ئيسلامى سياسى له كوردستان

کۆمەڵگەی کوردەواری بە سروشتی موحافیزکارانەی خۆی تاکو ئەمڕۆش ئیسلامی سیاسی بە دیاردەیەکی نامۆ بە خۆی دەبینێ ، هیچکاتیش فیکری تووندڕەوی لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا جێگای نەبۆتەوە . بۆیە بزووتنەوەی ئیسلامی کە رۆڵێکی کاریگەریشی لەسەردەمی خەباتی شاخدا هەبوو ، بەڵام بە هۆی هەڵسوکەوتی تووندڕەوییەکانییەوە نەیتوانی لەناو ئەم کۆمەڵگەیەدا خۆی رابگرێ و ئێستا بووە بە سفری پاش فاریزە .
لەناوەڕاستی نەوەتەکان یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کە هەڵگری فیکری ئیخوانی میانڕەو بووە هاتە دامەزراندن ، بە هۆی کۆمەڵێک کاری خێرخوازی توانی سۆزی خەڵکی کوردستان بۆ لای خۆی رابکێشێ و تا ئەم چەند ساڵانەی ئەخیری خۆی راگرت ، بەڵام ئێستا ئیخوانیش ئەو رۆڵو کاریگەرییەی نەماوە بە تایبەتیش دوای تێوەگلانی لە کارو چالاکی تووندڕەوییدا پاش رووخانی دەسەڵاتەکەی لە وڵاتی میسر لەساڵی ٢٠١٣ دا . هەنووکەش لەچەندین وڵاتی دونیادا بە تایبەتیش لە وڵاتە یەکگرتوەەکانی ئەمریکادا فشارێکی زۆریان لەسەرە کە کار گەیشتۆتە سەر قەدەغەکردنیان بە یاسا ، چەندین وڵاتی ئەوروپاش خەریکن هەمان هەنگاو بنێن بۆ کۆتاییهێنان بە رۆڵو کاریگەری ئیخوانی جیهانی . کۆمەڵی ئیسلامیش کە لەسەرەتادا هەڵگری بیری تووندڕەوی بوو دواتر خۆی گۆڕی بۆ میانڕەوی وکار گەیشتە ئەوەی پاشگری ئیسلامیش لە خۆی بکاتەوەو ببێتە حیزبی دادگەری ، بەڵام ئەمەش دادی نەداو لەهەڵبژاردنەکانی ئەمدواییەدا ئەویش شکستێکی گەورەی خوارد .
بە گشتی دەتوانین بڵێین کە خۆری ئیسلامی سیاسی بە تەواوی لە کوردستان لە ئاوابووندایە . لەبەرامبەردا دەبینین دەسەڵاتی کوردی بە هەردوو حیزبی ( پارتی ویەکێتی ) وەکو بەدیلێک بۆ دەستەمۆ کردنی فیکری ئیسلامی هانایان بۆ دیاردەیەکی ناشیرینتر لە فیکری تووندڕەوی ئیسلامی بردووە ئەویش هاندان و بڵاوکردنەوەی فیکری سەلەفی لەرێگەی چەند کەسانێکەوە کە ناویان لەخۆیان ناوە ( بانگخواز ) .ئینجا بە پارەو بە رێگەدان بە دروستکردنی مینبەرو دەستبەسەرداگرتنی مزگەوتەکان و دامەزراندنی کەناڵی میدیایی پشتگییریەکی تەواوی ئەم بانگخوازانە دەکات و چاو لەوتارە تووندڕەوە دواکەوتووەکانیشیان دادەپۆشی کە هەمووی بۆ شێواندنی ئیسلام وکۆنتڕۆلکردنی گەنجانی ئەم سەردەمەیە .
بانگخواز کە بەرامبەرەکەی لە ئایینی مەسیحیدا پێیان دەوترا ( مبشرین ) شوێنی کارو چالاکییەکانیان دەبێ لەناو کۆمەڵگە بێ دینەکانی وەکو هیندستان و ئەفریقیاو دارستانەکانی ئەمازۆن بێت کە خەڵکانی ئەم شوێنانە دارو بەردو ئاژةڵ دەپەرستن ، نەوەک لەناو کۆمەڵگەیەکی موسڵمانی وەکو کوردستان کە هەزاران ساڵە کۆمەڵگەیەکی خواناس وئایینپەروەر بووە .
هەڵبەت زۆر روون وئاشکرایە ئامانج ومەبەستی دەسەڵاتی دیکتاتۆری هەڕێمی کوردستان ئەوەیە کە لەرێگەی ئەم بانگخوازانەوە کۆنتڕۆڵی گەنجانی وڵاتەکەمان بکەن . کەسێکی وەکو عەبدوللتەیف سەلەفی و نەهرۆی کەسنەزانی کە دەیان هەزار کەسیان بەدوو کەوتووە ، دەسەڵات دەتوانی لەرێگەیانەوە هەزاران دەنگ بۆ خۆی مسۆگەر بکات لەهەڵبژاردنەکاندا . هەڵبەت ئاسان نیە بۆ دەسەڵات بتوانێ کۆنتڕۆڵی هەموو گەنجانی کوردستان بکات ، بەڵام ئاسانە بە مشتێ پارە وئیمتنیاز هەڵڕشتن بۆ مەلاو شێخەکانیان دەستەمۆیان بکات ، چۆن بەدڕیژایی دەیان ساڵ لە حوکمڕانی ئەم دەسەڵاتە سەرۆک عەشییرەتەکانی کوردستانیان بە پارە وئیمتیازات ودیوەخانانە راگرت ، ئاواش دەتوانن لە رێگەی شێخەکانی تەریقەتەوە کۆنتڕۆڵی چیینی گەنجانی هەڵخەڵتێندراو بکەن وبیانخەنە خزمەتی ئەجیندای خۆیانەوە .
سەیرەکە لەوەدایە فیکری سەلەفی لەسعوەدییەی دامەزرێنەردا خەریکە کۆتایی پێدێ و ، فیکری ئیخوانیش لەمیسری دامەزرێنەوە کۆتایی پێهاتووە ، کەچی لە کوردستان تازە بە تازە سەرهەڵدەدەنەوە ؟!.
گەنجانی ئێستا ئاستی فیکری و مەعریفەیان زۆر سنووردارە ، چونکە زۆر کەمیان زمانی تری بێگانە دازانن و ئاستی خوێندنەوەشیان زۆر نزمە ، بۆیە زۆر ئاسانە بۆ کەسێک کە تۆزێک عارەبی بزانێ بێتە سەر مینبەر و بە وەرگێڕانی هەندی حەدیس و تەفسیری قورئانی گەنجان لەخشتە ببات وخۆی پێ دەوڵەمەند بکات . مادام دەسەڵاتیش رێگەیان پێدەدات و بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاریان دەهێنی کەواتە بازرگانی بە ئایین رەواجی زۆری هەیە لەم سەردەمەی ئێستای کوردستاندا .
لەکۆتاییدا دەڵێین دروستکردنی مینبەری بانگخوازی لەکوردستان گەمەیەکی هەردوو حیزبی پارتی ویەکێتییە بۆ پاراستنی دەسەڵاتە دیکتاتۆر وخۆسەپێنەکەی خۆیان .

