<

ئاخۆ مانگ گیران، نیشانە ئیلاهییەکانە یان وردبینی بیرکاری؟

08/09/2025, 14:12 (GMT+1)
- ئایا مانگ گیران و ڕۆژ گیران بۆ چاندنی ترسە؟
- ئایا لێکدانەوەی ئیسلام و مەسیحی و چین یەکان، چی بێت بۆ ئەو دیاردەیە؟
- ئایا زانست دژی ئەو بۆچونانە وەستاوە؟
- ئاخۆ سزا بۆ ئەو ڕاستیانە هەبووە لە لایەن پیاوانی ئاینییەوە؟
- ئایا ئێمە باوەڕمان بەو چیرۆکانە هەیە کە ئیمام و قەشە یان پیاوە ئاینییەکان بەناوی خوداوە بڵاوی دەکەنەوە؟

- ئایا مانگ گیران و ڕۆژ گیران بۆ چاندنی ترسە؟

بە درێژایی سەدەکان دەسەڵاتدارانی ئایینی مانگ گیرانیان بۆ چاندنی ترس بەکاریان هێناوە.
خۆرگیران یان مانگ گیران وەک ئاگادارکردنەوەیەک لەلایەن خوداوە یان سزایەک بۆ گوناهی مرۆڤەکان یان وەک نیشانەیەکی سەروو سروشتی باس دەکرا!
- لە ئیسلامیشدا مانگ گیران وەک کاتی دۆعا و پاڕانەوە و ترس لە ئەنجامدا نوێژ بۆ بەربوونی مانگ بە خەڵکی دەوترا!
- لە ئەوروپا قەشەکان هۆشدارییان دەدا کە مانگگیران شەڕ یان برسێتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
- لە چین خەڵک تەپڵیان لێدەدا بۆ ئەوەی ئەو (ئەژدیها)یەی کە بەبۆچونی ئەوان،  خۆر یان ڕۆژی  دەخوارد، ڕاو بنێن و لە خۆر دووری بخەنەوە.

- ئایا زانست دژی ئەو بۆچونانە وەستاوە؟

بەڵام لێرەدا زانست ڕاستەوخۆدا دژی ئەو بۆچونانە وەستاوە.
فەلەکناسەکان دەتوانن هەتا چرکەی ڕودانی مانگ و ڕۆژ  گیرانیش پێشبینی بکەن!  کە لە کوێ ڕودەدات، وە کەی ڕودەدات،  وە چۆن (بەشێک یان هەمووی) ڕودەدات، وە  چەند خولەک دەخایەنێت! ئەوەش نەک تەنها هەر جارێک، بەڵکو هەزاران جاریش پێشبینیەکان ڕاست دەرچووە و سەلمێنراوە!
کەواتە نە ترس لە ئارادایە! بەڵکو تەنها بیرکاری و فیزیایەکی  پاک و ڕاستە و دوورە لە خەرافیاتی ئایینی!
لێرەدا جیاوازییەکە ڕوونە، ئایین بۆ گەورەکردنی هێما و هەستەکان و گوێڕایەڵی، ئەو چیرۆکانەیان دروستکردووە و بەکاردەهێنێت.
بەڵام زانست ئەنجامەکان نیشان دەدات کە هەموو کەسێک دەتوانێت بیبینێت و پشتڕاستی بکاتەوە، بەبێ گوێدانە باوەڕی جیاواز و شوێنی جیاواز!
کەواتە لەم بارەدا، کەس پێویستی بە باوەڕکردن نییە، لەسەر بنەمای تەنها ووشە، هەموو کەسێک دەتوانێت بۆ خۆی سەیری بەڵگەکان و ئەنجامەکەشی ببینێت.

- ئاخۆ سزا بۆ ئەو ڕاستیانە هەبووە لە لایەن پیاوانی ئاینییەوە؟

وە مێژوو دەریدەخات کە ئەم جیاوازییانە هەروا سزا نەبوون!
ئەو زانایانەی کە مانگ گیرانیان بەشێوەیەکی زانستی شی دەکردەوە، زۆرجار لەلایەن پیاوە ئاینییەکانەوە دەگیران و دەخرێنە بەندیخانەوە و گۆشەگیرییان لەسەر دەکرا و تۆمەتبارکرابوون بە جادووگەری یان بیدعە! بۆچی؟
چونکە زانست و زانین مەترسیدارە بۆ بەرژەوەندی ئەوان، کە دەیانەوێت لەڕێگەی ترسەوە بەرژەوەندی و دەسەڵاتیان بپارێزن.
- ئایا ئێمە باوەڕمان بەو چیرۆکانە هەیە کە ئیمام و قەشە یان پیاوە ئاینییەکان بەناوی خوداوە بڵاوی دەکەنەوە؟
ئەمڕۆ ئێمە وەک کۆمەڵگا، دەبێت بە چاوکراوەیی هەڵبژاردنێکی ڕاست بکەین لەسەر بنەمای بینین و بەکارهێنان نەک کەسەر ووشە و فڵان ووت و فیسار ووتی! یان بۆ نمونە: موعجیزەی دابەشبوونی مانگ ڕووداوێکە کە لە قورئانی پیرۆزدا لە سورەتی قەمەردا باسی لێوە کراوە، کە کافرەکانی مەککە داوای موعجیزە لە پێغەمبەر محمد صلى الله عليه وسلم دەکەن، خودای گەورەش بە دابەشکردنی مانگ بە دوو بەشەوە کرد و وەڵامیانی داوەتەوە و ڕاستی پێغەمبەرایەتییەکەی سەلماندووە. هەرچەندە ئەم موعجیزە لە سەردەمی پێغەمبەردا ڕوویداوە، بەڵام موشریکەکان بە سیحر وەسفیان کردووە و پێداگرییان لەسەر ئەوە کردووە کە باوەڕیان پێی نەبێت.
سورة القمر الآية 1: ﴿اقْتَرَبَتِ السَّاعَةُ وَانْشَقَّ الْقَمَرُ﴾
• سورة القمر الآية 2: ﴿وَإِنْ يَرَوْا آيَةً يُعْرِضُوا وَيَقُولُوا سِحْرٌ مُسْتَمِرٌّ﴾ 
هەموو مانگ گیران و ڕۆژ گیرانێک دووبارە دەیسەلمێنێت کە خۆر و مانگ، گوێڕایەڵی چیرۆکی پیاوە ئایینیەکان نابن، بەڵکو بە یاساکانی سروشت دەجوڵێنەوە و زاناکانیش چاودێری جۆر و خێرایان کردووە و توانویانە ئەوەش بخەنە ناو هاوکێشەیەکی زانستیەوە!  ئێستا زانست و زاناکان دەزانن کەی و چۆن و لە کوێ ئەو  مانگ گیران و ڕۆژ گیران ڕودەدات!
کەواتە بە بۆچونی من، هەرکەسێک بوێر بێت، کە ئەو ڕاستیانە ببینێت، ئەوا دەتوانێت خۆی  ڕزگار بکات لە ترس و درۆی دینبازی و داهاتوویەکی گەش بنیات بنێت کە چەقی بیرکردنەوەکەی لە گۆشەکانی مەعریفە و زانست و بیرکردنەوەی ڕەخنەییدا بێت!
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست