فرەگەردوونی و گەردوونە تەریبەکان چین، ئایا هیچ بەڵگەیەک هەیە لەسەر بوونیان؟
31/08/2025, 22:02 (GMT+1)

بیردۆزی فرەگەردوونی (Multiverse Theory)، یاخۆ گەردوونە تەریبەکان (Parallel universe)، ماوەیەکی دوورودرێژە ئەم چەمکە بووتە جێی بایەخی زانا و فەیلەسووفان. بوونی فرەگەردوونی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی تووند و گرینگە بۆ تێگەیشتن لە بنەما سەرەکییەکانی فیزیکزانی، بۆ کردنەوەی دەروازەیەکی فرەوانی بەردەم بیرکردنەوە و ئەندێشەکانمان بەرەو دوورییە جیاجیاکانی سروشت و هەبوونایەتی.
لە ناوەرۆکدا بیردۆزی فرەگەردوونی پێشنیاری ژمارەیەکی یەکجار زۆر، یان بێکۆتا لە بوونی گەردوونەکان لەپاڵ گەردوونی ئێمەدا دەکات. دەشێ کۆمەڵێک هەبن بە سات و کات و یاساگەلەکی فیزیکی جیاجیا، بە تەنۆلکەی تایبەتی جۆراوجۆر، هێزی سەرەکی و بڕی نەگۆڕی جیاواز لەوەی ئێمە، هەسارە و ئەستێرە و گەلەستێرەی تایبەت بەخۆیان (لە کاتێکدا ئەگەر هەسارە و ئەستێرەیان تێدا هەبێت)، لەوانەشە هەندێکیان شارستانییەتی ژیریشیان تێدا سەری هەڵدابێ، یاخۆ هاویەک و هاوشێوەی ئێمە بن و چەندان دانە لە من و لە تۆ لەخۆیان بگرن بە کەمێک جیاوازییەوە.
پێویستە هەر لە سەرەتاوە بڵێین، لەم بابەتەماندا گەلەک جار زاراوەی فرەگەردوونی و گەردوونە تەریبەکان لەبری یەکدیدا بەکار هێنراون، بەڵام بۆ ڕوونکردنەوە دەبێ بزانین کە گەردوونە تەریبەکان بەشێکن لە چەمکێکی گشتی و بەرفرەوان بەناوی بیردۆزی فرەگەردوونی.

پاشخانێکی مێژوویی
بیرۆکەی فرەگەردوونی و گەردوونە تەریبەکان شتانێکی نوێ نین، هێندێک لە فەیلەسووفە گریکییە کۆنەکان بیریان بۆ بوونی ژمارەیەکی بێکۆتا لە جیهانی وەک ئەوەی ئێمە چووە. پاشان چەمکەکە بەدرێژایی چەندان سەدە پەرەی پتری پێ دراوە، بە کۆمەڵێک شێواز و زاراوەی جۆراوجۆر لە ئەدەب و فەلسەفەشدا ناوی هاتووە.
لە فیزیک و گەردوونناسیدا فرەگەردوونی وەک چەمکێکی زانستی لە سەدی بیستدا لەتەک سەرهەڵدانی فیزیکی کوانتەم، یاخۆ میکانیکی کوانتەم (Quantum mechanics)، گرینگی پێ دراوە. ئەو کاتەشی بیردۆز و دۆزەوە زانستییەکان ئاسۆی تێگەیشتن و بڕی زانیارییەکانمانی باشتر و فرەوانتر کرد، بووە هۆی ئەوەی زاناکان تۆژینەوەکانیان لەبارەی فرەگەردوونی چڕتر بکەنەوە.
ڕابەرە بەناوبانگەکان لەم بابەتەدا بە پلەی یەکەم هیو ئێڤێرتی سێیەم (Hugh Everett III) دێت، ئەوەی پێشنیاری فرەگەردوونی خستە پێش زاناکان بۆ ڕاڤە سەخت و شاراوەکانی فیزیکی کوانتەمی. دوای ئەو لەسەر دەستی میچیۆ کاکو (Michio Kaku) و براین گرین (Brian Greene) پرسی فرەگەردوونی پەرەی سەند و زیاتر بایەخی پێ درا.

بنچینەی زانستی فرەگەردوونەکان
- لە فیزیکی کوانتەمدا: ئەو بەشەی فیزیک کە لە تەنۆلکەکان دەکۆڵێتەوە لە بچووکترین ئاستی پێوانەکردندا. لەم جیهانە یەکجار وردەدا دەشێ تەنۆلکەکان بە چەندان باری جۆراوجۆر خۆیان بنوێنن لە هەمان کاتی دیارکراودا، ئەمەش پێی دەگوترێت دۆخی پێکەوەیی، یاخۆ یەک لەسەر یەکیی (superposition)، ئەوەی ڕیشەی ڕاڤەکانی فرەگەردوونییە، لەوەی هەموو دەرنجامە ئەگەرییەکییەکانی پێوانە کونتەمییەکان دەکرێ ڕوو بدەن لە گەردوونە تەریب و لێکدابڕاوەکاندا.
لە ساڵی 1957دا زانای ناوبراو هیو ئێڤێرت پێشنیارێک پێشکێش دەکات بە جۆڕێک کە گشت ڕووداوێکی کوانتەمی گەردوونێکی جیاواز بەبەرهەم دەهێنێت. واتە هەر دەمێک بڕیارێک وەردەگیرێت، گەردوون دابەش دەبێت بۆ چەند دانەیەکی جۆراوجۆر لە هەمان بابەتدا. بۆ نموونە، ئەگەر دراوێکی کانزایی هەڵ بدەین، ئەوا گەردوون دەبێتە دوو دانە لە خودی خۆی (لە هەڵدانی دراودا دوو ئەگەر هەن بۆ دەرکەوتن: نووسین یان وێنە)، یەکیان لە کاتی خایەندراو لە هەڵدانی دراوەکە، یەکێکیانیش کە بەردەبێتەوە بەسەر ڕووێکیان. ئەم بیردۆزە بۆ ڕاڤەی گەلەک لە دیاردەی کوانتەمی بەکار هێندرا، وەک ڕەفتاری تەنۆلکە فرە وردە ژێر گەردیلەیییەکان.
ئەو ڕۆژانەی هیو ئێڤێرت خوێندکاری زانکۆ بوو، بیرۆکەیەکی ناوازە هاتە مێشکی دەربارەی چارەسەرکردنی گەورەترین و ئاڵۆزترین کێشەی میکانیکی کوانتەم، ئەوەی لە چۆنەتی کارکردنی ڕاستەقینەی سروشت دەکۆڵێتەوە لە جیهانە یەکجار بچووکەکەی کوانتەمی. لەو جیهانەدا تەنۆلکەکان لە یەک کاتدا لە چەندان شوێن و خێرایی و ئاراستەی جیاجیا خۆیان دەنوێنن، بەڵام لە ئاستی بەرچاو و ئاسایی بینینی ئێمەدا دەتوانین هەست بە بوونی شتەکان بکەین و بیان خەینە بەر ئەزموون، سەرجەم شتەکانیش هەموو جارێک لە یەک دۆخدا دەبیندرێن. بیرۆکەی هیو ئێڤێرت بەکورتی ئەوەیە: لەبری بوونی تەنیا یەک گەردوون و یەک سروشت بۆ شتەکان، فرەگەردوونێکمان هەیە پڕە لە سروشتە جۆراوجۆرەکان. بەو واتایەی گشت ڕووداوێکی کوانتەمی لە شوێنێکدا گەردوونێکی نوێ دروست دەکات کە دەبێتە هۆی هێنانەکایەی درەختێکی لکدار لە ڕاستییە تەریبەکان.
- لە بیردۆزی ژێیەکاندا: ئەم بیردۆزە هەوڵ دەدات بیردۆزی ڕێژەیی و میکانیکی کوانتەم لێک گرێ بدات. بەگوێرەی بیردۆزی ژێیەکان دەشێ گەردوونی ئێمەی سێ دووریی یەکێک بێت لە کۆمەڵێک "پەردە"ی هەڵدراو لە بۆشاییەکی چەند دوورییدا، هەریەکەیان گەردوونێکی جیاواز پێک بهێنن بە کارلەیەک کردنە نادیار و شاراوەکان.
- لە گەردوونی هەڵاوساندا: گەردوونی هەڵاوسان و گەردوونە بڵقییەکان پێمان دەڵێن، فرەوانبوونەکەی دوای تەقینەوەی مەزن لەوانەیە بووبێتە هۆی دروستبوونی بڵقەکان و سەرهەڵدانی گەلەک گەردوونی جۆراوجۆر بە تایبەتمەندی و یاساگەلەکی جیاجیا و نەگۆڕی فیزیکی ناوازە، گەردوونی ئێمەش یەکێک بێت لەو بڵقانە. بە دەربڕینێکی دیکە فرەوانبوونە یەکجار خێراکەی سەرەتای گەردوون هۆکارێکە بۆ دروستکردنی شەپۆلەکان لە شانەی کاتشوێن کە بە شەپۆلەکانی هێزی کێشکردن دەناسرێن. ئەم شەپۆلانەش شوێنەوارێک بەجێ دەهێڵن لەسەر تیشکە پاشخانی مایکرۆوێیڤی گەردوونیی (Cosmic Microwave Background radiation)، ئەوەی ئێمە توانیوومانە بیدۆزینەوە. شەپۆلەکانی هێزی کێشکردن بەڵگەن بۆ بیردۆزی هەڵاوسان، دەرەنجام ئەمەیان دەبێتە چوارچێوەیەکی پەسند و گونجاو بۆ بوونی گەردوونە تەریبەکان. پێمان وایە کە هەڵاوسانی گەردوونیی نێزیکەی 14 ملیار ساڵە کۆتایی هاتووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش هەڵاوسانی گەردوونیی لە هەموو شوێنێکدا پێکەوە و لە یەک کاتدا کۆتایی نایەت، بەڵکوو ئەگەری ئەوە هەیە لە ناوچەیەکدا کۆتایی بێت و لە یەکێکی دی بەردەوام بێت. واتە ئەو دەمەی هەڵاوسان لە گەردوونەکەماندا وەستا، لە شوێنی دیکەی زۆر دوور هەڵاوسان درێژەی کێشاوە و هەتا ئەمڕۆکەش بەردەوامە و نەوەستاوە.

بەڵگەکان بۆ پشتگیریکردن لە بیردۆزەکانی فرەگەردوونی
ئەزموونە کوانتەمییەکانی پەیوەست بە دۆخی یەک بەسەر یەکی و پێکبەندی کوانتەمی (Quantum entanglement)، دەکرێ ئاماژەیەک بن بۆ بوونی گەردوونە تەریبەکان. بەتایبەتیش ئەو دیاردە سەیر و نامۆیەی لە پێکبەندیی دوو تەنۆلکە دێتە کایەوە، بەوەی هەر کاتێک یەکێکیان دووچاری ڕووداوێک ببێتەوە، ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئەوەی دی دەبێت، دەستبەجێ و بەبێ ڕەچاوکردنی کات و دوورییان لەیەکەوە (ملیاران ساڵی تیشک بێت).
تیشکە پاشخانی مایکرۆوێیڤی گەردوونیی پاشماوەی تەقینەوەکەیە و بە گشت لایەکی گەردوون بڵاوبووەتەوە، بەڵام لە هەندێ شوێندا بڕی درەوشانەوەکە ناڕێک و شێواوە، ئەمەش لەلای هەندێ لە زاناکان بەڵگەن بۆ کارلێکی نێوان گەردوونە تەریبەکان. ناوچە هەیە لە گەردوونەکەمان درەوشانەوەکەی 4500 جاران پترە لەوەی چاوەڕوان دەکرێت، ئەمە زاناکانی بەرەو بۆچوونێک بردووە بڵێن، ئەو پەڵانە شوێنەواری پێکدادانی گەردوونەکەمان بێت لەگەڵ گەردوونێکی تەریب.
بەهەمان شێوە زاناکان لە گەڕانیاندا بەدوای بەڵگە لەسەر بوونی فرەگەردوونی، لە جۆرێکی تایبەتی لە چاڵە ڕەشەکان دەکۆڵنەوە وەک دەرنجامێک بۆ بەشەکانی جیابووەوە لە گەردوونەکەمان، لەڕێی ئەو کردارەی بە تونێڵە کوانتەمییەکان دەناسرێن. واتە ئەگەر هەندێ ناوچە لە گەردوونەکەمان بەم شێوازە جیا بووبێتەوە، ئەوا کۆمەڵێک لە "بڵقەکان" لەدوای خۆی بەجێ دەهێڵێت، ئەوانەی پاشان دەبنە چاڵی ڕەشی ناوازە کە لەوانەیە هەتا ئەمڕۆکەش هەبن.
هەندێ لە زاناکان لە گۆشەنیکایەکی دیکەوە دەڵێن، بوونی ژیان گەورەترین بەڵگەیە بۆ هەبوونی فرەگەردوونی، بەتایبەتیش ژیانە ژیرەکانی توانایان هەیە تۆژینەوە لەبارەی دیاردە گەردوونییەکان ئەنجام بدەن.
لێکۆڵەری زانستی ماککولین ساندۆرا (McCullen Sandora)، لە ئامۆژگەی بلوو ماربڵی ئاسمانی دەبێژێت: "گەردوونەکەمان لە چەندان لایەنەوە گونجاوە و پاڵپشتە بۆ سەرهەڵدانی ژیان وەک، درێژی تەمەنی ئەستێرەکان، زۆربوونی کاربۆن، هەبوونی تیشک بۆ کرداری ڕۆشنەپێکهاتن (لە ڕوەکەکاندا)، جێگیری ناوکە ئاڵۆزەکەی گەردیلەکان. بەڵام ئەم تایبەتمەندییانە گشت کاتێک بەردەست نین ئەگەر ئێمە لە گەردوونێکی هەڕەمەکی بژین، لێرەدا فرەگەردوونی تاکە یەک ڕاڤەمان پێ دەدات کە بۆچی ئەو تایبەتمەندییانە لە گەردوونی ئێمەدا هەن، لەگەڵ بوونی ژمارەیەکی دیکە لە گەردوونەکان، بەڵام ئێمە تەنیا ئەم گەردوونەمان دەبینین و هەست بە بوونی خۆمان دەکەین، لەبەرئەوەی پشتەوانی لە ژیانی ئاڵۆز دەکات." بە دەربڕینێکی دی، ئەو دەمەی یەک گەردوون بوونی هەبێت، ئەوا ئەگەری زۆر بوو ژیانی تێدا نەبێت، بەرانبەر بەوە لە فرەگەردوونیدا گەلەک "هەل" هەن بۆ سەرهەڵدانی ژیان، بەلایەنی کەمەوە لە یەکێکیاندا.
جگە لەمانە، تەکنەلۆژیای هاوچەرخ، ئەزموونگەی خێراکەری تەنۆلکەکانی ئەوروپایی سیرن (CERN)، چاودێری کردنە گەردوونییەکان بەهۆی تەلسکۆپە هەرە پێشکەوتووەکانی وەک تەلسکۆپی جێیمس وێبی بۆشایی ئاسمان (James Webb Space Telescope)، مۆدیلە ماتماتیکییەکان و هاوشێوەسازییەکان (Simulations) یاخۆ لاساییکردنەوە کۆمپیوتەرییەکان، دەتوانن ببنە پشتگیری بۆ گەردوونە تەریبەکان. ئەم ئامرازانە یارمەتیدەرن بۆ دۆزینەوەی شوێنەواری سیناریۆکانی فرەگەردوونە جیاجیاکان و پێشبینیکردنی دیاردە بینراوەکان.
هەرچەندە تێکڕای ئەم بەڵگانە ڕاستەوخۆ نەبن و دوور بن لە سەلماندنی بەکردارەکی، بەڵام لێکۆڵینەوەکان پاڵپشتن بۆ ئەگەری بوونی ڕاستییە جۆراوجۆرەکان.

ڕەخنە و بیروڕا دژەکان
لەگەڵ ئەو هەموو بیروڕا و بۆچوونە سەرنجڕاکێشانە، کەچی گەلەک لە زاناکان گومانیان هەیە لەبارەی بیردۆزەکانی فرەگەردوونی، هۆکاری سەرەکیش نەبوونی بەڵگەی ڕاستەوخۆیە. ڕێکارە زانستییەکان پێویستیان بە پێشبینییە بەرچاو و بەرئەزموونەکانن، ئەمەشیان لە بابەتی فرەگەردوونیدا بەردەست نین و سەختە پێیان بگەین.
دەشێ بە پشتبەستن بە هەندێ بیردۆزی دیکەی گەردوونناسی بتوانین ڕاڤەی چەند دیاردەیەکی بکەین لەوانەی دراونەتە پاڵ فرەگەردوونی و گەردوونە تەریبەکان، هاوشێوەی ئەو بابەتەی پێشتر ئاماژەمان پێی دا، وەک ڕیزپەڕی لە بڵاوبوونەوەی تیشکە پاشخانی مایکرۆوێیڤی گەردوونیی لە هاتنەکایەی کۆمەڵێک لە کردار و شتگەلی نامۆ و شاراوەی ناو گەردوونەکەمان، هاوشێوەی وزە و ماددەی تاریک.
جگە لەمانە، بیرۆکەی بوونی ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە گەردوونەکان و بەتایبەتیش گەردوونە تەریبەکان، لەوانەیە مەترسی فەلسەفی و ئەخلاقی لێ بکەوێتەوە دەربارەی سروشت و ژیان و ناسنامە و ویستی ئازاد.

کاریگەری لەسەر زانست و کۆمەڵگە
بیردۆزەکانی فرەگەردوونی هەوڵێکی پڕ بایەخن بۆ هاندان و داهێنان لە گەلەک بواری جیاجیا، وەک فیزیکی تیۆری و میکانیکی کوانتەم و گەردوونناسی بەگشتی، تێکڕای ئەو پێشکەوتنانە دەکارن تێگەیشتنمان بۆ یاسا بنەڕەتییەکانی کە گەردوون بەڕێوە دەبەن چاکتر و فرەوانتر بکەن. هاوکات کاریگەرییەکی گەورەیان هەیە لەسەر فەرهەنگ و باری ڕۆشنبیری کۆمەڵگەکانمان. چەمکی فرەگەردوونی هەست و هۆشی کۆمەڵێک لە نووسەران و هونەرمەندان و بەرهەمهێنەرانی فلمەکان بۆخۆی کێش کردووە، لە گەلەک داهێنان و کاری وێژەیی و ڕۆمان و زنجیرە تەلەفزیۆنییە جۆراوجۆرەکاندا بەدەر دەکەوێت.
لەلایەنی فەلسەفییەوەش فرەگەردوونی چەندن پرسیاری قووڵ دەوروژینێت لەبارەی بیروڕا و بۆچوونمان بەرانبەر بە بوونی خوا و هەبوونایەتی، سروشتی ئاگەیی و هۆشمەندی و مانای ژیان. هەروەها بەوەی ئێمەی مرۆڤی سەر ڕووی زەوی هیچ تایبەتمەندییەکی ناوازەمان نییە خۆمانی پێ هەڵ بکێشین، لەبەرئەوەی ئەگەری زۆرە ژمارەیەکی بێکۆتا لە دانە دانەی هەریەکەمان هەبێ لە ژیانی دیکەی ناو گەردوونە جیاجیاکاندا.
زانای ناوداری فیزیکی تیۆری براین گرین، ئەو بابەتەمان بە نموونەیەکی ئاسان بۆ ڕوون دەکاتەوە و دەڵێت، ئەگەر بۆشایی (هەبوون) بێکۆتا بێت، پێویستە فرەگەردوونییەک بە ڕاستییە تەریبە بێکۆتاکان بوونی هەبێت. بیر بکەوە گەردوون بە تێکڕای شتگەلەکانی ناوەوەی یەکسان بێت بە کۆی کارتەکانی یاریکردن. دەزانین کە هەر کۆمەڵەیەک 52 کارتی تێدایە، وێکچووی ئەمە لە گەردوونیشدا تا سنوورێکی دیارکراو ماددەی جیاجیا هەن. وەک چۆن تێکەڵ کردنەوەی کارتی یاریکردن بۆ کاتێکی یەکجار درێژ دەبێتە هۆی دووبارەبوونەوەی ڕێکخستن و ڕیزبوونی و هاتنی بەدوای یەکی کارتەکان، لە گەردوونی بێکۆتاشدا هەر دەبێ ماددە خۆی دووبارە و چەندبارە بکاتەوە لە چەشنە هاوشێوەکاندا. بەڕای گرین، فرەگەردوونی ڕێبازێکە بۆ ڕوودانی ئەم شتە، لە بوونی ژمارەیەکی بێکۆتا لە گەردوونە تەریبەکان، ئەوانەی دانەی وەک یەکی تێدایە بە جیاوازییەکی زۆر کەم لە هەموو شتەکان.
دواجار پێویستە ئاماژە بدەین بەوەی، بیردۆزەکانی فرەگەردوونی و گەردوونە تەریبەکان بابەتگەلەکی لەڕادەبەدەر بەپێز و سەرنجڕاکێشن لە زانستی هاوچەرخدا، هەرچەندە بەڵگەی ئەزمووندار و یەکلاییکەرەوەشی نییە، بەڵام لە بنەماکان و کۆڵەگە سەرەکییەکانی بیردۆزەکەیدا زۆر پتەوە. بە پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و تێگەیشتنی پترمان بۆ گەردوون، ڕێی تێ دەچێت پاش ماوەیەک نێزیک ببینەوە لە نهێنییەکانی فرەگەردوونی. تا ئەو دەمەش ئەم بیرۆکەیە بەردەوام بەشێوەی سەرچاوەکی هیوابەخش دەمێنێتەوە بۆ تۆژینەوە زانستییەکانمان.
……………………………………....................................
سەرچاوەکان؛
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەت:
گشتی
بابەتی دیکە
بابەتە پڕبینراوەکان




