست بکەین لە پچڕین و دابڕاندنی مرۆڤ لەگەڵ (مەیموونە باڵاکان)، بۆ بابەتێت کە تەنیا دەرەنجامی ڕێکەوتێکی پەرەسەندنە.
واتە ئەگەر ڕێکەوتەکانی مانەوە و بنەبڕبوون جیاواز بوونایە، ئەوا کەڵێنەکە لە شوێنێکی دیکە دەبوو، ئەو بنەما ئەخلاقییانەشی لەسەر بنچینەی کۆمەڵێک لە ڕێکەوت دامەزراون، پێویستە هێندە ڕێزیان لێ نەگیرێن وەک ئەوەی نەخشی سەر بەرد بن و هەرگیز نەسڕێنەوە.

سەرچاوەکان؛


وتارێکی زانای ناوداری بواری پەرەسەندن ڕیچارد دۆکینزە بەناوی "چاڵەکانی ناو مێشک" 
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست