ئایا هیچ بەڵگەیەک هەیە لە گەردووندا لەسەر بوونی دروستکەرێک، یاخۆ داهێنەرێکی ژیر؟
13/03/2026, 14:56 (GMT+1)

گەردوونێکی دیزاینەر؟
لەلایەن زانای ناودار ستیڤن واینبێرگ، پرۆفیسۆر لە زانکۆی تێکساس و براوەی خەڵاتی نۆبڵی فیزیک.
پرسیارم لێ کرا: ئایا گەردوون هیچ نیشانە و بەڵگەیەکی تێدایە لەسەر داڕشتنێکی ورد و ڕێکوپێک و دروستبوونی لەلایەن داهێنەر و نەخشەسازێک یان نا؟
من خۆم ناتوانم وەڵامێکی گونجاوم هەبێ پێش ئەوەی هەندێ زانیاریم دەست بکەوێت لە چییەتی ئەو دروستکەرەی دەمانەوێت لەبارەیەوە بدوێین. لەبەرئەوەی هەر گەردوونێک وەربگرین دەشێ بەرهەمی کاری جۆرە دروستکەرێک بێت، بە ڕادەیەک گەردوونێکی ناڕێک و شێواوی بێ بوونی یاساکانیش لەوانەیە بەدەستی نەخشەسازێکی گەمژە دروست کرابێ.
پرسیارێک لای من شایەنی وەڵامە، یاخۆ وەڵامدانەوەی ئەستەم نییە، ئەوەیە ئایا گەردوونەکەمانی لێی دەژین هیچ نیشانەیەک لەخۆ دەگرێت ببێتە بەڵگە بۆ دروستکردنی لەلایەن خواوەندێک کە نێزیک بێت لەو پێناسانەی ئاینە یەکتاپەرستەکان بە خواکەیان دەدەن؟ بە واتای خوای ئاینەکان، خوایەکی ژیر، ئەوەی ئەم گەردوونەی دروست کردووە و بایەخێکی زۆر دەدات بە زەوی و ژیان و بەتایبەتیش ژیانی مرۆڤەکان.
پێم وایە ئەمەیان بیرۆکەی ئەو داهێنەرە نییە کە زۆرینەی لێرەن باوەڕیان پێی هەیە. ئاسایییە تۆ بیر لە شتێک بکەیتەوە، خوایەک لە شێوەی گیانێکی گەردوونیی ئەوەی لە ناخیدا هاویەکی و ڕێکوپێکییەکی ناوازە لەخۆ دەگرێت، وەک ئەوەی ئەینشتاین باوەڕی پێ هەبوو. لێرەدا تۆ تەواو ئازادیت لە شێوازی بیرکردنەوەکەت، بەڵام تێناگەم ئەو دەمە بۆچی وشەی داهێنەر، یان خوا بەکار دەهێنیت ئەمەش دیارە مەبەست لێی بەبەرداکردنی بەرگێکی ئاینی و ڕەنگکردنی ڕاستییەکانە.

جێدەستی نەخشەسازێکی ژیر
لە کۆندا لەلای مرۆڤەکان گەلەک بەڵگەی جۆراوجۆر هەبوون لەسەر بوونی نەخشەسازییەکی ژیرانە بەدەستی "هێزێکی ژیر"، ئەگەر ئەو نەبێ ئەی کێ دەیتوانی ئاگر و باران و بروسکە و بوومەلەرزە بهێنێتە بوون؟ لە سەرووی ئەمانەوەش توانا نایابەکانی بوونەوەرە زیندووەکان ئاماژەیان بە دروستکەرێک دەکرد، ئەوەی بایەخێکی تایبەتی بە ژیان دەدات. بەڵام ئێمە ئەمڕۆ لە زۆرینەی ئەو شتانە تێ دەگەین کە بە هۆکاری هێزە فیزیکییەکان ڕوو دەدەن بە کاریگەری یاسا سروشتییە ناکەسایەتییەکان. ڕاستە جارێ تێکڕای یاسا بنەڕەتییەکانی ئەم گەردوونەمان نەدۆزیوەتەوە، هاوکات ناتوانین هەموو دەرەنجامەکان لەو یاسایانەی ئێستە ناسراون بەدەست بهێنین. بە نموونە، هزر وهۆشی مرۆڤ بابەتێکی یەکجار سەخت و ئاڵۆزە بۆ تێگەیشتن، بەهەمان شێوە کەشوهەواش، ئێمە هەرگیز پێمان ناکرێ بگەینە ئەو ئاستەی بەتەواوی بزانین پاش مانگێک باران دەبارێت یان نا، بەڵام بە یاسا و ڕێساکانی بەندن بە کرداری "باران" ئاشناین. بۆیە من هیچ جیاوازییەک نابینم لەنێوان هۆشی مرۆڤ و پێشبینیکردنێکی وردی بارودۆخی کەشوهەوا، هەردووکیان دوورن و بە هیواین ڕۆژێک دابێت بەچاکی ڕاڤەیان بکەین، ئەمانە ئەنجامی یاساگەلەکی ناکەسایەتین و ملیاران ساڵە بەڕێوە دەچن، هیچ ڕیزپەڕییەک لەم پێکهاتە و ڕێکخستنە سروشتییەدا بەدەر ناکەوێت، ئەمڕۆکە شتێکی ناسروشتی و دەرئاسا (موعجیزە) بوونی نییە.
من ئێستە وای بۆ دەچم زۆربەی پیاوانی ئاین هەست بە شەرم و شڵەژان دەکەن کاتێک لە دەرئاساکان دەدوێن، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئاشکرایە کە مەزنترین ئاینە یەکتاپەرستەکان لەسەر بنچینەی دەرئاساکان دامەزراون وەک، ئاخاوتنی خوا لەگەڵ موسا لەڕێی دارێکی گڕگرتوو (جووەکان)، زیندووبوونەوەی عیسا لە سێیەم ڕۆژی لەخاچدانەکەی (کرستیانەکان)، فریشتەکەی قورئانی فێرە موحەمەد دەکرد لە ئەشکەوتەکەدا (ئیسلام)، هەندێ لەو ئاینانە دەڵێن دەرئاساکان تا ئەمڕۆکەش بەردەوامن. بەڕای من بوونی بەڵگە لەسەر ڕوودانی ئەو دەرئاسایانە زۆر بێهێزن بەراورد بە بەڵگە لەسەر بوونی توانەوەی سارد (کارلێک کردنێکی ناوکەیییە گوایە لە پلەی گەرمی و پەستانی ئاساییدا ڕوو دەدات)، هەرچەندە من خۆم باوەڕم بە توانەوەی ساردیش نییە. سەرباری ئەمانە ئێمە ئەمڕۆکە دەزانین هەموو زیندەوەران دەرەنجامی کرداری هەڵبژاردنی سروشتین (Natural Selection)، ئەوەی بووە هۆی پەیدابوونی هەمەجۆرییە مەزنەکەی بوونەوەرانی زیندوو.
پێم وایە ئەگەر بواری ئەوەمان هەبێت لە شوێنێکدا جێدەستی داهێنەر و نەخشەسازێک ببینین، ئەوا بنەما بنەڕەتی و سەرەکییەکانە شوێنەکە، کۆتا یاساکانە، کتێبی ڕێساکانە کە زاڵە بەسەر گشت دیاردە و ڕووداوەکانی سروشت. ئێمە جارێ کۆتا یاساکانمان نەدۆزیوەتەوە، بەڵام تا ئەو ڕادەیەی پێیان گەیشتووین و تێیان دەگەین، دەزانین یاساگەلەکی تەواو ناکەسایەتین و هیچ ڕۆڵێک ناگێڕن لە هێنانەکایەی ژیان. واتە هێزێکی دیارکراو بوونی نییە ببێتە هۆکارێک بۆ هەبوونی ژیان، یان بکرێ ناوی بنێین بە "هێزی ژیان". وەک زانای ناودار ڕیچارد فاینمان دەبێژێت: "کاتێک سەرنج دەدەیتە گەردوون و لە یاساکانی دەگەیت، بیرۆکەی ئەوەی هەموو شتەکان بە شێوەی شانۆیەک ڕێک خراون، تا خوا سەیری زۆرانبازی مرۆڤ بکات لە نێوان چاکە و خراپەدا، دەبێتە گریمانەیەکی گەلەک پووچ و بێمانا و ڕاڤەی هیچ شتێک ناکات."
ئەو دەمەی فیزیکی کوانتەم، یاخۆ میکانیکی کوانتەم (Quantum mechanics) هێشتا بیردۆزێکی نوێ بوو، هەندێ لە فیزیکزانان وای بۆ دەچوون جارێکی دی مرۆڤ بهێنێتە ناو دیمەنەکەوە، لەبەرئەوەی یاساکانی میکانیکی کوانتەم پێمان دەڵێن چۆن دەتوانین ئەگەرە جیاجیاکانی دەرنجامەکان ژمێرە بکەین کە چاودێرە مرۆیییەکان دەیان بینن. پاشان لەگەڵ دەست پێ کردنی هیو ئێڤێرت بە کارەکانی، زاناکانی فیزیک قووڵتر لە دەرەنجامەکانی میکانیکی کوانتەم ورد بوونەوە، بۆیان ڕوون بووەوە چاودێر چی مرۆڤ بێت، یاخۆ هەر شتێکی دیکە هیچ جیاوازییەک نایەتە ئاراوە. من خۆم نازانم ئایا کارەکانی هیو بەتەواوی سەرکەوتنیان بەدەست هێنا یان نا، بەڵام لەگەڵ ئەوەش پێ دەچێت سەرکەوتوو بێت. (تێبینی: لێرەدا واینبێرگ دەیەوێ بڵێت، بۆ نموونە لە هەندێ ئەزموونی فیزیکی کوانتەم فۆتۆنەکان ڕەفتاریان گەلەک سەیر و نامۆیە، ئەگەر چاودێری بکرێن بە شێوازێک ڕەفتار دەکەن، کاتێکیش چاودێری نەکرێن ئەوا بە جۆرێکی تەواو جیاواز خۆیان دەنوێنن، بەڵام ئەوەی کاریگەری هەیە لەسەر دەرەنجامی ئەزموونەکان تەنیا چاودێری کردنی مرۆڤ نییە، بەڵکوو هەر شتێک لەو دەمەدا نێزیک بێت لە ئەزموونەکە کار لە ڕەفتاری فۆتۆنەکان دەکات، گەرچی تێپەڕبوونی ئەلیکترۆنێکیش بێت. ئەوەشە مەبەستی واینبێرگ کە دەڵێت چاودێری مرۆیی وەک هەر شتێکی دی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت).
پێویستە دان بەوەدا بنێم ئەگەر واشی دابنێین فیزیکزانان گەیشتنە ئاستێکی یەکجار بەرز لە زانست تا ڕادەی بەدەستهێنانی بیردۆزێکی کۆتایی و گشتگیر، دیسانەوە نابێتە ڕاڤەیەکی تەواوی یەکلاکەرەوەی چەسپاو بۆ تێکڕای گەردوون، چونکە هەمیشە پرسیاری "لەبەرچی؟" هەر دەمێنێت، لەبەرچی ئەم بیردۆزەیە و ئەوەی دیکە نییە؟ بە نموونە، لەبەرچی گەردوون پابەندە بە یاساکانی فیزیکی کوانتەم؟
بەڕای من فیزیکی کوانتەم ئەمڕۆکە تاکە بەشە لە فیزیکی هاوچەرخ ئەگەری ئەوەی هەیە کاتێک بیردۆزێکی نوێش سەرهەڵ بدات ئەو هەر وەک خۆی بمێنێتەوە. هیچ شتێکیش نابێتە ڕێگر بۆ بیرکردنەوە لە هەبوونی گەردوونێک بەبێ فیزیکی کوانتەم، چونکە من دەتوانم گەردوونێک بهێنمە بەرچاوم تەنیا کار بە فیزیکی نیوتن بکات لەبری فیزیکی کوانتەم، کەواتە بەردەوام ئاستێک لە نهێنی و نەزانین بوونی دەبێت کە زانست هەرگیز نەتوانێت ڕوونی بکاتەوە. هەمان کێشە و گرفت لە ئاینەکاندا هەیە، تۆ مەبەستت شتێکی دیارکراو بێت لەشێوەی خواوەند و دروستکەر، یان داهێنەر و نەخشەساز، یانیش دەشێ مەبەستت ئەوانە نەبێت. ئەگەر مەبەستت نەبێ ئەی لەبارەی چییەوە دەدوێیت؟ ئەگەریش مەبەستت بەڕاستی خوا و دروستکەر و ئەوانەیە، هەردەمێک باوەڕت بە خوایەکی خۆشەویست و ژیر و سەیر و سەمەرەش هەبێت، دیسانەوە پێویستە ڕووبەڕووی پرسیاری "لەبەرچی" ببیتەوە، لەبەرئەوەی ئاین دەکرێ پێت بڵێ ئەم گەردوونە لەلایەن ئەم خوایەوە نەک خوایەکی دی بەڕێوە دەچێت، هاوکات دەشتوانێت هەندێ بەڵگەت پێ بدات لەسەر باوەڕدارییەکەی، بەڵام بەهیچ شێوەیەک ڕاڤەیەکت پێ نابەخشێت بۆچی گەردوون بەم جۆرەیە کە هەیە، یاخۆ وەڵامی پرسیاری "لەبەرچی؟" بداتەوە.
لەم ڕوانگەیەوە، پێم وابێ پێگە و پلەی فیزیک باشتر و بەهێزترە لە بیروباوەڕە ئاینەکان لە پێدانی وەڵامی گونجاو بۆ پرسەکانی گەردوون، لەبەرئەوەی فیزیکزانان پێشیان نەکرێ وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە کە بۆچی یاساکانی سروشت بەم شێوەیەن و بە شێوەی یاسای دیکەی تەواو جیاواز نین، بەڵام بەلایەنی کەمەوە دەکارن شی بکەنەوە چی ڕوو دەدات کاتێک ئەم یاسایانە جیاوازییەکی بچووکیان هەبێ لەگەڵ بارودۆخی ئێستەیان. کەس توانی ئەوەی نییە بیر لە جێگرەوەیەکی لۆژیکی پتەو بکات بۆ میکانیکی کوانتەم بە جیاوازییەکی گەلەک کەم، لەبەرئەوەی هەر دەمێک بتەوێت شتێکی زۆر بچووک لە یاساکانی فیزیکی کوانتەم بگۆڕیت، ئەوا دووچاری ئەگەرە نەرێنییەکان و کۆمەڵێک لە نالۆژیکی جۆراوجۆر دەبیتەوە، بشتەوێ میکانیکی کوانتەم و بیردۆزی ڕێژەیی لێکگرێ بدەی، پتر دەیشێوێنیت و دوورتری دەخەیتەوە لە لۆژیکە شلۆقەکەی. واتە هەر جارەی هەوڵ بدەیت بیردۆزی کوانتەم ڕێک بخەیت بە شێوازێک جیا لە شێوازە ڕاستەکەی خۆی، شتانێکی پووچ و بێمانا بەدەست دەهێنیت، وەک ئەو ئەنجامانەی پێش هۆکار دەکەون، یان بەرپابوونی ژمارەیەکی بێکۆتا لە دەرەنجامە ئەگەرەکییەکان.
لە لایەکەی دییەوە، گریمانە و بیردۆزە ئاینییەکان لەڕادەبەدەر نەرمن، بەشێوەیەک ڕێگر نین بۆ بیرکردنەوە لە هەر جۆرە خوایەک کە بە هۆشماندا بێت. ئێستە بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم بابەتە لەلای من بەس نییە بڵێین، ئێمە هەرچەندە ناتوانین جێدەستی داهێنەر لە یاساگەلە بنەڕەتییەکانی زانست تا ئەمڕۆکە پێی گەیشتووە ببینین، هەروەها یاساکانیش ڕاستەوخۆ ئاماژە نین بۆ ژیان و بەتایبەتیش ژیانی مرۆڤ، بەڵام لەگەڵ ئەوەش پێدا بگرین کە زۆر جوان و ڕێکوپێکی دروستکراون بۆ ئەو مەبەستە.

ڕێکوپێکی و وردیی نەگۆڕە گەردوونییەکان
ژمارەیەک لە زاناکانی فیزیک بیرۆکەیەک دەخەنە ڕوو بەوەی هەندێک لە نەگۆڕە گەردوونییەکان بەوردی و ڕێکوپێکی و بەشێوەیەکی نامۆ بەیەکەوە بەندن تا ببنە ڕێخۆشکەرێک بۆ سەرهەڵدانی ژیان، واشی بۆ دەچن ئەمەیان بەڵگەیە بۆ مەبەستی داهێنەرەکەی گەردوون کە بایەخێکی تایبەتی دەدات بە ژیان. بەڵام من هیچ سەرسامبوونێک لەخۆمدا نابینم بۆ ئەو بانگەشانەی لایەنگرانی "بڕ و نەگۆڕە ورد و ڕێکوپێکەکان"، بە نموونە یەک لە گرینگترینی بانگەشەکانیان پێکهاتەی ناوکەی گەردیلەی کاربۆن و تایبەتمەندییەکانیەتی.
ماددەکانی هاتنە بەرهەم لە چەند خولەکە سەرەتایییەکانی دوای تەقینەوە مەزنەکە (Big Bang)، زۆربەیان هایدرۆجن و هیلیۆم بوون بەبێ بوونی هیچ یەک لە توخمە قورسەکانی وەک کاربۆن و نایترۆجن و ئۆکسجن ئەوانەی ماددەی بنەڕەتین بۆ هەبوونی ژیان. توخمە قورسەکانی زەوی بۆ کاتەکانی سەدان ملیۆن ساڵ پاش تەقینەوەکە دەگەڕێنەوە لەناو ناخی بەرەی یەکەمی ئەستێرە زلەکان، دوای ئەوە بڵاو بوونەوە لە ڕووبەرێکی فرەوان بەشێوەی تۆز و گازەکان، لەوانەوە ئەستێرە و هەسارەی دی هاتنە پێکهاتن، ئەوانەی کۆمەڵە خۆرەکەی ئێمەیان لێ دروست بوو.
هەنگاوی یەکەمی زنجیرە کارلێکە ناوکەیییەکان کە دوایی دەبنە توخمە قورسەکانی ناو ئەستێرە هەرە کۆنە سەرەتایییەکان، زۆرینە پێکهاتەی ناوکەی کاربۆنەکەیان لە پێکبەندی سێ ناوکە هیلیۆمەوە هاتوون. لێرەدا ئەگەرێکی لەڕادەبەدەر بچووک هەیە و ڕێی تێ ناچێت ناوکەی کاربۆن بەبەرهەم بێت لە باری ئاسایییەکەی خۆیدا (واتە بە جێگیری پتر و بە نزمترین وزە بۆ گەردیلەی کاربۆن) وەک دەرەنجامێک بۆ پێکدادانەکانی نێوان ناوکەی هیلیۆم، بەڵام دەکرێ بڕێکی زۆر لە کاربۆن بێتە بەرهەم لەناو ئەستێرەکان ئەگەر وزەیەک هەبێت بە بڕی 7 ملیۆن ئەلیکترۆن ڤۆڵت (MeV) بەرزتر لە وزەی گەردیلەی کاربۆن لە باری ئاسایی و جێگیریدا، ئەمەش وزەیەکە هاوتای وزەی ناوکەیییە بۆ سێ هیلیۆم، "لەبەر چەند هۆکارێک پاشان ئاماژەی پێ دەدرێ" گەردیلەی کاربۆن ناتوانێت بێتە پێکهاتن کاتێک وزەیەک هەبێ بەرزتر لە 7.7 ملیۆن ئەلکترۆن ڤۆڵت لە وزە ئاسایییەکەی. ئەم وزەیەی پێویستە بۆ پێکهاتنی کاربۆن لەناو ئەستێرەکاندا زۆر بەئاسانی دەست دەکەوێت لەڕێی سێ ناوکەی هیلیۆم، پاش ئەوە هیچ کێشەیەک بەرپا نابێت بۆ بەبەرهەم هاتنی کاربۆنی ئاسایی، لەبەرئەوەی کاربۆن لە دۆخی تیشکدەرییەکەی بەرە بەرە بە تیشکدانەوە شی دەبێتەوە و دەگۆڕێت بۆ کاربۆنی جێگیر. خاڵی شلۆقی پێکهاتنی کاربۆن بوونی وزەی پێویستە، ئەوەی دەکرێ لە پێکدادانی سێ ناوکە گەردیلەی هیلیۆم بەبەرهەم بێت لەناو ئەستێرەکاندا. لەڕاستیشدا بە چەندان ئەزموون سەلمێندراوە گەردیلەی کاربۆن بوونی هەیە لەم دۆخەی تیشکدانەوە و ناجێگیرییە، بەوەی خاوەنی وزەیەکە بەرزتر لە 7.65 ملیۆن ئەلیکترۆن ڤۆڵت بەراورد بە بڕی وزەکەی لە دۆخی جێگیرییەکەیدا.
لە یەکەم تێڕوانینمان پێمان وایە ئەمە زۆر نێزیکە لەو وزەیەی کە تێیدا پێکهاتنی گەردیلەی کاربۆن شکست دەهێنێت (وزەیەکی بەرزتر لە 7.7 ملیۆن ئەلیکترۆن ڤۆڵت لە وزەی گەردیلەی کاربۆنی ئاسایی)، کەواتە بڕەکەی تەنیا بە 0.05 ملیۆن ئەلیکترۆن ڤۆڵت جیاوازە، ئەمەش یەکسانە بە 1% کەمتر لە (7.65)، لەم خاڵەدا وا بەدەر دەکەوێت نەگۆڕە گەردوونییەکانی بەندن بە ناوکەی گشت توخمەکان، گەلەک بەوردی داندراون بۆ ئەوەی کاربۆنیان لێ پێک بێت و هەنگاوەکان بەرەو پەیدابوونی ژیان بچن.
بەڵام کاتێک بەچڕی سەیری ڕووداوەکان دەکەین، دەبینین "بڕە ورد و رێکوپێکەکان"ی نەگۆرەکان بەو شێوەیە ورد و ڕێکوپێک نین. ئەو دەمەی سەرنج دەدەینە هۆکارەکەی کە وا لە پێکهاتنی کاربۆن دەکات لە دۆخی تیشکدارییەکەیدا لەناو ئەستێرەکان پێویستی بە وزەیەکی کەمتر بێت لە 7.7 ملیۆن ئەلکترۆن ڤۆڵت، ئەوا بەتەواوی بابەتەکەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە. لەبەرئەوەی لەو هەل و مەرجەدا (وزەیەکی بەرزتر لە 7.7 ملیۆن ئەلیکترۆن ڤۆڵت بوونی هەبێت) گەردیلەی کاربۆن دێتە پێکهاتن بە دوو قۆناخ نەک بە یەک: سەرەتا دوو ناوکەی هیلیۆم بەیەکدا دەچن و یەکێک لە هاوتا ناجێگیرەکانی توخمی بيريليوم پێک دەهێنن (بيريليوم 8)، ئەو توخمەی هەندێ جار (پێش شیبوونەوە تیشکاوەرییەکەی) ناوکەیەکی دیکەی هیلیۆم لەخۆ دەگرێت، بەمەش دەبێتە کاربۆنی دۆخی تیشکاوەری، پاشان ئەمەشیان لەڕێی تیشکدانەوە دەگۆڕێت بۆ کاربۆنی ئاسایی و جێگیر. کۆی وزەی ناوکەی بيريليوم 8 و ناوکەی هیلیۆمی دۆخی جێگیر دەگاتە 7.4 ملیۆن ئەلیکترۆن ڤۆڵت پتر لە وزەی ناوکەی گەردیلەی کاربۆنی باری جێگیر، کەواتە ئەگەر وزەی دۆخی تیشکاوەری گەردیلەی کاربۆن گەورەتر بێت لە 7.7 ملیۆن ئەلیکترۆن ڤۆڵت لە باری ئاسایییەکەیدا، ئەوا تەنیا لە دەرەنجامی پێکدادانی ناوکەی هیلیۆم و ناوکەی بيريليوم 8 بەبەرهەم دێت، ئەویش بەو واتایەی ئەگەر وزەی ئەو دووانە بەلایەنی کەمەوە 0.3 ملیۆن ئەلیکترۆن ڤۆڵت بێت، بێگومان ئەم بڕە وزەیە یەکجار سەختە لە پلەی گەرمی ناو ئەستێرەکاندا بوونی هەبێت.
بەمەش دواجار بۆمان ڕوون دەبێتەوە هۆکاری سەرەکی و یەکلاکەرەوەی کار دەکاتە سەر بەبەرهەم هێنانی کاربۆن لەناو ئەستێرەکان 7.65 ملیۆن ئەلیکترۆن ڤۆڵتەکە نییە کە وزەی گەردیلەی کاربۆنی تیشکدەرە لە سەرووی کاربۆنی باری ئاسایی و جێگیری، بەڵکوو ئەو 0.25 ملیۆن ئەلیکترۆن ڤۆڵتەیە کە یەکسانە بە جیاوازی نێوان کۆی وزەی ناوکەی بیریلیوم 8 و ناوکەی هیلیۆم و کۆی وزەکەی لە دۆخی جێگیریدا. ئەم جیاوازییەش زۆر دوورە لەو وزەیەی بۆ بەرهەمهێنانی کاربۆن پێویستە بە نێزیکەی 0.05 ملیۆن ئەلیکترۆن ڤۆڵت، واتە بە ڕێژەیەکی سەدی دەگاتە 20% بۆ جیاوازی نێوان ئەم وزەیە و ئەوەی بە 0.25 دانراوە بۆ جیاوازی نێوان ناوکەی هیلیۆم و بیریلیۆم لە دۆخی تیشکدەری و جێگیرییان، ئەوەش گەلەک دوورە پێی بگوترێت بڕێکی ورد و ڕێکوپێک. ئەوەی دەبێ بگوترێ، ئەم جۆرە ئەنجامگرییە لە تۆژینەوەکانی چۆنەتی پێکهاتنی کاربۆن بووەتە بابەتێکی سەرەکی بۆ پرسی هاتنەکایەی ژیان کە بەردەوام مشتومڕی لەسەر دەکرێت.
لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بدەم، تاکە یەک نەگۆڕ هەیە پێ دەچێت بڕەکەی بەوردی داڕێژرابێ بەرەو ئاراستەی پەیدابوونی گەردوون و ژیان، ئەویش چڕی وزەی بۆشایییە، ئەوەی بە نەگۆڕی گەردوونیش ناو دەنرێت. ئەم نەگۆرە دەکرێ هەر بەهایەک وەربگرێت (تا ئێستە بەتەواوی نەزانراوە بڕەکەی دەوەستێتە سەر کامە هۆکار)، بەڵام لە بنەما و یاسا سەرەکییەکانەوە وا دەزانین دەبێ ئەم نەگۆڕە زۆر گەورە بێت، دەکرێ بەهایەکی ئەرێنی یان نەرێنیشی هەبێت. کاتێک ئەم نەگۆڕە گەورە و ئەرێنی بێت، ئەوا وەک هێزێکی دوورخەرەوەی تەنەکان لەیەکدی کار دەکات، ئەو هێزەش پتر دەبێ بە زێدەبوونی دووری نێوانیان، واتە هێزێکی وا دەبووە هۆی ڕێگرتن لە بەیەکەوەبوون و کۆبوونەوەی تەنۆلکەکان لە سەرەتای سەرهەڵدانی گەردوون، کۆبوونەوەی ماددەش هەنگاوی یەکەم و بنەڕەتییە بۆ دروستبوونی گەلەستێرەکان و پاشان ئەستێرە و هەسارەکان و دواتر مرۆڤەکان. ئەگەریش بڕەکەی گەورە و نەرێنی بووایە، وەک هێزێکی کێشکردن بەرەو یەکدی کاری دەکرد و بە دووربوونەوەی تەنەکان بەهێزتر دەبوو، هێزێکی لەم جۆرەش نەی دەهێشت گەردوون فرەوان ببێت و ڕاستەوخۆ بەرەو بەیەکداهاتنەوە و بچووک بوونەوەی دەبرد و دەرەنجام هەلێک نەدەما بۆ پەیدابوونی ژیان. بەڵام لەڕێی پشکنین و لێکۆڵینەوەکانمان لەبارەی گەردوون سەلمێندرا ئەو نەگۆڕە بەهاکەی یەکجار بچووکە، گەلەک بچووکتر لەوەی پێشبینی دەکرا لە کاریگەرییەکەی لەسەر بنەما سەرەکییەکان. هێشتا زۆر زووە بڕیار بدەین ئاخۆ کامە بنەمای سەرەکی و بنەڕەتی دەتوانێ ڕاڤەی ئەوەمان بۆ بکات لەبەرچی ئەم نەگۆڕە گەردوونییە بڕەکەی هێندە بچووکە، بەڵام ئەگەرچی بنەمایەکی ئاوا بوونیشی نەبێت، دیسانەوە چەندان تۆژینەوە لە گەردوونناسی ژمارەیەک لە ئەگەرمان دەخاتە بەردەست بۆ زانینی ئەوەی بۆ نەگۆڕی گەردوونی بڕەکەی نەگۆڕە و بۆچیش بەهاکەی لەگەڵ کۆمەڵێک نەگۆڕی فیزیکی دیکەدا بەشێوەیەکە وای لێی تێبگەین کە بە مەبەستی هاتنی ژیان بەو وردییە دانرا بێت.
بەگوێرەی بیردۆزەکانی "کشانی ناڕێک و پشێوی" ئەوەی ئەندرێ لیندە و زانای دیکە پێشنیاری دەکەن، فرەوانبوونی هەوری ملیۆنان گەلەستێرەکەی ناوی دەنێین بە تەقینەوەی مەزن (Big Bang)، دەشێ تەنیا بەشێک بێت لە گەردوونێک، یاخۆ قەبارەیەکی یەکجار گەورەتر لە گەردوون کە تێیدا ئەو تەقینەوانە بەبەردەوامی ڕوو دەدەن، لەگەڵ هەر تەقینەوەیەکیش چەند بەهایەکی جیاواز لەو نەگۆڕە سەرەکییانە بەدەر دەکەون. بیرکردنەوە لە گەردوونێکی ئاوا، ئەوەی کۆمەڵێک بەشی جۆراوجۆر لە بەهایە جیاجیاکانی کە پێیان دەگوترێ نەگۆڕە سروشتییەکان، ئەستەم نییە بزانین بۆچی ئەم نەگۆڕانە بەهایەکی دیارکراو وەردەگرن ڕێ بدات بە سەرهەڵدانی ژیان. چونکە ئەو دەمە ژمارەیەکی زۆر لە تەقینەوە مەزنەکان بەها نەگۆڕەکان بەبەرهەم دەهێنن کە یاریدەدەر نین بۆ هاتنەکایەی ژیان، لەگەڵ ژمارەیەکی کەم لە تەقینەوە مەزنەکانی بەها نەگۆڕەکان بەبەرهەم دەهێنن کە ڕێ بە هاتنی ژیان دەدەن.
بەمەش هیچ پێویست ناکات داهێنەر و دروستکەرێکی ژیر و چاکەکار بهێنینە ناو بابەتەکە و بڵێین بۆچی لەم بەشەی "قەبارە گەورەکە"دا ژیان هەیە، لەبەرئەوەی لەبەشەکانی دیکە ژیان نییە و کەسیشی لێ ناژیێت تا پرسیار بکات بۆ ژیان لێرەدا نییە؟ کەواتە هەر دەمێک یەک لەو بیردۆزانە ڕاست دەرچوون، وامان لێ بکات بڵێین نەگۆڕە سەرەکییەکان زۆر بەوردی و ڕێکوپێکی دانراون لەلایەن دروستکەرێکی ژیر و چاک وەک ئەو گوتەیەی لێ دێت: ئایا شتێکی جوان و سەرنجڕاکێش نییە خوا ئێمەی لەسەر هەسارەی زەوی داناوە کە ئاو و هەوا و هێزی کێشکردن و پلەی گەرمییەکی گونجاوی تێدایە، لەبەری ئەوەی بخرێینە سەر هەسارەیەکی وشک و ناخۆشی هاوشێوەی زاوە و پلوتۆ کە هەلومەرجی ژیان تێیاندا ئەستەمە بەراورد بە ژیانی هەسارەی زەوی لە کۆمەڵەی خۆر، ئەوەی گەشەکردن و پەرەسەندنی ژیانی لەسەردا ئاسان کراوە.

بنەمای ئەنترۆپی
گفتوگۆکردن لەم بابەتە بەندە بە بنەمای ئەنترۆپی، یان بنەمای مرۆیی (Anthropic principle)، ئەو بۆچوونەی پێی وایە، گەردوون بە هەموو یاسا و ڕێساکانی بە جۆرێکی تایبەتی هاتۆتە کایەوە، تا ڕێخۆشکەر و گونجاو بێت بۆ پەیدابوونی ژیان و ئێمەی مرۆڤ، بەبێ بەڵگە و ڕوونکردنەوەی زیاتر، ئەمانەش لای من دوورن لە ڕاستی و تەنیا چەند گوتەیەکی بێ بنەمان.
ئەگەر ژمارەیەکی زۆر لە "گەردوونەکان" بوونیان هەبێ بە بەهای جیاجیا بۆ نەگۆڕەکان، ئەو دەمە بنەمای مرۆیی وەک ڕاڤەیەک بۆ پرسی لەبەرچی یاسا و نەگۆڕەکان بەو شێوەیەی ئێستەن، دەبیتە هەستێکی هاوبەش لەنێوان خۆماندا، هاوشێوەی ڕاڤەکردنی ئەوەی بۆچی ئێمە لەسەر زەوی هەین نەک لەسەر پلوتۆ و زاوە. بەهای ڕاستەقینەی نەگۆڕی گەردوونی بەم دوایییانە لەڕێی چاودێری کردنی جووڵەی ئەستێرە و تەنە فرە مەزن و دوورەکان ژمێرە کراوە، ئەو نەگۆڕەش هێندە بچووکە کە کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبێت لەسەر دروستبوونی گەلەستێرەکان. بەڵام ئەمڕۆکە لە فیزیکدا زانیاری تەواومان نییە ئاخۆ بەڕاستیش شوێنی دیکە هەن لە "گەردوونە یەکجار گەورە و فرەوانەکە" تێیاندا نەگۆڕی فیزیکی هەبن بە بەهای جیاواز لەوانەی ئێمە. لەگەڵ ئەوەش کۆڵ نەدراوە و بەردەوام لە هەوڵی ئەوەین ڕۆژێک دابێت و بگەینە وەڵام، ئەمە کاتێک دەزانین ئەگەر پتر لە بیردۆزی کوانتەمی بۆ کێشکردن (لێکگرێدانی میکانیکی کوانتەم و بیردۆزی ڕێژەیی گشتی) تێ بگەین.
بنەمای مرۆیی دەشێ ببێتە بەڵگەیەک بۆ بوونی دروستکەرێکی میهرەبان و چاکەکار، ئەگەر ژیان باشتر بووایە لەوەی هەیە و یان پێشبینی دەکرێت. بۆ بڕیاردان لەسەر ئەم گریمانەیە، پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگرین بە ڕێژەیەکی دیارکراو خۆشی و چێژوەرگرتن لەڕێی هەڵبژاردنی سروشتییەوە پەرەی سەندووە بۆ ئەوەی ببێتە هاندەرێک بۆ بوونەوەرە زیندووەکان، ئەوانەی پێویستیان بە خواردن و زاوزێکردن هەیە لەپێناو پاراستن و گواستنەوەی جینەکانیان و مانەوەیان لە ژیاندا. ئەگەرێکی زۆر بچووکە هەڵبژاردنی سروشتی بتوانێت بوونەوەرانێکی بەختیار بەبەرهەم بهێنێت پێیان خۆش بێت بۆ کات بەسەربردن فێر ببن و کار بە زانست بکەن و خاوەنی بیرکردنەوەیەکی قووڵ بن، لێرەدا ئەنجامگرییەکانمان بۆ بەرهەمەکانی پەرەسەندن گەلەک لایەنگرانە دەبێت، لەبەرئەوەی بیرکردنەوە لە داڕشتنێکی ورد و گەردوونێکی ڕێکوپێک تەنیا لەلای ئەو چەند بوونەوەرە بەختیارانەدا (تەنیا مرۆڤ) بوونی هەیە، گەردوونناسان ئەمە بە کاریگەری بژاردە (selection effect) ناو دەنێن.
گەردوون لەڕادەبەدەر فرەوان و گەورەیە لەوانەشە بێسنوور و بێکۆتا بێت لە قەبارە و کشانیدا، بۆیە پێویست ناکات سەرسام بین ئەگەر لەو ژمارە یەکجار زۆرەی هەسارەکانی ناشێن بۆ لەخۆگرتنی ژیانێکی ژیر، ژمارەیەکی زێدەتریش لەوانەی ببڕای ببڕ پاڵپشت لە هەبوونی ژیان ناکەن، ڕێژەیەک لە هەسارە هەبن بوونەوەرانێکیان تێدا بژین و توانی بیرکردنەوەیان هەبێت لە گەردوون وەک ئەوەی ئێمە دەیکەین لەسەر زەوی. کاتێک ڕۆژنامەنووسێک ڕادەسپێردرێت گفتوگۆ لەگەڵ کەسانێک بکات کە براوەن لە یاری بەختدا (اليانصيب - Lottery)، وا هەست دەکات شتێکی نامۆ و نائاسایی هەیە لەبری ئەوان کار دەکات، بەڵام دەبێ ئەوەش لەبیر نەکات کە بە هەزاران هێندەی ژمارەی ئەوان کەسانی دیکەش هەن و هیچیان بۆ دەرنەچووە، لەبەرئەوەی براوە نین بۆیە چاوپێکەوتنی لەگەڵیاندا ساز نەکردووە. کەواتە بۆ ئەوەی بکارین بڕیار بدەین ئایا ژیانمان بەرهەمی هەڵبژاردنی سروشتی بووە، یاخۆ دەستکردی دروستکەرێکی میهرەبان و چاکەکار، پێویستە تەنیا ئەو پرسیارە لەخۆمان بکەین ئایا دەکرا ژیانەکەی ئێستەمان بەهەر جۆرێک بێت باشتر بووایە لەوەی بەرهەمی هەڵبژاردنی سروشتین، دەبێ ئەوەش لەبەرچاو بگرین کە ئێمە بە لایەنگیریی و بیرۆکەیەکی پێشوەختە و ئەزموونی تایبەتی خۆمان بڕیار دەدەین، چونکە تەنیا ئێمەین بیر لەو پرس و کێشەیە دەکەینەوە.

ئایا دروستکەرەکە میهرەبان و چاکەکارە؟
ئەمە پرسیارێکە دەبێت ئێوە خۆتان وەڵامی بدەنەوە، من فیزیکزانیبوونم نابێتە یاریدەدەرێک بۆ وەڵامی پرسیاری لەم جۆرە، بۆیە دەبێت لە ئەزموونی خۆمەوە بۆتان بدوێم. ژیانی من بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش زۆر خۆش بووە، خۆشتر لە ژیانی 99.99%ی مرۆڤانی دیکە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش، دایکم بینی کە چۆن مرد بە ئێش و ئازارەوە بەهۆی شێرپەنجە، کەسایەتی باوکیشم بەچی شێوەیەک بەهۆی نەخۆشی ئەلزەهایمەر توایەوە، دەیان مام و ئامۆزام سووتێندران (هۆلۆکۆست). بەڕاستی بەڵگە و نیشانەکانی دروستکەرێکی میهرەبان و خێرخواز زۆر تووند و پتەو شاراونەتەوە.
بوونی خراپەکاری و کارەسات و ناخۆشی لە جیهاندا هەمیشە بووەتە هۆکارێک بۆ پشێوی و نالەباری بۆ ئایندارانی باوەڕیان بە خوایەکی میهرەبان و خێرخواز و هەمووتوان هەیە، هەرچەندە هەندێ جار باوەڕداران بیانووی ویستی ئازاد بۆ خوایەکەیان دەهێننەوە، بەڵام دیسانەوە من بەڕاستی نازانم و بە دادپەروەریشی دانانێم خزم و کەسم بکوژرێن بۆ ئەوەی ئەڵمانییە نازییەکان هەلی ئەوەیان بۆ بڕەخسێت ویستە ئازادەکەیان پیادە بکەن. ئەگەر چاوپۆشیش لەمە بکەین، چۆن دەبێ مرۆڤ خاوەنی ویستی ئازاد بێت لە تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە؟ ئایا ئەمەش واتاکەی ئەوەیە دەبێ مافی ویستی ئازاد ببەخشرێتە خانە شێرپەنجەیییەکانیش؟
من پێویستم بەوە نییە بیسەلمێنم بوونی خراپەکاری لە جیهاندا بەڵگەیە لەسەر ئەوەی گەردوون بەڕێکوپێکی و وردی نەخشەی بۆ دانەڕێژراوە، بەڵام دەتوانم بڵێم ئەمە بەڵگەیە لەسەر نەبوونی هیچ نیشانەیەک بۆ چاکەکاری بە دەستی یەکێک لە دروستکەر و نەخشەسازەکان. تێبینی کردنی ئەوەی کە دەکرێ خوا خێرخواز و چاکەکار نەبێت بیرۆکەیەکی یەکجار کۆنە، شانۆنامەکانی ئەسخیلیۆس و یوریپیدس چەندان هێمایان تێدایە لەسەر بوونی خواوەندی خۆپەرست و شەڕانگێز، پێشبینی ئەوەیان دەکرد مرۆڤ لە ڕەفتارەکانیدا زۆر باشتر بێت لە خواکان. خوا لە پەیمانی کۆندا (تەوراتی جووەکان) فەرمانمان پێ دەکات سەری بێباوەران پان بکەینەوە و ئەگەر پێویست بوو منداڵەکانیشمان بکەینە قوربانی، بەهەمان شێوە خواکەی ئیسلام و کرستیانەکان سزامان دەدات و دەمان خاتە ناو دۆزەخی هەتاهەتایە ئەگەر بەو جۆرەی ئەو دەیەوێت نەیپەرستین. ئایا ئەمانە ڕەفتاری چاکن؟ دەزانم ... دەزانم، ئێستە پێم دەڵێن کە ناتوانین بڕیار لەسەر خوا بدەین بە پێوانە مرۆیییەکان، بەڵام کێشەکە لێرەدا ئەوەیە، ئەگەر جارێ باوەڕ بە بوونی ئەو خوایە نەکەین و بگەڕێین بەدوای نیشانەکانی کە بەڵگە بۆ چاکەکاری و میهرەبانییەکەی، ئەی پێوەر و ڕێکارەکان کامانەن تا بەکاریان بهێنین؟
بابەتەکانی داوام لێ کراوە بیان خەمە ڕوو لەوانەیە بۆ زۆرینە شتانێکی کۆن بن، بەڵگەکانی نەخشەسازێکی ژیر، ئەوەی پیاوی ئاینی و شارەزا لە خواناسی ویلیام پێلی دەی گوت لەسەر وردی و رێکوپێکی ئێستە لە بیر و هۆشی زۆر کەسدا نەماوە (پێلی: ئەگەر یەکێک لە کێڵگەیەکدا کاتژمێرێکی دۆزییەوە، شتێکی بەڵگەنەویستە دەبێ لە کەسێک کەوتبێ، لەبەرئەوەی ئەم کاتژمێرە دەستکردی سروشت نییە). خەڵکانێک وای بۆ دەچن جوانی ئاین ئەمڕۆکە لەوەدایە سەرچاوەیەکە بۆ ڕەفتاری باش و ڕەوشتبەرزی، نەک بەو بانگەشەی کە دەتوانێ ڕاڤەیەکی ڕاستمان پێ بدات لەبارەی سروشت و دیاردەکانی. پێویستە دانی پێدا بنێم کە من باوەڕم بە بوونی داهێنەر و دروستکەرێک نییە بۆ گەردوون، ئەوەشی هانم دەدات لەبارەی ئەم بابەتە بدوێم بەڕای من کاریگەری ئاین لەسەر ڕەوشت نەک هەر ئەرێنی نییە، بگرە کاریگەرییەکی یەکجار خراپی هەیە.
لەڕاستیدا ئەم پرسە گەلەک لەوە گەورەترە لێرەدا یەکلا بکرێتەوە، من دەتوانم ژمارەیەکی زۆر لە نموونە بهێنمەوە لەسەر زیانەکانی تووندڕەوی ئاینەکان، مێژوویەکی دوورودرێژمان هەیە لە کوشتن و بڕین و شەڕی خاچپەرستان و جیهادییە موسڵمانەکان. لەم چاخەدا، ئەوەی ساداتی کوشت موسڵمانێکی تووندڕەو بوو، ئەوەشی ڕابینی کوشت تووندڕەوێکی جوو بوو، هەر هیندۆسییەکی تووندڕەویش بوو گاندی کوشت. بەڵێ کەس ناڵێت "هیتلەر" کرستیانەکی تووندڕەو بووە، بەڵام هەرگیز نازییەکان بەو شێوەیە دڕندە نەدەبوون بەبێ بوونی ڕیشەیەک لە دژایەتی کرستیانەکان بەدرێژایی چەندان سەدە بۆ ڕەگەزی سامییەکان. لە لایەکی دیکەوە، لایەنگرانی ئاین کۆمەڵێک نموونەمان پێ دەدەن لەسەر چاکەکانی ئاین، وەک ئەوەی فیزیکزانی ناودار فریمان دایسۆن لە دوا کتێبەکەیدا بەناوی (جیهانە ئەندێشەیییەکان) ئاماژە دەدات بە ڕۆڵی باوەڕی ئاینی بۆ نەهێشتنی کۆیلایەتی. دەمەوێ بەکورتی لەبارەی ئەمەوە شتێک بڵێم، نەک بۆ سەلماندن بە یەک نموونە، بەڵکوو بۆ ڕوونکردنەوەی ڕای خۆم بۆ کاریگەری ئاین لەسەر ڕەوشت.
بەدڵنیایییەوە ڕاستە هەڵمەتەکانی دژ بە کۆیلایەتی و بازرگانیکردن بە کۆیلەوە لەلایەن گەلەک لە کرستیانە دڵسۆزەکانەوە پاڵپشتییان لێ دەکرا، لەنێوانیشیاندا ویلیام ویلبەرفۆرس لە بزوتنەوەی ئینجیلی ئینگلتەرا و کەشە ویلیام ئێلێری چانینگ لە ئەمریکا. بەڵام دیسانەوە کریستیانەتیش هاوشێوەی ئاینە گەورەکانی جیهان، چەندان سەدە لەگەڵ بوونی کۆیلایەتی ژیاوە بەبێ هیچ کێشەیەک، تا ڕادەی ئەوەی لە پەیمانی نوێدا (ئینجیل) ڕێی پێ دراوە. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە چی جیاوازییەک لە کرستیانەکانی وەک ویلبەرفۆرس و چانینگ هەیە لە دژ وەستانیان بەرانبەر بە کۆیلایەتی؟ نە کتێبێکی پیرۆزی نوێ دۆزرایەوە، هیچ یەکێکیش لەو دووانە دەرئاسایەکی و شتێکی ناسروشتی بۆ دانەبەزی. ئەوەی ڕووی دا لە سەدەی هەژدەیەم ڕۆشنگەری و هزر و هۆشی مرۆدۆستی پەرەی سەند و کەسانی بیرمەند هاتنە مەیدان لە نموونەی، ئادەم سمیس، جێرمی بێنتام و ڕیچارد برینزلی شێریدان بۆ دژایەتی کردنی کۆیلایەتی، لەسەر بنچینەی کۆمەڵە هۆکارێک کە پێوەندییان بە ئاینەوە نەبوو. سەبارەت بە لۆرد مانسفێڵد، خاوەنی بڕیار لە بابەتی سۆمەرسێت، ئەوەی کۆتایی بە کۆیلایەتی هێنا لە ئینگلتەرا (هەرچەندە لەو شوێنانەی داگیریان کردبوو کۆتایی پێ نەهات)، ئەمەشیان ئایندارێکی ئاسایی بوو، لە بڕیارەکەیدا ئاماژەی بە هیچ چەمک و بنەمایەکی ئاینی نەداوە. جگە لەمە ئەو دەمەی ویلبەرفۆرس ڕابەری هەڵمەتی قەدەغەکردنی بازرگانی کردن بە کۆیلەکان بوو (ساڵی 1790)، بزوتنەوەکەی پشتەوانییەکی زۆری لێ دەکرا لەلایەن چەند ئەندامێکی پەرلەمان وەک فۆکس و پیت، ئەم دوو کەسایەتییەش بە ئایندار نەناسراون. بەکورتی دەتوانم بڵێم، پرسە ڕەوشتییەکەی ئاین سوودی لە بنەمای یاسا مرۆیی و بەرزەڕەوشتی سەردەم وەرگرتووە، گەلەک پتر لەوەی گیانی سەردەم لە ئاینی وەربگرێت.
لە هەر کوێیەک ئاین کاریگەری هەبێت، ئەوا لایەنگری کۆیلایەتی بووە نەک دژایەتی کردبێ، لە پەرلەمانیشدا دەقەکانی کتێبی پیرۆز بەکار دەهێنران بۆ بەرگری لە بازرگانیکردن بە کۆیلەوە. فرێدریک دۆگلاس لە یاداشتنامەکەیدا دەگێڕێتەوە چۆن وەک کۆیلەیەک بارودۆخی ژیانی خراپتر بووە، ئەو کاتەی خاوەنەکەی باوەڕی بە ئاینێک هێنا بیانووی پێ بەخشی مرۆڤ بکاتە کۆیلە، هەروەها بە شێوەی سزایەکیش لێی بڕوانێت بۆ نەوەکانی حام. مارک توین دەڵێ، دایکم ژنێکی تا بڵێی میهرەبان و دڵ نەرم بوو، تا ڕادەیەک بەزەیی بە شەیتانیش دەهاتەوە، کەچی هەستی بە هیچ گومانێک نەدەکرد لە ڕەوابوونی کۆیلایەتی، لەبەرئەوەی لە ساڵانی پێش شەڕی ناوخۆ لە میزۆری هەرگیز گوێبیستی وتارێکی ئاینی نەبوو دژ بە کۆیلایەتی، بەرانبەر بە ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە وتاری پاڵپشت بۆ کۆیلایەتی، نەک هەر ئەوەندە بەڵکوو وەک خواست و فەرمانی خواش لێیان دەڕوانی.
بە ئاین یان بەبێ ئاین، مرۆڤە باشەکان کاری باش دەکەن و مرۆڤە خراپەکانیش کاری خراپ دەکەن، بەڵام بۆ ئەوەی مرۆڤە باشەکان کاری خراپ بکەن، ئەوا پێویستیان بە ئاینە.
لە کۆتاییدا دەبێ ئەوەش بڵێم، نامەیەکم لەڕێی ئیمیڵەوە پێ گەیشت لەلایەن کۆمەڵەی ئەمریکایی بۆ پێشکەوتنی زانستەکان، زانیم ئامانجی ئەم کۆنگرەیە دامەزراندنی "گفتوگۆیەکی بنیاتنەر"ە لە نێوان زانست و ئایندا. من لایەنگری هەموو جۆرە گفتوگۆیەکم لەنێوان زانست و ئاین، بەڵام نەک گفتوگۆیەکی بنیاتنەر، لەبەرئەوەی یەکێک لە دەسکەوتە هەرە مەزنەکانی زانست ئەوەیە، ئەگەرچی نەشتوانێت باوەڕهێنان بە ئاین لە مرۆڤە زیرەکەکان بکاتە شتێکی ئەستەم، ئەوا بەلایەنی کەمەوە بتوانێت وایان لێ بکات ببنە کەسانێکی بێباوەڕ (بێئاینەکان)، نابێ هەرگیز لەم دەستکەوتە پاشەکشە بکەین.

کورتەی ژیاننامە زانستییەکەی پڕۆفیسۆر ستیڤن واینبێرگ
ستیڤن واینبێرگ (1933 - 2021) لە کۆرنێل، کۆپنهاگن و پرینستۆن خوێندوویەتی، لە کۆڵۆمبیا، بێرکلی، ئامۆژگەی ماساچوستس بۆ تەکنەلۆژیا (MIT) و هارڤەرد وانەبێژ بووە، لە ساڵی 1973 تا 1982 پرۆفیسۆری فیزیکی هیگینز بووە (پلەیەکی باڵای ئەکادیمییە). دوای ئەوە ڕووی لە زانکۆی تێکساس لە ئۆستن کرد و کۆمەڵەیەکی زانستی تیۆریی دامەزراند، لەو زانکۆیەدا خاوەنی پلەیەکی بەرزی زانستی (کورسی جۆزی ڕیجێنتاڵ) و ئەندامی بەشی فیزیک و گەردوونناسی بوو. توێژینەوەکانی کۆمەڵێک بابەتی بەرفراوان لە تیۆری کایەی کوانتەم و فیزیکی تەنۆلکە سەرەتاییەکان و گەردوونناسی گرتۆتەوە.
واینبێرگ چەندان خەڵاتی زۆر گرینگی پێ بەخشراوە، لەوانە خەڵاتی نۆبڵ لە فیزیک (1979)، مەدالیای نیشتمانی بۆ زانستەکان، خەڵاتی هاینمان لە فیزیکی ماتماتیک، مەدالیای کرێسۆن لە ئامۆژگەی فرانکلین، مەدالیای مادیسۆن لە زانکۆی پرینستۆن و خەڵاتی ئۆپنهایمەر. هاوکات هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرای شانازییە (فەخری) لە دەیان زانکۆ. ئەندامە لە، ئەکادیمیای نیشتمانی بۆ زانستەکان، کۆمەڵەی شایانەی لەندەن، ئەکادیمیای ئەمریکایی بۆ هونەر و زانستەکان، یەکێتی گەردوونناسی نێودەوڵەتی و کۆمەڵەی فەلسەفی ئەمریکایی.
جگە لە کتێبە فرە ناسراوەکەی (کێشکردن و گەردوونناسی)، ژمارەیەک کتێبی بۆ خوێنەرانی ئاسایی نووسیووە، لەوانەش کتێبی براوەی چەندان خەڵات بەناوی (سێ خولەکی یەکەم) ئەوەی تا ئێستە بۆ 22 زمان وەرگێڕدراوە، کتێبی (دۆزەوەی تەنۆلکە ژێر گەردیلەیییەکان)، لەم دوایییانەش کتێبی (خەونەکانی تیۆری کۆتایی). کتێبێکی وانەییشی هەیە بەناوی (تیۆری کوانتەمی کایەکان)، بەشی یەکەم و دووەم.
سەرچاوە؛
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتی دیکە
بابەتە پڕبینراوەکان

