وەهمی (کۆماری سێیەم)؛ چۆن بە زاراوەی فەلسەفی تەسلیمبوون دادەپۆشرێت؟
10/03/2026, 9:25 (GMT+1)

سەبارەت بە پاساوی ئینتیگراسیۆن و هاووڵاتیبوونی ئازاد
خوێندنەوەی ئەو نووسینەی کاک نیاز حامید، کە دەیەوێت پەیامەکەی ئۆجەلان بۆ چەکدانان و توانەوە لەناو دەوڵەتی تورکیادا وەک سەرکەوتنێکی مێژوویی و پڕۆژەی کۆماری سێیەم وێنا بکات، لێرەدا نەک تەنها من بەڵکو زۆر کەس تووشی سەرسوڕمان دەکات. ئەم جۆرە شرۆڤانە، نموونەی زیندووی چەواشەکارییەکی فیکرییە، کە بەڕێزیان دەیەوێت تاڵترین راستیی سیاسی بە چەند وشەیەکی داڕێژراو و نادروست شکستەکانی پێداپۆشێت.
ئەگەر بە لۆژیکی زانستی سیاسەت و واقیعی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شرۆڤەی ئەو پاساوانە بکەین، دەبینین ئەمە نەک هەر تەنیا تێپەڕاندنی فاشیزم نییە، بەڵکو خۆبەدەستەوەدانە بە فاشیزم.
- پارادۆکسی "دەوڵەتی ناچار" و (بزووتنەوەی سەرکەوتوو) کۆمیدیترین بەشی ئەم شرۆڤەیەیە، کە دەڵێت: (هێزی تەڤگەر و کاریگەریی فیکریی ئۆجەلان گەیشتووەتە ئاستێک کە دەوڵەتی تورکیا ناچار بە دانوستان بکات... و تورکیا لەبەردەم هەڕەشەی مان و نەماندایە) لێرەدا پرسیارێکی زۆر سادەی لۆژیکی لەلامان دروست دەبێت: ئینجا ئەگەر دەوڵەتی تورکیا هێندە لاوازە و لە لێواری رووخاندایە، و پەکەکە هێندە بەهێزە، بۆچی لایەنی بەهێز (کە پەکەکەیە) چەک دادەنێت و واز لە خەونی نەتەوەیی دەهێنێت؟! لە مێژووی جیهاندا، هەمیشە لایەنی دۆڕاو و لاواز چەک دادەنێت و تەسلیم بە مەرجەکانی لایەنی بەهێز دەبێت. چۆن دەکرێت تۆ سەرکەوتوو بیت، بەڵام بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هێزە سەربازییەکەت بدەیت بەبێ ئەوەی دەوڵەتی لاواز (بەپێی ئەو بۆچوونەی کاک نیاز حامید) یەک خاڵی دەستووریی لە بەرژەوەندیت گۆڕیبێت؟ ئەمە پاساوێکە تەنها بۆ شاردنەوەی واقیعی تەسلیمبوون دروست کراوە.
- تەڵەی (هاووڵاتیبوونی ئازاد) لەبری مافی نەتەوەیی، کە بە شانازییەوە باس لەوە دەکات ئیتر (هاووڵاتیبوون لەسەر بنەمای خوێن و نەتەوە نامێنێت، بەڵکو دەبێتە پەیوەندییەکی یاسایی)
ئەم بیرۆکەیە بۆ وڵاتێکی ئەوروپی وەک لە فەڕەنسا یان سویسرا زۆر جوانە، بەڵام لە تورکیادا گەورەترین تەڵەی سیاسییە. دەستووری تورکیا زۆر بە ڕوونی دەڵێت: (هەر کەسێک بە پەیوەندی هاووڵاتیبوون گرێدراوی دەوڵەتی تورکیا بێت، ئەوا تورکە).
دەوڵەتی تورکیا بوونی خۆی لەسەر نەتەوەی تورک بونیاد ناوە. کاتێک تۆ بە کورد دەڵێیت (واز لە داواکاریی نەتەوەیی بهێنە و با تەنها هاووڵاتییەکی یاسایی بین)، تورکیا ئەمەی سەد لە سەد قبوڵە! چونکە تورکیا کێشەی نییە تۆ وەک (تاکێک) بژیت و باج بدەیت و کار بکەیت، کێشەی تورکیا ئەوەیە تۆ وەک (نەتەوەیەک خاوەنی مافی خاک و قەوارەی خۆت بیت. ئۆجەلان بەم پڕۆژەیە، گەورەترین خزمەت بە تورکیا دەکات، چونکە کورد لە (نەتەوەیەکی داگیرکراو)ــەوە بچووک دەکاتەوە بۆ (کۆمەڵێک کەس و تاکی بێ ناسنامە کە تەنها داوای مافی مەدەنی لە دەوڵەت دەکەن.)
- وەهمی (کۆماری سێیەم) کە کاک نیاز حامید وای وێنا دەکات ئەردۆغان و باخچەلی ئامادەن (کۆماری سێیەم) لەسەر بنەمای دیموکراسی و قبوڵکردنی فرەیی دابمەزرێنن. ئەمە خەیاڵپڵاوییەکی ترسناکە. تورکیا لەوپەڕی هەڵکشانی فاشیزمی نەتەوەییدایە، تەنانەت رێگە نادات شارەوانییەکی بچووکیش بەدەست کوردەوە بێت و قەییومی بۆ دادەنێت. بانگەوازی ئۆجەلان بۆ (کۆماری دیموکراتیک) وڕێنەیە (قسەکردنە لەگەڵ خۆت)دا، نەک رێککەوتنێکی دوولایەنە. دەوڵەت تەنها یەک شتی لە ئۆجەلان دەوێت: (دانانی چەک و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و بێدەنگکردنی کورد) نەک دروستکردنی کۆمارێکی دیموکراتیک.
- بتشکاندن یان بتپەرستی؟ وەک لە کۆتاییدا نووسەر دەڵێت، گوایە ئۆجەلان بتی (یەک ئاڵا، یەک زمان و یەک نەتەوە)ی تێکشکاندووە. لە ڕاستیدا پێچەوانەکەی دروستە. پەیامەکەی ئۆجەلان نەک هەر ئەو بتەی فاشیزمی تورکیای نەشکاندووە، بەڵکو داوا لە کورد دەکات بچێتە ژێر سێبەری ئەو بتەوە و (ئینتیگراسیۆن) (یەکگرتن)ی لەگەڵدا بکات ئەویش بە بێ مەرج! ئەوەی لەم نێوەندەدا دروست کراوە، بتێکی نوێیە لە قەندیل، کە پێی وایە هەموو وشەیەکی سەرکردەیەکی زیندانیکراو (وەحییەکە لەلایەن خوداوە دابەزیوە) دەبێت بەبێ بیرکردنەوە جێبەجێ بکرێت، تەنانەت ئەگەر باجەکەی لەدەستدانی خەباتی نیو سەدەی نەتەوەیەکیش بێت.
لە کۆتاییدا ئەو دووڕێیانەی نووسەر باسی دەکات (کە گوایە تورکیا لە بەردەم قبوڵکردنی ئاشتی یان هەڵوەشانەوەدایە)، تەنها لە مێشکی شرۆڤەکارانی ئەم حیزبەدا بوونی هەیە. تورکیا لە بەردەم هیچ دووڕێیانێکدا نییە؛ تورکیا خەریکی چنینەوەی بەرهەمی دیلکردنی سەرکردەیەکە، کە توانیوێتی لەو رێگەیەوە، بەبێ تەقاندنی یەک فیشەک، گەورەترین هێزی چەکداریی کوردی ناچار بکات چەک دابنێت و دەستبەرداری خەونی نەتەوەیی ببێت. بەکارهێنانی وشەی (کۆماری سێیەم) تەنها حەبێکی مادەی هۆشبەرە، لە رێگای کاک نیاز حامید و شێوەکانییەوە دەرخواردی گەنجی کورد دەدرێت، تا هیچ کەس هەست بەو کارەساتە نەکات کە بەسەر کورددا دێت و بەتایبەتی ئەم نەوەیەی ئەمڕۆ کە قوربانییەکی زۆری داوە بۆ ئەوەی قەندیل دەستکەوتێکی نەتەوەیی پێ وەربگرێت.
دەقی نووسینەکەی کاک نیاز حامید لەم لینکەی خوارەوەدا بخوێنەرەوە:
کۆماری سێیەم؛ پڕۆژەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ چارەسەر و تێپەڕاندنی فاشیزم
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتی دیکە
بابەتە پڕبینراوەکان

