<

هۆکاری باوەڕهێنانمان بە خورافەکان چییە؟

18/05/2026, 22:56 (GMT+1)
لەگەڵ ئەو هەموو پێشکەوتنە یەکجار مەزنەی زانست و تەکنەلۆژیا، کەچی باوەڕهێنان بە خورافەکان لە کۆمەڵگەی ئێمە و هاوشێوەکانی ئێستەش بووەتە بەشێک لە ژیانی زۆربەمان، بەتایبەتیش ئامرازەکانی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەمڕۆکە ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕن لە تەشەنەکردن و بڵاوبوونەوەیەکی خێرای خورافەکان و باوەڕهێنان بە بیردۆزەکانی پیلانگێڕی و سڵکردنەوە لە زانست، ئەمەش وای لێمان کردووە نەتوانین بەئاسانی بگەین بە ڕاستییەکان.
لە کۆندا لەلای گەلان و فەرهەنگە جیاجیاکان خورافەکان کۆمەڵە چیرۆکێک بوون لەبارەی ڕەچەڵەکی مرۆڤ و دروستبوونی جیهان، چییەتی خواوەند و بوونەوەرە لەسروشتبەدەرەکانی وەک، جنۆکە و فریشتە و ئەو پاڵەوانانەی خاوەنی هێز و دەسەڵاتێکی بێوێنەن، هاوکات پێناسەیەک بوون لەشێوەی هەوڵێکی سەرەتایی بۆ ڕاڤەکردنی دیاردە سروشتییەکان و تەنە ئاسمانییەکان، هەڵاتن و ئاوابوونی خۆر و قۆناخەکانی گۆڕانی مانگ، هەروەها هۆکاری ڕەشەبا و گرمەی هەورەبروسکە و چەندان بابەتی دیکەی جۆراوجۆر.
زاناکانی مرۆناسی، مێژووی مرۆڤایەتی هاوشێوەی ژیانی تاکێکی مرۆڤ دەبینن، بەوەی چۆن تاک بە قۆناخی منداڵی و گەشەکردن تێ دەپەڕێت، پاشان بەرەو هەرزەکاری و پێگەیشتن دەڕوات، بەهەمان شێوە مرۆڤایەتی لە سەرەتاکەیدا وەک منداڵێک بووە کە نەتوانێت باوەڕ بە خورافەکان نەکات، واتە لەو دەمەدا نەگەیشتبووە ئەو ئاستەی لۆژیکانە بیر بکاتەوە.
بەگوێرەی تێڕوانینی زانای ناوداری دەروونناسی جان پیاجێی، بە جۆرێک ئەگەر منداڵ بیەوێت لە شتێک تێ بگات، دەبێ شێوەیەکی پێ بدات و بەرجەستەی بکات. ئەمەش بووە هۆکاری ئەوەی مرۆڤی سەرەتایی کاتێک ڕووداوێک، یاخۆ دیاردەیەکی سروشتی دەبینی و پێی نەدەکرا بزانێت چۆنە تا ڕاڤەیەکی گونجاوی بۆ دابنێت، ناچار دەبوو سادەی بکاتەوە و مانایەکی پێ ببەخشێت و پەنا بباتە بەر هەڵبەستنی چیرۆکێکی ئەندێشەیی بۆی، لەبەرئەوەی هزر و هۆشی مرۆڤ ئاسان نییە باوەڕ بە شتانێکی نادیار و ئاڵۆز بهێنێت، هەر بۆیە کۆمەڵگە کۆنەکان پڕبوون لە خورافە و چیرۆکە ئەفسانەیییەکان.
دوای سەردەمی خورافەکان ئاینەکان سەریان هەڵدا، ئاشکراشە زۆرینەی ئاینەکان گەلەک باوەڕی نەدیار و ناسروشتی لەخۆ دەگرن بۆ ڕاڤەکردنی دیاردەکان، دەشزانین کە هەر دەمێک خورافەیەک بەرگێکی ئاینی پێ دەخشرێت ئەوا پتر دەبێتە جێ باوەڕ و متمانەی باوەڕدارەکانیان، ئەگەرچی نالۆژیکی و دووریش بن لە ڕاستی.
با بیر لەوە بکەینەوە بەر لە 30 هەزار ساڵ کاتێک مرۆڤانی چاخی بەردینی کۆن دووچاری زریانێکی بەهێز دەبوونەوە و دەنگێکی گەلەک بەرزی هەورەبروسکە دەهاتە گوێیان، بێگومان لەترسان هەوڵیان دەدا بەپەلە خۆیان لە کون و کەلەبەر و پەناگە بەردینییە سروشتییەکاندا بشارنەوە، ڕاستەوخۆ دەیان پرسی ئاخۆ ئەو دەنگە و تیشک و ئاگرە لەکوێوە هات، کێ ئەمەی بۆ ناردن، چۆن بەرنگاری ببنەوە و بیوەستێنن؟ ئەو دیاردە ترسناکە وای لێیان دەکرد بیریان بۆ بوونی هێزە شاراوە و بەتوانا کاولکەرەکان بچێت، ئەو گیانە تووڕەیانەی پێویست دەکات بە چەند جۆرە هەڵسوکەوتێکی دیارکراو هێمن بکرێنەوە.
ئەو دەمەشی مرۆکانی هۆمۆ ساپیەنس (Homo sapiens)، وێنەی گایە کێویییەکانیان لەسەر دیواری ئەشکەوتەکان دەکێشا، بە باوەڕێکی پتەوەوە وای بۆ دەچوون ئەمەیان پەیامێکە دەینێرن بۆ گیانە نادیارەکان، تاکوو نێچیر و ڕاوکردنێکی باشیان پێ بدات.
بەو شێوەیە خورافەکان سەرهەڵ دەدەن کاتێک بە باوەڕێکی هەڵەوە وا دەزانین بە "بیرۆکە ئەندێشەیی و ئەفسووناوییەکان" دەتوانین کاریگەریمان هەبێت لەسەر سروشت و جیهانی دەوروبەرمان، وەک چۆن فرۆیدی زانای دەروونناسی و دۆرکهایمی کۆمەڵناسی ناویان ناوە.
هۆی دروستکردنی خورافەکان لەلایەن پێشینانمان تەنیا لەبەر سادەیی و نەزانینەوە سەرچاوەی نەدەگرت، بەڵکوو هێندە ڕێ و شوێنی جۆراوجۆریان لەبەردەست نەبووە بۆ خۆپاراستن و هەلی مانەوەیان لە ژیاندا، لەمەدا خورافەکان ئامرازێک بوون بۆ خەونەکانمان و ئارەزووە شاراوەکانی نێو ناخمان بۆ هەستکردن بە ژیری و هێز و زاڵبوونمان بەسەر شتگەلەکانی دەوروبەرەکەمان، وەک چۆن ئێستەش لە فلم و چیرۆک و ڕۆمانەکانماندا حەزمان لە هەڵبەستن و داهێنانی ڕووداوە ئەندێشەیییەکان و کەسایەتییە مەزن و ئەفسانەیییەکانە، هەر بۆیە دەبینین ئەمڕۆکە لەوانەی باوەڕیان بە هەندێک لە خورافەکان هەیە، دەشێ مرۆگەلەکی ڕۆشنبیر و خاوەن پلە و ئاستێکی بەرزی خوێندنیش بن.

بوونی خورافەکان لە ڕوانگەی پەرەسەندنەوە

بیردۆزی پەرەسەندن پێی دەکرێت لە چەند لایەنێکەوە ڕاڤەیەکمان بداتێ لە هۆکاری باوەڕکردنمان بە خورافەکان.
کێڤن فۆستەر، زانای زیندەوەرزانی پەرەسەندن لە زانکۆی هارڤەرد دەڵێت، خولیای بەستنەوەی هۆکار بە دەرنجام بە شێوەیەکی هەڵە جۆرێکە لە خورافەکان، دەشێ هەندێ جار وەک میکانیزمێک لە پڕۆسەی پەرەسەندندا سوودی هەبێت.
مێشکی مرۆڤ بۆ مانەوە لە ژیاندا پەرەی سەندووە نەک بۆ زانین و جیاکردنەوەی ڕاستی و هەڵە، واتە مانەوە لەپێش تێگەیشتنە لە سروشت و گەردوون.
بۆ نموونە، پێشینەکەمانی بەر لە هەزاران ساڵ ئەو دەمەی گوێی لە خشەخشێک بووە، نەترساوە و هیچ کاردانەوەیەکی نەبووە، پاشان دەرکەوتووە ئەمە خشەی ئاژەڵێکی دڕندەیە، دەرەنجام ژیانی لەدەست داوە، بەڵام ئەگەر لە خشەخشەکە ترسابێ و چاک سەیری ئەملاو ئەولای کردبێ و یان چووبێتە پەناگەیەک، دوای ئەوە زانیوویە هیچی وا نییە و تەنیا دەنگی جووڵەی گژوگیا بووە بە هۆکاری باهەڵکردن‌، ئەوا پارێزراو بووە، ئەرکێکی سەخت و قورسیشی ئەنجام نەداوە. مێشکی ئێمە لەسەر ئەم میکانیزمە شێوەی گرتووە، ئاگەداربوون و ترس لە شتێکی نادیار کارێکی باشە ئەگەر بەهەڵەش بێت.
فۆستەر لە تۆژینەوەکانیدا هەوڵ دەدات ئەو هەلومەرجانەی باوەڕهێنان بە خورافەکان دەکەنە شتانێکی سوودبەخش لە یەک چوارچێوەدا کۆیان بکاتەوە، هەر دەمێک نرخی باوەڕهێنان بە خورافەیەک کەمتر بێ لە نەزانینی ڕاستییەکی دیارکراو، وا دەکات بیروباوەڕی خورافیایی بژاردەیەکی باشتر بێت، واتە ئاژەڵ بەشێوەیەکی گشتی دەبێ هاوسەنگییەک بکات لەنێوان نرخی ڕاستی و چەوتی.
بەڵام لێرەدا بابەتەکە ئاڵۆزتر دەبێتەوە ئەو دەمەی کۆمەڵێک "هۆکار" ئاماژە بە ئەگەری ڕووداوێک دەکەن، بە نموونە، خشەخشی گەڵا و گیا لەگەڵ پڕبوونی مانگ پێش هاتنی شێرێک بکەوێت، ئاشکرایە کە مانگی پڕ هەرگیز بەند نییە بە هاتنی شێرەکە، بەڵام ئەمە خورافەکە پتر بەهێز دەکات لە کاریگەریی یەک "هۆکار"، وەک فۆستەر دەری دەخات.
بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتر، تۆژینەوە زانستییەکان پێمان دەڵێن، مێشکی ئێمە ئامێرێکە بۆ ناسینەوەی پێکبەندییەکان، بۆ بەیەکەوە بەستنی خاڵەکان و پێدانی مانایەک لەو نەخشە و پێکبەندییانەی لە سروشت و دەوروبەرماندا هەن. بەوەی هەندێ جار (ا) بەندە بە (ب) بە بەندبوونێکی ڕاستەقینە (خشەخشی گژوگیا و هاتنی شێر)، جاری واش هەیە بەو شێوەیە نییە (مانگی پڕ و هاتنی شێر)، بەڵام ئەگەرچی وا نییە، بە هەڵە وا دەزانین بەندن بەیەکەوە، ئەمەشە پێناسەی خورافە. بمانەوێت یان نا، بیرکردنەوەی خورافیایی و ئەندێشەیی هەمیشە بەشێک دەبێت لە ئێمە، لە "دۆخی مرۆڤبوونمان".
لەگەڵ ئەوەش پێویستە بڵێین، گشت خورافەکان بەهۆی پاڵنەر و کاریگەری پەرەسەندنەوە بەردەوام نابن، دەشێ هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی خورافەکان لەبەرئەوە بێت هەندێکیان بەشێکن لە فەرهەنگ و کولتووری پێشینان، ئەوانەی لەڕێی باب و باپیرانەوە دەگوێزرێنەوە، بەمەش زۆر سەختە کەسەکان بتوانن دەستبەرداریان ببن، یاخۆ هەوڵی گۆڕینیان بدەن، زۆربەیان باوەڕیان پێ هەیە و هیچ گومانیشیان لە ڕاستبوونی نییە، لەمێژە لەسەری ڕاهاتوون و بەئاسانی وازی لێ ناهێنن.

خورافە بەندە بە ڕای پێشینە و لایەنگری خۆیەکی

لایەنگری پشتڕاستکەرەوە، یاخۆ لایەنگری خۆیەکی (Confirmation bias)، ئارەزوو و داخوازییەکە بۆ گەڕان بەدوای ڕاڤە و ئەو بیرۆکانەی لەگەڵ باوەڕ و بیروڕای پێشینەی خودی کەسەکە یەک دەگرنەوە، هاوکات کەسەکە هەموو زانیارییەکانی دیکە فەرامۆش دەکات کە دژن پێ و لەگەڵ ڕای خۆی ناگونجێن.
لێکۆڵینەوەکان خورافە بە بیروبۆچوون و هەڵسوکەوتێکی نائەقڵانی پێناسە دەکەن، کەچی ئەوەی جێی سەرنجە زۆربەمان باوەڕ بە خورافەکان دەکەین هەرچەندە دەشزانین کە دوورن لەڕاستییەوە، واتە بە شتانێکی پڕوپووچیان دادەنێین، بەڵام دەترسین کاریان پێ نەکەین.
باشە بۆ وا دەکەین؟
خانمە زانا جین ڕایزن (Jane Risen)، ئەندامی کۆمەڵەی ئەمریکایی بۆ زانستی دەروونی و پرۆفیسۆری زانستە ڕەفتارییەکان لە زانکۆی شیکاگۆ، ڕێبازی چارەسەری دووانەکی هەستکردن بەکار دەهێنێت بۆ ڕاڤەی باوەڕهێنانمان بە خورافەکان.
بەگوێرەی ڕایزن مرۆڤ دەتوانێت بە دوو شێواز بیر بکاتەوە "بەخێرایی" و "بەسستی"، یەکەمیان خێرا و کوتوپڕە و پتر بەندە بە زانینێک لەڕێی هەستکردنێکی دەروونی (دوور لە بەڵگەهێنانەوە)، ئەوەی دووەمیشیان دەوەستێتە سەر هزر و هۆشێکی ڕاستەقینە و فەرمانە سەرەکییەکەی تێپەڕینە لە بڕیارە هەستکردنە دەروونییەکان لە کاتی دۆزینەوەی هەڵەکان.
ئەم ڕێبازەی بیرکردنەوەی دووانەکی گەلەک پتەو و چەسپاوە، بەڵام ڕایزن لە بابەتی خورافەکاندا پێشنیاری چاکسازی و گونجانی تێدا دەکات، پێی وایە دۆزینەوەی هەڵە هەردەم پێویستی بەوە نییە ڕاست بکرێتەوە، بە دەربڕینێکی دی، زۆرێک لە مرۆڤەکان دەشزانن کە بیروباوەڕەکانیان نالۆژیکییە کەچی هەر کاری پێ دەکەن. ئێمە دەزانین شتێکی ناڕاست و پووچە، کەچی ناتوانین بەرانبەری بوەستین و فەرامۆشی بکەین، ئەمەشە ناو دەنرێت بە خۆبەدەستەوەدان. کەواتە خورافەکان تەنیا شێوەیەک نین لە شێوەکانی هەست و زانینە هەڵەکانمان، بەڵکوو شتانێکی زۆری دیکەن.
لێکۆڵینەوەکان پێمان دەڵێن، کاتێک مرۆڤەکان لە بیرۆکە خورافیایەکانیان ڕا دەمێنن، زۆربەی جار هەر لەخۆوە لە بیرگەیاندا تەنیا ئەو نموونانە دەهێننەوە پێشەوە کە پاڵپشتی لەو بیرۆکانە دەکەن ئەگەرچی ناڕاست و نالۆژیکیش بن.
ڕۆچوون لە خورافەکان ئەرکێکی قورسی لەسەر نییە، بەتەنیشت پلیکانەیەکدا تێ دەپەڕم باشترە لەوەی بەژێریدا بڕۆم، بەمە هیچم لێ نایەت و بۆ من کارێکی سەخت نییە، بەڵام ئەگەر بەژێریدا بڕۆم شتێکی خراپم بەسەردا بێت ئەوا زیانێکی گەورەیە.
مەبەست ئەوەیە، ئەو کەسانەی دەشڵێن باوەڕمان بەوە نییە نوشتە و جادو و گوتنەوەی چەند وشەیەک کارمان لێ بکات، لەکاتێکدا ئەگەر مەترسی گەورە ڕووبەڕوویان ببێتەوە، ئەوا ئامادەن پەنایان بۆ ببەن. یەکێک تووشی نەخۆشییەکی ترسناک بوو بێت، لەوانەیە پەنا بباتە بەر نزا و پاڕانەوەی ئاینداران هەرچەندە خۆی باوەڕی بە هیچ ئاینێکیش نەبێت. ئەگەر باوەڕت بەم خورافەش نەبێت، لەوانەیە بە کەسێک بڵێیت کە دەپژمێت "خوا بتبەخشێت"، لە ترسی ئەوەی نەوەکوو شەیتان هەوڵی دزینی گیانەکەی بدات، وەک چۆن پێشینە و باوباپیرانمان باوەڕیان پێی هەبوو.
هەر لەسەر ئەو بنچینەیەشە زۆرێک لە باوەڕداران دەڵێن، باشترە باوەڕ بە بوونی خوایەک بکەین هەرچەندە بەڵگەش لەسەر بوونی نەبێت، چونکە ئەگەر هەبێ و ئێمەش ئایندار نەبین زیانێکی یەکجار گەورەمان لێ دەکەوێت، خۆ ئەگەر بوونیشی نەبێت، ئێمە زیانمان پێ ناگات و ئەرکێکی زۆریشمان بۆی نەکێشاوە.
لێکۆڵینەوەکان دەری دەخەن کە باوەڕهێنان بە خورافەکان جاری وا هەیە، دەشێ ببێتە هۆی هەستکردن بە ناسنامە لە کۆمەڵگەکەتدا لە بوونی پێکبەندی لەگەڵ کەسوکار و خەڵکانی دیکە، بەتایبەتیش ئەو خورافانەی پێوەندییان بە ئاینەکانەوە هەیە، بەوەی زۆرینە باوەڕ بە ئاینی هۆزەکە و بنەماڵەکەی دەهێنێت بە گشت خورافەکانیشیەوە.
بەپێی توێژینەوە دەروونییەکانیش، خورافاتەکان دەتوانن سوودیان بۆ تەندروستی و باری دەروونی هەبێت، یارمەتیدەر بن بۆ هێورکردنەوەی دەمارەکان، هەستکردن بە دڵنیایی، کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ سەبارەت بە شتگەلە شاراوە و نەزانراوەکان. ئەنجامدانی هەندێ ڕێوڕەسم و هەڵسوکەوتی تایبەتی هەستێکی ناڕاستەقینە و درۆینە دەبەخشێتە مرۆڤ، لە کۆنترۆڵکردن و زاڵبوون بەسەر دەرئەنجام و بارودۆخی دەرەکییەکان.
کەواتە خورافاتەکان پەرەیان سەندووە بەهۆی هەستکردن بە بێ متمانەیی و ترس و نائارامی، ئاژەڵە دڕندەکان و گەلەک هێزی دیکە کە لە سروشتدا ببوونە جێی هەڕەشەیەکی گەورە لەسەر مانەوەی پێشینەکانمان، خورافەکانیش بۆ کەمکردنەوەی ئەو ترس و هەڕەشانە سەریان هەڵدا، بۆیە مرۆڤەکان هەموو هەوڵێکیان لەپێناو ئەوەیە خۆیان بپارێزن لە مەترسییە شاراوەکان، لەبەرئەوەی ژیان هەندێ جار زۆر ترسناکە.

سەرچاوەی چەند خورافەیەکی ناسراو

هەموومان ئاشناین بە بوونی چەند خورافەیەک لە دەوروبەری خۆماندا، هەندێکیان بەندن بە کۆمەڵگەیەکی دیارکراو، هی واش هەیە بووەتە خورافەیەکی جیهانی.
زۆربەی خورافە ناسراوەکان ئەگەر لێیان بکۆڵینەوە و پشکنینیان بۆ بکەین، دەشێ بزانین لەکوێووە هاتوون و هۆکاری سەرهەڵدانیان چین.
پشیلەی ڕەش: لەلای میسرییە کۆنەکان ئاژەڵێکی گەلەک پیرۆز بوو وەک ئاماژەیەک بۆ خواوەند باستێت، خواوەندی ژنان و پیتداری و لەدایکبوون. کاتێک کرستیانەکان دەسەڵاتیان کەوتە دەست، هەوڵیان دا گشت دابونەریت و بیروباوەڕە ئاینییەکانی پێش خۆیان لەناو ببەن، پشیلەی ڕەش بووە هێمای بتپەرستی و سیحر و خراپەکاری. پاشان بە بڕیاری پاپا گریگۆری نۆیەم (لە ساڵی 1233 زایین)، پشیلەی ڕەش کرایە بەرجەستەی خودی شەیتان، بەمەش کەوتە بەر هێرشی ئایندارانیان و ژمارەیەکی یەکجار زۆریان بە زیندوویەتی سووتێندران. شوێنەواری ئەو تێڕوانینە بەرانبەر بە پشیلەی ڕەش هەتا ئەمڕۆکەش لە زۆر شووێنی جیهاندا ماوە.
تێپەڕبوون لەژێر پلیکانەوە: ئەمەشیان ڕیشەکەی دەگەڕێتەوە سەردەمی میسری کۆن، لەو دەمەدا وەستاندنی پلیکانە بە دیوارێکدا شێوەی سێگۆشەیەکی وەردەگرت کە لای ئەوان پیرۆز بوو، تێپەڕبوون لەژێریەوە بە پیسکردنی پیرۆزییەکان دەژمێردرا.
پێداکێشانی دار و تەختە: هەڵقووڵاوی بیروباوەڕی بتپەرستی کۆنە، بەوەی گیانە پیرۆزەکان و خواکان لە دارەکاندا دەژیان، پێداکێشانیان ئامرازێک بوو بۆ داواکردنی پارێزگاری و دەرکردنی گیانە خراپەکارەکان.
پێوەرکردنی خوێ: وەک هەڵسوکەتێکی ئاینی لەلای سۆمەرییەکان سەری هەڵدا، بۆ دوورخستنەوە لە بەدبەختی، پاشان بۆ گەلەک نەتەوەی دیکە گوێزرایەوە.
ژمارە 13: هۆکاری ڕەشبینی و ترس لە ڕوودانی شتانێکی خراپ لەم ژمارەیە بەشێوەیەکی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ بابەتگەلە فەرهەنگی و مێژوویییەکانی وڵاتانی خورئاوا، بەتایبەتیش کرستیانەکان (یەهوزای ناپاک میوانی سێزدەیەمی دوا ئێوارەخوان)، ئەفسانەی سکاندیناڤیا (خواوەندی فێڵباز لۆکی میوانی سێزدەیەم)، لای ڕۆمانەکان (ژنە سیحربازەکان 12 دانەیان کۆ دەبوونەوە و ژمارە 13ش شەیتان بوو)، لە زۆری شوێنی دیکە ژمارە 13 واتای بەدبەختی، ناپاکی، بەڵا و کارەساتی دەدات.
بە هۆی ئەو باوەڕەوە ئێستەش گەلەک لە میوانانی جێی مانەوە و میوانخانەکان هیچ ژووریکیان نییە ژمارەکەی 13 بێت، بۆیەش ژمارەی 14، 14A، 12B، یان M (ڕیزبەندی پیتەکان لە ئەلفوبێیەکاندا) دەخەنە سەر دوگمەی سەرخەرەکان لە باڵەخانەکاندا.
هەندێ لە خورافەکان دەکەونە بەر کاریگەری دابونەریتە فەرهەنگییەکان و ئاینییەکان جا چی ئەوانەی لە باوەڕە ئاینییەکاندا هەن، یاخۆ لەڕێی خوێندنەوەی بەخت و ئەستێراندن (بورجەکان)، یان چوونە لای فاڵگرەوە و جادووگەرانەوە وەردەگیرێن. ئەمانە گشتیان لە کۆمەڵگە جیاجیاکانی جیهاندا بەربڵاون، ژمارەیەکی زۆر لە مرۆڤانی نەزان و ساویلکە پێیان هەڵ دەخەڵەتێن و وای بۆ دەچن لەمانەوە دەکارن لە ژیان تێ بگەن و پێشبینی شتانێکی شاراوە و نادیار بکەن.
دەبێ ئەوەش چاک بزانین کە لەپشت ئەو هەڵسوکەوتە هەڵە و ناشایستانە کۆمەڵێک کێشە و گرفتی دەروونی و کۆمەڵایەتی قووڵ خۆی شاردۆتەوە، ئەوانەی دەبنە ڕێگر لەبەردەم گەشەی تاکەکان و لە بەرەو پێشەوە چوونی کۆمەڵگەکان. لەلایەنی کەسایەتییەوەش خورافەکان دەشێ زیان بەوانە بگەینێت لە هەستکردن بە ترس لە جنۆکە و پشیلە و سەگی ڕەش، یانیش پێوەندییان بە ئەندامەکانی لەش و نەخۆشکەوتن هەیە، وەک ئەوانەی باوەڕ بە گشت خورافەیەک دەکەن لەبارەی لەشساخییەوە و بەڕادەیەکی نائاسایی لە ڤایرۆس و بەکتریاکان دەترسن، دەرەنجامی ئەوە بایەخێکی یەکجار زۆر بە پاککردنەوەی خۆیان دەدەن و لێیان دەبێتە نەخۆشی دەروونی و کاریگەری نەرێنی بۆ سەر تەندروستییان.
….........……………………………………..............
سەرچاوە؛
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست