شەڕڤانەکان چەکیان دانا و لای من قەتماغەی برینی ساڵی ١٩٧٥ی ھەڵدرایەوە!
13/07/2025, 20:45 (GMT+1)

ئەمڕۆ ١١ی تەموزی ٢٠٢٥ وەرچەرخانێکی تاریک و ناخ ھەژێن بوو بۆ من و زۆرێکیش لە کوردان، چونکە ئافرەتە شەڕەڤانەکان و پێشمەرگەکانی پەکەکە لە ئاماژەیەکی بێدەنگ و ڕەمزیدا چەکەکانیان دانا!
ئەو ژنانەی لە سەردەمانێکدا لە بەرەکانی پێشەوە لە دژی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) وەستابوون، و ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان هەبوو لە دژی یەکێک لە دڕندەترین ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی سەدەی بیست و یەکەم، بۆ ڕزگارکردنی بەشێک لە خاکی کوردستانی باشور و ڕۆژئاڤا،
قوربانیدان و بوێری و سەرکردایەتیکردنیان ئیلهامبەخش بوون بۆ ملیۆنان کەس لەجیھاندا!
ساڵانێک ئەم شەڕەڤانانە نەک هەر بەرگریان لە نیشتمانەکەیان کرد بوون، بەڵکو نمونەی سەرکەوتووش بوون و سیمبۆڵێکی جیهانیش بوون بۆ یەکسانی ژنان و پیاوان و بەرخۆداندا!
بۆ من زۆربەی کوردە بەتەمەنەکان، ئەو وێنانەی ئەمڕۆ یادەوەرییە تاڵەکانی ساڵی ١٩٧٥ دەوروژێنن ( ئاشبەتاڵ)، کە ساڵێک وەک پەڵەیەکی ڕەش و تاریک لە یادەوەریە کانی کورددا دەمێنێتەوە! ئەوەش ئەوە بوو کە ئەو کاتە لە شەوێکدا هیواکانی کوردیان کپ کرد و بە ھەڵم!
ئەویش دوابەدوای ڕێککەوتنە نهێنییەکانی نێوان زلهێزەکانی ناوچەکە، وە ئەو بەڵێنە ئۆتۆنۆمیە یان فیدراڵیەی کە بە کورد درابوو وازی لێهێنرا، کە بە چەندین ساڵ خەباتی چەکداری و خوێن و هەوڵی دیپلۆماسیت نیمچە مسۆگەر کرا بوو! هەزاران کورد ئاوارە بوون، وە پێشمەرگەکانی کورد بە شکاوی و خیانەت لێکراوی ، بە تەنھا مانەوە!
دوای پەنجا ساڵ لە ئاشبەتاڵ، بەڵام ئێستا وردەکارییەکان لەوانەیە جیاواز بن! بەڵام هەستەکە زۆر ئاشنایە بە من و بە زۆربەی کوردیش!
دانانی چەک ھەرگیز بە مانای تەسلیمبوون نییە، نە بە ڕۆح و نە بە مەبەستیش!
شەڕی دادپەروەری و کەرامەت و چارەی خۆنووسین بەردەوامە دەبێت، لە دڵی گەلی کورد و لە دەنگی نووسەران و ئاوارەکان و شەھیدان و پێشمەرگە و شەڕەڤانان کە هەموو شتێکیان خستە مەترسییەوە بۆ پاراستنی گەلەکەیان! لەوانەی ئەمجارەیان خەباتەکە بەڕێگای ئاشتی بێت(ئەگەر دەستەڵەتی تورک دڕۆنەکەن)!
ڕەنگە جیهان ڕۆژێک لەبیری بچێتەوە، کە کێ داعشی تێکشکاند! بەڵام کورد ھەرگیز لەبیری ناکات و لە بیرەوەریەکانیدا دەمێنێتەوە و مێژوو دەینوسێت و شەڕەڤانەکانیش دەبنە سیمبۆڵی بەرخۆردان و ئازایەتی و قارەمانی و یەکسانیان لەگەڵ ڕۆڵی پیاواندا نەک ھەر بۆ کورد و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو بۆ ھەموو جیھان!
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتی دیکە
بابەتە پڕبینراوەکان

