گەرەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە، غەمێکی بێ وێنەیە
17/01/2026, 21:47 (GMT+1)

تورکیا و ئەمریکا، داعشێکیان لەسەر کورسی دەسەڵاتی سوریادا دانا، لە کورد و دروزیان بەردا. هەنووکە ئەویان کردووە بە ئامرازێک، بۆ ڕێککەوتن و کڕین و فڕۆشتنی نێوان خۆیان. ئەوەی سوپای سوریا و میلیشیای تورکیا بە کورد و دروزیان کرد، بەرنامە دڕێژراوی تورکیا و زلهێزەکانی دنیا بەتایبەتی ئەوروپا و ئەمریکا بوو. ئەتکردن، کوشتن، بڕین و خنکاندنی منداڵ و گەنج و ژن و پیاوی کورد لە هەردوو گەرەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفەیە، بەبێ ئاگاداری تورکیا و ئەمریکا ئەنجام نەدراوە. کاتێک کە تورکیا عەفرین و ناوچەکانی دی ڕۆژئاوای کوردستانی داگیر کرد، بەبەرچاوی ئەمریکا و ڕوسیا و ئەوروپا بوو.
هێزی میلشیای داعش ئەو هێزەیان نەبوو، خاوەن ئەو پێگە جەماوەرییە نەبوون، تا بتوانن یەکێک لە ئەندامەکانی خۆیان بگەیەنە کورسی دەسەڵات و لە دیمەشق نیشتەجێی بکەن، ئەگەر ئەمریکا ڕەزامەندی لەسەر نەبوایە. پەنجە درێژ کردن بۆ ئەو ڕاستییانە، بە مەبەستی کەم کردنەوە نییە لە بەهێزی هەسەد و میللەتی کورد لە ڕۆژئاوای وڵاتدا، یان بەمەبەستی لێدان بێت لە ڕۆحی بەرەنگاریبوونەوە لەو دەڤەرە بەتایبەتی و لە کوردستان بەگشتی، بەڵکو دەبێت هەقیقەتی ڕووداوەکان وەک خۆی ببینین و بە دوای تارماییدا نەکەوین.
پاراستنی میللەتی کورد لە هەڕەشە، ئەتک کردن، لەنێوبردن و تەرحیل، تەنیا بە چەکی سەرشانی دڵسۆزانی نێو نەتەوەیی کورد دەکرێت، کە بۆ پرسە ڕەواکەی تێدەکۆشن و دەتوانن شەرەف و کەرامەتی ئەو میللەتە بپارێزن. سازش کردن لە داواڕەوای سەربەخۆی، دیاریکردنی سنووری جوگرافیادا، بوونی هێزی نەرم و هێزی گەرمی نیشتمانی و نەتەوەیی، واتە سوپای تۆکمە و ئابووریی نەتەوەیی، مەحاڵە هیچ هێزێکی بیانی ئەو لێپرسراویە مێژوویە بخاتە ئەستۆی خۆی، شەرەف و کەرامەتی میللەتێکی ٤٠میلیۆنی بپارێزێت. هەر یەکێک چاوەڕوانی هێزی دەرەکیی بێت، یان هیوای لەسەر هەڵویستی ئەوان هەڵهێنجێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە دوای تارمایی کەوتووە.
چەند ساڵێکە، هەندێک لە پێنووس بەدەستی کورد، قسەکەری هەندێک لە حزبە کوردیەکان، هەندێک لە کەناڵەکان، بوون بە زوڕناژەنی دوژمنان، بەبۆنە و بێ بۆنە، سەری زمانیان و بنی زمانیان، دژایەتی کردنی هەڵگرتنی دروشمی " سەربەخۆی بۆ کوردستانە"، هەر بەوەنەوەستاون بۆ ئەوەی خۆیان وەک ئاشتیخواز و مرۆڤدۆست نیشان بدەن، داوای "دانانی چەک" دەکەن لە هێزە کوردیەکان. ئەوان پێیان ئەخزە بڵێن، باشوور، باکوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستان، جەخت لەوە دەکەنەوە، کە دەبێت کوردستان ناسنامەی عیراقی بوون، ئیرانی بوون، سوریا بوون و تورکیا بوون هەڵبگرێت! بڕیاربەدەستی چارەنووسی ئەو میللەتە، لە سەنتەری بڕیاردانی، دیمەشق، بەغداد، تاران و ئەنقەرە بێت.
لە سەدەیەک زێترە، میللەتی کورد ئەو ناسنامانەی هەڵگرتووە. لە نوخبەیەکی ئێجگار بچووکیی نێو میللەتی کورد نەبێت، کە بەشداریی شۆڕش و جوڵانەوە سیاسیی و چەکداریەکانی کردووە، ئەوانی دی وەک مەڕوماڵات هەمیشە دوای دەسەڵاتی ناوەند کەوتوون، خۆفڕۆشی دەسەڵاتی ناوەند بوون، بە سەدان هەزار سیخوری کورد لە نێر و مێ لە دەزگە هەواڵگریەکانی ئیستیخباراتی عیراقی و سوریی، میتی تورکیی، ساواک و ئیتیلاعاتی ئێرانی کاریان کردووە و خیانەتیان کردووە، جگە لەوە بوونی هێزی جاش و چەکداری حکومەت بێ هاوتا بوو، لەگەڵ ئەو هەموو پاڵپشتیەی حکومەتی ناوەند و هەموو ئەو سەڕشۆرکردنانە، میللەتی کورد لە کوشتنی بەکۆمەڵ و بەتاک، ئەتک کردن، تەعریب و تەبعیس و بەتورک و فارس کردن، کیمیاباران و ئەنفال کردن و تەرحیل، هیچی دی بەرهەم نەبووە، ئیدی دەبێت گرنگی دان بەو جۆرە بیروباوەڕە و هەوڵدان بەبەکۆیلە کردنی میللەت لە پای چی بێت؟
ئەم جۆرە کەسانە کە خۆیان بە ڕۆشەنبیر و دەمڕاستی میللەتی کورد دەزانن، بگرە هەندێک لە نوێنەرانی حزبەکان خۆیان بە نوێنەری یەکێک لە پارچەکانیش دادەنێن، ئینجا ئەم ڤایرۆسی بیرکردنەوەیە بەنێو میللەتدا پەخش دەکەن. ئەم دیاردەیە لە کوردستان، تەنیا لەنێو یەک هێز و هەڵگری یەک چەمکدا نین، ئەڵبەتە تێکەڵاویەکە، لەوانەی کە هەندێکیان پیاوی ئاینین، هەندێکی دیان خۆیان بە چەپ دەناسێنن، بڕێکی تریان خۆیان بە هەڵگری بیروباوەری دی دادەنێن. سەیر لەوەدایە، کە هەڵگری ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە، پاڵپشتی لەو سنوورە دەستکردە دەکەن، کە ئیمپریالیزمی جیهانی کێشاویەتی، دوور لە ئیرادەی میللەتانی ئەو ناوچەیە، بەڵام پاڵپشتی لە داوا ڕەوای میللەتانی ژێردەست ناکەن بۆ گەیشتن بە مافە نیشتمانیی و نەتەوەیەکانیان و ڕاگەیاندنی سەربەخۆی! ئێمە بمانەوێت یان نا، کوردستان وڵاتێکە لەو ناوچەیەدا هەیە و دابەش کراوە، واتە کەس ناتوانێت نکۆڵێ لەو حەقیقەتە بکات، بەڵام ئەگەر سەڕۆک و نوێنەرانی حزبەکانی ئەو چوارپارچەیە، توانای ئەوەیان نییە ئەو لێپرسراویەتیە مێژوویە بخەنە سەرشانی خۆیان، ئەوە مەسەلەیەکی دییە، دەبێت گۆڕەپانەکە بۆ ئەو کەس و لایەنانە جێبهێڵن، کە بڕوایان بە چارەسەری بنەڕەتی، ڕزگاربوون و دامەزراندنی کیان هەیە.
ئەمڕۆ لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هیچ هێز و لایەنێک و وڵاتێک نییە هەڵگری چەک نەبێت. جگە لە سوپای فەرمی، بە سەدان گروپی چەکدار و میلیشیای سەر بە عیراق، ئیران، تورکیا، سوریا و ئەفغانستان و هیتر لە کوردستان و ئەو ناوچەیە هەن، لەنێو ئەو جەنجاڵیەدا بۆ دەبێت تەنیا میللەتی کورد خۆی چەک بکات؟
بەهێزی ئەمریکا، تورکیا و وڵاتانی ئەوروپا و چین و هیتر بە سوپاکانیانە، نەک بە هەڵگری دروشمی سۆلیدارەتی. هەموو ڕێککەوتنێکی ئابووریی، سیاسیی و سەربازیی گەلان لەسەر مێزی گفتوگۆ سوپایەکی بەهێزی لەپشتە، کە بڕیار بەدەستە و مەرجەکان دەسەپێنێت. بەبێ سوپا و چاوسورکردنەوە، هیچ ڕێککەوتنێک واژۆ ناکرێت، واتە بەبردنی دەسکە گوڵ، یادکردنەوەی ڕۆژی خۆشەویستی، ئامێز لەیکەگرتن و سەرکەوتنی سۆلیدارەتی، چارەنووسی میللەتان دیاری ناکرێت. ئەوە لە خەیاڵ بەولاوە هیچی دیکە نییە.
هەڵگرتنی دروشمی ئەوەی کە کورد، لەگەڵ عەرەب و فارس و تورک بران، لەخۆهەڵخەڵەتاندن بەولاوە هیچی دیکە نییە. مێژوو سەلەماندویەتی کە ئەو نەتەوانە هێندە ناتەبان تا دەگاتە سەر ئێسقان. کێشەی ناوەخۆی ئەو ناوچانە و ناتەبایی و بوونی جیاوازی بنەڕەتی نێوان گەلان و میللەتانی ناوچەکە، بوونەتە هەوێنی سەرهەڵدانی ناڕەزایی و ناتەبایی لە نێوانیان. بە هەزاران جار شەڕی مەدەنی لەنێوانیاندا هەڵگیرساوە، ئەمە ئاساییە، لەبەرئەوەی بەرژەوەندیی نیشتمانیی و نەتەوەییان، وەک دوو هێڵی تەریب وایە، قەت ناگەن بەیەک. ئەم هەقیقەتە وای کردووە، کە زلهێزەکان سوودمەند بوونە لەو ناتەباییە، وەک کارتی فشار هەر جارەو لایەنگری نەتەوەیەکی دیاری کراو و وڵاتێک بوونە.
دەسەڵاتی ناوەند لە دیمەشق، سوپا و هێز و میلیشیای ناردۆتە سەر گەڕەکی شیخ مەقسود و ئەشرەفیە، بە بڕیار و بانگەوازی ئەوان سوپا و هێز و میلیشیا بەربوونەتە گیان کوردانی ئەو دوو گەڕەکە. ئەم کارە سەربەخۆ ئەنجام نەدراوە، دەسەڵاتی ناوەند لە ئەنقەرە و دیمەشق بڕیاری قەتل و عام و ئەتک کردنی میللەتی کوردیان داوە. ئەوەی لەو دوو گەڕەکە بۆ ئەوان چووە سەر، تەنیا خاڵی دەست پێکردنە، واتە هێز و توانای میللەتی کورد هەڵدەسەنگێنن، ئەوجا ئەوەی لەو دوو گەڕەکە کراوە، پەیتا پەیتا هەموو کوردستان دەگرێتەوە. متمانە دان بە دەسەڵاتی ناوەند لە ئەنقەرە، دیمەشق، بەغداد و تاران و زلهێزەکانی دنیا، بەدواکەوتنی تارماییە، لە ئەنجامدا ئەو میللەتە یان دەبێت کۆڕەوی بەکۆمەڵ بکات بۆ وڵاتان، خاکی خۆی جێبهێڵێت و ڕوو لە هەندەران بکات، یان چاوەڕوان بێت تا کۆمەڵکوژ بکرێت، بۆیە تەنیا ڕێگەی چارەسەری بنەڕەتی سەربەخۆی بوونە، ڕاکێشانی سنووری جوگرافیای کوردستان و دامەزراندنی حکومەتێکی دیموکراتییە، کە لە سایەیدا داد، دادگە و یاسا سەروەر بێت، سوپایەکی نیشتمانی دابمەزرێنێت و ئابووریی نەتەوەیی گەشە پێبدات، سازش لەسەر مەسەلە چارەنووسسازەکان نەکات، میللەت بەرۆحی نیشتمانیی و نەتەوەیی و مرۆڤایەتی پەروەردە بکات.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتی دیکە
بابەتە پڕبینراوەکان

