ساتێک لە بیرکردنەوە: هەبوونایەتی و گەردوون لە نێوان وزە و خوا
26/10/2025, 21:07 (GMT+1)

بەبێ هەڵبژاردنی وەڵامێکی پێشینە و بە شێوەیەکی کراوە پرسیار دەکەین: ئایا ئێمە پێویستمان بە خوایەک هەیە بۆ ڕاڤەکردنی هەبوونایەتی؟ ئایا هیچ بیانووەک و بەڵگەیەک هەیە بۆ باوەڕهێنان بە بوونی دروستکەرێکی دەرئاسای ژیر و شاراوە لە پشتی هەموو شتەکان؟
ئەگەر بە تێبینییەکی بچووک دەست پێ بکەین، ئەوا دەبینین کە هیچ بەڵگەیەکی ڕاستەوخۆ لەسەر بوونی خوا نییە، نە بە بینین و چاودێری و نە بە ئەزموون و پێوانەکردن، ئەوەی هەیە تەنیا لێکدانەوە و بۆچوون و ئەندێشەن، پرسیارگەلەکن تا ئێستە وەڵامیان نییە. بەبێ هیچ بنەمایەکی لۆژیکی بە گریمانە خوا دەکەینە وەڵام، ئەمەش بیرکردنەوەیەکی ڕاستەقینە و ئازادانە نییە، بەڵکوو بەندە بە بۆماوە و پەروەردە و باوەڕهێنان بۆ پڕکردنەوەی بۆشایییەکان بە شتێکی نەدیار و نەزاندراو.
گرینگترین و بەربڵاوترین بەڵگەی بوونی خوا بەدرێژایی مێژوو، دروستکردنی گەردوونە لە نەبوونایەتییەکی ڕەهاوە بەو رێکوپێکییەی کە گوایە هەیەتی. بەڵام کاتێک لە گەردوون دەکۆڵینەوە، هیچ نەخشەسازیی و داهێنانێکی هۆشیار نابینین، ئەوەی هەیە بەردەوامبوونێکی ماددەیییە کە لە سادەیییەوە ئاڵۆزی بەبەرهەم دەهێنێت، بە کارلێککردنی شتەکانیش یاساکانی فیزیک هاتنە بوون، بە ملیاران ساڵ ئەو کارلێکانە بوونە هۆی هاتنەکایەی گەلەستێرەکان و ئەستێرە و هەسارەکان و ژیان و تێکڕای بوونەوەران.
هەبوون کایەیەکی کوانتەمی فیزیکی ڕێکە، شانەیەکی تێکهەڵکێش و چالاکە، بێ دەستپێکە و بازنەیی و داخراوە و سەرەتاکەی بەندە بە کۆتاکەی، خۆکار و سەربەخۆیە و لە هیچی کەم نییە و پێویستی بە دروستکەرێکی نادیار و سەروو و ئەندێشەیی و ئەفسووناوی و هۆکاریێکی ئەودیوی هەبوونایەتی نییە، بۆ ئەوەی لە نەبوونایەتییەکی ڕەهاوە دروستی بکات. ئەو هێزانەی لە سروشتدا هەن و زاڵن بەسەر ڕووداو و دیاردە جیاجیاکان بەتەواوی سەر بە خودی خۆیانن، بەمەش هیچ نیشانەیەکی تێدا نابیندرێت بۆ بوونی هێزێکی دیکە.
بۆ هاتنی گەردوونیش هیچ زانایەک و هیچ زانستێک نییە بڵێت گەردوون لە نەبوونایەتییەکی ڕەهاوە سەری هەڵداوە، هیچ شتێک لە هیچەوە نایێتە بوون و ئەستەمە هەبوون لە نەبوونەوە پەیدا ببێت، هەبوونایەتی بنەڕەت و بنچینەیە و هەر ئەویشە یەکەم و سەرەتایە، نەبوونایەتی ڕەها بوونی نییە، لەبەرئەوەی نەبووکردنی هەبوون خۆی پێناسەیە بۆ نەبوونایەتی.
ڕاستە زنجیرە و بەدوای یەکداهاتنی ڕووداوەکان، بوونی پێوەندییەکی هۆیەتی لە نێوان شتەکان دەخوازێت (هۆ و دەرەنجام - کار و بکەر)، بەڵام مەرجەکەی پێکبەندییەکە لە شوێن و تێپەڕبوونی کات و یاسا سەرەکییەکانی سروشت. ئەی چۆن دەبێ یەکەمین هۆکار و بکەر، یاخۆ دروستکەر (خوا)، بوونێکی ناماددەیی بێت و ملکەچی هیچ یاسایەکیش نەبێت، کەچی کاریگەری هەبێ و کار بکاتە سەر دیاردە ئاوێتەیییە ماددەیی و وزەیییە فیزیکییەکان (گەردوون)؟ لێرەدا هیچ هاویەکییەک و وێکچوونێک لە نێوان دروستکراو و دروستکەردا بەدی ناکرێت.
زەقترین دژکاریی و پارادۆکس دێتە کایەوە ئەو دەمەی بنەمای هۆیەتی بەکار دەهێندرێت بۆ سەلماندنی پێویستبوون بە هەبوونی دروستکەرێک بۆ گەردوون، پاشان شکاندنی هەمان بنەما بەبێ هیچ سڵکردنەوەیەک بۆ هەبوونی دروستکەری دروستکەرەکەی گەردوون، واتە بە هەمان بەڵگە بوونی دروستکەرێک بۆ دروستکەرە خۆبەخۆ و هەبووە بێ هۆکارەکەی گەردوون ڕەت دەکرێتەوە. ئەمەش بەهەڵەبردنێکی لۆژیکییە دژ بە گشت بنەما هۆشەکییەکانمان، بە هیچ جۆرێک بوونی دروستکەرێک ناسەلمێنێت و هەرگیز نابێتە جێی باوەڕپێکردن و ناچێتە ئاستی زانستی ئەزموونگەری و ماددەیییەکان. بە پشتبەستن بە بنەمای هۆیەتی دەگەینە ئەوەی کە بەدیهێنەری هەبوونایەتی دەبێ خۆی سەر بە هەبوونایەتی بێت بۆ ئەوەی بوونی هەبێت، لەبەرئەوەی چەمکی هۆیەتی لە دەرەوەی کاتشوێن و خودی سروشت و بوون کاری پێ ناکرێت.
ئەگەر چەمکی دروستکەر کە هۆکار و بکەری یەکەمینی بێ هۆکار و بێ بکەرە، بۆ ئەم دەستەواژەیە بۆ گەردوون ناشێت؟ تێکڕای هۆکارەکانی سەرهەڵدان و بوونی گەردوون فیزیکی و خۆبەخۆ و سروشتین و هەر هەمووشیان لەناو گەردووندا بوونیان هەیە، سەرجەم تایبەتمەندییەکانی وزە و ماددەی گەردوونی لێ پێکهاتووە و بە گشت یاسا فیزیکییەکانیشەوە پاڵپشتی لەو تێڕوانینە ڕاست و دروستە دەکەن. با وای دابنێین بکەرێکیش هەبێت وەک هۆکار، ئەوا دیسانەوە هیچ بەڵگەیەک نییە کە ئەو کەسایەتییەک بێت هۆشمەند و ژیر، یان خوایەک بێت بە هەر جۆرە واتایەکی ئاینی، بۆ نابێت شتێکی سروشتی بێت؟
بۆچی کاتێک پرسیار دەکرێ لەوەی کێ خوای دروست کردووە؟ باوەڕدار دەڵێ پرسارێکی هەڵەیە چونکە خوا خۆی پێویستییەکە بۆ هەبوون، بێگومان ئەمەش تەنیا یاریکردنە بە وشە و گریمانەیەکی زمانەوانی بێ بەڵگەیە. ئەو دەمەشی دەڵێن خوا پێویستی بە ڕاڤە نییە چونکە هەرهەبووە، ئەی بۆچی ڕەتی دەکەنەوە ئەگەر بڵێین سروشت، یاخۆ و وزە و ماددە هەرهەبووە؟
تەقینەوەی مەزن سەرەتای هەبوونە؟
نەخێر! تەقینەوەی مەزن سەرەتای هەبوون نییە، بەڵکوو سەرەتای گەردوونە، چرکەساتێکە لە زنجیرەیەکی هەمیشەیی و هەتاهەتایە لە پێکهاتن و هەڵئاوسان و فرەوانبوونی وزەیەکی هەرهەبوو (ئەزەلی) لە چوارچێوەی کاتشوێنێکدا کە ناومان ناوە بە گەردوون، بێگومان ئەمەش نە سەرەتایە و نە هێنانەبوونی وزەیە. ئەو تاکە خاڵەشی دەخرێتە پێش تەقینەوەی مەزن، بەندە بە هەبوونایەتی و جیا نەکراوەتەوە لە نەبوونایەتییەکی ڕەها، لەبەرئەوەی هەبوونایەتی لەوەوە هەڵقووڵاوە و هاوتای خودی خۆیەتی و وزەش هەر لەوەوەیە.
وزەی هەرهەبوو و بێسەرەتا چییەتی و پێناسەی گەردوونە و نە لە نەبوونایەتییەوە دروست دەکرێت و نە لەناویش دەچێت، پێویستییەکە هەر دەبێ هەبێت و پێکهاتەی گشت پێکهاتەکانە، هەموو شتێک وزەیە و نەبوونیشی نەبوونایەتییە بۆ سەرلەبەری شتەکان و نەمانی تێکڕای گەردوونە لە نەمانی بوونەوەرەکان و ژیان و بیرکردنەوە و هۆشمەندی و جووڵە و هێز و توانا، بوونی هەموو ئەمانە بەندە بە بوونی وزە، کار و بکەر و دەرەنجام بەبێ ئەو ناکرێن و بەڕێوە ناچن. هەر خاڵێک لە وزە هۆکاری خاڵێکی دیکەی پێش خۆیەتی بە بازنەیەکی بەردەوام، هیچ پچڕانێک و کۆتایییەکی جێگیر و چەسپاوی نییە. بەکورتی نەبوونایەتی ڕەها ئەستەمە لە هەر لایەکەوە بۆی بچین، چی هزری و هۆشەکی بێت یاخۆ زانستی و فەلسەفەیی، هۆیەتی پێناسە و بوونایەتی ناداتە هیچ شتێک.
هەندێک دەڵێن، هیچ جیاوازییەک لە نێوان زانست و ئایندا نییە، تەنیا لە بەکارهێنانی وشەدا نەبێت، ئەوەی زانستی ناوی دەنێت بە وزە وەک سەرەتا و یەکەمینی شتەکان، ئەوا ئایندار ناوی دەنێت بە خوا. ئەمەش بۆچوونێکی هەڵەیە و دوورە لە ڕاستی، لەبەرئەوەی زانست دەڵێت گەردوون پێکهاتەیەکە لە وزە و گۆڕانەکانی، ئایندارانیش هەرگیز ناڵێن خوا و وزە یەک شتن، لای ئەوان خوا و گەردوون هاویەک نین، بەڵکوو خوا دروستکەری وزەیە لە نەبوونایەتییەکی ڕەهاوە.
ئەو کاتەی دەڵێین وزە نەبوو ناکرێ و هەموو شتێک دەگۆڕێت بۆ وزە و وزەش دەگۆڕێت بۆ هەموو شتەکان، مەبەستمان ئەوەیە بۆ نموونە: بەیەکگەیشتنی تەنۆلکەی ئەلیکترۆن و دژەکەی پۆزیترۆن یەکدی لەناو دەبەن، بەڵام ئایا ئەمە لەناوچوونێکی یەکجارەکییە؟ نەخێر! ئەمە نەمانی ماددەیی ئەو دوو تەنۆلکە دژ بەیەکەیە کە دەرەنجامەکەی هاتنەکایەی وزەیەکی پاک و بنەڕەتییە، واتە فۆتۆن، بەڵام هەر ئەم فۆتۆنەشە دەکرێ جارێکی دی ببێتە دوو تەنۆلکەی دژ بەیەکی وەک ئەلیکترۆن و پۆزیترۆن.
لە بۆشایی کوانتەمییەوە (بۆشایی فیزیکی نەک بۆشایی ڕەها)، ئەو بۆشایییەی پڕە لە چالاکی و بزوانی وزەی پەتی و ڕووت، بەهۆی کاریگەری لەرە و هەژانە کوانتەمییەکان (Quantum fluctuations)، بەبێ بوونی کات بەبێ بوونی شوێن و بەبێ بوونی بەبێ بوونی ماددە، بەگوێرەی بنەمای نادڵنیایی، یان ناوردیی، یاخود ناجێگیریی هایزنبێرگ (Heisenberg Uncertainty Principle)، خۆبەخۆ تەنۆلکە گریمانەکییەکان سەرهەڵ دەدەن، ئەمانەش هەمیشە دووانەکین و تەنۆلکە و دژەتەنۆلکەن و ڕاستەخۆ و لە کاتێکی لەڕادەبەدەر کورت بەریەک دەکەون و یەکدی لەناو دەبەن. ئەو دەمەی فرەوانبوون و هەڵئاوسانێک دێتە نێوانیان، ئەوا دەشێ لە لەناوچوون دەرباز ببن و وەک تەنۆلکەی ڕاستەقینە بێنە هەبوون. لەوانەیە لێرەدا دیسان ئایندار بڵێت، ئەی کێ ئەو لەرە و هەژانە کوانتەمییەی دروست کردووە؟ وەڵامەکەی ئەوەیە کەس دروستی نەکردووە، چونکە لەو جیهانە فرە بچووکەی کوانتەمی شتگەلەکان ناجێگیر و ئەگەرەکین هۆ و دەرەنجام و کار و بکەریان تێدا نابیندرێن و خۆبەخۆ و بەبێ هۆکار سەرهەڵ دەدەن. ئەوەشی دەڵێت هێزیکی دەرەکی دروستی دەکات (خوا)، دەبێ هاوکێشەیەک یان بەڵگەیەکی فیزیکییمان بداتێ لەسەر ئەو هێزە، ئەگەر ناشزاندرێ ئەو هێزە چییە و ڕاستەوخۆ بدرێتە پاڵ خوایەک، ئەوا بابەتەکە لە فیزیک دەچێتە دەرەوە و دەبێتە ئەودیو سروشت و باوەڕ و ئاین.
ئەوەی بەندە بەوەی کە دەگوترێت، لەبەرئەوەی گەردوون ڕێکوپێکە و توانای لێ تێگەیشتن لەخۆ دەگرێت، دەکرێ ببێتە بەڵگە بۆ بوونی مەبەست و ئامانجێک و نیشانەیەک بۆ دروستکەرێکی ژیر و هۆشمەند، ئاشکرایە ئەمەش دژکاری و بەهەڵەبردنێکی لۆژیکی بازنەیییە، چونکە ئێمە هۆشمان بەکار دەهێنین بۆ تێگەیشتن لە گەردوون، پاشان سەرسام دەبین بەوەی کە گەردوون شیاوە بۆ تێگەیشتن، ئەو مەرجەش بۆ ئەوەیە کە ئێمە لێرەین، واتە ئەگەر گەردوون ڕێک و گونجاو نەبووایە تا ئەم ڕادەیە کە بتوانێت هۆشمەندی و توانای شیکردنەوە بەبەرهەم بهێنێت، ئەوا ئێمە لێرە نەدەبووین تا پێی سەرسام بین.
کاتێکیش لەبارەی ژیان و بوونەوەرانی زیندوو دەدوێین، ئەوا تەنیا بیردۆزی پەرەسەندن بەسە بۆ ڕاڤەکردنی هەمەجۆری بوونەوەرەکان و پەیدابوونی مرۆڤ بەبێ دەستێوەردانێک لە سەروومانەوە. ئێمەی مرۆڤ خاڵی کۆتا نین لە پلانێکی نادیار، ئێمە دەرنجامی هەڵبژاردنێکی سروشتین، ئەوەی مێشکێکی زل و هۆشمەندی لە مرۆڤدا پەرە پێ داوە، نەک لەبەرئەوەی شتێکی سەیر و دەرئاسایە، بەڵکوو ئامرازێکی کاریگەرە بۆ مانەوە. ئەوەشی ناوی دەنێین بە گیان، دەربڕینێکی هەستەکی و سۆزدارییە لە چالاکییەکانی مێشک، هاوکات ویژدانیش دەرەنجامی هاوسۆزی دوولایەنەیە و ئەزموونێکی پێکەوەیی و کۆمەڵایەتییە و پێوەندییەکی تێکهەڵکێشە، پێویستی بە فووکردنێکی دەرەکی نییە.
پێناسەیەک بۆ بێباوەڕی
بێباوەڕی هەڵوێستێکی نەرێنی نییە، بەڵکوو بانگەوازێکە بۆ ئازدبوون لە ڕاڤە نادیار و نهێنییەکان، بانگهێشتێکە بۆ بیرکردنەوە لە گەردوون وەک خۆی، نەک بیکەینە ئەو شتەی خۆمان دەمانەوێت و پێی ڕاهاتووین، ئێمە دەگەڕێین و گومان دەکەین و دەپرسین، نەک بە باوەڕهێنان خۆمان بەدەستەوە بدەین. نەزانینمان نابێتە بیانوو بۆ هێنانی بوونەوەرێک نە دەیبینین، نە هەستی پێ دەکەین، نە بەرئەزموونە، نە پێکهاتە و تایبەتمەندییەکانی دەزانین چین، تەنیا لەڕێی دەقە مێژوویییەکان و بیرکردنەوە و ڕامانەکانمانەوە نەبێت. زاناکان ناڵێن زانست هەموو وەڵامی دوایەکی و ببڕای ببڕی لەلایە، بەڵکوو دەگوترێ زانست تاکە ڕێبازی متمانەدارە بۆ نێزیکبوونەوە لە ڕاستییەتی، ئەوەشی ئەمڕۆکە نایزانین دەبێ بە کراوەیی بەجێی بهێڵین تا دەیدۆزینەوە و پێی دەگەین. زانست کۆمەڵە ڕێکار و ئامرازێکمان پێشکەش دەکات بۆ وەڵامەکان کە بەرئەزموونن، کەچی باوەڕداری یەک تاکە وەڵاممان پێ دەدات "خوا وای کرد"، ئەمەش وەڵامێکە ناتوانین لێی بکۆلێنەوە و بیخەینە بەر ئەزموون یاخۆ بەهەڵەی بخەینەوە (Falsifiability: بەرهەڵەبوون بنەمایەکی گرینگە لە فەلسەفەی زانستەکان)، لەبەرئەوەشە ناچێتە چوارچێوەی ڕاڤەکردن و دەبێتە باوەڕهێنان و دان پێداهێنان.
بێئاینی و بێباوەڕی مانای سەپاندنی نەبوونایەتی و هیچگەرایی نییە، مرۆڤ خۆی دەتوانێت بژیێت و مانا دروست بکات و ڕامێنێت و خۆشەویستی بکات، بەبێ گەڕانەوە لە هەموو شتێکدا بۆ هەبوونی بوونەوەرێکی سەروو، بەها مرۆییەکانمان پێویستیان بە ئاسمان نییە، بەڵکوو بە ڕاستگۆییی و هۆشمەندی و بەرپرسیارییەتییە.
پێناسەکردنی بێباوەڕی بەوەی جۆرێکە لە باوەڕداری لەبەرئەوەی شتگەلە ون و نادیارەکان ڕەت دەکاتەوە، دەبێتە تێکەڵکردن لە نێوان باوەڕهێنان بەو شتانەی بەڵگەدار نین لەگەڵ بێلایەنبوون بەرانبەر بەوانەی نەسەلمێندراون. بێباوەڕ ناڵێت خوا بوونی نییە، بەڵکوو پێویستی بە بەڵگەیە تا بەرەو باوەڕهێنان بچێت، بەڵێ خوا وەک بیرۆکەیەک لەوانەیە هەستێکی خۆش و ئارامبەخش و گشتگیر بێت، بەڵام ڕاڤە نییە و هیچمان پێ نادا و ناکرێ تێبینی بکەین، هەبوون و ونبوونی بەکردەنی لە یەکدی جیا ناکرێتەوە.
بوونی یاساکانیش لە سروشتدا مانای بوونی یاسادانەرێک نییە، هاوکات بوونی ڕێکخستن و ڕێکوپێکی مانای بوونی ڕێکخەرێک نییە، دەشی ڕێکخستن دەرەنجامی چەندجارەبوونەوەیەکی هەڕەمەکی بێت، یان مەرجێک بۆ مانەوە و تایبەتمەندییەک بێت بۆ خودی سروشت، بۆ ئێمەی مرۆڤ لەبەر تەمەنە کورتەکەمان وەک ڕێکوپێکییەک دەر دەکەون و ئەو هەموو کارەساتە سروشتییانەی ڕوو دەدەن لە نەمانی تەنەکانی گەردوون و خۆپێکدادانیان و هەڵلووشینیان لەلایەن چاڵە ڕەشەکانەوە نابینین، خۆ ئەگەر بەتەواویش نەزانین گەردوون چۆنە، دەبێ لێکۆڵینەوە و پشکنین بکەین و خۆبەدەستەوە نەدەین و نەوەستین.
دواجار دیسانەوە دەیڵێینەوە کە بێباوەڕ هەرگیز بۆشایییەکان بە خوا پڕ ناکاتەوە و بەکراوەیی لێیان دەگەڕێت، ئەوەشە زانست بەدرێژایی مێژووەکەی دەیکات، ئەگەر گشت نەزانینێک بە خوا پڕ بکرابووایە، بێگومان نەدەگەیشتینە بیردۆزی پەرەسەندن، یان بیردۆزی ڕێژەیی، یاخۆ فیزیکی کوانتەم و داهێنان و پێشکەوتنە سەرسڕکەرەکانی دیکەی زانستی هاوچەرخ.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەت:
گشتی
بابەتی دیکە
بابەتە پڕبینراوەکان



