<

دادگای مێژوو لە نێوان شکۆی مەرگ و شەرمەزاریی تەسلیمبووندا

14/02/2026, 13:47 (GMT+1)
مێژووی خەباتی نەتەوەکان بۆ ئازادیی، تەنها گۆڕەپانی پاڵەوانبازی و تەقاندنی تفەنگ نییە، بەڵکو لە هەمان کاتدا دادگایە بۆ تاقیکردنەوەی ئیرادە و کەرامەتی سەرکردەکان. ڕاستەقینەترین ڕوخساری هەر شۆڕشگێڕێک لەو چرکەساتەدا دەردەکەوێت کە دەکەوێتە چنگی دوژمنەکەی؛ لێرەدایە کە ماسکەکان دادەماڵرێن و مێژوو بە یەکجاری بڕیار دەدات: کێ دەبێتە سیمبولێکی نەمر و سەربەرز، و کێش دەبێتە پەڵەیەکی ڕەش و نموونەی زەلیلی و خۆفرۆشی.

مەرگی سەربەرزانە وەک گەورەترین شۆڕش:

چوار سیمبولی نەمر ئەگەر لاپەڕەکانی مێژووی جیهان هەڵدەینەوە، دەبینین ئەو سەرکردانەی ناویان بە شکۆوە ماوەتەوە، ئەوانە بوون کە لەبەردەم جەلادەکانیاندا ئامادە نەبوون یەک هەنگاو لە کەرامەتی نەتەوەکەیان پاشەکشە بکەن. ئەوان تفیان لەو ژیانە کرد کە بەهای باجەکەی سازشکردن بێت لەسەر نیشتیمان:
• عومەر موختار (شێری بیابانی لیبیا): کاتێک فاشیستەکان پێیان وت تەنها یەک داوا لە شۆڕشگێڕەکان بکە با چەک دابنێن بۆ ئەوەی لە سێدارە نەدرێیت، ئەو بەوپەڕی سەربەرزییەوە وەڵامی دانەوە: "ئەو پەنجەیەی ڕۆژانە شایەتی بۆ خودا دەدات، هەرگیز ئامادە نییە یەک وشە بنووسێت کە ببێتە نۆکەرایەتی بۆ داگیرکەر." ئەو پەتی سێدارەی کردە ملوانکەی شەرەف و لیبیای بەزیندوویی هێشتەوە.
• ولیەم واڵاس (سەرکردەی سکۆتلەندا): لەژێر دڕندەترین ئەشکەنجەی پارچەپارچەکردنی جەستەیدا، کاتێک داوایان لێکرد تەنها داوای لێبووردن لە پاشای ئینگلیز بکات، ئەو تەنها یەک وشەی لەدەم دەرچوو: "ئازادی!". واڵاس ئامادە بوو جەستەی ببێتە خۆراکی سەگەکانی لەندەن، بەڵام ئامانجی سەربەخۆیی سکۆتلەندای نەفرۆشت.
• تۆپاک ئامارۆی دووەم (شۆڕشگێڕی پیرۆ): کاتێک کەوتە دەست ئیسپانییەکان، لەبری پاڕانەوە، بە دادوەرەکەی وت: "لێرەدا تەنها دوو تاوانبار هەن؛ تۆ کە گەلەکەم دەچەوسێنیتەوە، منیش کە دەمەوێت ڕزگاریان بکەم." بە بەرچاوییەوە خێزانەکەیان کوشت و بە چوار ئەسپ پەلیان کێشا، بەڵام ئامادە نەبوو بچووکترین سازش بۆ داگیرکەر بکات.
• بهاگات سینگ (شۆڕشگێڕی هیندستان): بە زەردەخەنەوە و بە پێیەکانی خۆی بەرەو پەتی سێدارە چوو. دەیتوانی بە پاڕانەوەیەک ژیانی ڕزگار بکات، بەڵام دەیزانی ژیانی زەلیلانە مردنێکی هێواشە، بۆیە مەرگی هەڵبژارد بۆ ئەوەی ببێتە بڵێسەیەک بۆ ڕاماڵینی ئینگلیزەکان.

 لە نێوان شکۆی مەرگ و زەلیلی تەسلیمبووندا: دادگای مێژوو بۆ هەرەسەکەی ئۆجەلان


هەرەسهێنانی گەورە و تیۆریزەکردنی کۆیلایەتی:
کەیسی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە بەرامبەر ئەو کێوە لە شکۆ و کەرامەتەدا، شەرمهێنەرترین و تاریکترین نموونەی پاشەکشە لە مێژووی نوێی نەتەوەکەماندا دەبینین؛ ئەویش هەرەسەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانە. ئەو پیاوەی بۆ دەیان ساڵ بە دروشمی بریقەداری "کوردستانی سەربەخۆ" دەیان هەزار گەنجی کوردی خەڵتانی خوێن کرد و نیشتیمانێکی وێران کرد، لە یەکەم ساتی کەوتنە ناو چنگی دوژمنەوە، هەموو پیرۆزییەکانی نەتەوەکەی هەڕاج کرد و پشتی لە خوێنی شەهیدەکانی کرد.

هەروەک چۆن مێژوو ئاشبەتاڵ و خیانەتی مەلا مستەفای لە بیر ناچێتەوە، ئاواش مێژوو  ئۆجەلان و دەروێشەکانی لە بیرناکات

1. شۆکی تەسلیمبوون و پاڕانەوەی ناو فڕۆکە لە ساڵی 1999 کاتێک خرایە ناو فڕۆکەی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت)، لەبری ئەوەی وەک سەرکردەیەکی مێژوویی ڕووبەڕووی جەلادەکانی ببێتەوە، ترسنۆکانەترین دیالۆگی لە مێژووی شۆڕشەکاندا تۆمار کرد. یەکەم قسەی ئەوە بوو: "دایکیشم تورکە، من تورکیام خۆش دەوێت و ئامادەم خزمەت بە دەوڵەت بکەم." ئەمە تەنها قسەیەک نەبوو، بەڵکو ڕاگەیاندنی فەرمیی کۆیلایەتی و تەسلیمبوونێکی سەرشۆڕانە بوو کە تا هەتایە لە مێژووی گەلی کورددا وەک پەڵەیەکی ڕەش دەمێنێتەوە.
2. تیرۆرکردنی خەونی دەوڵەت و پاساوهێنانەوە بۆ داگیرکەر ئۆجەلان بۆ ئەوەی شەرعیەت بە زەلیلی و تەسلیمبوونەکەی خۆی بدات، لە زیندانی ئیمراڵییەوە دەستی کرد بە گۆڕینی تەواوی ئایدۆلۆژیاکەی. خەونی "دەوڵەتی سەربەخۆ"ی (کە گەورەترین خەونی هەر نەتەوەیەکە و خوێنی بۆ دەدات) بە دروشمێکی نەخۆش و دواکەوتوو لەقەڵەم دا. لەبری ئەوە، دەستی کرد بە تیۆریزەکردنی کۆیلایەتی لەژێر ناوی "کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتی"، و ڕایگەیاند کە کورد دەبێت دەستبەرداری خاکی خۆی بێت و لەناو کۆمەڵگای فاشیستیی تورکیدا بتوێتەوە. ئەمە خیانەتێکی فیکریی گەورەیە و هەوڵێکە بۆ بەخشینی پاساو بە داگیرکەران.
3. ملکەچبوون بۆ فاشیزم و دانانی چەک (2024-2025) لوتکەی ئەم هەرەسهێنانە لە کۆتایی 2024 و سەرەتای 2025 دەرکەوت؛ کاتێک دەوڵەت باخچەلی، گەورەترین سیمبولی فاشیزم و ڕەگەزپەرستیی تورک، بە سووکایەتییەوە داوای کرد ئۆجەلان بێتە پەرلەمان و خۆبەدەستەوەدانی پەکەکە ڕابگەیەنێت. لەبری ڕەتکردنەوەی ئەم بێڕێزییە، ئۆجەلان بە زەلیلییەوە پەیامی بۆ قەندیل نارد کە کۆنگرە ببەستن، چەک دابنێن و پەکەکە هەڵبوەشێننەوە، تەنها لەپێناو خزمەتکردن بە سیاسەتی دەوڵەتی تورک و پاراستنی گیانی خۆی.
دەرەنجام: جیاوازیی نێوان شکۆمەندی و نۆکەرایەتی بەراوردکردنی چوار سەرکردە مێژووییەکە لەگەڵ کەیسی ئۆجەلان، یەک ڕاستیی ڕوتمان پێ دەڵێت: سەرکردە مەزنەکان ئامادە بوون جەستەیان پارچەپارچە بکرێت بۆ ئەوەی نەتەوەکەیان سەربەرز بێت. بەڵام مۆدێلەکەی ئۆجەلان، ئامادە بوو نەتەوەیەک، مێژوویەک، خەونی سەربەخۆیی، و چەکی دەستی دەیان هەزار گەریلا هەڕاج بکات، تەنها بۆ کڕینەوەی چەند ڕۆژێکی تەمەنی لە زیندانێکی ژێرزەمینیدا و بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی ئاغاکانی لە ئەنقەرە.
کاتێک کەسێک ئامادە بێت بڵێت "دایکم تورکە و دەمەوێت خزمەتی دەوڵەتی داگیرکەر بکەم"، ئیتر ئەو سەرکردە نییە، بەڵکو ئامرازێکە بەدەست دوژمنەوە بۆ سڕینەوەی ئیرادەی بەرەنگاریی نەتەوەیەک. مێژوو زۆر بێبەزەییە؛ شوێنی پاڵەوانەکان لە لوتکەی کێوەکاندایە، بەڵام ئەو کەسانەی نیشتیمان و ئامانجەکانیان دەفرۆشن، جێگەیان تەنها  لە زبڵدانی مێژوودایە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست