<

هۆشیاری: مەتەڵە هەرە سەخت و ئاڵۆزکەی سروشت

03/04/2026, 20:21 (GMT+1)

جەیمس گۆرمان: "هۆشیاری مەتەڵێکی هێندە ئاڵۆز و سەختە زانا و فەیلەسووفەکان هێشتا لە ململانێ دان لەسەر چۆنەتی باسکردنی، چی جای ئەوەی بگەنە ڕاڤەیەک بۆ چییەتی و زانینی پێکهاتە و سەرچاوەکەی"

وریایی، ئاگەیی، هۆشمەندی، یاخۆ هۆشیاری (الوعي - Consciousness) گەورەترین مەتەڵی هەڵ نەهێندراوی سروشتە، لەڕێی ئەوەوە هەست بە شتگەلەکانی دەوروبەرمان دەکەین و دەزانین چی لە ناخماندا هەیە. وەک هەستێک تێ دەگەین هۆشیاری چییە، بەڵام هەر دەمێک لێی ورد ببینەوە و بەقووڵی لێی بڕوانین، ئەوا تووشی پشێوی دەبین و هەوڵەکانمان هیچ دەرنجامێکیان نابێت، ئەمەش نەک تەنیا لەلای ئێمە، بەڵکوو گەلەک لە زانا و فەیلەسووفانیش شکست دەهێنن کاتێک بیانەوێت پێناسەیەکی گونجاوی بۆ دابنێن.
بەڕاستی هەستێکی یەکجار ناخۆشە کە نەزانین چی شتێکە وامان لێ دەکات هەست بە بوونی خۆمان و بوونەوەران و جیهانەکەمان بکەین. هەرچۆنێک بێت ئەگەر ناچار بین بە شێوەیەکی کورت و سادە پێناسەی بکەین دەکارین بڵێین، هۆشیاری هەستێکە، یان زانینێکە لەلای بوونەوەراندا بە هەبوونی ناوەکی و دەرەکی خۆیان، ئەوەی زۆر جار واتای هزر و هۆشیش بەدەستەوە دەدات.
لە کۆندا ناو دەنرا بە "ژیانی ناوەوە"ی مرۆڤ، جیهانی ناخ، بیرکردنەوەی ناوەکی، ئەندێشە، ویست و هی دیکە، وای بۆ دەچوون هۆشیاری چەندان بەش و ئاست و پلەی جیاجیای هەبێ، یانیش ژمارەیەک جۆری جیاواز لە هۆشیارییەکان بوونیان هەبێت. هاوکات ئەم بابەتە گەلەک پرسیاریشی دەوروژاند، ئایا مرۆڤ تاکە بوونەوەری هۆشیارە، یاخۆ ئاژەڵانیش، یان سەرلەبەری شتەکانی گەردوون؟

هەوڵدان بۆ گەیشتن بە پێناسەیەکی ورد

چۆن شتێکی لەڕادەبەدەر ئاڵۆزی وەک هۆشیاری لە بڕێک شانەی ڕەنگ خۆڵەمێشی دروست دەبێت؟ دەشێ ئەمەیان مەزنترین ڕووبەڕووبوونەوەی زانستی بێت لەم چەرخەماندا، لەبەرئەوەی مێشک ئەندامێکی یەکجار ئاڵۆزە، بە ڕادەیەک کە پێکهاتووە لە دەوروبەری 100 ملیار خانەی دەمارەکی، هەریەک لەوانەش بەندە بە دە هەزار خانەی دیکە، دەرەنجام 10 تریلیۆن پێکبەندی دەمارەکی دێنێتە بەرهەم.
هەرچەندە تێگەیشتنێکی زۆر لە چالاکییەکانی مێشک و کاریگەرییەکەی لەسەر ڕەفتار و هەڵسوکەوتی مرۆڤ بەدەست هێنراوە، بەڵام تا ئێستە کەس ناتوانێت بەو هەموو پێشکەوتنە زانستییەی هەمانە، ڕاڤەیەکمان پێ ببەخشێت لەسەر ئەوەی چۆن ئەو چالاکییەی مێشک دەبێتە هەست و نەست و سۆز و شارەزایی. بەچی شێوەیەک تێپەڕبوونی هێما کارەبایی و کیمیایییەکانی نێوان خانە دەمارەکییەکان دەگۆڕێن بەنموونە بۆ بینینی ڕەنگی سوور، یاخۆ بۆ هەستکردن بە ئێش و ئازار؟ گومانەکان ڕوویان لە زێدەییە بەوەی بوارە زانستییە باوەکانی ئەمڕۆکە بتوانن وەڵامێکی گونجاو بۆ ئەو پرسیارانە بدۆزنەوە.
بەدرێژایی سەدەی بیستەم، زۆرینەی زاناکان خۆیان لە گرفتی هۆشیاری نەدەدا و پێیان وا بوو بابەتێکی تەواو زانستی نییە بۆ لێکۆڵینەوە، بەڵام ئەمڕۆکە هەلومەرجێکی دی هاتووەتە بەردەم، کۆمەڵێک لە زاناکان کۆک و هاوڕان لەسەر ئەوەی هۆشیاری پرسێکی گرینگی زانستییە. ئەوەی جێی سەرنجە بە ڕای ژمارەیەکیش لە پسپۆڕانی ئەو بوارە، کێشەی هۆشیاری پێویست ناکات هێندە گەورە بکرێت، دەڵێن ئەگەری زۆرە تۆژینەوە لە پێکهاتەی سروشتی مێشک بەرەو تێگەیشتنێکی چاکمان ببات لە چۆنەتی دروستبوونی هۆشیاری.
گرفتی سەرەکی لێرەدا ئەوەیە، هۆشیاری جیاوازییەکی بنەڕەتی هەیە لەگەڵ گشت بابەتگەلە زانستییەکانی دیکە، لەبەرئەوەی هۆشیاری شتێک نییە تێبینی بکەیت، یاخۆ ئەزموونی بۆ ئەنجام بدەیت، ناشتوانیت هەست و سۆز و ڕەفتارەکانی کەسێک بزانیت بە چاودێری کردنی مێشکی. خۆ ئەگەر تەنیا پشت بە ڕوانگەیەکی دەرەکی ببەستین، ئەوا هۆکاری گریمانەکردنی بوونی هۆشیاری هەر لە بنەڕەتەوە نامێنێت. بەڵێ ڕاستە لە هەندێ بارودۆخدا زاناکان تووشی چەند دیاردەیەک دەبنەوە کە نەتوانن چاودێرییان بکەن، بە نموونە ئەلیکترۆنەکان تەنۆلکەی گەلەک وردن و نابیندرێن، بەڵام هەن و دەکرێ کاریگەری و شوێنەواریان ببینین و بزانین، هاوشێوەی بروسکە و ڕێچکەی هەڵم لە ژوورە هەڵمییەکانی دۆزینەوەی تەنۆلکەکان (Cloud chambers).
هۆشداری دۆخێکی ناوازەیە و دەزانین ڕاستەوخۆ بوونی هەیە، لە هەست و بەرێوەبردنی ئەرک و فەرمانەکانمان، ئەزموونی ژینمان، بەڵام لە دەرەوە و لە ئەزموون و تۆژینەوەکانمان بوونێکی سەربەخۆی نییە بشێت بۆ پێوانە و تێبینیکردن.
ئەی زانست چۆن ڕاڤەی بکات؟ ئەو دەمەی کار لەسەر کۆمەڵە زانیارییەک دەکەین بەربین بێت، ئەوا دەتوانین لەڕێی ئەزموونەکانەوە لێیان بکۆڵینەوە تا بەراوردیان پێ بکەین بۆ زانینی ڕێژە و ئاستی هاویەکییان لەگەڵ پێشبینییەکانی بیردۆزەکان، کاتێکیش ئەو ڕێکارە زانستییە بەکار دەهێنین بۆ زانیارییەکانی بەرئەزموون نین، ئەوا کارەکەمان شکست دەهێنێت.
باشترین چارەسەر لەلای زاناکان بەستنی ئەزموونە نەبینراوەکانە بە کردارگەلەک گونجاو بن بۆ چاودێری کردن، وەک ڕووپێوکردنی مێشکی کەسانێک بە پشتبەستن بەو زانیارییانەی پێوەندییان هەیە بە ئەزموونە هۆشیارییەکانی خۆیان. هاوشێوەی سەلماندنی هەستکردن بە برسییەتی کە هەستێکی شاراوەیە بە چالاکییەکانی شوێنێکی دیارکراو لە مێشکدا، بەتایبەتیش لە بەشەی پێی دەگوترێت ژێرلانکHypothalamus) : بەشێکی بچووکە دەکەوێتە لای خوارەوەی ناوەڕاستی مێشک، کاری ڕێکخستنی پلەی گەرمی، برسێتی و تینوێتی، خەوتن و بێداربوونەوە، هەروەها کۆنترۆڵی هۆرمۆنەکانە)، لەگەڵ ئەوەش تا ئێستە کەڵەکەبوونی ئەو تێبینییانە نەگەیشتووەتە ئاستی دۆزینەوەی بیردۆزێکی پتەو لەبارەی هۆشیارییەوە.
ئەڵقەی ونبوو لێرەدا شیکردنەوەی هۆکارەکانی پەیوەستبوونی ئەزموونە هۆشیارییەکانە بە چالاکییەکانی نێوەندە دیارکراوەکان لەمێشکدا، وەک ئەوەی بۆچی هەستکردن بە برسییەتی بەندە بەو خاڵەی ناوچەی ژێرلانک، نەک خاڵێکی دیکەی بەشێکی دی؟
شتێکی چاوەڕوان نەکراو نییە ڕێکارە زانستییەکانمان تووشی کێشە و گرفت ببن لە کاتی لێکۆڵینەوەکانماندا، بۆیە ئێمە زۆر پەرۆشی بوونی بنەمایەکی زانستی نوێین بۆ لەخۆگرتنی هۆشیاری، لەبەرئەوەی تا ئێستە زانستە هاوچەرخەکان بەتەواوی نایانەوێ خۆیان لەو بابەتە سەخت و ئاڵۆزە بدەن.

ئایا هۆشیاری بوونێکی ڕاستەقینەی هەیە؟

لە گشت چەمکە سەیر و نامۆکانی خرانە بەردەست لە کاتی گفتوگۆ و دەربڕینی بیروڕاکان لەبارەی هۆشیارییەوە، ئەوەیانە پێی وایە هۆشاری بوونی نییە، یاخۆ بەو جۆرە نییە کە زۆرینە پێناسەی دەکەن.
دیکارت لەو باوەڕەدایە هۆشیاری بوونێکی ڕاستەقینەی هەیە و هیچ مشتومڕییەک هەڵ ناگرێت، ئەمەش زۆر سەختە بتوانین دژی بوەستینەوە. من ئێستە هۆشیارم ئەم چەند دێڕە دەنووسم، وای دادەنێم تۆش هۆشیاریت کە دەیخوێنیتەوە، بەڵام لەڕاستیدا بۆ ئەوەی تۆ بەتەواوی نایزانم لەبەرئەوەی من تەنیا پێم دەکرێ بچمە ناو هۆشیارییەکەی خۆم. 
بیرۆکەی نەبوونی هۆشیاری هەمیشە شێتانە و جێی سەرنج بووە، کەچی لەگەڵ ئەوەش گەلەک لە کەسانی زانا و ژیر پێیان ڕاستە، لەسەرووی هەمووشیانەوە فەیلەسووفی ناوداری هاوچەرخ دانیێڵ دێنێت (Daniel C. Dennett: 1942 - 2024)، ئەوەی بەدەیان ساڵ گومانی هەبوو لە بوونی هۆشیاری، گرینگترین کتێبیشی لەبارەی ئەوەوە هەیە بەناوی (ڕاڤەی هۆشیاری).
ئەم فەیلەسووفە لە کتێبەکەیدا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، بیردۆزی پەرەسەندنی داروین ڕۆڵێکی گەورە دەبینێت لە ڕاڤەی گشت دیاردەکانی هەبوونمان، بۆیە پێویستمان بە داهێنەرێکی ژیر و بوونەوەرێکی ئاسمانی نییە، یاخۆ هەر یەکێک پێمان بڵێت چۆن بووینەتە خاوەن چاو و دەست و هۆشمان، لەبەرئەوەی پەرەسەندن تێکڕای "کەرستەکان"ی خستووەتە بەردەست بۆ پێکهێنان و ڕۆنانی شتگەلە بایۆلۆژییەکان. 
هەڵبژاردنی سروشتی دەتوانێت ڕاڤەی ئەوەمان بۆ بکات دێنێت ناوی دەبات بە "لێزانیی بەبێ تێگەیشتن" بەوەی کاتێک سەیری بچووکترین بەکتریا دەکەین دەبینین ئامێرێکی زۆر نایابە، لە ژینگەکەیدا هەرچییەکی پێویستە بۆ مانەوە و زێدەبوون بەدەست دەهێنێت. بە نموونەی دیکە دەرەنجام دەگەینە ئەوەی، کرداری پەرەسەندن هۆشێکی تایبەت بەخۆی نییە بۆ گەیشتن بە مەبەستێکی دیارکراو، بەڵام جۆرە بوونەوەرێکی بەبەرهەم هێنا بتوانێت ببێتە خاوەن لێزانین و کارامەیی و هەست بەخۆکردن. لەگەڵ ئەوەش دێنێت وای بۆ دەچێت ئاگەیی و هەستپێکردنی مرۆڤ تا ئێستەش لە "لێزانیی بەبێ تێگەیشتن" پێک دێت، چونکە بیرکردنەوە هۆشیارییەکانمان بەشێکی زۆر بچووکن لەو هەموو زانیارییانەی لەناو مێشکماندا کاریان لەسەر دەکرێت، هەڵبژاردنی سروشتیش مێشکی ئێمەی بە جۆرێک لێ کردووە تەنیا ئەو بیرۆکانەمان پێ بدات کە پێویستمانە بیزانین، بۆ ئەوەی نووقمی بڕێکی یەکجار زۆر لە زانیارییەکان نەبین. 
ئەگەر بمانەوێ هۆشیاری بەراورد بکەین بە شاشەی کۆمپیوتەر، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە شتەکانی ناو هۆشیاریمان بەگوێرەی مێشکمان، هەمان پێوەندییە لەنێوان فایل و ئایکۆنەکانی سەر شاشە لەگەڵ نەرمەکاڵا و بەرنامەکانی کۆمپیوتەرەکە. تێڕوانینەکانمان، یادەوەرییەکانمان، هەست و سۆزەکانمان شتگەلەکی بەسادەکراوەن، یان بە دەربڕینێکی دیکە، هێما و نیشانەیەکی داڕێژراوی سادە و ساکارن بۆ پرسێکی لەڕادەبەدەر دژوار و ئاڵۆز.
ئەمانە گشتیان بیرۆکەی نامۆ و نوێ نین، ئەوەشی دێنێت لێیان دەدوێت دووپاتکردنەوەی چەمکەکانی پێشوون بەڵام بە شێوازێکی هاوچەرخانە. هەر لەم ڕووەوە زاناکان بۆ ماوەیەکی درێژ لەسەر ئەو ڕایە بوون کە زۆرترین بەش لە پێزانین و هەستپێکردنەکان دوور لە هۆشیاریمان ڕوو دەدەن، بۆ ئەمەش دێنێت سوپاسی فرۆید دەکات لە پاڵپشتیکردن لە ژێرئاگەیی، یاخۆ ناهۆشیاری (لاوعي) لە کارەکانیدا. 
گرفتەکان ئەو دەمە سەریان هەڵدا کە دێنێت کۆمپیوتەری بەراورد کرد بە مرۆڤ، لێرەدا هۆشیاری ناو نا بە "وڕێنە، یاخۆ وەهمی بەکارهێنەر" وڕێنەش واتە تێگەیشتنە هەڵەکان. بیرکردنەوەکانمان ئەگەرچی نیشانە و نواندنێکی ناتەواون بۆ مێشکمان و جیهانی دەوروبەرمان، بەڵام دیسانەوە ئەوە ناگەینێت هەموو نواندنەکان هەڵە و درۆینە بن.
بۆ ڕوونکردنەوە با ئەم دەستەواژەیە وەربگرین "دۆناڵد ترەمپ کەسێکی لەخۆبایی و خۆپەرستە"، ئەمە دەربڕینێکی زۆر چڕە سەبارەت بە شتێکی دەرەکی ئاڵۆز، بەڵام توانی بیرکردنەوەم بۆ ئەم دەستەواژەیە، یان نووسین و چاپکردنم لە کۆمپیوتەرەکەمدا دەوەستێتە سەر کۆمەڵێک بەرنامە و ئامرازی ناو کۆمپیوتەرەکەم کە هیچ سەرم لە چۆنەتی کارکردنیان دەرناچێت، کەچی سەرەڕای ئەوە ڕستەی "دۆناڵد ترەمپ کەسێکی لەخۆبایی و خۆپەرستە" واتای ئەوە نییە کە هەڵەیە.
ئەی چی ڕوو دەدات ئەگەر پێم وابێ: 2+2=5، بەندبوونی گەرمی جیهان فڕوفێڵ و درۆیە، یان دۆناڵد ترەمپ ژیرتر و داناترین پیاوی جیهانە؟ بەڵێ، یاخۆ گێل و نەخۆشی دەروونیم هەبێ؟ یانیش لە ھاوشێوەسازییەکدا (Simulation) بم ڕۆبۆتە خراپەکارەکان دروستیان کردبێ و سەرجەم بیرکردنەوەکانم وڕێنە بن؟ لەگەڵ ئەوەش، کاتێک وای دادەنێم هۆشیاری وڕێنەیە، لەسەر بنچینەی ئەوەدایە من هۆشیاری و پێکهاتەکانی تێکەڵ بەیەکدی دەکەم، وەک ئەوەیە بڵێی: ئەو کتێبە بوونی نییە چونکە لە بابەتێک دەدوێ کە بوونی نییە، ئەوەشە پێشنیاری دێنێت.
فەیلەسووف دێنیت لەکارەکانیدا زاراوەی کوالیا (Qualia) بەکار دەهێنت کە ئاماژەیەکە بۆ ئەزموونی کەسایەتیمان. بەکورتی کوالیا واتە چۆنایەتی هەستپێکراو، لە فەلسەفەدا چۆنایەتییەکە، یاخۆ بارودۆخێکە لە هۆشیاری لە تێڕوانین بۆ پێناسەی تایبەتمەندی شتەکان لە ڕوانگەیەکی تاکی و خۆیەکی. هەستکردن بە ڕەنگەکان، هەست بەئازار کردن و تام وەرگرتن لە خواردەمەنی و ئەوانەی دی،  نموونەی زەقن بۆ چۆنایەتییە هەستپێکراوەکان. 
لەوانەیە کوالیای تایبەت بەمن لەم چرکەساتەدا بۆنی قاوەیەک، یان دەنگی تێپەڕبوونی ئۆتۆمبێلێک بێت، یانیش سەرسامبوونم بێ بە بیرۆکەکانی دێنێت.
دێنیت پێمان دەڵێت ئێمە گەلەک جار زێدەڕۆیی لە وردایەتی و کاریگەری هۆکارەکان لەسەر چۆنایەتییە هەستپێکراوەکانمان دەکەین، ئەمەش ڕاستە، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە دێنێت بەشێوەیەکی سەیر دەمان باتە دەرەنجامێک کە کوالیا جگە لە ئەندێشەیەک زیاتر هیچی دیکە نییە و پێناسەی دەکات بە "بەرهەمی تیۆریکردنێکی خراپ". هەر کاتێکیش کوالیامان نەبێت، ئەوا دەبینە "زۆمبی"، ئەو بوونەوەرانەی هاوشێوەی مرۆڤ ڕەفتار دەکەن، بەڵام خاوەنی ژیانی تایبەت بەخۆیان نین. لەگەڵ ئەوەش دێنێت دەبێژێت: "تاکە پاڵپشت بۆ باوەڕهێنانت بەوەی زۆمبی نیت، تەنیا بێگومانی و تووندی خودی باوەڕهێنانەکەتە، چونکە هەر دەمێک بگەیتە ئەو ڕایەی ئەگەرێک بداتە هەبوونی زۆمبییەکان، پێویستە دان بە زۆمبی بوونی خۆت بهێنیت". 
لەڕاستیدا دێنێت پێی ناخۆشە ڕەخنەگرەکانی "نەبوونی هۆشیاری" بدەنە پاڵی، ئێمەش ئەگەر بەڕاستگۆیانە و بەچاکی لێی بکۆڵینەوە دەزانین کە دێنیت هیچ کاتێک بانگەشەی ئەوەی نەکردووە، بەڵکوو تەنیا ئەوەندەیە پێشنیاری بوونی هۆشیارییەکی زۆر بچووک و بێبایەخ دەکات، بەتایبەتیش کە بەراورد دەکرێت لەگەڵ چەمکە گەورەکراوەکانی پێیەوە بەندن.
دەکرێ بڵێین بیروڕاکانی دینێت گەلەک ئاڵۆز و پێچاوپێچن و جۆرێکن لە ڕێبازێکی ماتریالیزمی تووندی پتەو، ئەوەی تێڕوانینێکی بنەڕەتی ماددەیی هەیە لە (فەلسەفەی عەقڵ)دا و پێی وایە ئەو تێگەیشتنە سادە و ساکارەکەی هەمانە بۆ هۆش هەڵەیەکی ئاشکرایە، بۆیەش فەیلەسووفان هۆشیاری ناو دەبەن بە "گرفتە سەختەکە"، لەبەر بوونی کەلێنێکی گەورە لەنێوان کردارە فسیۆلۆژییەکان و دیاردە هۆشەکییە خۆیەکییەکان. بەرانبەر بەوانە ماتریالیستەکان دەڵێن هیچ گرفتێکی سەخت و کەلێنی گەورە لەو بابەتەدا نییە، لەبەرئەوەی دیاردە هۆشەکی خۆیەکییەکان (کوالیا) بوونیان نییە. دەشێ بپرسین، ئەی باشە چی وای لە یەکێکی وەک دێنێت کردووە، ئەو هەموو خۆماندووکردنە و کاتە بەفیڕۆ بدات بۆ هەڵوێستیکی ئاوای نائاسایی و دژ بە هزر و هۆشمان؟
هاوشێوەی گەلەک لە فەیلەسووفان دێنێت دووچاری ڕەخنەیەکی یەکجار زۆر دەبێتەوە لە هەبوونی بۆچوونێک تەواو پێچەوانەی باوەڕە باوەکان بێت، بەڵام مەبەستی سەرەکی ئەو لەوەدا بەرگریکردنە لە زانست بەرانبەر بە باوەڕدارانی ئاینەکان. دێنێت هەرگیز نایەوێت کۆڵ بدات و متمانەی بە زانست نەمێنێت، بۆیەش وەک بێئاینێکی بوێر بەردەوام پێ دادەگرێت لەسەر ئەوەی زانست دەتوانێت سەختترین نهێنی و ئاڵۆزترین مەتەڵ ئاشکرا بکات، هاوشێوەی بنچە و چۆنەتی سەرهەڵدانی ژیان و چییەتی هۆشیاری.
لەسەرووی گومانداران فەیلەسووف تۆماس نێیگل دێت، ئەوەی کۆمەڵێک کتێبی هەیە وەک "هەستت چۆن دەبێت ئەگەر شەمشەمەکوێرە بیت؟"، بە ڕای نێیگل ناکرێ هۆشیاری بە شیکردنەوە زانستییە باوەکان ڕاڤە بکرێت. لەبەر ڕۆشنایی بیروڕاکانی دێنێت نێیگل دەبێژێت: "ئەو دەمەی پێمان وابێ سروشتێکی مەزنترمان هەیە لەوەی تەنیا لە چوارچێوەی فیزیکدا جێی بکەینەوە، ئەمەمان نابێتە شێوەیەک لە سۆفیگەری، بەڵکوو دانپێدانانە بەوەی ئێمە هەرگیز ناگەینە بیردۆزی هەموو شتەکان (کۆتا بیردۆز)، زانستەکەشمان دەبێ سنووری فرەوانتر بکرێت بۆ لەخۆگرتنی کۆمەڵە دیاردەیەک کە جیاوازییەکی بنەڕەتییان هەیە لەوانەی بۆ فیزیک تەرخان کراون تا لێیان بکۆڵێتەوە و ڕاڤەیان بکات".
ڕاستە هەندێ کەس پێوەندییەکی نادروستیان هەیە بە بابەتگەلە نهێنی و گریمانە نامۆکان، لەمەدا دێنێت ڕقی لێیان دەبێتەوە، لەبەرئەوەی لەلای ئەو بانگەشەی نەبوونی هۆشیاری ڕایەکی زۆر سەیرتر و شێتانەترە لە بانگەشەی بوونی خوا (هەرچەندە پێشتر گوتمان دێنێت کەسێکی بێئاینە).
بەڵام هەر پێویستە بڵێم، دەبێ سوپاسی دێنێت بکەین ئەگەر هاوڕای بین یان نا، چونکە بیروڕاکانی وروژێنەر و یەکجار چێژبەخشن وات لێ دەکەن لە نێزیکەوە لە هۆشیاری ورد ببیتەوە، هەڵوێستە پتەو و تووندەکانی بەئاگات دەهێنن لە خەوە قووڵەکانت، زۆمبییەکەی ناو ناخیشت هان دەدات کەمێک زیاتر لە هۆشیاری بەکار بهێنێت.

ئایا هۆش ماددەیە؟

سەرەڕای ئەوانەی لەسەرەوە ئاماژەیان پێ درا، پێمان باشە بەکورتی لە ماددەیی بوونی هۆشیش بدوێین، لەبەر هەبوونی پێوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە پرسی هۆشیارییەوە.
بۆچوونێکی باو هەبوو پێش ڕابەرە هەرە مەزنەکەی زانستی هاوچەرخ گالیلێیۆ گالیلی، بەوەی جیهانی ماددەیی پڕە لە تایبەتمەندییە ئاکارییەکانی هاوشێوەی ڕەنگ و بۆنەکان. بەڵام گالیلێیۆ دەیویست زانست ببێتە ڕاڤەیەک بۆ جیهانێکی ماددەیی ڕوت، هەر ئەوەش بوو وای لێ کرد پێشنیار بکات کە هیچ ئاکارێک بوونێکی ڕاستەقینەی نییە لە جیهانی ماددەیی، بەڵکوو تەنیا لە هۆشیاریماندایە، کەواتە شتێکە لە دەرەوەی کارە زانستییەکان. ئەم تێڕوانینە تا ئەمڕۆکە لە پاشخانە زانستییەکەماندا جێگیرە، لەبەرئەوە بۆ چارەسەری کێشەکە وەک پێشتر گوتمان گەیشتنە بە پێوەندی نێوان کارلێکە بینراوەکانی مێشک و جۆرە ئەزموونەکانی ناتواندرێ بیان بینین، هەرچەندە پێکەوەبوون و هاتنیان بەیەکەوە مەتەڵێکی بێ ڕاڤەیە.
لەوانەیە بگەینە هەڵهێنانی مەتەڵە سەخت و دژوارەکە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ڕێکارەکانی سەدەی بیستەم لە کارەکانی فەیلەسووفی ناودار برتراند ڕەسڵ (1872-1970) و زانای ماتماتیک ئارسەر ئیدینگتۆن (1882-1944)، بەڕای ئەو دووانە زانستە سروشتییەکان پێیان ناکرێ بزانن ماددە چییە.
فیزیک دەتوانێت زانیاریمان پێ بدات لەسەر ڕەفتاری ماددە، بارستایی و بارگەی ماددە، تایبەتمەندییەکانی ڕەفتارەکەی جیا دەکاتەوە وەک هێزی کێشکردن و لێک دوورکەوتنەوەکەی و هی دیکە، بەڵام هیچمان پێ ناڵێت لەبارەی چییەتی و ناوەڕۆک و کڕۆکی ماددە بەو جۆرەی فەیلەسووفان دەیناسێنن، بە واتای پێکهاتەکەی لە خودی خۆیدا. کەواتە کەلێنەکی گەورە هەیە لە تێڕوانینمان بۆ زانست، بە پێشنیاری ڕەسڵ و ئیدینگتۆن ئەوەی ئەم کەلێنە پڕ دەکاتەوە هۆشیارییە. ئەم دەرەنجامە پێی دەگوترێت فەلسەفەی دەروونی گشتگیر، یان هەمەلایەن (Panpsychism)، ئەوەی ڕوانگە کۆنەکەی هۆشیاری بە تایبەتمەندییەکی بنەڕەتی دادەنێت لە جیهانی ماددەییدا. ڕەوتە نوێیەکەی ئەم ڕوانگەیە ناوەرۆکە سۆفییەتی و گیانییە کۆنەکە دوور دەخاتەوە و فەرامۆشی دەکات.
فەیلەسووفی ئوسترالیایی دێیڤید چالمێرز (لەدایکبووی 1966)، پێناسەی فەلسەفەی دەروونی هەمەلایەن بەم شێوەیە دەکات: بیردۆزێکی زیندەکییە ئەزموونی دیاردە هەرە وردەکانی پەیوەست بە تەنۆلکەکان (گەردیلە و ئەلیکترۆن و ئەوانەی دی) و ئەزموونی دیاردە مەزنەکانی هاوشێوەی مرۆڤەکان لەیەکدی جیا دەکاتەوە. بەگوێرەی تێزە هاوچەرخەکەی ئەم فەلسەفەیە، لەم گەردوونەدا جگە لە ماددە هیچ شتێکی گیانی و ناسروشتی و دەرئاسا بوونی نییە، بەڵام ئەو ماددەیە لە دوو ڕوانگەوە پێناسە دەکرێت: یەکەمیان پێناسەی دەرەکی ماددە، واتە پێناسەی ڕەفتار و تایبەتمەندییەکانی کە زانستە سروشتییەکان دەیکەن، دووەمیشیان پێناسە ناوەکییەکەیەتی کە هۆشیاری دەیکات. لەسەر ئەم بنچینەیە، هۆش ماددەیە و تەنۆلکە بنەڕەتی و یەکەمینەکانیش بڕێک لە هۆشیاری لەخۆ دەگرن.
پێش ئەوەی ڕاستەوخۆ ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە ڕەت بکەینەوە، دەشێ بە شێوازێکی دیکە بڵێین، هۆشیاری لەڕووی ئاڵۆزییەوە چەندان پلە و ئاستی جیاجیای هەیە، بۆ ئەمەش کۆمەڵێک هۆکاری گونجاومان لەبەردەستە بۆ بڕیاردان لەسەر ئەوەی ئەزموونی هۆشیاری مرۆڤ گەلەک ئاڵۆزترە لە ئەزموونی هۆشیاری ئەسپ بە نموونە، ئەوەی ئەسپیش زۆر ئاڵۆزترە لەوەی کەروێشک و ... هتد. بەو واتایەی چەندە بوونەوەرەکان سادەتر بن هێندە هۆشیارییان کەمتر دەبێتەوە تا وای لێ دێت نامێنێت، یان لەوانەیە کەم ببێتەوە بەڵام نەگاتە ئاستی نەمانی بەتەواوەتی، بە شێوەیەک تەنۆلکەیەکی وەک ئەلیکترۆنیش هەڵگری بڕێکی یەکجار کەم بێت لە هۆشیاری. 
فەلسەفەی دەروونی هەمەلایەن بۆ هۆشیاری ڕاڤەیەکی سادە و رێکوپێکمان پێشکێش دەکات بۆ لێکگرێدانی هۆشیاری لەگەڵ ڕوانگەی زانست بۆ جیهان، لەبەرئەوەی سروشتی هۆشیاری بەربین و بەرئەزموون نییە، بۆیە هەر بیردۆزێک لەبارەی هۆشیاری سنووری لێکگرێدان تێپەڕێنێت، ناکرێ لێی بکۆڵینەوە و ئەزموونی بۆ ئەنجام بدەین. 
ڕێکارە زانستییەکانی ئەمڕۆکە هیچ بیردۆزێکمان ناخەنە بەردەست بۆ بابەتی هۆشیاری، بەڵکوو تەنیا لێک گرێدانێکە و هیچی دی، ئەگەر پەناش ببەینە بەر جێگرەوە باوەکەی کە باوەڕهێنانە بەوەی هۆشیاری بەشێکە لە گیان (باوەڕە ئاینییەکان)، ئەوا دەبێ بڵێین هۆش و لەش دوو شتی جیاواز و لێک دابڕاون، ئەمەشیان لەگەڵ بیروڕاکانی فەلسەفەی دەروونی هەمەلایەن یەک ناگرنەوە، هەر بۆیە ژمارەیەکی زۆر لە زاناکانی دەمارناسی لایەنگری ئەم تێروانینەن و بە چوارچێوەیەکی گونجاوی دادەنێن بۆ دامەزراندنی زانستێکی نوێ.
بەو هیوایەین ڕۆژێک بگەینە زانستێکی پتەو بۆ هۆشیاری، دەشزانین هاوشێوەی ئەو زانستانە نابێت کە پێیان ئاشناین، بەڵکوو دەبێتە شۆڕشێکی زانستی مەزن، هاتنەکەشی هیچ گومانێکی تێدا نییە.

سەرچاوەکان؛

https://blogs.scientificamerican.com/cross-check/is-consciousness-real 

https://www.sciencealert.com/science-still-can-t-explain-consciousness-but-that-might-soon-change?fbclid=IwAR2v6ZDYnJ5vSJ18zEsYXu5nww8wWqiSkhtI3ukx9EvXYXhwvvS1p4biZ1s

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست