پارادۆکسی باپیرە: ئایا دەکرێ ڕووداوێکی ئەمڕۆکە کاریگەری هەبێت لەسەر دەرەنجامی ڕووداوێکی ڕابردوو؟
17/11/2025, 18:09 (GMT+1)

"ئایا ناتوانم بەرەو ڕابردوو بگەڕێمەوە و باپیرەی خۆم بکوژم تا نەیێمە ئەم جیهانە؟"
دژکاریی، یاخۆ پارادۆکسی باپیرە (Grandfather paradox)، گریمانەیەکە بۆ گەشتێک بەرەو ڕابردوو لە کاتێکدا بمانەوێت ڕابردوو بگۆڕین. ناوەکەشی لەوەوە هاتووە، ئەگەر کەسێک ئامێرێکی گەڕاندنەوەی کات دروست بکات و پێی بگەڕێتەوە بەرەو دواوە بۆ ڕابردوو و باپیرەی بدۆزێتەوە و بیکوژێت پێش ئەوەی ببێتە خاوەن منداڵ (باوکی)، ئەمەش وا دەکات کەسەکە بوونی نەبێت لە داهاتوودا. دژکارییەکە لەوەدایە ئەو کەسە چۆن بوونی دەبێت تا بتوانێت بگەڕێتەوە ڕابردوو بۆ کوشتنی باپیرەی؟
لە بنچینەوە دژکارییەکە بۆ ڕەخنەگرتن بووە لە گریمانەی پێچەوانەکردنەوەی کات و گۆڕانکاریی لە ڕووداوەکانی ڕابردوو ، تەنیا بۆ ئەوە نییە نالۆژیکی کوشتنی باپیرە و نەهێشتنی لەدایکبوونمان بێت، بەڵکوو بەپلەی یەکەم بەندە بە پاراستنی ڕیزبەندی ڕووداوەکان و بەدوای یەکدا هاتنی هۆ و دەرەنجام.
گەشتکردن بە کات بەرەو ڕابردوو، یان داهاتوو خەونێکی لەمێژینەی مرۆڤە بەتایبەتیش فیزیکزانان، لەبەرئەوەی پرسێکە دەبێتە خاڵی یەکلاییکەرەوەی نێوان ڕاستی و ئەندێشەی زانستی.
بەڵام ئایا بەگوێرەی بنەما سەرەکییەکانی فیزیک، گەڕانەوە بۆ ڕابردوو هەرگیز ناکرێ و ئەستەمە، یان لە هەندێ ڕووەوە دەشێ ئەو بابەتە چارەسەر بکرێت و بەبێ دروستبوونی دژکاریی و بەرپاکردنی کێشە لۆژیکی و زانستییەکان؟

وەڵام یەکەم: بەڵێ!
بەگوێرەی فیزیکی جیهانە بچووکەکەی کوانتەمی، لەو دیاردەیەی پێی دەگوترێت هۆیەتی هەڵگەڕاوە، یان پاشەکشە پێکراو (Retrocausality)، دەکرێ ئێستە کاریگەری هەبێت لەسەر ڕابردوو. لەو جیهانەدا شتگەلەکان یەک ناگرنەوە لەگەڵ یاسا و ڕێسا و لۆژیکە ئاسایییەکەی پێی ڕاهاتووین، دەکرێ تێیدا ڕیزبەندی کات بگۆڕێت و داهاتوو ڕۆڵی هەبێت لە نەخشەسازی ئێستە، یاخۆ ڕووداوەکانی ڕابردوو بەئاراستەیەکی دیکە ببات. بەکورتی وەک ئەوەیە تەنۆلکە ژێر گەردیلەیییەکان (فۆتۆن و ئەلیکترۆن و هی دیکە) بزانن لە داهاتوو چی ڕوو دەدات، بەگوێرەی ئەوە ڕەفتاری ڕابردووی خۆیان بگۆڕن (گرینگە بزانین مەبەست لێرەدا ڕەفتاری تەنۆلکەکەکان ڕەفتارێکی فیزیکییە نەک بڕیارێکی سایکۆلۆژی و هۆشمەندانە).
ئەمەش بەو ئەزموونە سەلمێندراوە کە ناو دەنرێت بە هەڵبژاردەی دواخراوی سڕەڕەوەیی کوانتەمی (Delayed choice quantum eraser)، ئەوەی ئەزموونێکە تەواو هاوشێوەی ئەزموونی بەناوبانگی درزی دووانەیی (Double Slit Experiment).
لەڕێی ئەزموونی درزی دووانەیی هەوڵمان دا بزانین ئایا ئەلیکترۆن تەنۆلکەیە، یان شەپۆلە؟ دەرکەوت کە سروشتێکی دووانەیی هەیە، بەوەی ئەگەر ئێمە چاودێری ئەلیکترۆن نەکەین ئەوا وەک شەپۆل خۆی دەنوێنێت، بەڵام ئەو دەمەی لێ دەنۆڕین و بمانەوێت پێوانەی بکەین دەبێتە تەنۆلکەی ماددەیی.
دەرەنجام زاناکان لە کاتی ئەنجامدانی ئەم ئەزموونەی درزی دووانەیی بڕیاریان دا، شێوازێک بدۆزنەوە تا بتوانن لەم بابەتە سەرنجڕاکێشە تێ بگەن. ئەوە بوو زانای فیزیک جۆن ئارچیباڵد ویلەر (John Archibald Wheeler)، ویستی چاودێری فۆتۆنێک (هەمان شتە بۆ ئەلیکترۆن) دوا بخات بۆ پاش تێپەڕبوونی بە درزەکان. ویلەر هەڵ دەستێت بە زێدەکردنی دوو درزی دیکە، یان ئەوەی ناو دەنرێت بە دابەشکەری تیشک بۆ ئەزموونەکە، لەڕێی ئەوەوە دەتوانین فۆتۆنەکە بەرەو دوو ئاراستەی جیاواز بجووڵێنین، یەکیان بە ڕێڕەوێکی کورت بەبێ چاودێریکردن، ئەوەی دیکەش ڕێڕەوێکی درێژی چەندان کیلۆمەتری کە لە کۆتایییەکەیدا ئامێرێکی چاودێریکردنی بۆ دادەنێین. بینرا تیشکی ئاراستەی یەکەم لە سەرەتادا چەند هێڵێکی دابڕاوی جیاجیای نیشان داین (سروشتە شەپۆلییەکەی)، دووەمیش بە دوو هێڵ خۆی دەرخست (سروشتە تەنۆلکەیییەکەی)، ئەوەی جێی سەرسڕمانە تیشکی ئاراستەی یەکەم لەو چرکەساتەی کە تیشکەکەی لێ جیا بووەتەوە چاودێری کرا، ڕاستەوخۆ و دەستبەجێ خۆی گۆڕی و هاوشێوەی تیشکی ئاراستەی دووەم ڕەفتاری کرد.
زاناکان بەمەوە بۆیان دەرکەوت کە دەرنجامەکەمان هەمیشە بەندە بە هەڵبژاردەی ئێمە لەو بڕیارەی دەیدەین دوای تێپەڕبوونی فۆتۆنەکە بە درزەکان، واتە هەر لە سەرەتاوە فۆتۆن دەزانێت چۆن خۆی بنوێنێت، پێش ئەوەی ئێمە بڕیار بدەین چاودێری دەکەین یان نا، بەوەی ئەگەر لە دواڕۆژ بڕیارمان دا چاودێری بکەین، ئەوا وەک ئەوەیە بچێتە ڕابردوو لەوێدا خۆی بکات بە تەنۆلکە. بەمەش ڕووبەڕووی بنەما هەرە سەرەکییەکەی فیزیک دەبینەوە دەربارەی ڕیزبەندی هۆیەتی و دەرەنجام.

بۆ بابەتی هەڵبژاردەی دواخراوی کوانتەمی، دەکرێ ئامێری چاودێری لە شوێنێکی زۆر دوور دابندرێت لە ڕێڕەوی فۆتۆنەکان، ئینجا چی بە چەند مەترێک، یاخۆ ملیۆنان ساڵی تیشک بێت.
گریمان لە ئەزموونێکدا، لە شوێنی خۆمان فۆتۆن هەڵ دەدەین، ئامێری چاودێری لەلای تیمێکدا دادەنێین لە دووری دوو ساڵی تیشک، واتە فۆتۆنەکە دوو ساڵی دەوێت تا بگاتە شوێنی دانانێ ئامێرەکە، پاش تێپەڕبوونی فۆتۆنەکە بە ساڵێک لەوێدا ئامێرەکە بەگەڕ دەخرێت، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەو دەمەی فۆتۆنەکە بەر لە ساڵێک بڕیار دەدات وەک تەنۆلکە، یان شەپۆل ڕەفتار بکات جارێ ئامێرەکە دانەگیرسابوو، فۆتۆنەکە بە هیچ شێوەیەک ناتوانێ بزانێت پاش ساڵێک ئامێرەکە دادەگیرسێت، بۆیە پێویستە نەزانینی فۆتۆن لە چاودێریکردن ببێتە هۆی دەرکەوتنی نیشانەی بەیەکداچوون دەرنجامی ڕەفتاری شەپۆلەکی، کەچی هەر بەیکداچوون نەبیندرا، کەواتە فۆتۆنەکە ساڵێک پێش داگیرساندنی ئامێرەکە بە شێوەی تەنۆلکە ڕەفتار دەکات هەرچەندە دوای ساڵێک چاودێری دەکرێت.
دەتوانین ئەم ئەزموونە بە شێوازێکی دیکە ئەنجام بدەین، ئامێری چاودێری دادەگیرسێندرێت و ئینجا ئێمە فۆتۆنێک دەهاوێژین، بەمە فۆتۆنەکە دوو ساڵی پێ دەچێت تا دەگاتە ئامێرەکە، دەبینین ڕاستەوخۆ فۆتۆنەکە وەک تەنۆلکە ڕەفتار دەکات لەبەرئەوەی دەزانێت لە داهاتوودا چاودێری دەکرێت، هەرچەندە جارێ دوو ساڵی ماوە تا بگاتە شوێنی دانانی ئامێری چاودێری، بەڵام دوای ساڵێک لە بڕینی فۆتۆن بۆ ڕێڕەوەکەی، ئامێرەکەی چاودێری دەکوژێندرێتەوە، واتە فۆتۆن ساڵێکە وەک تەنۆلکە ڕەفتار دەکات، خۆ ئەگەر ئامێرەکەی چاودێری بکوژێندرێتەوەش هەر فۆتۆن ناتوانێت بگەڕێتەوە شوێنی هەڵدانەکەی و خۆی بکاتە شەپۆل، بۆیە هیچ چارەی نییە و دەبێ بە شێوەی تەنۆلکە خۆی بنوێنێت، کەچی ئەوەی بیندرا بەیەکداچوون بوو واتە ڕەفتاری شەپۆلەکی.
ئەوەی پێویستە ئاماژەی پێ بدرێت، نامۆیی و نائاسایی بابەتەکان لە تێگەیشتنی ئێمەوە سەرهەڵ دەدات بۆ چەمکی ڕابردوو، بەراورد بەوەی لە جیهانی کوانتەمدا هەیە. لەلای ئێمە فۆتۆن یان دەبێ وەک تەنۆلکە ڕەفتار بکات، یانیش شەپۆل بژاردەی دیکەمان نییە، بەڵام لە فیزیکی کوانتەمدا ڕابردوو دۆخێکی ئەگەرەکی بەسەریەکەوەیییە، هەر دەمێکیش ئەزموونێکیان بۆ ئەنجام دەدەین، ئەوا ئەو دۆخە دەشکێنین و فۆتۆن تەنیا بە یەک شێوە ڕەفتار دەکات و تایبەتمەندییە دووانەکییەکەی لەدەست دەدات. فۆتۆن لە جووڵەیدا لە ڕابردوو لە دۆخێکی بەسەریەکەویی و ئەگەرییە، کاتێکیش چاودێری دەکەین ڕەفتارێکی دیارکراومان پێ دەدات بەبێ ئەگەرەکی و بەسەریەکەوەبوون، ئەمەشە پێناسەی ئێمە بۆ ڕابردوو لە جیهانە گەورەکەماندا بە یەک شێواز و بەبێ گۆڕان.
شایەنی گوتنە، وەک چارەسەرێک بۆ گۆڕانی ڕابردوو هەندێک لە زاناکان دەڵێن، دەشێ بۆ ڕابردوو بگەڕێینەوە و باپیرەمان بکوژین، بەڵام بە بوونی گەردوونە تەریبەکان، بەوەی کەسەکەی باپیرەی دەکوژێت، لە گەردوونێکی دیکەی تەریبدا دەیکات، گەردوونی کەسی گەشتکردوو وەک خۆی دەمێنێتەوە بەبێ گۆڕان.

وەڵامی دووەم: نەخێر!
بەگوێرەی فیزیکی جیهانە گەورە و ئاسایییەکەمان، نەخێر ناکرێ بەرەو ڕابردوو بگەڕێینەوە، لەبەر بنەمای ئینترۆپی و کاریگەری دینامیکی گەرمیی (Thermodynamics)، لەم جیهانەدا ئاراستەی کات هەمیشە بۆ پێشەوەیە و هەڕەمەکیی و پشێوی لە گەردووندا هەردەم بەرەو زێدەبوونە، واتە لە دۆخی ڕیزبوونی زۆر و ڕێکوپێکی بەرەو ناڕێکی و شێوان و مردن، بەمەش هەرگیز ناتوانین نیشانەیەک بۆ ڕابردوو بنێرین، یان بیگۆڕین.
بۆ نموونە، ناکرێ هێلکەیەک بشەقێنین و پێکهاتەکانی تێکەڵ بەیەک بکەین، پاشان چەندەی چاوەڕێ بین ناگەڕێتەوە دۆخی جارانی و زەردێنە و سپێنەکەی لێک جیا ببێتەوە. پەرداخێکی شووشەش کە کەوتە سەر زەوی و شکا، ئەستەمە کات بگەڕێتەوە وەک خۆی لێ بێتەوە. ئینترۆپی لەخۆوە و بە سروشتی شتەکان بەرەو زێدە بوونەوەیە، ئەمەشە هۆکاری تێگەیشتن لە کردار و ڕووداوەکانی ناو گەردوونەکەمان و بەستنەوەیان بە تێپەڕبوونی کات بە یەک ئاراستە.
ئەگەر بە ڤیدیۆ دیمەنی کەوتنی دڵۆپێک مەرەکەب بۆ ناو ئاوی دەفرێک و بڵاوبوونەوەی نیشانمان بدرێت، لە ڤیدیۆیەکی دیکەش هەموو دڵۆپەکانی مەرەکەبەکە کۆ ببنەوە لە خاڵێکی ناو ئاوی دەفرەکە، ڕاستەوخۆ تێ دەگەین کە ڤیدیۆی یەکەم ئاسایییە و ئەوەی دووەمیش هەڵگەڕاوە و کاتەکەی بەرەو دواوەیە، لەبەرئەوەی هەرگیز ناشێت گەردیلەکانی مەرەکەبەکە خۆبەخۆ لەناو خاڵێکی ئاوەدا کۆ ببنەوە. بەم جۆرە بنەمای ئیترۆپی بەندە بە ئاراستەی تیری کات، بەرەو پێشەوەیە کاتێک دڵۆپە مەرەکەبەکە بڵاو دەبێتەوە لەناو ئاوەکەدا و نابێ پێچەوانە بکرێتەوە، بە هەمان شێوەش کات پێچەوانە ناکرێتەوە.

ئەوەی پێوەندی بەم بابەتەوە هەیە، هەندێ کەس ئەم پرسیار دەکەن: ئەی ئێمە کاتێک سەیری ئەستێرەیەک دەکەین کە ملیۆنان ساڵی تیشک لێمانەوە دوورە، ئایا سەیری ڕابردووی ناکەین؟
بەڵێ، ئەگەر بوونەوەرێکی (ئاسمانی) هەر ئێستە لەسەر هەسارەیەک کە 65 ملیۆن ساڵی تیشک لێمانەوە دوورە بە تەلسکۆپێک سەیرمان بکات، ئەوا دیناسۆرەکان دەبینێت، لەبەرئەوەی ئەو تیشکەی لە زەوییەوە دەرچووە (بە خێرایی 300.000 کلم لە چرکەیەکدا) و هەڵگری دیمەنێکە هی 65 ملیۆن ساڵ پێش ئێستەیە، واتە دوا ساڵەکانی ئەو ڕۆژگارەی دایناسۆرەکان لەسەر زەویدا دەژیان. بەڵام لێرەدا زۆر گرینگە بیزانین، ئەوەی ئەوان دەیبینن تەنیا دیمەنێکی ڕابردووە وەک فلمێکی سینەمایی، نەک خودی ژیانە ڕاستەقینە و زیندووەکەی ئەو کاتە، واتە ناتوانن کاریگەرییان لەسەر هەبێت و بیان گۆڕن، چونکە ئەمانە کۆمەڵە ڕووداێک بوون و تێپەڕیوون، دیناسۆرەکان بنەبڕ بوون و تەواو.
دواجار جەختی لەسەر دەکەینەوە کە لە جیهانە مەزنەکەی ئێمەی بوونەوەرە فرە تەنۆلکەیییەکان، ڕابردوو شوێنێکە لە کات تێدا ڕووداوەکان بەکردارەکی ڕوویان داوە تێپەڕیوون و کۆتایییان هاتووە، کاتیش هەموو بەش و پارچەکانی بە ڕیزبەندی بەدوای یەکدا دانراون، بە تاکە یەک ئاراستە لە ڕابردووەوە بۆ ئێستە و لە ئێستەوەش بۆ داهاتوو، باپیرەشم ژیا و هاوسەرگیری کرد و مرد، مردووش ناکوژرێت!
.........................................................................
سەرچاوەکان؛
“Physicists
provide support for retrocausal quantum theory, in which the future influences
the past“, July 5, 2017, phys.org
Lisa Zyga, “Proposed test would offer strongest
evidence yet that the quantum state is real“, phys.org, February 21, 2017
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتی دیکە
بابەتە پڕبینراوەکان

