دوای سەد ساڵ لوتشکاندن لە جاسەنە چەکسوتاندن
23/07/2025, 22:52 (GMT+1)

(کێن ئەوانەی پێشوازیی لە هەڵوەشانەوەی بزاڤی پەکەکە دەکەن؟)
پێش ئەوەی شامەحمود (شێخ مەحمودی نەمر) لە بەندیخانەی هندستانەوە لە لایەن ئینگلیزەکانەوە بهێنرێتەوە بۆ کوردستان، لە عێراقدا بە گشتیی راپەڕین دژی ئینگلیزەکان دەستی پێ کردبوو. لە عەرەبستان راپەڕینی عەرەب گەشتە شۆڕشی بیست کە بە دوایدا ئینگلیزەکان بۆ دەستبەسەراگرتنی خەڵک سیاسەتیان گۆڕی بۆ ماندات و دروستکردنی یەکەم حکومەت لە عەرەب خۆی رۆژی ٢٥/١٠/١٩٢٠.
لە کوردستانیش لەشکری راپەڕیووەکان ئینگلیزەکانیان هەتا رانیە پاک کردەوە. سەرانی ئەم راپەڕینە لە دژی ئینگلیزەکان هێزێکی تورکەکانیان هێنابووە رەواندز. بەم هێزە کەمەی تورکەکان راپەڕینەکەیان تورکاویی کردبوو. لە بەرانبەر بەم رەوشەشدا ئینگلیزەکانیش شامەحمودیان هێنایەوە بۆ ئەوەی کە شەڕی دژی تورکەکان بۆ عێراق و بەرژەوەندیی ئینگلیز بکات. ئەو کات کێشەی موسڵ کۆتایی نە هاتبوو. بەڵام شامەحمود هەر لە بەغداد لەگەڵ مەلیک فەیسەڵ و حاکمی سیاسیی عێراق پرسی کۆکس روبەڕو پێک نە هات. چونکە شامەحمود مەرجی ئەوە بوو کە ئەوان دان بنێن بە مافی کورددا ئەوجا ئەم ئەرکی خۆیەتی تورک لە وڵاتدا دەر بکات. بەڵام ئەوان بە هیچ جۆرێک دانیان نە نا بە مافی کورددا و لە جیاتی ئەوە گفتی ماڵ و موڵکیان پێ دا کە لای شامەحمود بێ نرخ و ئیهانە بوون (١/١٤٢).
ئەو کات تورکە کەمالییەکان سیاسەتی عوسمانییان لە ئیسلام، خەلیفایەتیی و جیهاد بە کار دەهێنا بۆ بەستنەوەی کورد بە خۆیانەوە. ئێستاش ئۆردوگان بە هەوای کۆن کورد بە پاشکۆی تورک دەزانێت و باس لە کەرکوک، سلێمانی، دیاربەکر و دهۆک وەکو ئەنقەرە و ئەستەنبوڵ دەکات. بۆ ئەم بانگەشەیەشی کاتێک کە زۆر لە خۆی دەکات وشەی "برا" بە کار دەهێنێت بۆ ئەوەی کوردان بتوانن لەباتییەک (بەدیلێک) بدۆزنەوە بۆ کوردبوون کە پێی کورد نەبن.
بە قسەی ئەحمەد تەقی کە رۆڵێکی سەرەکیی سیاسیی هەبووە لەو راپەڕینەدا، ئەو هێزە کەمەی تورک بۆ فشارخستنە سەر ئینگلیز و ترساندنیان بووە. دەنا لە روی بژێووەوە بار بوون بە سەر کوردەوە.
بۆ ئەم رەوشەی کوردستان ئینگلیزەکان گەمەیەکی تری سیاسییان بە کار هێنا. بۆ ئەوەی راپەڕینەکە هەڵ بوەشێننەوە، ئیدارەی ئینگلیزیی سلێمانیان تەسلیمی شێخ قادری برای شامەحمود کرد و دواتر بە هاتنەوەی شامەحمود خۆی بۆ سلێمانی رۆژی ٢٢/٠٩/١٩٢٢، راپەڕیووان هاتنەوە بۆ دەوری ئیدارە کوردییەکە. گیرترود بیڵ لەم بارەیەوە دەڵێت:
"ئەنجامی دانانی شێخ قادر بە سەرۆکی بەڕێوەبردن وا کەوتەوە کە هەموو ئەو هۆزانەی چوبوونە پاڵ کەمالییەکان رایان گەیاند کەوا لە بەر ئەوەی ئێستا لە وڵاتی خۆیاندا حکومەتی کوردیی فەرماندارە بۆیە ئیتر ئەمان هیچ کارێکیان بە تورکەکان نە ماوە. شێخ قادر خۆشی پەیامێکی وای بڵاو کردەوە کە تەنها ئومێدی ملکەچبوونە بۆ فەرمانەکانی کۆمیساری باڵا (١/١٣٨)."
هەروەها وڵاتپارێز ئەحمەد خواجە دەڵێت: "بە گەیشتنی شێخ قادر لە ناو سلێمانیدا ئاگری ئاشوب دا مرکایەوە. ئینگلیزەکان ترسیان نە ما (١/١٣٨)."
بەڵام ئینگلیزەکان کەسان و ئیدارەیەکیان دەویست کە جاشی خۆیان بێت. شامەحمودیش لەم بارەیەوە دەڵێت: "ئینگلیز بۆ مەرامی خۆی منی دەوێت. منیش بۆ مەرامی گەلەکەم دەژیم (٢/١٤٨)."

ئەم دو مەرامە جیاوازە دو سیاسەتی جیاوازی دەسەپاند. بەڵام لە سەر ئەرز دەبوو یەک سیاسەت یاخود یەک رێگا هەبێت. بۆیە ناکۆکیی و جەنگ لە سەر ئەم تاکە رێگایە دەستی پێ کرد. سیاسەتی داگیرکاریی ئینگلیزەکان و جاشەکانی لە لایەک و سیاسەتی سەربەخۆیی کوردانیش لە لایەکی تر. لە ئەنجامدا ئینگلیزەکان بۆ سەپاندنی سیاسەتی داگیرکاریی، جەنگی خۆیان دژی کورد را گەیاند. رۆژی ٠٢/٠٣/١٩٢٣ شەو بڕیار درا کە شامەحمود سلێمانی چۆڵ بکات لەبەر پاراستنی خەڵک لە بۆمبای رەشەکوژیی ئینگلیزەکان. لەشکری کورد روی کردە سورداش و ئەشکەوتی جاسەنە. لەوێ رۆژنامەی "بانگی هەق" دەر کرا (٢/١١١). لە یەکێک لە وتارەکاندا کە روی کردۆتە عەرەبی عێراق نوسرا کە هەتا دوێنی هەردوو گەل ژێردەستەی عوسمانییەکان بوون، کەچی ئێستا ئەو مافەی عەرەب بە خۆی رەوا دەبینێت بە کوردیشی رەوا نابینێت؟
ئەشکەوتی جاسەنە و لەشکری کورد بەردەوام کەوتنە بەر بۆمبابارانی ئینگلیزە خوێنڕێژەکان. ئەحمەد خواجە دەنوسێت: "بە بۆنەی بانگی شۆڕش و گەیشتنی سوپای کورد بۆ ناوچەی سورداش و رانیە، ئیتر باوی چاو و راوی ئۆزدەمیر (عەلی شەفیق) نە ما. ئەوانەی کۆمەکیان کردبوو لە رقی ئینگلیزەکان بوو. لە سەددا حەفتای گەڕایەوە بۆ ناو سوپاکەی کورد و لای شێخ مەحمود. ئیتر ئۆزدەمیر زانی کە بیروباوەڕی گەلی کورد لەوەدا نیە کۆمەکی تورک یان ئینگلیز و هیچ بێگانەیەک بکات، نائومێد بو، نامەیەکی نارد بۆ شێخ مەحمود:
"دەستتان ماچ دەکەم. ئارەزووی بینینتانم هەیە چاوەڕێی فەرمانتانم."
نیسان، ئۆزدەمیر (٢/١٢٤)
شامەحمود نامەکەی ئۆزدەمیر پیشانی سوپاییەکان و سەرهۆزەکان دەدات. فەرمان بۆ بڕیاری هاتنی دەر دەچێت. عیزەت تۆپچی کە هاوشانی ئۆزدەمیر بووە کاتی خۆی لە قوتابخانەی سەربازیی ئەستەنبوڵ، دەچێت بە پیرییەوە. بیست سوپایی و چەند ئەفسەرێک بە ئاڵای کوردستانەوە لە بەر دەرگای ئەشکەوتەکەدا دەوەستن. لەگەڵ گەیشتنی ئۆزدەمیر بۆ ئەشکەوتەکەی جاسەنە، بە سرودی سوپایی و نیشتیمانیی خۆشهاتنی لێ دەکرێت. لەو کاتەدا شامەحمود لە ئەشکەوتەکەدا لە پشت ساڵح زەکی بەگەوە کە فەرماندەی لەشکر بووە، وەستاوە. بەڵام سەیر کەن ناخی کورد چی تیادا ماوە؟ ساڵح زەکی بە بیستنی گەیشتنی ئۆزدەمیر یەکسەر چنگ دەکات بە نیشانەکانی کوردستاندا لە ئەستێرە و تاجی سەر شان و دەیانخاتە گیرفانییەوە. سرودیش دەبڕدرێت. شامەحمود لەمە زۆر قەڵس دەبێت و دواتر ساڵح زەکی لە فەرماندەیی لا دەبات.
بڕیار دەدرێت بۆ گفتۆگۆ لەگەڵ ئۆزدەمیر بچنە ئەشکەوتی شێخ باخ. شامەحمود لەگەڵ رەزابەگ، عیزەت تۆپچی، ساڵح زەکی و ئەحمەد خواجەدا لەگەڵ ئۆزدەمیر کۆ دەبنەوە. بۆ سبەینێ سپێدە هەتا تاریک دا دێت فڕۆکەی ئینگلیزەکان بەردەوام بۆمباران دەکەن. ئۆزدەمیر دەڵێت:
"ماوەی سێ ساڵ لە جەنگی گەورەدا بووم. ئەم بەدخوداییە و زەبروزەنگەم نە بینی کە ئێستا ئێوە تیایدا دەژین. گەلێک ئەم ئەرکە بەم جۆرە بنۆشێت نابێت بە ئاوات نەگات (٢/١٢٦)!"
دوای چوار سەعات کۆبوونەوە شامەحمود فەرمان دەدات بە ئەحمەد خواجە کە نامە بنوسێت بۆ هەباس ئاغای مەحمود ئاغای پشدەر و غەفورخانی ئاکۆ کە ئۆزدەمیر لە رانیە و کۆیە دەکشێتەوە بۆ "کانیە رەش" چی پێویستە یارمەتیان بدەن. دوای پێنج رۆژ ئۆزدەمیر نامەکان لەگەڵ خۆیدا دەبات و بە پێی بڕیار دەگەڕێنەوە بۆ کانیە ڕەش. وڵاتپارێز ئەحمەد خواجە دەڵێت:
"شێخ مەحمود وتی ئەوا دەستمان پێوە نان، گەڕانەوە بۆ سنوری خۆیان، با بزانین ئینگلیزەکان لێمان رازی دەبن؟ (٢/١٢٦)"

ناپاکیی ئەفسەرانی کورد
بەڵام سوپاییەکانی کورد حەوسەد کەس پیادە بە هەموو پێویستیی و بارخانەیانەوە بە ٧٥ ئیستری بارکراو و مەترەلۆز، تفەنگ و فیشەکەوە دەچنەوە بۆ ناو حکومەت. لەم بارەیەوە وڵاتپارێز ئەحمەد خواجە دەڵێت:
"ئەمانە بوون جێی هیوا و ئومێدی پارێزگاری نیشتمان. ئەمانە بوون بەرگری دوژمن بۆ سەر خاک و نیشتیمانەکەیان. ئەمانە بوون لاو و دلاوەرانی کورد و سوێندخۆرەکان. کەچی بە ناپاکیی و خائینییەوە بینران." هەروەها خواجە دەنوسێت:
"ئەم زابتانە بوون کە شۆڕشەکەیان بە جارێک شێواند و فویان کرد لە چرای هیوای کورد (٢/١٢٨)."
سوپای کورد ناچار جاسەنەی چۆڵ کرد. دوای ئەم ناپاکییەی ئەفسەرەکانی کورد شامەحمود لە شارباژێڕ ئەحمەد خواجە بانگ دەکات:
"ئەحمەد وەرە! بە کەس باوەڕم نە ما. نامەوێت هیچ لە کەس بپرسم. کەس بۆ قەومەکەی ناکات، هەمووی بۆ پارەیە (٢/١٣١)!"
لە شوێنێکی دیدا شامەحمود بە خواجە دەڵێت: "ئەحمەد ئەگەر ئێمەش هیچمان بە هیچ نە کرد، ئەم وڵاتە پڕیەتی لە شێر." کاتێک کە هەڤاڵ دیار غەریب بە دەستی تورکیا شەهید کرا، من ئەم قسەیەی شامەحمودم بیر کەوتەوە. نوسیم کە دیار غەریب یەکێک بوو لەو شێرانە. ئەم و چەندەها گەریلای گیانبەختی کورد.
دوای ١٠٢ ساڵ لەم مێژووەوە کە کورد لە جاسەنە بە دەم بانگی هەقەوە لوتی تورکچێتیی بە ئاڵا، سرود و دروشمی کوردستان شکاند، هەر لەم شوێنەدا سیاسەتی تورکچێتیی چەکی بە میراتگرانی شامەحمود بە دەستی خۆیان سوتاند. میراتگرانی ئەو ناپاکانەش کە پشتیان کردە شۆڕشەکەی سەربەخۆیی کورد و دەوڵەتی کوردیی ساڵی ١٩٢٣، ئەمڕۆ زەق زەق تەماشای دیمەنی چەکسوتاندن دەکەن و بە قسەی بەتاڵ و خۆخەڵاتاندن پێشوازیی لە هەڵوەشاندنەوەی بزاڤی پەکەکە دەکەن. ئەم سەرشکێنییە ئەو روداوانە دەخاتەوە بەر چاو کە سوپای تورکیا چەند جارێک هەتا هەولێر بۆ تەمێکردنی کورد هات. بەمەش تورکیا ئەوەی پیشان دا کە ئەگەر عێراقیش دەستەڵاتی نەمابێت ئەوا تورکیا هەمیشە هەیە بۆ سەرکوتکردنی کورد.
لە راستییدا بێجگە لە پەکەکە کە کوێرانە پابەندی بڕیاری عەبدوڵا ئۆجەلانە، ئەوانەی تر کە پێشوازیی لە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە دەکەن و پێی خەنی بوون و دەبن بریتین لە تورکیا، پارتە پیسخۆرەکان و دۆلاربیرە سودمەندەکانیان. ئەگینا جگە لە جوینەوەی قسە بێ ناوەڕۆکەکانی عەبدوڵا ئۆجەلان لە بابەتی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک، تورکیا دانی نە ناوە بە پەکەکەدا وەکو لایەن و هەر بە تیڕۆڕیست ناویان دەبات. ئەم بە تیڕۆڕیست ناوبردنەش مانای وایە کە ئەندامانی پەکەکە لای تورکیا، لە سەروو هەموویانەوە عەبدوڵا ئۆجەلان، تاوانبارن. تاوانباریش بۆ سزادانە نەک بۆ رێکەوتن، ئاشتی و دیموکراتیی.
سەرچاوە:
١. (١/١٤٢) ناسر حەفید، یاداشتەکانی شێخ قادری حەفید، ٢٠٢٥.
٢. (٢/١٤٨) ئەحمەد خواجە، چیم دی، شۆڕشەکانی شێخ مەحمودی مەزن، دەزگای ئاراس.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتی دیکە
بابەتە پڕبینراوەکان

