<

چاوزار و ئێرەیی لە نێوان خورافە و زانستدا

17/10/2025, 19:48 (GMT+1)
زاراوەی چاوزار، چاوپیسی، چاولێدان، چاوی خراپەکار و شەڕخواز لەگەڵ ئێرەیی، یان حەسودی، ئەگەرچی زۆربەمان بۆ یەک مەبەست بەکاری دەهێنین، بەڵام لە ڕاستیدا لە هەندێ ڕووەوە دوو بابەتی جیان.
چاوزار (Evil eye)، باوەڕهێنانە بەوەی هەندێ کەس بە چاوتێبڕینیان بۆ شتێک، یاخۆ یەکێک دەتوانن زیانیان پێ بگەینن تا ڕادەی کوشتنیش، بەتایبەتی بەرانبەر بە منداڵانی تازە لەدایکبوو، ژنانی زگپڕ، مەڕوماڵات، بەروبووم و شتانێکی دیکەی جۆراوجۆر.
بەڵام ئێرەیی (Envy)، هەستێکە لەلای کەسێک کە پێی خۆشە و هیوا دەخوازێت کەسانێکی دیکە ئەوەی هەیانە لە سامان و دەسەڵات و سەرکەوتنەکانیان لە ژیاندا پێی گەیشتوون لەدەست بدەن. لەمەیاندا دەروونناسان دەڵین، مەرج نییە ئەو هەستە گشت کاتێک نەرێنی بێت، لەبەرئەوەی هەندێک پێیان وایە ئێرەیی دەشێ ببێتە هاندەرێک بۆ لاساییکردنەوەی سەرکەوتووان و هەنگاونان بەرەو یەکسانی و پلە و پایەی کەسەکان لە کۆمەڵگەکاندا.
سەبارەت بەوانەی باوەڕیان بە چاوزار هەیە، ناتوانن بەڕوونی پێمان بڵێن بۆچی یەکێک لەدایک دەبێت و خاوەنی چاوێکی شەڕخوازە و ئەوانەی دی نیانە؟ چاوزار و ئێرەیی گەلەک جار بەبێ مەبەستێکی پێشینە لە کەسێکەوە ڕوو دەدات، ئەو دەمەی هەڵ دەستێ بە پیاهەڵدان و سەرسامبوون بەوەی کەسەی دبێتە قوربانیی. کەچی کۆمەڵگەش هەیە خەڵکەکەی لەو باوەڕەن خاوەن چاوە شەڕخوازەکان خۆیان تاوانکار و خراپن و بۆ زیان گەیاندن و نەفرەت لێکردن چاوە پیسەکەیان لە قوربانییەکانیان دەدەن. 
چاوەزار و چاولێدان باوەڕێکی زۆر کۆن و باوی گەلانی جیاجیای جیهانە، لەبەر ئەمەشە زۆربەیان هەوڵیان داوە کۆمەڵە ئامرازێک بدۆزنەوە بۆ خۆپاراستن لە چاوزار هاوشێوەی موور و ملوانکە و نووشتە و پاڕانەوە لە خواوەند، یاخۆ هەڵواسینی پاژنەی کەروێشک و دەنووکی قەلەڕەش، یانیش کوتین و تاتۆکردنی ڕوومەت و چەناگە.
یەکەمین ئاماژە بۆ چاوزار لە ئەوپەڕی خۆرهەڵات و شارستانییەتی نێوان دوو زێیەکە و سۆمەرییەکان. فینیکی و میسرییە کۆنەکان گەلەک هەڵسوکەوت و ڕێورەسمیان بەکار دەهێنا بۆ خۆپاراستن لە چاوپیسی، هاوکات گەلانی ئەوروپایی کۆن باوەڕيان بەو شتە هەبووە، لە ئاین و ئەفسانەی جووەکانیشدا چاوزار دۆزراوەتەوە.
لەلای لایەنگرانی کرستییان، هیندۆسی، بودایی، گەل و هۆزە ئەفریکایییەکانیش باوەڕ بە چاوزار بوونی هەیە. بەڵام چاوزار لە هۆزە عەرەبییەکاندا ڕەگێکی زۆر کۆنی هەیە کە بۆ سەدەکانی پێش ئیسلام دەگەڕێتەوە، زۆرینەی عەرەبەکان پێیان وایە چاوی هەندێ کەس جگە لە بەدی و خراپە هیچ چاکەیەکیان لێ نایەتە بەرهەم، لەبەر ئەم هۆیە خۆیان بەدوور گرتووە لە چاوپیسان.
لە باوەڕ و ئاینی ئیسلامیشدا چاوزار و ئێرەیی بنچینەیەکی پتەوی هەیە، لە چەندان گوتەی پەیامبەری ئیسلام و دەقی قورئان ئاماژەی پێکراوە، موسڵمانان ئاگەدار کراونەتەوە لە چاوی پیس و داوای خوێندنەوەی ئایەتەکانی قورئانیان لێ کراوە بۆ خۆپاراستن لێی.
مەرج نییە هەردەم چاوزار و ئێرەیی بەند بێت بە خراپەکاری و سیحر و جادووگەری، بە نموونە پاپای پیوسی نۆیەم ناسراوە بەوەی چاوپیس بووە، بەڵام کەسێکی بەد و خراپ نەبووە، ئەوەندەیە چاوی لە یەکێک، یان شوێنێک بدابووایە تووشی کارەساتی دەکردن.
تا ئێستە بەتەواوی هۆکاری دەرکەوتنی چاوزار و ئێرەیی نازاندرێت، هەندێک لە شارەزایان وای بۆ دەچن بنچینەکەی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە، کاتێک مەترسیمان لە ڕوودانی شتێکی خراپ دەبێت، پاشان بەڕاستی ئەو شتە ڕوو دەدات، وەک ئەوەی کەسێک بە منداڵێک هەڵ دەڵێت و باسی جوانی یان زیرەکی دەکات، دوای ماوەیەکی کەم ئەو منداڵە نەخۆش دەکەوێت، یاخۆ زیانی پێ دەگات. چەندانێکیش لەو باوەڕەن، چاوزار لە ڕەگەوە پێوەندی هەبێت بە ترسانمان لە کەسانی بێگانە کاتێک بەوردی سەرنجمان دەدەنێ و بە سەیرکردنێکی درێژخایەن چاومان تێ دەبڕن. بەرانبەر بەمانە و بۆ خۆپاراستن لە کاریگەری چاوی خراپەکاران، کەسوکاری ئەو منداڵانە هەڵ دەستن بە شاردنەوەی منداڵەکانیان لە چاوی بێگانان، یان گوتن و هەڵبەستنی شتانێک بۆ کەمکردنەوەی بەها و ئاستی جوانی منداڵەکانیان، لە هەندێ شوێندا ناوی ناشیرین و قێزەوەنیان لێ دەنێن تاکوو بەچاو نەچن (لە عیراق ناوی ئاژەڵ و شتی پیس).
پێویستە هەر لە سەرەتاوە جەختی لەسەر بکەینەوە کە هەرچەندە چاوزار و ئێرەیی باوەڕێکی گەلەک کۆنە، کەچی هەر بەندە بە چەند کلتوور و فەرهەنگێکی دیارکراو و تەواو سەرتاپاگیر و جیهانی نییە، لەبەرئەوەی هاوشێوەی شتگەلە پڕپووچ و خورافەکانی دیکەیە و هیچ پێکبەندییەک لە نێوان هۆکار و دەرەنجامدا نابیندرێ و پاڵپشت نەکراوە بە بەڵگەی ئاشکرا و یەکلاییکەرەوە، ئەوەی هەیە تەنیا کۆبوونەوە و کەڵکەبوونی کۆمەڵێک خورافەیە بە مێژووەکی دورودرێژ.
باوەڕداری بە چاوزار یەکێکە لە بەربڵاوترین خورافە کە کاریگەرییەکی بەهێزی هەیە لەسەر بیر و هۆش و دەروونی مرۆڤەکان، ئەوەی جێی داخە لە زۆربەی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەدا بوونی هەیە، تا ئاستێک کە لەلای کەسانێکدا دەبیندرێت خاوەنی پلە و پایەیەکی بەرزی زانستی و کۆمەڵایەتین.

چاوزار و زانستی ساختە 

پاش پێشکەوتنە یەک بەدوای یەکەکانی زانستە ئەزموونگەرییەکان لە بوارە جیاجیاکانی ژیاندا، لایەنگرانی زانستە ساختەکان (Pseudosciences) هەوڵیان دا چاوزار لە چوارچێوەی بابەتگەلە خورافیایییەکان دەربهێنن، بۆ ئەمەش هەڵ دەستن بە پێدانی چەند پێناسەیەکی زانستی بۆ نیشاندانی وەک زانستێکی ڕاستەقینە. بۆ نموونە، شارەزا لە کۆمەڵناسی عەلی وەردی دەیگوت چاوزار و ئێرەیی جۆرە تیشک و شەپۆلێکە لە چاوی کەسەکە دەردەچێت و کارێکی دیارکراو دەکاتە سەر شتومەک و مرۆڤەکان. لەو کاتەیدا بانگەشەی بۆ ئەم بیرۆکەیەی دەکرد و دەیگوت ماوەیەکی دیکە دۆزەوە زانستییەکان بەرەو ئەو ئاراستەیەمان دەبەن، بەڵام ڕۆژانێکی زۆر تێپەڕین لە ژیانی ئەو و دوای ئەویش و گەلەک داهێنان و پێشکەوتن هاتنە دی لە بەدەستهێنانی زانیاری لەبارەی تیشک و شەپۆلەکانی و کاریگەرییان، کەچی هیچیان نەبوونە پاڵپشت بۆ بۆچوونەکانی عەلی وەردی.
هەندێکی دی دەڵێن، چاوزار کار دەکاتە سەر کارما (چەمکێکە لە هۆیەتی و دەرەنجام بەوەی کاری باش و خراپی ئەمڕۆت لە ئایندەدا وەک خۆی دێتە ڕێت) و بازنە وزەیییەکانی دەوری مرۆڤیان داوە. دیسانەوە ئەم کارما و بازنە وزەیییانەش باوەڕیکی هیندۆسی یەکجار کۆنی چەند هەزار ساڵییە و تاکە یەک بنچینەی زانستی نییە، تەنیا لەپێناو پەیداکردنی لایەنگرانە بۆ بازرگانی کریستاڵی ڕەنگاوڕەنگ، کوتاڵ و خشڵی جۆراوجۆر، نزا و پاڕانەوەی تایبەتی، نووشتە و جادووکردن، بەردی بەنرخ و پەیکەر و شتە دەستکردە گڵینییەکان بۆ خۆپاراستن لە چاوزار، بێگومان ئەمانەش گشتیان دەچنە چوارچێوەی زانستە ساختەکان.
ژمارەیەک لە تۆژینەوە ئەنجام دەدرێن بۆ دۆزینەوەی ڕاڤەیەکی زانستی و ڕێکارە ئەزموونگەرییەکان بۆ ئەم جۆرە باوەرە پووچ و خورافیایییانە، لە سەرووی هەمووشیانەوە پاراسایکۆلۆژی (Parapsychology)، یاخۆ دەرەوەی سروشت و زانستی ئەودیوی هەست و دەروون، تێکڕای تۆژینەوەکانیش لە خانەی زانستە ساختەکانن، لەبەرئەوەی گشت ئەو پرسانەی پاراسایکۆلۆژیا لێیان دەکۆڵێتەوە نە بەرئەزموونن نە بوونێکی فیزیکی ئاساییشیان هەیە. 
کاریگەری چاولێدان و چاوپیسی گوایە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ تیشک و شەپۆلە کارۆموگناتیسییەکانی مێشک کە لە چاوەوە دەردەچن و دەکر‌ێ بگەن بە کەسانی دی، بە شێوەیەک لە شێوەکان کارێکی ئەرێنی یان نەرێنییان بکاتە سەر. ئەوانەی خەریکی پاراسایکۆلۆژین دەبێژن، دەتوانین ئەو شەپۆلانە دەستنیشان بکەین لەڕێی کۆمەڵە ئامرازێکی ناوازە کە بۆ ئەم مەبەستە دانراون. بە ڕای ئەوان، هەندێ کەس پێیان دەکرێ کاریگەرییان لەسەر دەوروبەرەکەیان هەبێ بەهۆی وردبوونەوە و تێڕامان، زاڵبوون بەسەر تەنە ماددەیییەکان و جووڵاندنیان، لەگەڵ بەرزکردنەوەی شتە قورس و ڕەقەکان لە هەوادا، نووشتاندنەوەی کەوچکە کانزایییەکان و هی دیکە.
زانست پشتگیری هیچ یەکێک لەمانە ناکات، ناردنی تیشکی کارۆموگناتیسیش لەلایەن مێشکەوە لە زانستدا بە بەڵگە نەسەلمێندراوە و هیچ کەس ناتوانێت بەڕاستی ئەم کارانە ئەنجام بدات، بەڵکوو زانست هەردەم هەوڵ دەدات فڕوفێڵ و درۆکانیان ئاشکرا بکات، لەبەرئەوەی ئەمانە بە پەنا دەبەنە بەر شتانێکی شاراوە و نهێنی بۆ ئەو ڕەفتارانەیان، ئەوەشی پێی هەڵ دەستن جۆرێکە لە هەڵخەڵەتاندنی چاو و هونەری دەستسووکی، نەوەک بوونی هێزێکی ناوازە و ئاسابەدەر.
پزیشکی دەروونناسی کۆلین ڕۆس (Collin A. Ross)، ئەویش پێشنیاری بیردۆزێکی کۆن دەکات لە دەردانەوەی تیشک (Emission theory)، دەیویست وەک هەنگاوێکی سەرەتایی بە ئەزموون بیسەلمێنێ کە دەکرێ ئەم بیردۆزە ببێتە بنچینەیەکی ئەلیکترۆفیزیۆلۆژی بۆ بابەتی چاوزار. ئەم بۆچوونە زۆر کۆنە و بۆ چاخی کلاسیکی دەگەڕێتەوە کە پەتلیمایۆس و ئیکلیدس لایەنگیری بوون، بەوەی بینین دەوەستێتە سەر ڕۆشنایی تیشکی دەردراوی چاو، بەڵام ئەمەشیان (ئیبنو هەیسەم) بەهەڵەی خستەوە لە سەدەی یازدەی زاینی، هاوکات زانستی هاوچەرخیش بیردۆزی دەردانی دەرەکی تێپەڕاندووە.
ئەوانەی بە بوونی چەند مەبەستێکەوە خەریکی گەندە زانستن، گوایە بە "ئەزموون" گەیشتوونەتە ئەوەی هزر و هۆش و هەستەکان دەتوانن کاریگەرییان هەبێت لەسەر شتەکان، بەوەی هەلومەرجە دەروونی و سۆزدارییەکان کارێکی ناوازە و بەهێزیان هەیە لەسەر ماددە کیمیایی و بوونەوەرانی زیندوو. دەڵێن سروشتی کارلێک و کاریگەرییەکان بەندن بە جۆری بیرۆکە و هەست و نەستەکان، ئەگەر ئەرێنی بن کاریگەرییەکی ئەرێنی بەجێ دەهێڵن، بەهەمان شێوە نەرێنی بن دەرنجامەکەیان نەرێنی دەبێت. بە بۆچوونی ئەوان هۆکاری ئەو دیاردەیە دەوەستێتە سەر وزەیەکی شاراوە، ئەوەی دەکارێت لە مرۆڤێک بۆ یەکێکی دیکە بگوێزرێتەوە، لەبەرئەوەی هەست و هۆش لە وزە پێک دێن و هاتوچۆ دەکەن لە لەشێک بۆ ئەوەی دی، واتە هەر کاریگەرییەک لەوەی یەکەم ڕوو بدات، ئەوا شوێنەواری لە دووەمدا بەدەر دەکەوێت. لەسەر بنەمای لێکدانەوەکانی ئەوان، چاولێدان و ئێرەیی هزر و هۆش و هەست و نەستێکی نەرێنییە (وزەیەکی نەرێنی)، لە کەسێکەوە دەردەچێت و دەگواسترێتەوە بۆ کەسێکی دیکە و زیانی پێ دەگەینێت، وزەکەش لە مێشکەوە سەرچاوە دەگرێت و لەڕێی چاوەوەش کە بە دەروازەی گیان دادەندرێت دەچێتە ئەوانەی دی و دەبێتە هۆی شێوانی سووڕی وزەیان، پاشان باری تەندروستییان تێک دەچێت. لەڕاستیدا ئەم ڕاڤە کلاسیکییانە گشتیان هەڵەن و لەلای ژمارەیەک لە فەیلەسووفە کۆنەکاندا هەبووە.
ناوداری بواری پاراسایکۆلۆژی هیرۆشی مۆتۆیاما (Hiroshi Motoyama)، زۆربەی ماڵپەڕەکانی دەرئاسای زانستی (ئیعجازی عیلمی) وەک زانایەک دەیناسێنن کە دەڵێت: "هەندێ کەس هەن خاوەنی توانایەکی دەروونی نائاسایین و لە لەشیاندا جۆرە وزەیەک دەردەچێت دەکر‌ێ زیان بگەینن بە کار و فەرمانی ئەندامەکانی لەشی کەسانی ئاسایی"، ئەمەش موسڵمانانی لایەنگری دەرئاسای زانستی دەیبەستنەوە بە چاوزار و چاوپیسی لەلای چەند کەسانێک. بەگوێرەی سەرچاوە هیندۆسی و بودایییەکان چاکرا (Chakra) چەقی وزەیە کە گوایە لە لەشی مرۆڤدا هەیە، بە گوتەی مۆتۆیاما بەهێزترین چاکرا ئەوەیانە لەنێوانی دوو چاوەکاندا هەیە و دەکرێ ببێتە بەڵگەیەکی زانستی بۆ پرسی چاوزار. لێرەدا لە کۆمەڵگەکانی ئێمە و هاوشێوەکانی تەنیا هێندە دەمێنێت لەگەڵ باوەڕە ئاینییەکان گرێی بدەن و وشەی چاولێدان و چاوزار و چاوپیسی لەبری چاکرا و وزە بەکار بهێنین بۆ ئەوەی بەرگێکی زانستی ببەخشین بە (دۆزەوە) نازانستییەکەی مۆتۆیاما، ئەوەی بە پشتبەستن بە فەرهەنگ و بیروباوەڕی تایبەت بەخۆی دەکاتە بەڵگەیەک بۆ بوونی کاریگەری چاو. لەڕاستیدا زاراوەی چاکرا و وزەی شاراوە و گەلەکی دیکەی جیاجیا تەنیا کۆمەڵە چەمکێکی ڕووتی فەلسەفەی ئاسیایییەکانە و هەرگیز نابنە شتانێکی ڕاست، گشتیان لە بنچینەدا دەچنە چوارچێوەی تێزە میتافیزیکییە کۆنەکان کە هەندێ کەس دەیانەوێت زیندوویان بکەنەوە.
هەرچەندە بەردەوام هەوڵ دەدرێت ئەوانەی باس لە وزە دەکەن، بە ئامرازی هەستیاری وەک تەکنیکی کیرلیانی فۆتۆگرافیایی بیپێون، بەڵام دیسانەوە زانست پشتگیری لە کاریگەری ئەو ئامێرانە ناکات و گومانی هەیە لە ڕێکار و چۆنەتی سەلماندنی بوونی ئەو جۆرە وزانە. ئەوەی جێی سەرنجە ئەوانەی بایەخ بە بابەتگەلە گیانی و ناسروشتییەکان دەدەن دەڵێن، ئەمەیان وزەیەکی ناماددەیییە و ناتواندرێ پێوانە بکرێت، بەڵکوو تەنیا بە شوێنەوارەکەیەوە دەناسرێت.

چاوزار لە ڕوانگەی زانستەوە

پێویستە لێرەدا ئاماژە بەوە بکەین، لەبەرئەوەی چاوزار و ئێرەیی بابەتێکن دوور و نێزیک پێوەندییان بە زانستەوە نییە، بۆیە بە دەگمەن زانا و پسپۆڕ هەن خۆیان پێیانەوە خەریک بکەن. بەمەش دەشێ بپرسین ئەی باشە هۆکاری ماناوە و خۆڕاگری خورافەی چاوزار چییە؟
بە پلەی یەکەم ئەوەیە کە زۆربەی باوەڕدارەکان دەکەونە بەر کاریگەری پڕوپاگەندەکان بەبێ ئەنجامدانی پێوانەکردنێکی ڕاستەقینە بۆ کەسە چاوپیسەکان. گوێمان لێ دەبێت کەسێک خاوەنی چاوێکی بەد و ترسناکە، بەڵام ژمارەیەکی زۆریان ڕووداو و ئەزموونی تاکە کەسین و هیچ یەکێکمان نەچووینە خۆمان لێی بکۆڵینەوە بزانین چەند جار چاوی لە کەسێک یان شتێک داوە و زیانی هەبووە بۆیان، یاخۆ ئێرەیی بە کێ بردووە، یان پێی هەڵ گوتووە و کەسەکەی تووشی کارەساتێک کردووە؟
دەروونناسی ناوبراو کۆلین ڕۆس لە ساڵی 2008دا خەڵاتی داهێنانی ئامێری دەستنیشان کردنی گورزی ئەلیکترۆموگناتیسی زۆر ورد و بچووکی دەرچوو لە چاو بەدەست هێنا. بەڵام پێش سەرسامبوونمان بەو داهێنانە دەبێ بزانین کە کاریگەری ئەو شەپۆلە دۆزراوەیە یەکجار کەمە، واتە هەرگیز لەو ئاستەدا نییە دیوار ببڕێت و بۆ شوێنێکی دوور بڕوات، بەڵکوو پێویستی بە کەرەستە و ئامرازێکی تەواو ورد و هەستیار هەیە تا بدۆزرێتەوە، پاشان دەبێ بەهۆی شێوازی تایبەتی تیشکەکە چڕ و گەورە بکرێت بۆ ئەوەی بتوانین لە بوارە کارەبایی و ئەلیکترۆنییەکاندا بەکاری بهێنین، ئەمەش ڕێک هاوشێوەی ئامێرەکانی ڕووپێوو و گەورەکردنی شەپۆلەکانی مێشکە بۆ دیارکردن و تێگەیشتن لێیان.
هەرچەندە لایەنگرانی باوەڕە خورافیایییەکان گەلەک جار ئاماژە دەدەن بە گوتە و ڕاڤەکانی ستانلی کریپنەر (Stanly Krippner)، ئەوەی شارەزایە لە فاڵگرتنەوە و جادووگەری هۆزی (شامان)، بەڵام ئەمەشیان کار و نووسینەکانی زۆر دوورن لە بنەما زانستییەکان و هێندە زانیاریشی لەبارەی بابەتگەلە فیزیکی و پزیشکییەکان نییە بتوانێت بڕیارێکی دروستی زانستی لەسەر پرسی چاوزار بدات.
کەسێکی دیکەش هەیە بە ناوی کارل سایمۆنتن (Carl Simonton) کە گوایە پسپۆڕە و چەندان نووسینی لەسەر چاوزار بڵاو کردۆتەوە، کەچی ئەویش لێکۆڵینەوەکانی هیچ پێوەندییان بەم تێزەوە نییە. ئەمەیان پێشنیاری چارەسەری شێرپەنجە دەکات بە دەرکردنی وزەی نەرێنی و هەست و نەستە خراپەکان، بێگومان ئەمەش ڕەفتارێکی یەکجار مەترسیدار و ناشیرینە لە بەکارهێنانی گەندە زانستەکان بۆ هیوابەخشین بەوانەی ئەگەری چارەسەرییان زۆر کەمە، لەپێناو چەسپاندنی خورافە و زانستی ساختە.
دەروونناس ئەرماندۆ دی ڤینسینتیس (Armando De Vincentiis) دەبێژ‌ێت، دەشێ باوەڕهێنان بە چاوەزار و ئێرەیی بێتە بەرهەم لەلای ئەوانەی هەست و ئارەزووی خۆ وێرانکردنیان هەیە و بەدوای هەلێکی نەرێنی دەگەڕێن بۆ ئەوەی وا نیشان بدەن کە کەسێکی بەدبەختن، یان دۆزینەوەی هەر بیانویەکی دیکە. بۆ نموونە، دی ڤینسینتیس باس لە ژنێک دەکات کە دەهاتە لای بۆ چارەسەرکردنی بێهێزی لایەنی دەروونییەکەی پێش باوەڕهێنانی بە کاریگەری چاوپیسی و کەوتنە بەری کاریگەری ئێرەیی، پاش ماوەیەک وای لێهات هۆکاری هەموو کێشە و کارەساتێکی دەخستە ئەستۆی ‌هێزە نادیار و شاراوەکان کە بەردەوام بەدوایەوە بوون بۆ زیان پێ گەیاندنی.

چارەسەر و پووچەڵکردنەوەی خورافەی چاوزار

پێویستە هەمیشە پێداگرین لەسەر ئەوەی، هەر کاتێک زانست لە قۆناخێکدا نەتوانێ ڕاڤەی دیاردەیەک بکات، نابێ ڕاستەوخۆ لە بیرکردنەوە لۆژیکییەکانەوە باز بدەین و بچینە لای بیروڕا خورافیایی و لێکدانەوە ناسروشتییەکان و هەموو ئەو داهێنان و پێشکەوتنەی زانستی هاوچەرخ پێی گەیشتووە لەبیر بکەین. بەڵکوو لەبری ئەوە دەبێ لە هەوڵدانە زانستییەکانمان بەردەوام بین و هەنگاو بنێین بەرەو دواڕۆژێکی ڕوون و ڕۆشن، نەک گەڕانەوە بۆ ڕابردووی نەزانین و خورافەپەرستی.
دەروون ناسی ئەمڕۆکە باوەڕداری بە هێزی چاو و کاریگەری چاوپیسی و چاولێدان بە چەند جۆرە هۆکارێکی دەروونی و هزر و هۆشیکی چەقبەستووی داڕێژراو دەبەستێتەوە، هەر ئەوەشە هۆی بوونی جیاوازییەکی زۆر لەنێوان ئەو کەسانەی باوەڕیان بە چاوزار هەیە، بۆ ئەمە تۆژینەوە دەروونناسییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە، باوەڕهێنان بە ئێرەیی هەندێ کەس پتر لەوانەی دیکە، بەندە بە بێهێزی لە کاسایەتی و نەبوونی باوەڕبەخۆیی ویستێکی ئازاد. لێکۆڵینەوە و ئەزموونە دەروونییە پەروەردەیییەکانیش دەیسەلمێنن کە شتێکی زۆر خراپە مرۆڤ بەبەردەوامی هەست بکات کە خەڵکانی دیکە ئێرەیی پێ دەبەن، لەبەرئەوەی ئەگەری هەیە پاش ماوەیەک ببێتە نەخۆشی دڕدۆنگی و پشێوی دەروونی، بە شێوەیەک هەر مرۆڤێک، ڕەفتارێک، کار و هەڵسوکەوتێک لەلایەن ئەوانەی دییەوە بەرانبەری دەکرێت، بە ئێرەیی و چاوپیسی لێک بداتەوە، بەمەش متمانەی بە هەمووان ون بکات و دەرەنجام ببێتە کەسێکی دوورەپارێز و خۆی داببڕێت لە کۆمەڵگە و پێوەندیکردنە کۆمەڵایەتییەکان.
باوەڕهێنان بە چاوزار و خورافەی دیکەی جۆراوجۆر لە کۆمەڵگەی ئێمە و هاوشێوەکانیدا شتانێکی نامۆ نین و چەندان هۆکاری جیاجیایان هەیە، لە هەمووی گرینگتر ئەوەیە مرۆکانی ئێمە لەبەر کەمی زانیاری زانستی سنووری تێگەیشتنیان بۆ ڕووداو و دیاردەکان لە ئاستێکی نزمدایە، ئەمەش واتای ئەوە دەگەینێت کە چەندە کۆمەڵگە دوور بێت لە هزر و هۆشەکی زانستی هێندە باوەڕهێنان بە شتانێکی پڕوپووچ لەلایاندا پتر دەبێت. بە نموونە، سەدەیەک پێش ئێستە بەهۆی نەبوونی داو و دەرمان و کوتان و چارەسەری پزیشکی، ژمارەیەکی زۆر لە منداڵەکانمان نەخۆش دەکەوتن و دەمردن، بە نەزانینی هۆکاری ڕاستەقینەی نەخۆشییەکان، ئەم کارەساتە وای لێ دەکردن مردنی منداڵەکانیان بە چاوپیسی و ئێرەیی گرێ بدەن. جێی داخە تا ئەمڕۆکەش لەم چەرخەی زانست و لوتکەی پێشکەوتنی پزیشکیی لە کۆمەڵگەکەماندا گوێمان لە دایکان دەبێت کاتێک منداڵەکانیان دەبەنە لای پزیشک بە خەم و پەژارەوە دەڵێن "چاوی پیس لە منداڵە بەستەزمانەکەمی داوە ... تا دوێنی هیچی نەبوو".
باوەڕداری بە ئێرەیی و چاوزار لەم ڕۆژگارەماندا وەک ڕاڤەیەک بۆ مایەپووچبوونی یەکێک، نەخۆشی کەسێک و مردنی منداڵێک، شتانێکی تەواو نائاسایی و پووچ و بێمانایە، لەبەرئەوەی گریمان ئەمە ڕاست بێت، ئەوا دەبووایە گەلەک لە وڵات و کەسانی سەرمایەدار پێشبڕکێیان بکردبایە و بە پارەیەکی زۆر کەسانی چاوپیسیان بەکار بهێنایە بۆ زیان گەیاند بە وڵاتانی دوژمن و ڕکابەرە ئابوورییەکانیان.
هزر و هۆشیاریمان بە پێشکەوتن و داهێنانە یەک بەدوای یەکەکانی بواری پزیشکیی، داوامان لێ دەکات خۆمان ڕزگار بکەین لە گشت بیروباوەڕێکی پووچ و دواکەوتووی بەجێماوی سەردەمە تاریکەکانی نەبوونی توانای شیکردنەوە و نەزانینی هۆکارە ڕاستەقینەکانی کێشە و گرفت و نەخۆشییەکانمان. پێویستە ڕەوتی بەرەوپێشەوە چوونمان و شێوازی ڕاڤەکردنمان بۆ سەرجەم دیاردە و ڕووداوە باش و خراپەکان بەند بن بە ڕێکار و ئەزموون و بەڵگە زانستییە پتەوەکان، تا بکارین بەرەنگاری هەموو ئەو گرفتانە ببینەوە کە دێنە پێشمان، نەهێڵین گەندە زانست و خورافەکانی هاوشێوەی چاوزار و ئێرەیی ببنە هۆکاری شێواندنی هۆشە لۆژیکی و زانستییەکانمان.
.................................................................

سەرچاوەکان؛

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست