کونە کرمییەکان: کورتکردنەوەی دووری و کاتی گەشتە گەردوونییەکان
19/09/2025, 19:06 (GMT+1)

کارل سێیگن: " ئەگەر بکەویتە ناو کونێکی کرمییەوە، دەشێ لە شوێنێک و کاتێکی دیکەی گەردووندا بێیتە دەرەوە"
لە ساڵی 1935دا هەردوو زانای ناودار ئەلبەرت ئەینشتاین (Albert Einstein) و نێیتن ڕۆزن (Nathan Rosen)، لەڕێی بەکارهێنانی هاوکێشەکانی بیردۆزی ڕێژەیی گشتی پێشنیاری بوونی دەروازە، یان پردیان کرد لە شانەی کاتشوێندا (کات-شوێن). پاشان ئەو پردانەی ئەینشتاین-ڕۆزن ناوی چاڵە کرمییەکان، یاخۆ کونە کرمییەکانیان (Wormhole) پێ بەخشی، ئەو کونانەی دوو خاڵی جیاواز لە کاتشوێندا بەیەکدی دەگەینن، بەشێوەی ڕێیەکی تیۆریی کورتکراوەی دووری و کاتی گەشتە یەکجار دوورە گەردوونییەکان.
گریمان تیشکی دراوەی ڕووداوێکی ڕابردوو (خێرایی تیشک نێزیکەی 300.000 کم/چرکە) بۆ یەک خوولەک ڕێی بکات، واتە 18 ملیۆن کیلۆمەتر ببڕێت تا دەگاتە خاڵێکی دیارکراو لە بۆشایی ئاسماندا. بۆ بینینی ئەو ڕووداوە جارێکی دیکە، پێویستە بگەینە ئەو خاڵە بە کاتێکی کەمتر لە یەک خوولەک، بە دەربڕینێکی دی دەبێ لە تیشک خێراتر بین، بێگومان ئەمەش لە فیزیکدا کارێکی ئەستەمە. بەڵام ئەگەر پەنا ببەینە بەر کونێکی کرمیی، ئەوا دەتوانین دووری 18 ملیۆن کیلۆمەتر بە کاتێکی کەمتر ببڕین، ماناشی ئەوە نییە ئێمە گەشتمان کردووە بە خێرایییەکی پتر لەوەی تیشک، بەڵکوو رێیەکی کورتترمان بەکارهێناوە، دەرەنجام دەکەوینە پێش وێنەی ڕووداوەکە و ئەو دیمەنە دەیبینین دوای تەواوبوونی و بوونی بە ڕووداوێکی ڕابردوو.
لێرەدا ڕاستەوخۆ بابەتێکی لۆژیکی سەرهەڵ دەدات و دەبێ زۆر بەچاکی ڕوون بکرێتەوە، ئەویش ئێمە کاتێک گەشتەکەمان لە تیشک (خێراترە) و سەیری دیمەنی ڕووداوێک دەکەین، پێویستە بزانین ئەوەی دەیبینین تەنیا وێنەی دیمەنەکەیە پاش ڕوودانی، هاوشێوەی شریتی سینەمایی نەک خودی ڕووداوە ڕاستەقینەکە، واتە هەرگیز ناتوانین بچینە ڕابردوو و دەسکاری ڕووداوەکە بکەین، یان بیگۆڕین، لەبەرئەوەی ڕووداوەکە کۆتایی هاتووە و تەواو بووە (ئەمەشە پارادۆکسی چوونم بۆ ڕابردوو و کوشتنی باپیرەم، پێش ئەوەی منداڵ بخاتەوە!).

پێکهاتەی کونە کرمییەکان
کونە کرمییەکان لە دوو "دەم" پێکهاتوون بەهۆی ڕێیەک پێک دەبەسترێن پێی دەگوترێت گەروو، ئەم گەرووەش دەشێ هێڵێکی ڕاست، یان چەماوە بێت. کونی کرمیی وەک چاڵە ڕەشەکان بە کاریگەری هێزی کێشکردن لەسەر تیشکی تێپەڕبوو بە تەنیشتییەوە دەدۆزرێتەوە. بیردۆزی ڕێژەیی گشتی ڕێ دەدات بە بوونی کونە کرمییەکانی دەمیان چاڵی ڕەش بن، بەڵام هەر مەرج نییە هەموو چاڵێکی ڕەش کە دەرەنجامی لەناوچوونی ئەستێرە زەبەلاحەکانن، دەمی کونێکی کرمیی بێت.
بە هەمان هاوکێشەکانی ناومان بردن، ئەینشتاین و ڕۆزن پێشنیاری دیکەیان خستە ڕوو بۆ بوونی چاڵی پێچەوانەی چاڵی ڕەش و ناو نرا بە چاڵی سپی. دەشگوترێ پێچەوانە، لەبەرئەوەی چاڵی ڕەش گشت شتێک (تیشکیش ناتوانێت لێی دەرباز بێت) هەڵ دەلووشێت و قووتی دەدات ئەگەر لێی نێزیک ببێتەوە و بگاتە ئەو خاڵەی ناسراوە بە ئاسۆی ڕووداو (Event horizon)، کەچی چاڵی سپی هیچ شتێک ناتوانێت بچێتە ناویەوە و ڕاستەوخۆ هەڵ دەدرێتە دەرەوە ڕێک هاوشێوەی دیمەنی تەقینەوەی مەزن، کونی ڕەش لە لایەکی دیکەی کونی سپییەوەیە، بەڵام پێکەوە بەندن لەڕێی تونێڵێک، یاخۆ پردێک، ئەویش کونی کرمییە.

بۆ تێگەیشتن لە شێوەی کونە کرمییەکان، با وای دابنێین بۆشایی گەردوونی ڕووتەختێکی وەک پەڕە کاغەزێک بێت و دوو خاڵی لەسەر دیار کرابێ بە دوورییەکی ڕاستە هێڵی ئاسۆیی، ئەو دەمەی پەڕە کاغزەکە بنوشتێنینەوە بەجۆرێک دوو خاڵەکە بەرانبەر بە یەک بن بە دوورییەکی ستوونی. بەمە دوو ئاراستەمان دەکەوێتە دەست بۆ چوونمان لە خاڵێکەوە بەرەو ئەوەی دیکە، یەکیان ڕێیەکی ئاسۆیییە (a) لە کاغەزێکی چەماوە کە درێژترە لە ڕێیە ستوونییەکەی (b) دەکەوێتە بۆشایی نێوان دوو لای کاغەزەکە، ئەو ڕێیە کورتکراوەیە ناوی کونی کرمی پێ دراوە. ئەگەر ئەو دوو خاڵە بەتەواوی بەریەک بکەون، ئەوا بە بنچینەیەکی تیۆریی دەکرێ بە هەنوکەیی و ڕاستەوخۆ بەبێ تێپەڕبوونی کات لە خاڵێکەوە بچینە خاڵێکی دی.

کونە کرمییەکان چۆن دەدۆزرێنەوە؟
زاناکانی گەردوونناسی پێیان وایە کونە کرمییەکان لە چەقی هەندێ لە گەلەستێرە یەکجار درەوشاوەکاندا هەن، بۆ ئەمە چەند پێشنیارێک دەخەنە بەردەست.
یەک لەوانە، بەگوێرەی ژمێرەکردنەکانی ماددەی دەرهاویشتوو لە یەک لای کونە کرمییەکان بەرانبەر بە ماددەی کە تێی دەکەوێت، دەبێتە هۆی دیمەنێکی سەیر و ناوازە لە تەوژمی تیشکی گامای درەوشاوە، دەتوانین بە تەلسکۆپەکانمان بیان دۆزینەوە. هەر ئەم دیمەنەی تیشکی گامایە وەک ئامرازێکە بۆمان بۆ جیاکردنەوەی چاڵی ڕەش و کونە کرمییەکان، بە جۆرێک پێشان وای بۆ دەچووین کە لە شێوە دەرەکییەکەیەوە ناکرێ بیناسینەوە. ئەمەشیان لەسەر بنچینەی ئەوەی چاڵی ڕەش بڕێکی کەمتر لە تیشکی گاما بەبەرهەم دەهێنێت و هاوشێوەی ئاوپڕژێن دەر دەهاوێژرێت، کەچی تیشکی دەرچوو لە کونی کرمیی وەک تۆپێکی گەلەک گەورە بەدەر دەکەوێت.
ئاشکرایە کە بیرۆکەی بوونی کونە کرمییەکان لە چەقی گەلەستێرەکاندا شتێکی نوێ نییە، بۆ نموونە چاڵێکی ڕەشی یەکجار زەبەلاح لە چەقی گەلەستێرەی ئێمەدا (ڕێی شیریی) هەیە، ئەمەش بە هەوڵ و کۆششی چەندان زانا دۆزرایەوە، لەو کاتانەی چاودێری بەردەوامی خوولگەی ئەستێرەکانی نێزیک ئەو شوێنەیان دەکرد، دەرەنجامی کارە مەزنەشیان بەدەستهێنانی خەڵاتی نۆبڵی فیزیک بوو لە ساڵی 2020. تۆژینەوەکانی ئەم دواییانەش جارێکی دی کاریگەری هێزی کێشکردن لەسەر خوولگەی ئەو ئەستێرانە بە بوونی کونە کرمییەکان دەبەستێتەوە.
گریمانەی کونە کرمییەکان لە جیهانە بچووکەکەی فیزیکی کوانتەمیشدا دەخرێتە ڕوو، ئەو جیهانەی بەندە بە ڕەفتاری گەردیلە و تەنۆلکەکان. فیزیکی کوانتەم دەبێژیت، دەکرێ تەنۆلکەکان لە بۆشایییەکی کوانتەمیدا خۆبەخۆ بۆ ماوەیەکی کورت سەرهەڵ بدەن و ون ببن، ئەم بابەتە زۆر جار بە ئەزموون و بەکردارەکیش سەلمێندراوە. بە پشتبەستن بەم دیاردەیە زاناکان پێیان وایە، کونە کرمییەکان لە ساتە هەرە سەرەتایییەکانی سەرهەڵدانی گەردوون لە کەفی تەنۆلکە کوانتەمییەکانی ئاستی لەڕادەبەدەر ورد (نێزیکەی 10^-33 سم) دروست بوونە، پاشان لەگەڵ بەردەوامبوونی هەڵئاوسان قەبەرەیان گەورەتر بووبێ کە لەوانەیە هەندێکیان هەتا ئەمڕۆکەش مابن.
لە لایەکی دیکەوە، بەشێک لە زاناکانی کە لەم پرسە دەکۆڵنەوە لە ئەزموونەکانی پێکبەندی کوانتەمی (Quantum entanglement) و گواستنەوە هەنوکەیییەکانی کوانتەمی (Quantum teleportation)، بۆ گوێزانەوەی زانیاری لە شوێنیک بۆ یەکێکی دی، ئەو ڕایەیان لەلادا دروست بووە کە ئەمەیان شێوازێکە پڕاوپڕ لە کاری پێکەندی دوو چاڵی ڕەش دەچن بەهۆی کونێکی کرمییەوە.

بەکارهێنانی کونە کرمییەکان بۆ گەشتە گەردوونییەکان
پێویستە ئاماژە بەوە بدەین، ئێمە ئەگەر سەرکەوتووش بین لە دۆزینەوەی کونە کرمییەکان، ئەوا لە بەکارهێنانیان بۆ گەشتە گەردوونییەکان دووچاری چەندان کێشە دەبینەوە، لەسەرووی هەمووشیانە جێگیربوون و قەبارەکەیانە.
جێگیریی و کرانەوەی کونە کرمییەکان بۆ ماوەیەکی درێژ گرفتێکی مەزنە لەبەردەم هەوڵی پێدا تێپەڕبوونمان، بەتایبەتیش لەو لایەی کونی سپی لێیە، لەبەرئەوەی وەک گوتمان کونی سپی تەنیا ماددە دەردهاوێت، بەمەش تێهاوێشتنی بڕێکی کەمی ماددە وای لێ دەکات هەرەس بهێنیت و ببێتە هۆی تەقینەوەیەکی گەورە و هەڵ بدڕێت.
لەگەڵ ئەوەش زاناکان دەڵێن، دەتوانرێ لەڕێی چەند ڕێکارێکەوە کونە کرمییەکان بەکراوەیی بیهێڵینەوە تا بگونجێن بۆ گواستنەوەی زانیاری، بە مەرجێک لە چوارچێوەی ڕووبەرە یەکجار بچووکەکاندا بوونیان هەبێت. بۆ ئەم کارە بارستایییەکی بچووک لە ماددەی ئاسایی بارگەداری کارەبایی بەسە بۆ هەرەس نەهێنانیان بەهۆی هێزی کێشکردن و بوونیان بە چاڵە ڕەشە بارگەدارەکان.
بەڵام کاتێک بچینە باری ئاسایی و جیهانە مەزنە گەردوونییەکەمان، دەبێ قەبارەی کونە کرمییەکان هێندە بن بکارین بەکاریان بهێنین بۆ گەشتە مرۆیییەکان.
پسپۆڕانی گەردوونناسی دەبێژن، لێرەدا پێویستمان بە جۆرە ماددەیەکی ناوازە (Exotic Matter) هەیە لە دیاردەیەکدا کە ناسراوە بە وزەی نەرێنی (negative energy)، دەبێ ئاگەداری ئەوە بین کە ئەو ماددە ناوازەیە شتێکی جیایە و لەگەڵ دژە ماددە و ماددەی تاریک تێکەڵ بەیەکدی نەکرێن.
بەگوێرەی میکانیکی کوانتەم، زانراوە کە بۆشایی فیزیکی ناو نانرێت بە بۆشاییەکی تەواو و ڕەها، بەڵکوو پڕە لە تەنۆلکەی دووانەیی، ئەوانەی وەک پێشتر گوتمان زۆر بەخێرایی سەرهەڵ دەدەن و ون دەبن. ئەگەر پێمان کرا شوێنێک بەدەست بهێنین کەمتر لەو تەنۆلکە دووانەییانە لەخۆ بگرێت بەراورد بە شوێنێکی دیکە، ئەو دەمە شوێنەکە دەبێتە خاوەن وزەیەکی نەرێنی. بابەتی وزەی نەرێنیش شتێکی گریمانەکی و ئەندێشەیی نییە، بگرە بنچینەیەکی پتەوی هەیە لە بیردۆزی ناسراو بە کایەی کوانتەمی (Quantum field theory).
فیزیکزانەکان توانیویانە بە ئەزموون و بەکردارەکی بڕێکی یەکجار کەم لە وزەی نەرێنی بەبەرهەم بهێنن، لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیایەکی هەرە پێشکەوتووی کوانتەمی لەڕێی دیاردەیەک پێی دەگوترێت کاریگەری کازیمیر (Casimir effect). بۆ نموونە، کاتێک دوو ڕووتەختەی کانزایی لە دوورییەکی نانۆمەتری لە نێزیک یەک دایان دەنێین، ئەوا بەمە هەوڵ دەدەین شەپۆلە درێژەکان لا بدەین لە کەلێنی نێوانیان، بەمە بۆشایی ناوەوەی دوو ڕووتەختەکە وزەکەی کەمتر دەبێتەوە بەرانبەر بە بۆشایی دەرەوە و دەبێتە هۆکاری هاتنەکایەی وزەی نەرێنی، دەرەنجام دوو ڕووتەختەکە بۆ یەکدی کێش دەکرێن.
سروشت بەهۆی بوونی بڕێکی گەلەک بەرز لە هێزی کێشکردن، ڕێژەیەکی زۆر لەم جۆرە وزەیە دروست دەکات، ئێمەش هەر ڕۆژێک بە زانست و تەکەنەلۆژیا گەیشتینە ئاستێکی دیارکراو لە بەدەستهێنانی وزەی نەرێنی، ئەوا کاریگەری کازمیریی چارەسەری جێگیریی و قەبارەی کونە کرمییەکانمان بۆ دەکات.
ئەزموون و تۆژینەوەکانی ئەنجام دەدرێن بۆ سەلماندنی بوونی کونە کرمییەکان، دەکرێ ڕاڤەیەکمان پێ بدەن بۆ تێزی "دژکاریی، یاخۆ پارادۆسکی زانیارییە کوانتەمییەکان"، ئەوەی دەڵێت، زانیارییە فیزیکییەکان (بارستایی، شوێن، پلەی گەرمی و ...) دەشێ بەیەکجارەکی ون ببن لەناو چاڵە ڕەشەکان. لێرەدا ئەو ئەزموونانە دەتوانن پێوەندییە پتەوەکەی بیردۆزە دژیەک و پێکەوە نەگونجاوەکانی فیزیکی کوانتەم و هێزی کێشکردنمان بۆ بدۆزنەوە، بەمەش کونە کرمییەکان سوودبەخش دەبن بۆ داڕشتنی "بیردۆزی هەموو شتەکان"، بەوەی کە دەبێتە خاڵی پێکبەندی لەنێوان فیزیکی کوانتەم و هێزی کێشکردن.
دواجار دەبێ بڵێین، ڕاستە پرسی کونە کرمییەکان شایەنی بیر لێ کردنەوەی زاناکانە، کەچی لەگەڵ ئەوەش بەتەواوی و بەگوێرەی پێویست بایەخی پێ نەدراوە، بەڵام هەر واتای ئەوە نییە بە زانستێکی ساختە، یاخۆ ئەندێشەیی بێتە هەژماردن. ئاشکرایە چاڵی ڕەشیش کاتێک بۆ یەکەمین جار پێشنیار کرا، زۆرینەی زاناکان بەشێوەی بابەتێکی زانستی لێیان نەدەڕوانی، پاش نێزیکەی 50 ساڵ ئینجا بووە جێی متمانە و بە ئەزموون و بەڵگەی یەکلاییکەرەوە سەلمێندرا، ئەگەری زۆرە ڕۆژێک هەمان شت ڕوو بدات لەبارەی کونە کرمییەکان.
گومانی تێدا نییە کونە کرمیی ڕۆڵێکی گرینگ دەبینێت لە پێشکەوتنە مەزنەکانی فیزیکی هاوچەرخ، ئەگەرچی تا ئێستە نەشمان دۆزیبێتەوە، بەڵام ئەوە ناگەینێ کە بوونی نەبێت لە گۆشەیەکی ئەم گەردوونە فرەوان و بێسنوورە، هاوکات دەبێتە یارمەتیدەرێکی گەلەک چاک بۆ هەنگاونان بەرەو تێگەیشتن و بەدەستهێنانی وەڵام بۆ پرسیارە هەرە سەخت و ئاڵۆزەکان، وەک ئەوەی گەردوونەکەمان تاکە گەردوونە، یان یەکێکە لە ژمارەیەی زۆری دیکەی جیاجیا.
کۆتایی بابەتەکەمان بە گوتەیەکی زانای فرە ناودار ستیفن هۆکینگ دەهێنین، لەو دەمەی بەشداری دەکرد لە کۆنگرەی پارادۆکسی زانیارییەکانی ناو چاڵە ڕەشەکان لە ساڵی 2015دا: "چاڵە ڕەشەکان هێندە ڕەش نین کە وێنەیان بۆ کێشراوە، هەروەها ئەو بەندیخانە بێکۆتایانەش نین کە وای بۆ دەچووین، ئەگەر هەستت کرد لەناو چاڵێکی ڕەشیت، ئەوا بێهیوا مەبە، باش بزانە ڕێیەک هەر دەبێت بۆ ڕزگاربوونت".
.........................................
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتی دیکە
بابەتە پڕبینراوەکان

